Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 19/06/2019 | کاتژمێر:
ئەدەب

«هەر هونەر نەمرە و هونەروەر مەرد و ڕەند»

22/05/2019 | 13:23:58
+A
-A
مەسعود تەهازادە

ڕووبارێکی زوڵاڵە لە شێعر. دێ و تێدەپەڕێ و هەمووان تێراو دەکا. گەوره و بچووک چێژی لێ دەبەن، خوێندەوار و نەخوێندەوار، ژن و پیاو، شارستانی و لادێیی و کەس نییه له سادەیی زمانی هێمن نەگا و له هەمان کاتیشدا له پەرجووی شێعری هێمن هەستی نەورووژێ و گیانی پڕاوپڕی ئەوین نەبێ؛ ئەوینی مرۆڤ و ئەوینی نیشتمان.
مامۆستای هۆندنەوەی ناوازەترین شێعرەکانە به ئاوێتەکردنی گرینگی و جوانییەکانی ژیان. ئەو کاتەی بۆ نیشتمان دەنووسێ ژوان و دەستەملان و ئەوینی لەبیر ناچێ و ئەو دەمەیش له جێژوان و لەگەڵ یاره، نیشتمانی هەر لەبیره؛ بەڵام دواجار ئامێزی خۆشەویست؛ که پەناگەی شەوانێتی و هێمنایەتیی هێمنە، له پێناو ئازادیدا جێ دەهێڵێ.
بوێره، نەترس و قارەمانه و هاوکات لە شۆڕش و خەباتی سەردەمی خۆیدا دەور دەگێڕێ، دڵی به گرمەی تۆپی دوژمن ڕاناچڵەکێ، بەڵام هەستی ناسکی به سووکە خرمەیەکی بازنە دادەخورپێ.
ئاشتیخوازه و له هەمان کاتدا بۆ گەیشتن به ئازادی کۆڵ نادا، جوانپەرەسته و هاوکات جوانی تەنیا له سیمای ژندا نابینێ. دەست هەڵدەگرێ له ژنی ژێردەست و چەوساوەی کورد و کۆمەڵگەی پیاوسالار ڕەت دەکاتەوە و شیرینه تەشیڕێسەکەی وەفایی به شیاوی کەسایەتیی ژنی کورد نازانێ و کیژی وریای چاو کراوەی فێره زانینی ئارەزوویه. کۆنەپەرستی و ڕووگرتن و لەماڵدا حاسێبوون به شتێکی نەرێنی دەزانێ و هان دەدا بەرەو نوێبوونەوە، پێشکەوتن و ڕوودەرخستن.
هەست به چەوسانەوەی گەلەکەی دەکا و دەشزانێ خەباتێک بەس نیوەی کۆمەڵگە بیکا و به هی خۆی بزانێ، سەر ناگرێ و سەر ناکەوێ، بۆیه سەربەستی لەلای ئەو، دژە لەگەڵ دابەستەبوونی ژن و پیاو و هەڵاواردن و جیاوازی و نایەکسانی.
سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکانی ژیانی، بێهیوا نابێ و هەتا دواپشوو ڕێبواری ڕێگەی عیشق و ئازادییه، ئەگەریش جگه له ناکامی هیچ بەرهەمێکی تر نەبینێ. هەندێ جار له تەنیایی شەوانیدا سەر لەسەر ئەژنۆ دادەنێ و خەم دایدەگرێ که ماڵئاوەدان، دوا هاوڕێی باوەفایەتی؛ بەڵام هێشتا بەردەوام باوەڕی به داهاتووی ڕوون و ئاسۆی گەشاوە و موژدەی ڕۆژگارێکی نوێیه. بێهیوا نابێ، ئەگەریش پاییز بەردەوام بێ، دوور دەڕوانێ و ئاسۆی هێمن، هەر ڕوونە.
هەرچەند هەست دەکا بەشی کوردی زانا و بیرمەند، مەینەت و دەرده؛ کەماڵ باوی نییه و ماڵ لەسەر کورسیی هێز و دەسەڵات دانیشتووه، هونەرمەند و ژیانی خۆش مەحاڵه، تەنانەت ساقیش به زێڕ و زیو هەڵدەفریوێ، بەڵام دەستهەڵگری ئەرکی خۆی نییه، دەخوێنێ بۆ گەلی خۆی و بەردەوام، بێ چاوەڕوانی، پاک و بێگەرد و ڕوحسووک، هەر دەخوێنێ.
ناو و پلە و ماڵ و موڵک جێ دەهێڵێ و دژی سیستەمێک دەبێتەوە که وەک زێروو خوێنی چینی لاواز هەڵدەمژێ. لایەنگری تاقمی هەژار و بێبەش و چەوساوەیه و پشتیان دەگرێ و لەو ڕێیەدا ترسی نییه ئەگەر هەڵکوتێته سەر ئاغا و کوێخا و میر و وەزیر، یا ئەگەر ساقی سەرکۆنه بکا که بادەکەی له بەردەست دەوڵەمەند و ماڵپەرەستدا دەنێ و دڵ به زێڕ و سامانی ئەوان دەبەستێ.
بیر و هزری دەروون و بەخۆداچوونەوەی دەکاته هۆنراوه و جارێک کوردی بەندی بەیانی نەورۆز و جارێک سازی ناساز و جاریش چڵەڕیحانی دوورەدێراوه و به دوای هۆی بوون و نەبوونی خۆی دایه.
هێمن لەگەڵ خەڵکه و شێعریشی بۆ خەڵک. خۆی له خەڵک جیا ناکاتەوه و شێعرەکانیشی بۆ تاقم و چینێکی تایبەت له کۆمەڵگە نییه. خۆی دەسووتێنێ هەتا بەزمی خەڵک ڕۆشن بکا. به وشەی ساده و ساکار مەبەستی خۆی دەگەیێنێ و له هێنانی وشەی ناڕوون و ئەستەم خۆی دەپارێزێ و هەر ئەمەشه هۆی مانەوەی هێمن و شێعری هێمن له دڵی گەلدا و بوونی شێعرەکانی لەسەر زمانی گەوره و بچووکی کورد؛ لێرە و لەوێ، له هەر شوێنێک بێژەرێکی کورد هەبێ.
دەنگی، سروودی شادی و دەنگی ئازادییه؛ شێعری نرکەی سینگی کرێکار و بڵێسەی سینگی جووتیاره؛ ڕقه، ڕەقه و قینه، ئاگره و بڵێسەیه و تینه. هەروەک ئاگری نەورۆزه، ڕەمزی ئازادییه و پیرۆزه.

«خۆم دەسووتێنم هەتا بەزمی خەڵک ڕۆشن بکەم
کێ لەڕێی خەڵکا وەکوو شاعیر دەسووتێ، شەم نەبێ؟»

* بۆ یادی 33 ساڵەی کۆچی دوایی هێمن نووسراوە و لە کاناڵی «کوردینووس» وەرگیراوە