Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۲ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۸ | 13/11/2019 | کاتژمێر:
بیروڕای_ئازاد

نرخی فوویەک لە حەرامەوە بۆ حەڵاڵ کردن

13/05/2019 | 14:08:14
+A
-A
حەسەن ئەهوەن

 

لە دەورانی یەکێک لە پادشاکانی قاجار لە ئێراندا، تجارەت و هەناردە کردنی قەند و شەکر بۆ ئێرانێ بەرەو بازاڕێکی گەرم بوو بۆ وڵاتی ئینگلستان. مەلایەکی قسە ڕۆیشتوو و بە دەسەڵات لە نێو حکوومەتی قاجاردا، داوا لە ئینگلیسێکان دەکا کە باجی زیاتر هەم بە دەوڵەتی ئەوکات بدەن هەم دەبێ ئەویش ڕازی کەن دەنا خواردنی قەند و شەکر حەرام دەکا. ئینگلیسییەکان دژ بەو داوایە دەوەستنەوە و دەڵێن کە ئێمە دەزانین قەند و شەکر لە پێویستییە سەرەکییەکانی خەڵکی ئێرانە کە وابوو قسەی ئەو مەلایە ناتوانێ هیچ کاریگەرێکی لەسەر ویستی خەڵک هەبێ. مەلا بە دەرکردنی فتوایەک دەستوور دەدا لە هەموو وڵات جاڕ بدەن: هۆ خەڵکینە، ئەو قەندەی لە وڵاتی ئینگلیسەوە دێ مایەکەی لە پیوی بەرازە و خواردنی بۆ هەموو موسوڵمانێک حەرامە … خەڵکی هەروەک ئۆمەتی هەمیشە لە سەحنەی ئێستادا، بەبێ یەک و دوو لە ترسی ڕۆژی قیامەتێ بە سانایی مل بۆ ئەو فتوایە ڕادەکێشن. دوای چەند مانگان دەوڵەتی ئینگلستان کە  بە هەزاران تۆن قەندی لە ئەنبارەکان بە سەردا ماوەتەوە، داوای وتووێژ دەگەڵ ئاخوندی فتوادەرکەر دەکەن و دەڵێن ئەگەر داواکەتان قبووڵ کەین چۆن ئەو گرفتەی چارەسەر دەکەن؟ ئاخوند دەڵێ: ئەوە پیشەی خۆمانە بە وشەیەک حەرامی دەکەین و بە وشەیەکیش حەڵاڵ … ئەو جار دوای قبووڵ و واژۆ کردنی هەر دوولایەن، ئاخوند بە دەرکردنی فتوایەک کە لە هەموو وڵات جاڕی بۆ دەکێشنەوە، دەڵێ: ئەو قەندەی کە مایەکەی لە پیوی سازدەکرێ بە تێهەڵکێشانی لە چادا پاک دەبێتەوە و ئەمجارەکە حەڵاڵە. بەم  فرت و فێڵە ئیسلامییە، دووبارە هەناردەی قەند و شەکر بە لێشاو دەست پێدەکاتەوە.

