Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 19/06/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

دانوستان پاژێکە لە پازێلی گەمارۆکان

06/06/2019 | 12:38:31
+A
-A
حەسەن شێخانی

فشار و گەمارۆکانی سەر ئێران، ڕۆژەڤی نێونەتەوەییە. لە گۆشەنیگای جیاوازەوە شی دەکرێتەوە و لێک دەدرێتەوە. پرسیارێکی سەرەکی لەم پێوەندییەدا ئەوەیە کە مەبەستی ئەمریکا لەم فشار و گەمارۆ بێوێنانە چییە؟ ئایا دەیەوێ ڕێژیمی ئێران بگۆڕێ یان تەنیا بەدوای گۆڕینی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێرانەوەیە؟ ئەگەر مەبەستی ئەمریکا گۆڕینی ڕەفتار بێ، ئەوە دانوستان لە چوارچێوەی ئیستراتێژیی فشار و گەمارۆدا جێ دەگرێ؛ واتە دانوستان دەبێتە بەشێک لە ئیستراتێژیی گەمارۆ و تەنانەت ئامانجی گەمارۆکانیش؛ بەم شیکردنەوەیە هەموو هەوڵی ئەمریکا لەو فشارانە ئەوە دەبێ، کە دواجار ئێران ناچار بکا مل بدا بە دانوستان و لانیکەم بەشێک لە خواستەکانی بەسەردا بسەپێنێ.
پرسیارێکی دیکە ئەوەیە ئایا ئێستا زەمینەی دانوستان لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ئارادایە؟ ئەگەر لە ئارادا نییە، چ گۆڕان و هەلومەرجێک لە هەر دوو لا پێویستن بۆ ئەوەی زەمینەی دانوستان لەبار بێ؟ وڵاتانی نێوەندگیر چەندە دەتوانن یارمەتی بە سازبوونی زەمینەی دانوستان بکەن؟ ئایا نێوەندگیرەکان یارمەرتیدەرن یان دیاریکەر؟
ئەم ڕۆژانە باسی وڵاتانی نێوەندگیر زۆر دەکرێ و هەندێک جاریش پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ و هۆکاری، لە نێوان نێوەندگیری و دانوستاندا وێنا دەکرێ، کە لەگەڵ واقیع و پێدراوە بابەتییەکان نایەتەوە. لەجێدا دروست نییە لە ڕۆڵی فاکتۆری نێوەندگیردا زێدەڕۆیی و زێدەگۆیی بکرێ. نێوەندگیر ئەوپەڕەکەی دەتوانێ یارمەتیدەر بێ و بە گەیاندنی پەیامەکانی دوو لایەن بە یەکتر، یارمەتی بە خاوبوونەوەی دۆخەکە بکا، یان باشترە بڵێم تا ڕادەیەک لە هەڵچوونی دۆخەکە ڕێگری بکا و یارمەتی بە لێکتێگەیشتن بکا و ئەمەش ئەگەری ڕووداوی نەخوازراو دادەبەزێنێ. کەواتە فاکتۆری نێوەندگیر ڕۆڵی دیاریکەری لە سازدانی زەمینەی دانوستاندا نییە، بەڵکوو تەنیا یارمەتیدەرە. بەم پێیە چ شتێک یان چ فاکتۆرگەلێک لەم نێوەدا ڕۆڵی گەورە و دیاریکەرییان هەیە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێش هەموو شتێک دەبێ لەسەر ئەم بابەتە هەڵوێستە بکەین، یان وڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە، مەبەستی ئەمریکا لەم هەموو فشار و گەمارۆیانە چییە؟ ئەگەر مەبەستی گۆڕینی ڕێژیم بێ، دانوستان هیچ جێیەکی نامێنێ و ئەگەر باسیشی دەکرێ تەنیا بۆ ئەوەیە کە ببێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ ئامانجی نیهایی، کە گۆڕینی ڕێژیمە؛ ئەویش بە هێنانە ئارای خواستگەلێک کە جێبەجێ کردنیان دەبێتە هۆی گۆڕانی چییەتیی ڕێژیم؛ بە هێنانە ئارای مەرجگەلێک کە دەزانێ ڕێژیم قبووڵیان ناکا. دەگوترێ بۆ ئەوەی دانوستان نەکرێ، شتگەلێک بکە پێشمەرجی دانوستان، کە دەزانی لایەنی بەرامبەر قبووڵیان ناکا! لە چوارچێوەی ئەم ئەگەرەدا، ئەو دوازدە مەرجەی لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاتوونە ئارا، بۆ ئەوەن کە دانوستان نەکرێ؛ ئەو مەرجانە لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیە ڕیز کراون و هاتوونە ئارا، کە ڕێژیمی ئێران قبووڵیان ناکا. لە لایەکی دیکەش مەبەست لە دانانی ئەو مەرجانە تەنیا پڕۆپاگەندە و پاساودانی ئامانجی کۆتاییە، کە گۆڕێنی ڕێژیمە؛ بۆ ئەوەی بە ڕای گشتی بڵێن کە ئێمە بۆ دانوستانیش ئامادە بووین، بەڵام ڕێژیمی ئێران قبووڵی نەکرد. کەواتە لە چوارچێوەی ئەم خوێندنەوە و ئەگەرەدا باس کردن لە دانوستان لە لایەن ئیدارەی تڕامپەوە، تەنیا مەبەستی پڕۆپاگەندەیی لە پشتە و بۆ ئەوەیە یارمەتی بە جێبەجێ کردنی پلانی گۆڕینی ڕێژیم بکا.
