Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 19/06/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

شووینیزمی فارس و پرسی زمانی دایک

06/06/2019 | 12:35:03
+A
-A
عەلی لەیلاخ

((جان ستوارت میل: داگیرکەر سەرەتا «زمان و ناسنامە» داگیر دەکا))
ڕوانگە شووینیزمی بۆ پرسی زمان و کولتووری نەتەوەکانی نێو جوغرافیای ئێران ڕەنگە مێژووەکەی بۆ دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی نەگەڕێتەوە، بەڵام لە دوای خۆسەپاندنی ئەو سیستەمە حکوومەتییە لە ڕەهەندە جیاجیاکانەوە هەوڵی سووککردن و بێڕیزی کردن تا ئاستی تواندنەوەی زمان و کولتووری گەلان لە ئێران بە شێوەی بەڕنامەداڕێژڕاو دەستی پێکرد و ئێستاش سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان ئەم هەوڵە سیاسییە نازانستییانە بۆ سەپاندنی زمان و کولتووری حکوومەتی بەردەوامە.
گەلی کورد هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە چ لە ڕووی هەڵوێستی سیاسی و چ تایبەیمەندیی فەرهەنگییەوە یەکەم ئیتنیکی نێو ئێران بوو کە ڕووبەڕووی سیاسەتی سڕینەوەی زمان و فەرهەنگ وەستایەوە و ئەمە ویست و پێداگری و بەربەرەکانیی کورد بوو کە پرسی زمانی دایک تەنانەت بە نەقوستانیش بووبێ لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا ئاماژەی پێدرا، بەڵام ئێستەشی لەگەڵ بێت دیسان بە هۆکاری ئەمنیەتی و سیاسی نەخراوەتە بواری جێبەجێکردن و مەیدانییەوە.
وەگەڕخستنی زمانی دایک لە کەرتی پەروەردە و ڕاهێنان لە ئێران لە واقعدا ئەرکی وەزارەتی فێرکردن و پەروەردەی کۆماری ئیسلامییە کە نەتەنیا لەو ئەرکەدا خۆی بواردووە بەڵکوو ئەم وەزارەتە بە شێوازی گەڵاڵەدارێژراویش مافی ڕەوای منداڵانی کەمە نەتەوەییەکانی لە ئێران پێشێل کردوە.
لە تازەترین بڕیاری ئەو وەزارەتخانەیەدا کە لە توڕە کۆمەڵایەتییەکاندا مشتومڕ و کاردانەوەی زۆری لێ کەوتۆتەوە و بۆتە باسی مەحافیلی زمانەوانی، جەنابی جێگری وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن ڕایگەیاندوە کە دەیانهەوێ بەپێی گەڵالەیەک هەڵسەنگاندن بۆ ئەو منداڵانە بکەن کە تا ئێستا تەمەنیان نەگەیشتۆتە تەمەنی یاسایی خوێندن و پێویستە ئەو منداڵانە پێش چوونیان بۆ قوتابخانە زمانی فارسی بزانن.
گەڵاڵەی نوێیەکەی وەزارەتی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی ئێران بۆ قسە و نیگەرانییەکانی ئەم دواییانەی ڕێبەری باڵای ڕێژیم، سەید عەلیی خامنەیی دەگەڕێتەوە کە لەو کەڵکەبوونی کێشە و گرفتە ئابووری و سیاسییەکانی وڵاتدا، هات و بۆ لاوازبوونی زمانی فارسی! کڕووزایەوە. سەیر ئەوەش کە قسەکانی نەک هیچ لۆژیکێکی زانستیی تێدا نەبوو، بگرە دوور لە چاوەڕوانیش بوو؛ بۆیەش زۆر زوو بوو بە گاڵتەجاڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
عەلی خامنەیی لەو قسەکردنەیدا نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە لاواز بوونی زمانی فارسی! دەربڕی و داوای لە لایەنە پێوەندیدارەکان کرد کە پتر لەوەی ئێستا هەیە گرینگی بە زمانی فارسی بدەن.
