کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی “قودس” بڕی 651 میلیون دۆلاری داوەتە بنەماڵەی کوژراوانی حەماس و جیهادی ئیسلامی.
هەواڵدەریی چین کە ئەو زانیارییانەی ئاشكرا کردوە دەڵێ ئەو بڕە پارەیە ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی مانگی مای لە کۆنفڕانسێکدا کە لە شاری غەزە گیرا، دراوەتە بەرپرسان و کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی. ئەو بنەماڵانەی ئێران دۆلاری بۆ ناردوون ئەو فەلەستینییانەن کە ئەندامێکی بنەماڵەکەیان لە شەڕی ئیسڕائیلدا لەدەست داوە و لەو ماوەیەدا بەهۆی کێشەی نێوان حەماس و رێکخراوی فەتح، یارمەتییەکانیان بە بڕیاری مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی فەلەستینەوە ڕاگیراوە.
لە کاتێکدا خەڵکی ئێران بەهۆی گوشاری ڕۆژاوا، گەمارۆ ئابوورییەکان و گەندەڵیی سیستماتیکی حکومەتی لە بارودۆخێکی سەخت و تاقەتپڕووکێندا بەسەر دەبەن، کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری داوە ئەرکی ژیان و بەڕێوەچوونی 1540 بنەماڵەی فەلەستینی بگرێتەوە ئەستۆ.
یەحیا سینوار، ڕێبەری گرووپی حەماس لە غەزە ڕایگەیاندوە ڕاستە وڵاتانی عەڕەبی لامان لێ ناکەنەوە، بەڵام خەممان نییە، چونکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان لەپشتە.