Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 19/06/2019 | کاتژمێر:
جیهان

بەڕێوەچوونی سمینارێک بۆ بەڕێز جاوید رەحمان ڕێپۆرتەری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، لە پارلەمانی بریتانیا

17/05/2019 | 01:26:41
+A
-A

كاتژمێر ١ی پاشنیوه‌رۆی رۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕێکەوتی ١٥ مه‌ی ٢٠١٩ی زایینی، له‌ په‌رله‌مانی بریتانیا له‌ شاری ڵه‌نده‌ن، له‌ لایه‌ن ئه‌ نجومه‌نی گه‌شه‌پێدان بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، سمینارێک له‌ سه‌ر ڕه‌وشی مافی مرۆڤی كه‌مایەتیە نه‌ته‌وه‌یی و ئایینەیه‌كان بۆ پروفسۆر جاوید ڕه‌حمان ڕێپۆرته‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران پێکهێنرا. سه‌ره‌تا له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری  پانێله‌كه‌ بەڕێز جیم شانۆن ئه‌ندام په‌رڵه‌مانی سه‌ربه‌خۆ بۆ ناوچه‌ی سترانگفۆرد سه‌ر به‌ وڵاتی‌ سكۆتله‌ند،  كورته‌یه‌ك له‌ سه‌ر ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له‌ ئێران دا باس كرا. دواتر به‌رپرسی  ئه‌نجومه‌نی گه‌شه‌پێدان بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ڕێز موسا زاهیدی به‌ چڕ و پڕی باسی له‌ سه‌ر پێشێلكاری مافی كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییه‌كان و  به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی  ئه‌هواز ، كوردستان و به‌لوچستان کرد وهه‌روه‌ها باسی له‌ پێشێلكرانی  به‌رچاوی مافی مه‌زهه‌بی كه‌مینەی مه‌زهه‌بی ‌به‌هایی و یارسانییه كان كرد.

پاشان پرۆفسۆر جاوید ڕه‌حمان باسی له‌ باردۆخی گشتی و هه‌نووكه‌یی مافی مرۆڤ له‌ ئێران كرد. دواتر دڵگڕانی خۆی ده‌ربڕی كه‌ ناتوانێ وه‌ك ڕێپۆڕته‌ری نه‌تەوه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافی مرۆڤ له‌ ئێران، سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ بكات و له‌ نزیكه‌وه‌ ‌گوێ له‌ سەربوردەی ئه‌و كه‌سانه‌ بگرێ كه‌ مافه‌كانیان له‌ لایه‌ن سیسته‌می قه‌زایی كۆماری  ئیسلامی  پێشێل كراوه‌. هەروەها باسی له‌  كه‌مایه‌تی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یه‌ كان كرد و نموونه‌ی كوردی هێناوه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ڕ‌ژیمی ئێرانه‌وه له‌ ژێر گوشار دان و به‌شێكی به‌رچاو له‌ زیندانیانی سیاسی ئێران كوردن.

پاشان به‌ڕێز جه‌مشید ئه‌میری نوێنه‌ری به‌لووچستانی ڕۆژئاوا له‌ ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ به‌لوچستان، باسی له‌ ڕه‌وشی  به‌لووچه‌كان له‌ ئێران كرد. به‌ڕێزیان باسی له‌ هه‌وڵی ڕ‌ژیم بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای به‌ لوچستان كرد و باسی  له‌وه‌ كرد كه‌ نزیك به‌ میلیونێك له‌ هاووڵاتیانی به‌لوچستان له‌ مافی هه‌بوونی پێناسی ئێرانی بێبه‌شن.

هاوڕێ یونس خه‌دیوی موكری بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموكراتی كوردستان لە بریتانیا بەشداری ئەو سمینارەی کرد.  به‌ڕێزیان لە باس و خواسەکان دا چالاکانە بەشداری کرد و باسێكی گشتی له‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی  له‌ ئێران دا كرد و پاشان باسی له‌ ڕه‌وشی كۆڵبه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له‌ سه‌ر سنووره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌گه‌ڵ باشوور كرد، كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ته‌نیا ٦ دۆلار كرێبار دا ڕۆژانه‌ سینگی خۆیان ده‌كه‌نه‌ قه‌ڵغانی فیشه‌كی پاسدارانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی. نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان ئاماژه‌ی به‌ موشه‌كبارانی قه‌ڵای دێموكرات له‌ ٨ی سیپتامبری ٢٠١٨ له‌ لایه‌ن  كۆماری ئیسلامی كرد كه ‌ڕ‌ژیم سه‌روه‌ری خاكی وڵاتی ئێراقی پێشێلكرد. پێویست بە ئاماژەیە کە هاوڕێ یونس خدیوی موکری بڵاوكراوه‌كانی حیزبی له‌ سه‌ر موشه‌كبارانی قه‌ڵای دێموكرات و ڕه‌وشی زیندانیانی سیاسی كورد و كۆڵبه‌رانی كورد پێشكه‌شكرد به‌ به‌ڕێز جاوید ڕه‌حمان کرد. لە کۆتایی سمینارەکە دا كات درا به‌ به‌شداربووان كه‌ پرسیار و تێبینییه‌كانی خۆیان بێننه‌ به‌رباس و له‌ لایه‌ن پرفسۆر جاوید ڕه‌حمان و به‌ڕێز جیم شانۆن وه‌ڵام درانه‌وه‌. ئه‌و پانێله‌ كاتژمێر ٣ ی دوانیوه‌ڕۆ به‌ كاتی  له‌نده‌ن كۆتایی پێهات و هیوا خوازرا كه‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی له‌ م بابه‌ته‌ دڕێژه‌یان هه‌بێ بۆ باشتر كردنی ڕەوشی مافی مرۆڤ له‌ ئێران دا.