خوێندنەوەیەکی دیکە کە بۆ ئەم فشار و گەمارۆیانە دەکرێ ئەوەیە کە هەمووی ئەوانە بۆ پاشەکشە پێکردن و ناچارکردنی ڕێژیمی ئێرانە بۆ دانوستان. لەم حاڵەتەدا ئەمریکا ئەو دوازدە مەرجەی بۆ دانوستانی دیاری کردوە، بۆ ئەوە نییە کە بیەوێ هەموویان بە ئێران بقەبووڵێنێ، بەڵکوو دەستی لانی زۆری گرتوە بۆ ئەوەی لە ئەگەری دانوستاندا زۆرترین ئیمتیاز بەدەست بێنێ؛ بۆ ئەوەیە کە فشارێکی زیاتری مادی و ڕەوانی بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران، کە ناچار بە پاشەکشەی زیاتر بێ.
بە زۆر هۆکاری نێوخۆیی ئێران، ناوچەیی و نێونەتەوەیی، کە لێرەدا ناچمە سەریان، پێم وایە کە ئیستراتێژیی ئەمریکا لە قۆناغی ئێستادا، لاوازکردنی ڕێژیمی ئێران و سنووردارکردنی توانا و ئامرازەکانی هێزی ئێرانە؛ ئیستراتێژیی ئەمریکا ئەوەیە کە پاشەکشە بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکا و ڕادەی نفووز و دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەم بکاتەوە و ئەگەر بۆی کرا بیگەڕێنێتەوە بۆ نێو سنوورەکانی خۆی؛ ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە کە توانا مووشەکییەکانی ئێران سنووردار و بەربەست بکا؛ هەتا ئێران ئەم ئامرازانەی بەدەستەوە بێ، ئەمریکا بە تێبینیی زیاترەوە لەمەڕ هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران بڕیار دەدا. ئەگەر ئەوەمان لەبیر بێ کە ئەمریکا کاتێک هێرشی کردە سەر عێراق کە، ئەو وڵاتە لە هەموو ئامرازە سەرەکییەکانی هێزی خۆی داماڵدرابوو و دەزانرا کە توانایەکی نیزامیی ئەوتۆی نەماوە، لۆژیکی ئەم ڕوانینەمان چاکتر بۆ دەردەکەوێ. فاکتۆرێکی حاشاهەڵنەگر کە دەتوانێ لە هەڵچوونی دۆخەکە ڕێگری بکا و ئەگەری هێرشی نیزامی کەم بکاتەوە، پۆتانسیێلی دانوستانی سیستمیکی کۆماری ئیسلامییە؛ بەم شیکردنەوەیە کە ئەوان بۆ پاراستنی نیزام هەموو شتێک بە ڕەوا دەزانن، بە دڵنیاییەوە بە دانوستانیشەوە. لە چوارچێوەی ئەم شیکردنەوەدایە کە دانوستان جێ دەگرێ و دەبێتە بەشێک لە، یان ئەنجامی ئیستراتێژیی فشار. بەڵام دانوستان لەخۆڕا ناکرێ و زەمینە و هەلومەرجی ڕەخساوی گەرەکە؛ کە ئەم زەمینە و هەلومەرجە، خۆی لە بڕ و ڕادەی فاکتۆرەکانی هێزی دوو لایەن و توانای خۆڕاگری و بەردەوام بوونیان لەسەر ئامانجەکانیاندا، دەبینێتەوە.