Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۲۷ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۸ | 19/10/2019 | کاتژمێر:
ژنان

بزوتنەوەی ژنانی کوردستان دەسکەوت و ئاستەنگەکان

06/05/2019 | 14:59:59
+A
-A
حەلیمە ڕەسووڵی

ئێمەی کورد لە دەگمەن نەتەوەکانی سەر زەویین کە خواکەمان ژن بووە. میترا دایکی خواکان و سەمبولی زاوزێ و ئاوەدانی، کۆنترین خوای ئێمەی کورد بووە. پرسیار ئەوەیە کە ژنی کورد وەک نیوەی کۆمەڵ و خۆڵقێنەری کولتوور و بەرهەمهێنەرەوەی جیلی نوێ، بە درێژایی مێژوو لە چ هەوراز و نشێویک بە کۆمەڵگەی کوردیدا تێ پەڕیوە کە لە ئاستی خواوەندیەوە بۆ هەڵواسین بەهۆی نامووسپەرەستی دابڕمێ؟ لەم کورتە نووسینەدا ئاوڕێکی کورت لە مێژووی بزوتنەوەی ژنانی کورد دەدەینەوە و بەپێ توانا تیشک دەخەینە سەر ئاستەنگەکان و دەسکەوتەکانی بزوتنەوەی ژنانی کوردستان.

کوردستان لە پاش ڕوووخانی ئیمپراتوریی مادەوە خاوەن کیانیکی سەربەخۆ نەبووە، بەڵام هیچ کاتیش بە تەواوەتی لەژێر ڕکێفی داگیرکەر نەبووە، لە سەرتاسەری کوردستان حکومەتگەڵی خۆجێی لەسەر کار بوون کە بە پێچەوانەی نەتەوەکانی درواسێ، شوێنپێ ژنان هەمیشە لە دەسەڵاتداری و سیاسەتدا دیار بووە. تەنانەت لە هێندێک شوێنیش دەبینین ژنان جڵەوی حۆکمرانیشیان گرتۆتە دەست کە حوکمرانیی گەورە شاری حەڵب لە لایەن «زیغە خاتوون» و حوکمرانیی شاری ڕەوانسەر لە لایەن «حەمیدە خانی ئەردەڵان» جێ ئاماژەن. رۆستەم عەلی خانی لە کتێبی «زنان نامدار کوردستان»دا  ئاماژە بە ناو و ژیاننامەی ٢٩٢ ژنی ناوداری کوردستان دەکا کە ڕۆڵیکی بەرچاویان بووە لە سیاسەت و فەرهەنگ و زانستدا و، لە جیهانی هاوچەرخدا و بە هاتنی مۆدرنیتەش، ژنانی کورد لە قافڵەی دنیای نوێ بەجێ نەماون.

یەکەمین رێکخراوی ژنان لە ساڵی ١٩١٩ لە لایەن کۆمەڵەی کوردانی تەبعیدی لە ئیستانبول دامەزرا و پاش ئەوە لە ساڵی ١٩٢٠ لە سەردەمی حکومەتی خودمۆختاری شێخ مەحموود لە باشووری کوردستان، حەفسەخانم ڕێکخراوی ژنانی بونیات نا. لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦دا، پاش دامەزرانی کۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستان خوازیاری بەشداریی زۆرتری ژنان لە پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەدا بوو و یەکەم ڕێکخراوی فەرمیی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی کومار و لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا کە «یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان» بوو. دیارە ئەگەرچی ئازادیی ژنان و مافی بەرابەر لەگەڵ پیاوان لە ئامانجەکانی کۆمار بوو، بەڵام لە ڕاستیدا سیاسەت وەرزی کلیشەیەکی پیاوانە بوو و ژنان تەنیا بۆ خزمەت بە ئامانجە نەتەوایەتییەکان هان دەدران لە ماڵ بێنە دەرەوە، هەروەها یەکیەتیی ژنانی کوردستان بەرهەمی بزووتنەوەی ژنان نەبوو، بۆیە من دەتوانم بڵێم کە چ لە سەردەمی حەفسەخانم و چ لە سەردەمی کۆماردا، بزوتنەوەی ژنان بە جۆرێک لە دڵی بزوتنەوەی نەتەوەییدا لە دایک بوو. پاش ئەوەیە کە دیسکۆرسی فیمینیزم و فیمینیزمی کوردی بەرە بەرە پێ دەنێتە نێو هاوکێشە کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسییەکانی کوردستان. پەرەگرتنی شارنشینی، پەیدابوونی چینی مام ناوەندیی شاریی و چینی کرێکار، هەڵکشانی ڕادەی ژنانی خوێندەوار، دیاسپوڕا و ئاشنابون لەگەڵ بزوتنەوەی ژنان لە وڵاتانی ئورووپایی و دراوسێی کوردستان ڕێگە خۆشکەر بوون بۆ گەشەی بیری فیمنیستی لە کوردستانیش.

