Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۸ | 19/08/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

هۆکارەکانی بەرفراوانیی ژینگە و پانتایی سروودی ئەی ڕەقیب

06/05/2019 | 15:02:38
+A
-A
قادر وریا

بەستێنی بوونی «ئەی ڕەقیب» بە مارشی نەتەوەیی

لە کۆماری کوردستانەوە تا ئێستا (٤-٣)

(هۆکارەکانی بەرفراوانیی ژینگە و پانتایی سروودی ئەی ڕەقیب)

ڕابردوو و پێشینەیەک کە سروودی نەتەوایەتیی «ئەی ڕەقیب» هەیەتی، یارمەتییەکی زۆری بە خۆشەویستی و وەرگیرانی لە لایەن ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە تایبەتی باشوور و ڕۆژهەڵات کردووە. «ئەی ڕەقیب» مارشی نەتەوەیی فەرمیی یەکەم دەوڵەتی مودێڕنی کوردی بوو.» پاش ئەوەی کۆماری کوردستان ئەم سروودە نەتەوەییەی کرد بە سروودی کۆمار، زۆربەی هەرە زۆری نەتەوەی کورد، ئەم سروودە بە سروودی نەتەوەییی خۆی دەزانێ و بۆ ڕێزگرتنی لە کۆبوونەوەکاندا، پێش دەستپێکردنی دەگوترێ و، بەشدارانی کۆبوونەوەکە، ئەوانە نەبێ کە پێیان شکاوە، لەبەری هەڵدەستن و بە بێدەنگی دەمێننەوە تا تەواو دەبێ، کە تەواو بوو چەپڵە لێدەدەن بۆی.» (جەماڵ نەبەز،٢٠١٦)

بەو هۆیەوە کە کۆماری کوردستان ڕووگە و قیبلەی ئاواتە نەتەوەییەکانی کورد لە پارچەکانی دیکەش بوو، هەر ڕەمزێک و نیشانەیەکی نەتەوەیی پەسەند کردبا، تاکی کورد لە بەشەکانی دیکە بە ڕەمز و نیشانەی خۆشیان دەزانی. هەروا کە ئاڵای هەڵدراو لە کۆماری کوردستان، لە بەشەکانی دیکە بە چاوی ڕێزەوە سەیری دەکرا و  بە پیرۆز دەزانرا، «ئەی ڕەقیب»یش بە هەمان شێوە، ئەوەی دەیبیست و دەیزانی کە ئەم سروودە مارشی کۆماری کوردستان بووە، بە هی خۆی دەزانی. ئەگەر چی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و زاڵبوونەوەی دەسەڵاتی ڕەشی دیکتاتۆریی حەمەڕەزاشا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا ساڵانێکی زۆر دەرفەت بۆ خوێندن و پێشکەشکردنی ئەو سروودە نەما، بەڵام لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوەی تێکۆشەرانی کورد (لە بەندیخانە بووبێ یا لە دوورە وڵاتی) «ئەی ڕەقیب» کە ئێستا ئیدی نۆستالژیای سەردەمی کۆماری کوردستانیشی تێکەڵ ببوو، بە هەمان ڕێز و خۆشەویستی مایەوە.

لە ساڵانی دوای نەمانی کۆماری کوردستان تەنیا ڕادیۆیەک کە سروودی ئەی ڕەقیبی بڵاو دەکردەوە، ڕادیۆی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بوو.» پاش ئەوەی پارلمانی ئێران مافی گەڕانی بە دوای نەوتدا لە باکووری ئێران بە سۆڤییەت نەدا، ئەوجا ستالین هەستی بە هەڵخەڵەتاویی خۆی کرد. بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ڕێژیمی ئێران، پرۆگرامێکی ڕادیۆیی نهێنی بۆ ئازەرییە ڕاکردووەکان دامەزراند. ئەم ڕادیۆیە بەناوی «وێستگەی ڕادیۆی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان»ـەوە؛ ڕۆژانە بە سێ زمان گوتارەکانی خۆی بڵاو دەکردەوە. لە پێشەوە بە فارسی، ئەوجا بە ترکیی ئازەری، پاشان بە کوردی، ماوەی هەر یەکێک لەم زمانانە نیو سەعات بوو. کورت و کرمانجی، باسەکانی هەموو پڕوپاگەندە بوون بۆ ڕێژیمی سۆڤییەت و ستالین و دژ بە حکوومەتی ئێران. بەشە کوردییەکەی بە سروودی «ئەی ڕەقیب» دەستی پێدەکرد.» (جەماڵ نەبەز، ٢٠١٦)

سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان بووبێ، ژیانەوە وهەستانەوەی ئەی ڕەقیب وەک مارشی نەتەوەییشی لەگەڵدا بووە.» دوو ساڵ دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، «ئیزگەی دەنگی کوردستانی عێراق» لە ٢٨/٩/١٩٦٣ دەست بە کار بوو.» (سالار عوسمان، ٢٠١٣)

هەر لە جێدا بوونی هەر ڕادیۆیەکی کوردیی سەر بە بزووتنەوەی نەتەوەی کورد، دەرفەت بووە بۆ بڵاوبوونەوە و ژیانەوەی سروودی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی. چونکە سروشتی بزووتنەوەکە و ئەرکی ڕادیۆیەکە وای خواستوە سروودی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی بڵاو بکاتەوە و لەم ڕێگایەوە هێزی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کورد لە سەنگەرە جۆراوجۆرەکاندا بۆ خۆڕاگری و بەربەرەکانی هان بدا. دوای شکستی ١٩٧٥ی شۆڕشی کورد و دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ لە باشووری کوردستان، هەم یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و هەم پارتی دێموکراتی کوردستان، ئیزگەی ڕادیۆییان دامەزراند. دەنگی گەلی کوردستان کە ڕادیۆی یەکیەتیی نیشتمانی بوو لە ٢١/٣/١٩٧٩ کەوتە کار (جووتیار قادر کەریم،٢٠١٧). ئەگەرچی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، سروودی تایبەت بە خۆی هەبوو کە «مەشخەڵان» بوو، هەروەها لەگەڵ ئەوەی پارتی دێموکراتی کوردستانیش سروودی حیزبیی تایبەت بە خۆی هەبووە، بەڵام «ئەی ڕەقیب» یەک لەو سروودانە بووە لەم ڕادیۆیانە بڵاو بوونەوە.

ساڵی ١٩٧٩ شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و کۆتایی بە تەمەنی ڕێژیمی شایەتی لە ئێران هێنا. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتی بۆ ڕەخسا کە هەناسەیەک بە ئازادی هەڵ بکێشێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکە لەو بەشەی کوردستان چالاک بوونەوە و بنکە و بارەگایان لە شارەکان کردەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک هەڵگر و درێژەدەری ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، سروودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب»ی هێنایەوە نێو ژیان و تێکۆشانی ڕۆژانەی خۆی. جگە لەوەی کۆبوونەوە و کۆنفڕانس و کۆنگرەکانی حیزب بە سروودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب «دەکرانەوە، لەو متتینگانەش کە بە بەشداریی خەڵک پێک دەهاتن، هەروەها لە جێژن و بۆنە نەتەوەیی و حیزبییەکاندا، خوێندنەوەی سروودی «ئەی ڕەقیب» بوو بە نەریت. چالاک بوونەوەی ڕێکخراوە سینفییەکانی وەک یەکیەتیی لاوان و یەکیەتیی ژنانی دێموکرات و کۆبوونەوەی توێژەکانی لاوان و ژنان لە دەوریان و، دەستپێکردنی کۆبوونەوە و بەرنامەکانیان بە سروودی «ئەی ڕەقیب» ڕێزی ئەم سروودەی لە نێو توێژەکانی خەڵکدا بەرەوژوور برد و پەیامی نەتەوەیی و بەرگریخوازانەکەی زیاتر لە پێشوو بردە نێو خەڵک.