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و بە لەبەرچاو گرتنی سیاسەت و ڕویکەردیان و، هەروەها بە چاو لێکردن لە دۆخی هەنووکەیی ئێران، پێدەچێ ڕێژیمی ئێران جارێ بە بەریەوە مابێ و خۆی ڕابگرێ؛ ڕێژیمی ئێران جارێ زەمینەی دانوستان لە قازانجی خۆی نابینێ و چاوەڕێ دەکا تا گۆڕانێک لەم زەمینەیەدا بێتە ئارا بۆ ئەوەی بە هەڵوێستێکی بەهێزترەوە بچێتە سەر مێزی دانوستان؛ ئێران خۆی ڕادەگرێ تا داواکانی ئەمریکا نەرمتر بکا و ئەمریکا بەو قەناعەتە بگەیەنێ کە داواکانی کەمتر بکاتەوە. خۆ ئەگەر ئەمریکا خواستەکانی دانەبەزاند و ئێرانیش توانای خۆڕاگریی نەما، لەم حاڵەتەدا ئێران ناچار دەبێ بە هەڵوێستێکی لاوازیشەوە بچێتە سەر مێزی دانوستان.
فاکتۆرێکی گرینگ کە لەم نێوەدا دەور دەبینێ، خەڵكە؛ ئەگەر لەم هەلومەرجەدا کە ڕێژیم فشارێکی زۆری دەرەکی لەسەرە، لە نێوخۆشدا لە لایەن بزووتنەوەیەکی دیفاکتۆی خەڵکەوە بە چالش بکێشرێ، ئەوە توانای خۆڕاگریی ڕێژیم زۆر دێنێتە خوار و لە بەرامبەریشدا ڕوحیەی لایەنی ئەمریکایی دەباتە سەر و بە بەرهەمدار بوونی گەمارۆکان هیوادارتری دەکا؛ چونکە ئامانجی سەرەکیی ئەو گەمارۆیانە، کە قورسایی زۆریان خستۆتە سەر خەڵک، ئەوەیە کە خەڵکی ئێران جاڕز بکەن و لەدژی ڕێژیم بیانهارووژێنن و بۆ ڕاپەڕین هانیان بدەن؛ تەنانەت لەوانەیە لەو حاڵەتەدا نەتەنیا ئەمریکا فشارەکانی زیاتر بکا، بەڵکوو دوور نییە بە وەشاندنی هەندێک گورزی سەربازیی دیاریکراویش، یان ڕێژیم بەرەو گۆڕین پاڵ پێوە بنێ یان لەوپەڕی لاوازیدا لەگەڵی بکەوێتە دانوستان، بۆ ئەوەی زۆرترین داخوازیی خۆی بەسەردا بسەپێنێ.
لەم هاوکێشەیەدا لایەنی ئەمریکاش حیسابات و لێکدانەوەی خۆی هەیە. ئەمریکا وڵاتێکی زلهێزە و ئامرازی هێزیشی زۆرن. ڕاستە هەتا ئێستاش فشاری زۆری بۆ ئێران هێناوە بەڵام هێشتا ئامرازی دیکە و توانای فشارهێنانی دیکەی ماوە و بە واتایەک، فشارەکانی ئەمریکاش نەگەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی.
