Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۱ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 22/05/2019 | کاتژمێر:
ئەندیشە

ساڵی فیتنە یان ڕوونبوونەوەی چارەنووسی خەڵکی ئێران؟

06/05/2019 | 15:57:00
+A
-A
سامڕەند عەتری

ماوەیەکە دەزگای پڕۆپاگەندای ڕێژیمی خامنەیی باسی سەرهەڵدانەوەی «فیتنەی ساڵی ١٣٨٨» دەکا و تەنانەت بەئاشکرا دەستەوشەی «فیتنەی ١٣٩٨» بەکار دێنێ. مەبەستیشیان لە هێنانەگۆڕێی ئەو باسە ئەوەیە کە لە بەرەگەی ڕووخانی ئابووریی ئێراندا لە سۆنگەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکاوە، هەرچەشنە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەبڕینێکی خەڵک بە «ناڕەوا» و بەرنامەی دژمن بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامی لەقەڵەم بدەن و دەستی خۆیان بۆ سەرکوت و قەڵتوبڕی خەڵک ئاواڵە بکەن. چونکە هاوتەریب لەگەڵ دەزگای پڕۆپاگەندای ڕێژیم دامودەزگا ئەمنییەتی و سەربازییە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش فەرمانی ئامادەباش و ژێستی جەنگییان پێ دراوە و، بە قسەی خۆیان ڕۆژانێکی هەستیاریان لەبەردەم دایە.

ترسی ڕێژیم پێش هەموو شتێک لەوەیە کە فەرمانڕەواییی ویلایەتی ڕەهای فەقێهـ بەلای زۆرینەی ڕەهای خەڵکەوە هیچ بایەخێکی نەماوە، لەوەش گرینگتر، ئەو هیلالی شیعەیەی کە بە خەرجکردنی سامانی خەڵکی ئێران دەیانویست پێکی بێنن، بە لاوازبوونی ژێرخانی ئابووریی ڕێژیم بەتەواوی گەیشتووەتە بنبەست.

هۆکاری هەرە دیاری ئەو دۆخەی ئێستا ڕێژیمی خامنەیی تێی کەوتووە، دوو هەڵەی ئەو ڕێژیمەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا و لە بواری سیاسەتی دەرەکیدا تووشی بوو. یەکەمیان هەڵەیەکی ستراتیژی بوو، کە بە پاڵپشتیی نهێنیی دەوڵەتی بریتانیا و چەندین کۆمپانیای گەورەی بریتانیایی کە خۆیان لە جێبەجێکردنی ئەو گەڵاڵە ستراتیژییە پڕداهاتە خۆش کردبوو، ڕێژیمی خامنەیی دەیویست بە پێکهێنانی هیلالی شیعە، لە ئێرانەوە تاکوو سەر دەریای نێوەڕاست بخاتە بندەستی خۆیەوە و لەو ڕێگایەوە بازاڕی وزەی ئورووپا بۆ خۆی قۆرغ بکا، بەبێ ئەوەی هیچ حیسابێک بۆ ڕووسیە و ئەمریکا بکا. واتە بە هیلالی شیعەدا بۆڕیی هەناردەکردنی نەوت و گاز بگەیەنێتە سەر دەریای نێوەڕاست. هۆکاری تووشبوونی ڕێژیمی خامنەیی بەم هەڵە ستراتیژییە، هەڵەی دووەم، واتە هەڵەیەکی تاکتیکی بوو کە لە دانوستانە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ دەوڵەتی ئۆبامادا تووشی بوو. لەو دانوستانە ئەتۆمییەدا کە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی ٥+١ی لێ کەوتەوە، ڕێژیمی خامنەیی قبووڵی کرد کە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە وڵاتانی بیانی بکڕێ، ئەوەیشی قبووڵ کرد کە ڕێیاکتۆری بنکەی ئەتۆمیی ئەراک بە چیمەنتۆ پڕ بکاتەوە. ڕێژیمی خامنەیی ئەم نەرمینواندنە پاڵەوانانەیەی بۆ ئەوە بوو دنیا چاوپۆشی لە پێشڕەوییەکانی بۆ پێکهێنانی هیلالی شیعە، یان ڕاکێشانی بۆڕیی هەناردەکردنی وزە بۆ دەریای نێوەڕاست و ئەوروپا بکا. بەڵام کە دەوڵەتی تڕامپ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی هەڵوەشاندەوە و گەمارۆ قورسەکانی بەئاسانی خستەوە سەر ئابووریی ئێران، ئیدی هیچیش بەدەست خامنەیی و ڕێژیمەکەیەوە نەما کە جارێکی دیکە لە دانوستاندا بیکەنە کارتی فشار و ئیمتیازی پێ لە ئەمریکا وەربگرن. بۆیە ئێستا سەرباری ئەوەی کە دەزانن لە سەرەمەرگ دان، کەچی ناوێرن جارێکی دیکە بچنەوە سەر مێزی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا و، دەشزانن نەچوونەوە سەر مێزی وتووێژ، لە سەرێکەوە ئابووریی ئێران وەها وێران دەکا کە ئیتر خەڵکی هەژار و برسیی وڵات پێیان تەحەممول ناکرێ و حەتمەن لەدژی ڕێژیم ڕادەپەڕن، لە سەرێکی دیکەشەوە تووشی شەڕ لەگەڵ وڵاتێکی زلهێزی وەکو ئەمریکایان دەکا.

ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران ئێستا هەر ئەوەیان بەدەستەوە ماوە کە لە ڕێی دەزگای پڕۆپاگەندای خۆیانەوە ڕاپەڕینی چاوەڕوانکراوی خەڵک بە «فیتنە» دابنێن و ڕێ بۆ سەرکوتی خەڵک خۆش بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هێزە چەکدارەکانیان خستووەتە باری ئامادەباشییەوە و، پاساویشیان بۆ ئەو ئامادەباشییە سەربازییە، ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئەمریکایە. بەڵام لەڕاستیدا یەکەم ئامانجی ئەو ئامادەباشییە بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینی خەڵکە، چونکە دەزانن جەنگ لەگەڵ ئەمریکا، لانیکەم لە سەرەتاوە بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی نابێ و ئەمریکا لە ڕێی چەکە زۆر پێشکەوتووەکانییەوە لە دوورەوە دامودەزگاکانی ڕێژیم دەکوتێ.

بەڵگەی ئەم قسەیەش ئەوەیە کە ڕۆژی ١١ی بانەمەڕ (گوڵان) کە لە دنیادا بە ڕۆژی کرێکار ناسراوە، ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران بەتوندی لە لایەن ڕێژیمەوە سەرکوت کرا و دەیان کرێکاریش دەستگیر و زیندانی کران. هەر لە هەمان ڕۆژیشدا حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سپای تیرۆریستی پاسداران و، حسێن ئەشتەری، فەرماندەی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم پێکەوە کۆ بوونەتەوە. کۆبوونەوەی ئەو دوو فەرماندە تیرۆریست و سەرکوتکەرەی ڕێژیم لە ڕۆژی خۆپێشاندانی ناڕەزایەتیی کرێکاراندا نیشانەی ئەوەیە کە دەیانەوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ئەو دوو دەزگا سەرکوتکەرەی ڕێژیم پێکەوە هەماهەنگ بن.