لەم قۆناغە لە ژیانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەند هۆکار وایان کرد نەک هەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو کورد بە گشتی لە ئێران زیاتر لەگەڵ ئەم سروودە نەتەوەییە و مێژوو و هێما و دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ئاشنا بن. بۆ ماوەی چەند ساڵێک نەک هەر هەزاران گوند بەڵکوو چەندین شار و شارۆچکەش لە سێ پارێزگای ورمێ، سنە و کرماشان لە کۆنتڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی دیکە‌دا بوون و ببوون بە ناوەندی چالاکیی جۆراوجۆری ئەوان. ئەگەر لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، چەقی بزووتنەوەکە و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بە زۆری ناوچەی موکریان بوو، ئەمجارە تێکۆشانی ئەم حیزبە نەتەوەییە بۆ پارێزگەکانی سنە، کرماشان و ئیلامیش پەلی هاویشت و لە پارێزگەی ورمێش بۆ لای سەڵماس و خۆی و ماکۆ هەڵکشا.

لە ساڵەکانی ١٩٨٠-١٩٨٢ قوتابخانەکانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان لە لایەن حکوومەتی نوێی ئێرانەوە داخرابوون. حیزبی دێموکراتی کوردستان، «کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەریی کوردستان»ی پێک هێنا، خولی تایبەتی بۆ مامۆستایان کردەوە، کتێبی خوێندنی بە زمانی کوردی چاپ کرد ولە قوتابخانەکانی ناوچە ئازادەکان خوێندنی بە زمانی کوردی وەڕێ خست. هەموو بەیانانیش قوتابیان بەر لەوەی بچنە نێو پۆلەکان، بە تێکڕایی سروودی ئەی ڕەقیبیان دەخوێندەوە.

هاوکات لە جۆزەردانی ١٣٥٩ (ژوئەنی ١٩٨٠وە)، «ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران» کە ڕادیۆی حیزبی دێموکرات بوو، دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی. ئەم ڕادیۆیە کە بە دوو زمانی کوردی و فارسی و بۆ ماوەیەک بە زمانی تورکیی ئازەرییش بەرنامەی ئامادە دەکرد، دوو جار لە شەو و ڕۆژدا بەرنامەکانی بڵاو دەکردەوە، هەموو جارێش بەرنامەکانی بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەست پێدەکرد. (عەبدوڵلا حەسەنزادە، ٢٠٠٢، ٢٠٣) هەم لە ڕێگای ڕادیۆوە، هەم بە هۆی خوێندن و قوتابخانەوە، هەروەها بە هۆی متینگی سیاسی و ئەو بەرنامە هونەرییانەی  بۆ خەڵک و بە بەشداریی خەڵک پێک دەهاتن، سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب بە گوێی خەڵک و بیری خەڵک ئاشنا بوو.

ڕووداوەکانی دەیەی ٩٠ی زایینی و بە تایبەتی ڕاپەڕین و پێکهاتنی پارلمان و حکوومەتی کوردستان، دروستبوونی ستاتوویەکی سیاسیی دانپێدانراو بۆ کورد لە باشووری کوردستانیان لێ کەوتەوە. بە فەرمی ناسرانی «ئاڵای کوردستان» و سروودی «ئەی ڕەقیب « وەک مارشی نیشتمانی لە لایەن پارلمان و حکوومەتی هەرێمەوە، و کار پێکردنیان لە چالاکیی ڕۆژانە و بایەخ پێدانیان لە ڕاگەیەنەکان بە تایبەتی کاناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان، سنووری ڕێز و خۆشەویستی و بەڕەسمی ناسینی ئەم ئاڵا و سروودەیان گەورە کردەوە. بە جۆرێک کە هێزە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، کورد لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان ئەم دوانەیان کردە هێمای نەتەوەیی و هاوبەشی خۆیان. ئەم دوو هێمایە بە شێوەی جۆراوجۆر لە ژیانی ڕۆژانەی کورد لە شوێنە جۆراوجۆرەکاندا بە تۆخی دەبینرێن. ئەوەش کە ئاخێوەرەکانی دیالێکتە جیاوازەکانی کورد سروودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب»یان بۆ سەر دیالێکتی خۆیان گۆڕیوە، جۆرێکە لە هۆگری بەم سروودە و وتنەوەی بە دیالێکتیک کە باشتر لە نێوەرۆکەکەی بگەن.