ئەمریکا سیاسەتی «گۆپاڵ و گێزەر» لە بەرامبەر ئێران بەکار دێنێ. پێویستیی ئەو سیاسەتە ئەوەیە لەگەڵ هەموو ئەو فشارانەی دەیانهێنێ و لەگەڵ ئەو گۆپاڵەی بەکاری دێنێ، جاروبار و نێوەنێوە پرسی دانوستانیش بورووژێنێ و بە دەربڕینێک گێزەرەکەش نیشان بدا؛ بۆ ئەوەی هەموو ئەو فشارانە بخاتە خزمەت دانوستانەوە و بۆ ئەوەی ڕێژیمی ئێران لە حاڵەتێکی بەرزەخیی ڕەوانیدا ڕابگرێ و نەیەڵێ ساغ بێتەوە و ئەوەندەی مومکینە درز بخاتە نێو سیستمەوە. ئەمریکا کە ئیستراتێژیی «فشاری لانی زۆری» لە هەمبەر ئێران گرتۆتە بەر، بە شێوەیەکی بەردەوام هەڵیدەسەنگێنێ و ئەگەر پێویستی کرد، پێداچوونەوە و گۆڕانی تێدا پێک دێنێ؛ بۆ ئەوەی ئاگای لەوە بێ کە خزمەت بە ئامانجەکەی دەکا. لەژێر تیشکی ئەم شیکارییەدا، ئەگەر ڕۆژێک ئەمریکا بێتە سەر ئەو باوەڕەی کە گەمارۆکان کاریگەریی خۆیان داناوە و لەوە زیاتر ئامانج ناپێکن، ئەوکات ساتەوەختی دروست بوونی زەمینەی دانوستانە. بە دەربڕینێک زەمینەی دانوستان کاتێک دروست دەبێ کە ئێران و ئەمریکا لەم خاڵەدا بەیەک بگەن: ئێران ئەوپەڕی توانای خۆڕاگری و لانی زۆری فاکتۆرەکانی هێزی بەکار هێنابێ و ئەمریکاش بگاتە ئەو قەناعەتەی کە فشارەکان کاریگەریی خۆیان داناوە و لەمەوبەدوا دانوستان باشتر دەتوانێ خواستەکانی دابین دەکا.
لە کۆتایی دا پێویستە دوو خاڵی گرینگ ئاماژە پێ بکەین:
یەکەم، شرۆڤە لەسەر بنەمای پێدراو و فاکتەکانی مەوجوود و دوورەدیمەنی ڕەوتەکان، باسی شتی پێشبینی کراو دەکا؛ لە هەمان کاتدا دان بەوەدا دەنێ کە ناتوانێ هەموو شتەکان بڵێ و پێشبینی بکا و بیاڤێک دەمێنێتەوە کە لە دەرەوەی توانای ئەوە؛ لە ڕاستیدا شتی پێشبینینەکراو و چاوەڕواننەکراو، دیوێکی دیکەی شرۆڤەیە و ڕەوتی ڕووداوەکان، ڕەوتێکی بێگرێ و گۆڵ و بێلەمپەر نییە و لەوانەیە فاکتۆرێک، کە لە کاتی شرۆڤەدا ڕەچاو نەکراوە و یان بوونی نەبووە و دواتر هاتۆتە ئارا، ڕەوتی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی دیکە بگۆڕێ. لێرەدا دەبێ یەک خاڵمان لەبەرچاو بێ ئەویش ئەوەیە، نابێ لە شیکاریی ئەم دۆخە ئاڵۆزەدا خۆمان لە دووانەی شەڕ یان تەسلیمی ئێراندا قەتیس بکەین. لەوانەیە دۆخی نە شەڕ نە تەسلیم بوون تا ماوەیەک درێژەی هەبێ. بەکورتی ئەم کێشەیە ئاڵۆزە و فاکتۆری زۆری تێدا دەخیلن و تەنانەت بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتەش نازانن دۆخەکە چی لێ دێتەوە! چ بگا بە ئێمە کە نە بڕیاردەری ئەم کێشەین و نە ئاگامان لە زۆر شت هەیە؛ مەرج نییە ئەوەی لە ڕاگەیەنەکان دەگوترێ، هەمان شتیش بەکردەیی بکرێ.
دووهەم، سیاسەت، ڕیسکە و شتی چاوەڕواننەکراوی تێدایە و ستاتیک نییە. هەمیشە واقعییەت بەپێی نەخشە و سیناریۆ زەینییەکانی لایەنەکان شکڵ ناگرێ؛ ئەمە تەنانەت لەسەر ئەمریکاش کە لە سەرووی هیرارکیی سیستمی نێونەتەوەییدا جێ دەگرێ، ڕاستە.
ئەمریکا ئیستراتێژییەکی بەرامبەر ئێران گرتۆتە بەر و بەردەوامیش پێیدا دەڕوانێتەوە و هەڵیدەسەنگێنێ، ئەگەر ئامانجەکەی خواستی و ئامرازەکانی تائێستای کارایی پێویستیان نەبوو، یان پێداچوونەوە بە ئامانجەکەیدا دەکا یان ئامرازی دیکە بەکار دێنێ.