دوابەدوای قسەکانی عەلی خامنەیی، ڕۆژی ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی «ڕیزوان حەکیم زادە»، جێگری وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی ئێران گەڵالەیەکی هێنایە بەرباس کە بەتەواوی شوینیستییە و مەبەستەکەی سڕینەوەی زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانە.
لەو گەڵاڵەیەدا باس لەوە دەکرێ کە منداڵانی «غەیرە» فارس پێویستە پێش ئەوەی لە قوتابخانەکاندا بە ڕەسمی دەست بە خوێندن بکەن، دەبێ لە باری زانینی زمانی فارسییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێ و لە ئەگەری لاوازبوونیان، لە بەشی تایبەتدا کاریان لەگەڵ بکرێ.
ئەوەی کە تا ئێستا زمانی فارسی بەزۆر بەسەر نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا سەپاوە و منداڵان لە دەسپێکی خوێندنەوە و لە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەوە دەبێ بە فارسی بخوێنن و فێری زمانی فارسی بن، زوڵمێکی ئاشکرایە کە لە منداڵانی غەیرە فارس دەکرێ و بۆ منداڵێکی کوردی گوندێکی کوردستان زۆر سەخت و دژوارە کە لە یەکەم ڕۆژدا بێ و بە زمانێکی بێگانە و جیا لە زمانی دایکیی خۆی بخوێنێ و فێر بێ و تێی بگا. ئەم سانتراڵیزمە فەرهەنگییە خەساری زۆری بە منداڵان گەیاندوە و لە سەر گەشەی پەروەرە و هەروەها شکلگرتنی «کێیەتی» منداڵان کاریگەریی خراپی داناوە.
بە لەبەرچاوگرتنی خەسارەکانی زاڵکردنی زمانی فارسی لە قوتابخانەکان و پێشێلکردنی مافی زمانیی کەمە نەتەوەییەکان لە ئێران، ئەم گەڵاڵەیەی کە ئێستا باس دەکرێ لەوەش خراپتر و بە تەواوی سیاسەتێکی شوینیستییە نەک گەڵاڵەیەک بۆ پەروەردە و فێرکردن. لەو گەڵالەیەی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردندا هاتوە کە منداڵانی تەمەن پێنج ساڵ دەبێ هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێ و لە هێڵەک بدرێن هەتا بزانن چ کەموکوڕییەکیان هەیە کە یەکێک لەو خاڵانە ئاخاوتنی ڕەوانە بە زمانی فارسی. بۆ منداڵێکی وەکوو کورد و بەلووچ کە لە بنەماڵەیەکی غەیرە فارسدا پەروەردە دەبێ و پێ دەگا، چ مەنتقێک قبووڵی دەکا کە لە تەمەنی پێنج ساڵی تا حەوت ساڵیش کە زمانی دایکیی بە تەواوی نازانێ، بتوانێ بە زمانی فارسی کە زمانێکی بێگانەیە و منداڵەکە هیچ سەرەندەرێکی لێ دەرناکا و هیچ حەوجێیەکی پێی نەبووە، بێ و قسەی پێ بکا و ئەگەریش نەتوانێ قسەی پێبکا، ئەوە دەکەوێتە لیستی منداڵانی ڕیزپەر (ئیستسنایی) کە ئەوەش نەک هەر دەکەوێتە خانەی هەڵاواردن، بەڵکوو بە ئاشکرا تاوانێکی گەورەیە دەرحەق بە منداڵانی کورد، بەلووچ، ئازەری، تورک، عەڕەب و تورکمەن و هەر کەمە نەتەوەیەکی دی کە لە ئێراندا دەژی.
لایەنە نگەتیڤەکانی دیکەی تازەترین گەڵاڵەی ڕاهێنان و پەروەردەی ئێران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێرشێکی نەرم و فەرهەنگییە بۆ لەنێوبردن و سووککردنی زمانی دایک! کە بەپێی بەڵگە زانستییەکان یەکەم قوتابخانەیە بۆ فێربوونی زانست و خۆناسین و هەروەها بۆ جیهانبینی تاکەکان پەنجەرەیەکی پێویست و بەرینە.
کۆتا قسە ئەو ترسەی کە لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم نیشتووە، گەشەی ڕۆژبەدوای ڕۆژی زمانی نەتەوەکانی دیکەیە، بەتایبەت زمانی کوردی و کوردیش باش لەو قسەی «مهاتما گاندی» تێ گەیشتوە، کە نەتەوەی بێ زمان و ئەدەبیات، نەتەوەیەکی بێ داهاتوویە!