وڵاتانی پێشکەوتووی ئورووپایی و یەک لەوان سوئێد، پەنابەری موسوڵمانیان لە هەر دوو فیرقەی شیعە و سوننە بە لێشاو پەنا داوە و دەرەتانی سەدان مزگەوت و بنکە و بونیاتی ئیسلامییان پێدراوە و بۆیان دابین کراوە. بەڵام ئێستاشی دەگەڵ بێ هیچ کام لە یاسا و ڕێسا و کولتوور و گەشەی دنیای پێشکەوتووی غەرب نەیتوانیوە بە سەر فیکر و ئیدۆلۆژیی دواکەوتووانەی ئیسلامییە توند ئاژۆکاندا زاڵ بێ، بگرە دەبێ باجێکی مفت و خۆڕاییشیان بدرێتێ و هەر فیرقەیەی فتوادەری خۆی هەیە و بە واتایەکی تر هەر کامە و بازاڕێکی بۆ خۆی کردۆتەوە … گۆشتی ئاژەڵ و پەلەوەر بە هەموو جۆرەکانییەوە، پێداویستێکی سەرەکیی بژیوی مرۆڤە و داواکاری زۆرە. ئاژەڵەکان دوای پشکنینی پزیشکی و دڵنیابوون لە سالم بوونیان لە کوشتارگایەکی مودێڕن و تەواو بێهداشتی بە شێوەی ستانداردی دیاریکراو سەر دەبڕدرێن و بە ئامرازی پێشکەوتوو کەوڵ و قەسابی دەکرێن و ئامادەی هەناردەکردنی بازاڕەکانی دەرەوە و نێوخۆ دەکرێن. دەمڕاستە بەهێزەکانی  ئیسلامی بەناوی ئاخوند و مەلای خزینڕاو بۆ وڵاتانی غەربی کە وەک هەمیشە نەبزی خەڵکی بە باوەڕی ئیسلامییان لە دەست دایە و دەتوانن بە فتوایەک حەڵاڵ و حەرامیان بەسەردا بسەپێنن و لە لایەکی دیکەشەوە بەشی هەرە زۆری کڕیار و مەسرەفکەری گۆشت لەو خەڵکە موسوڵمانەیە کە زۆربەشیان لە بنەماڵەی پڕ خێزان پێک دێن، خاوەن کۆمپانی و شیرکەتە گەورەکانی دابینکەری گۆشت، مەجبوور بە دانی باجێکی زۆر و زەبەند دەکرێن. هەرچەند بە زیاد کردنی دەرسەدێک بە فرۆشی گۆشت لە بری ئەو باجەی دەدرێ بە مەلا لە لایەن خاوەن شیرکەتەکانەوە قەرەبوو دەکرێتەوە. جا بۆ ئەو مەبەستە لە کوشتارگاکان دیوێکی شووشەبەند بە فاسیلەی سی-چل میتری بە دەرگایەکی جیاواز کە تەنیا دەڕوانێتە شوێنی سەربڕینی مەڕ و ماڵات، بۆ مەلای موسوڵمان ئامادە کراوە. سەربڕینی هەموو ئاژەڵەکان چ ئەو بەشەی هەناردە دەکرێ و چ بەشی نێوخۆیی بە یەک شێوە و یەک تیغی کارەبایی بە ڕیز لەم سەر بۆ ئەو سەر، سەر دەبڕدرێن و پاشان دوای هەڵاوەسین و کەوڵ کردن بۆ بەشەکانی دیکەی پێوەندیدار ئوتومات دەنێردرێن. ئەو بەشە لەو ئاژەڵانەی ڕاسپاردە و دیاریکراوی فرۆشگە ئیسلامییەکانە، ئاخوند یا مەلا لە کاتی سەربڕینیان لە پشتی شووشەیەوە ” فوو “ی لێدەکا و بەم شێوەیە مۆری حەڵاڵ!ی لێ دەدرێ. خەرجی ئەو “فوو” لێکردنە لە مانگدا 40 هەزار کڕۆنی سوئێدییە (50 میلیۆن تمەن) کە دەچێتە گیرفانی مەلایەوە. دوو شیرکەتی گۆشتی مریشکی لە سوئێدێ هەیە، ئەو گۆشتە مریشکانەی مۆری ” قیبلە “یان پێوەیە هی خاوەن فرۆشگە گەورەکانی شیعەیە و شیعەکان بەپێی مۆرەکەی دەیکڕن و بۆیان حەڵاڵە. ئەوی تریان بە مۆری “برکت” هی سوننییەکانە. هەمووی ئەوانە لە حاڵێک دایە کە بەبێ جیاوازی و بە ستانداردی دیاریکراوی وڵاتی سوئێد سەر دەبڕدرێن و دەنێردرێنە بازاڕەکانی جیهانی و نێوخۆیی … هیچکام لەو ئاژەڵ و پەلەوەرانەی ئەوەی پێی دەڵێن “ذبح اسلامی” کە لە ڕاستیدا خراپترین و دژە بێهداشتی ترینی سەربڕینەکانە، لەم وڵاتە نە تەنیا وجوودی نییە بەڵکوو بەپێی یاسا قەدەغەیە و سزای توندی لەسەرە. بەڵام هەر وەک ئاماژەی پێکرا، کۆمەڵی موسوڵمان بە چەشنێک دە داو و تەلیسمی خوڕافاتی ئیسلامی کەوتووە کە تەنانەت فەرهەنگ و زانست و تکنۆلۆژیی هەرە پێشکەوتووی وڵاتانی غەربیش نەیتوانیوە زۆرێک لەو دە داو کەوتووانە لەباری مێشکییەوە،  نۆرماڵ و ئاسایی بکا. لە حاڵێکدا بە کۆمێنت و دیتراو و بیستراو لە هەر دوو قوتبی موسوڵمانی شیعە لە ئێران و سوننی لە عەڕەبستان و هێندێک وڵاتانی سەر بەو دوو قوتبە، بە دەیان جار شاهیدی ئاشکرا بوونی فرۆشتن و دەرخواردانی گۆشتی کەر و سەگ و پشیلە و … بە خەڵکانی موسوڵمان بوون کە بێشک لە پشتی ئەو کوشتارانە چەندین مەلای مل ئەستوور و دەسەڵاتدار هەن کە باجی تایبەتی خۆیان وەردەگرن و دەنگیان لێوە نایە و لە ئەگەری ئاشکرا بوونیشدا بە زوویی دیزە بە شەرعینە و  دەرخۆنە دەکرێ.