Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۱ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 22/05/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

کرێکاری بێکار لە دۆزەخستانی ئێرانی ئێستادا

06/05/2019 | 16:07:29
+A
-A
عەلی بداغی

ڕۆژی 1ی مای هەموو ساڵێک کە ڕۆژی جیهانیی کرێکارە، دەرفەتێکە بۆ باس لەسەر بارودۆخی کرێکارانی وڵات، بارودۆخێک کە لە ئێران نەک ساڵ بە ساڵ، بەڵکوو مانگ بە مانگ و تەنانەت ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خراپتر دەبێ. وە لەو شەڕەی ڕێژیم ماوەی چل ساڵە لەدژی خەڵکی ئێران وەڕێی خستوە، ئەوە توێژی کرێکارانی کۆمەڵگەن کە پتر لە هەموو چین و توێژەکانی دی زیان و خەساریان بەرکەوتوە. کرێکاران لە ئێران قوربانیی ڕیزی هەرە پێشەوەی سیاسەتی قەیرانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکان و مافیای دەسەڵات و بەڕێوەبەری لە نێوخۆی وڵاتن.

ئەوەی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کرێکاران لەو ڕۆژەدا دێتە گۆڕێ ئەوەیە کە ئەگەرچی داوای ئەوان هەر هەمان ویست و داواکانی ساڵانی پێشوو، بەڵام بارودۆخی بەڕێوەچوون و گوزەرانیان هیندە خەراپتر بووە کە ژیانی بۆ زۆر لەوان کردووەتە مەرگەساتی لەبڕاننەهاتوو. وە ئەمساڵیش لە کاتێکدا ڕۆژی جیهانیی کرێکارمان گەیشتێ، کە مۆتەکەی کەمیی مووچە و حەقدەست و دواکەوتن و پێنەدانی هەر ئەو کەمە مووچەیە هەروا بەسەر ژیانی کرێکارانەوە بوو. جیا لەوەی هیچ کرێکارێک نەبووە شەوانە بەو ترسەوە نەنووستبێ کە سبەینێی دوایی کارەکەی لە دەست نەدا و بێکار و ڕووزەردی بنەماڵەکەی نەبێ! مەسەلەی گرێبەستی سپی و بیمەنەکرانی کرێکاران و نەبوونی ستانداردە ئەمنیەتییەکانی شوێنی کارکردنیش لەجێی خۆی کە دەردی سەرباری هەموو دەردێکی کرێکارانە. بۆ نموونە لە ساڵی ڕابردوودا ئەوەندەی پێ زاندراوە و بەمیدیایی کراوە 851 کرێکار لە سۆنگەی نەبوونی لانیکەمی ستانداردەکانی پاراستنەوە گیانیان لە دەست داوە و 1465 کرێکاریش بریندار و نقوستان بوون. بەڵای گرێبەستی سپی لە بەرژەوەندیی خاوەنکار _دەوڵەت و مافیای دەسەڵات_ یش وایکردووە کە تەنیا دەرسەدێکی زۆر کەم لە کرێکاران بیمەی کار و دابینبوونی کۆمەڵایەتییان هەبێ.

لەگەڵ ئەو هەموو بێمافی و بەشمەینەتییانەدا، بەڵام کرێکاران بێدەنگ نەبوون و دەستەوەستانیش نەماونەتەوە. ئەوەندەی ئامارەکان ئاماژەی پێدەدەن لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 498 کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدەربڕینی کرێکاری لە ئاستی ئێراندا بەڕێوە چووە و، 339 کۆبوونەوەی پیشەییش بۆ بەدواداچوونی مافە مەدەنی و سینفییەکانی کرێکاران گیراوە کە هەموویان یان بە وادە و بەڵێن کۆتاییان پێ هێندراوە، یان بە زەبری چەک و زۆر سەرکوت کراون. هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 186 چالاکی کرێکاری و 526 چالاکی سینفی و پیشەیی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە گیراون و زۆر لەوان دوای ئەشکەنجەدانی زۆر سزای زیندانیی درێژخایەنیان بەسەردا سەپاوە.

هۆکاری سەرەکیی بێمافی و بێئەنوایی کرێکاران بەدەر لە نێوەرۆکی دژەکرێکاریی دەسەڵاتی زاڵ و، سیاسەتی ئابووریی لایەنگری بەرژەوەندیی خاوەنکار و، پڕۆژەی سەقەتی بڕەودان بە کەرتی تایبەت و جێبەجێکردنی سەقەتتری ئەم خسووسی کردنە لەلایەن مافیای دەسەڵات؛ بەردەوامیی ڕێگرییەکانی دەوڵەتە لە دروستبوونی سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکارییەکان. دوای چوار دەیە لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێستاشی لەگەڵ بێ کرێکاران لە ئێران خاوەنی ڕێکخراوەی خۆیان نین. ئەنجومەنی سینفی» و «شوڕای ئیسلامیی کار» دوو رێکخراون کە دەوڵەت خۆی دروستی کردوون و هەر ئەوانەش بەڕەسمی دەناسێ. لە بەرامبەریشدا هیچ کرێکارێکیش ئەم ڕێکخراوانە بە ئی خۆی نازانێ؛ چونکی نەک هیچ کام لەوان پێوشوێنی مافی کرێکار ناکەون و بەرژەوەندیی توێژی کرێکاریان بۆ گرینگ نییە، بگرە هەر بۆخۆیان لە جێدا کۆسپن لەبەردەم دروستبوونی ڕێکخراوە و دامەزراوەی سەربەخۆی کرێکاراندا و؛ وەک قۆڵێکی دەسەڵات و حاکمییەت خۆیان بەسەر ئەم کۆمەڵگەیەدا فەڕز کردوە. ئەگینا چۆن دەبێ مل بۆ دیاریکردنی مووچەی مانگانەی یەک میلیون و 200 هەزار تمەنی بۆ کرێکاران ڕابکێشن، لە کاتێکدا هێڵی هەژاری لە گەشبینانەترین حاڵەتی خۆیدا کەمتر لە 2 میلیون و 700 هەزار تمەن نییە! ئەو بارودۆخەش وایکردوە کە بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان کرێکاران سەتا 70ی توانای کڕینەکانیان لە دەست بدەن و هەموو مووچەی مانگانەی کرێکارێک بەشی بەڕێچوونی حەوتوویەکیان نەکا.

دیاردەی کاری منداڵان، هەڵاواردنی ژنان لە دامەزراندن و بێبەشکردنیان لە پێدانی مووچەی وەک یەک بۆ کاری وەک یەک لەگەڵ پیاوان و دەیان حاڵەتی دیکەی دژ بە ماف و بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی کرێکاری لایەنەکانی دیکەی ئەو باس و بارودخەن کە لەلایەن ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە پەرەیان پێدەدرێ.

لە کوردستان بارودۆخەکە جیاوازتر، مەینەتییەکە زیاتر و زیان و خەسارەکانی بۆ کۆمەڵگە پترن. کوردستان لە چوار دەیەی ڕابردووی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بەهۆی سیاسەتی بەخۆیی نەزانین لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەی و لە سۆنگەی ڕوانگەی ئەمنیەتییەوە بەردوام لە ڕەوتی گەشە و پیشەسازی دواخراوە، ئەوەش وایکردوە کە بۆ نموونە پارێزگای کرماشان لە ڕووی بێکارییەوە یەکەم پارێزگا بێ لە ئاستی ئێراندا. لە پارێزگاکانی ئیلام و ورمێ و سنەش ئەگەر نرخی بێکاری زیاتر لە سەتا 50 نەبێ کەمتر نییە، وە ئەمە نەک ئیدیعایەکی ڕووت؛ بەڵکوو قسە و ڕەخنەی نوێنەرانی کوردە لە مەجلیس و کاربەدەستانی دیکەی حوکمەت لە کوردستان.

ئەم بارودۆخە لە کوردستان بە درێژایی ساڵانی رابردوودا بۆتە هۆی دروستبوونی زۆر جۆر کار و پیشەی ساختە و «کاذب» کە «کۆڵبەری» یەک لەوانە. کۆڵبەری کە بەرهەمی پەراوێزخستن، پەرەنەسەندن و پاشکۆبینینی کوردستانە و ئێستا زۆر کەس وەک «کار» پەنای بۆ دەبەن، تێچووی زۆری لەسەر دەستی کۆمەڵگەی کوردی داناوە. ئەگەر لە ساڵی ڕابردوودا لە ئێران 851 کرێکار بەهۆی نەبوونی ستانداردی خۆپاراستن گیانیان لە دەست داوە، لە کوردستان 242 کۆڵبەر لە پێناو پارووە نانێکدا بە ئانقەست دراونەتە بەر دەستڕێژ وکوژران و بریندار بوون. ئەو کارەساتە لە حاڵێکدایە کە لە بەشەکانی دیکەی ئێران سنووری بوون پوانێکی گرینگە و کردنەوەی بازاڕە سنوورییەکان دەرفەتی کار و بووژانەوەی بۆ ئەو ناوچانە دروست کردوە، بەڵام پشکی خەڵکی کوردستان لە سنووری بوونی ناوچەی بۆنی باڕووت و خوێنە. ڕووکارێکی دیی بابەتەکە ئەوەیە کە کرێکار و چالاکی کرێکاریی کورد لە کوردستان لە ئەگەری هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک بە بارودۆخی ژیان‌ و ما‌ف ‌و چەندی و چۆنیی مووچه ‌و حه‌قده‌ستی پەروەندەی ئەمنیەتیی لەدژی دروست دەکرێ و بەرەوڕووی سزای قورس دەبێتەوە.

پوختەی مەبەست ئەوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دۆزەخێکی بۆ خەڵکی ئێران خوڵقاندوە، ئەوەی لەو دۆزخستانە پتر هەڵدەپڕووزێ توێژی کرێکارە و لە نێو ئەوانیشدا پتر کرێکاری کورد.