هاوکات لەگەڵ گەشەی بیری فیمنیستی لە کۆمەڵگەی کوردستان، بیری ناسیونالیستی و چەپ لە کوردستان لە بەرابەریدا کەوتنە هەڵوێست گرتن. خۆ ئەگەرچی ڕێکخراوەکانی ژنان لە دڵی بزوتنەوەی نەتەوەییدا لە دایک بوون، بەڵام بە گەشەسەندنی بزوتنەوەی فیمنیستی، بەشێک لە بەرەی بزوتنەوەی نەتەوەیی لەسەر ئەم باوەڕەدا بوون و هەن کە لە پرۆسەی ڕزگاری نەتەوەییدا دەبێ هەموو هێزی کۆمەڵگە تەرخان بکرێ بۆ سەرکەوتنی بزوتنەوەی نەتەوەیی و پاش ڕزگاریی نەتەوەیی ژنان دەتوانن لە هەمووی پۆتانسیلی خۆیان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان کەڵک وەر بگرن. بەرەی چەپی ڕادیکاڵیش هەر بە بیانووی ئەوەی کە دەبێ هەموو ‌هێزی کۆمەڵگە لە ئیختیاری بزووتنەوەی چینایەتیدا بێت، دەکەونە خانەی دژایەتیکردنی بزوتنەوەی ژنان و تەنانەت چالاکانی فیمنیستی بە ستونی پێنجم و جاسوسی ئیمپریالیسم ناو دەبەن. ئەمە بەس دەردی ژنانی کوردستان نییە، لە سەدەی هاوچەرخدا زۆر جار دەبینین کە لە وڵاتانی جۆراوجۆر بزوتنەوەی ژنان بووەتە قوربانیی بزوتنەوەی نەتەوایەتی یان چەپ، نموونەی هەرە بەرچاوی ڕەنگە شۆڕشی نەتەوایەتی لە هیندوستان بە ڕێبەری گاندی بوو. لە بزوتنەوەی ساتیاگراها (بزووتنەوەی نا بۆ توندوتیژی)دا ژنان ڕۆڵی بنەڕەتییان هەبوو، بەڵام پاش سەرکەوتنی شۆرش ژنان گەڕانەوە سەر ڕۆڵی سوننەتیی خۆیان لە چوارچێوەی بنەماڵەدا و لە بەشیکی زۆر لە مافەکانیان ئێستاشی لەگەڵدا بێ، بێبەشن.

پاش هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران، سەرەڕای ئەوەی ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە سەرکەوتنی شۆرشی گەڵانی ئێراندا، بەڵام ماف و ئازادییەکانیان زیاتر لە ڕابردوو لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە پێشل کرا. ڕەنگدانەوەی شەریعەتی ئیسلامی لە یاسا و ڕێساکانی کۆماری ئیسلامیدا، بەربەستیکی گەورەیە لەبەردەم ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەر خۆی لە هەندێ پرسی میرات، شایەتیدان، خوێنبایی، تەڵاق، وەخۆگرتنی منداڵاندا نابینێتەوە؛ بگرە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی ئەوانی گرتۆتەوە. بەڵام بەو حاڵە بزووتنەوەی ژنان کۆڵی نەداوە و بەجێ نەماوە. لە ئێستادا ژنان بەشێکی گرینگ لە کۆمەڵگەی مەدەنیی ئیران و کوردستان پێک دێنن. لانیکەم لە دوو دەیەی ڕابردوودا ژنان توانیویانە سەدان کۆڕ و کۆمەڵەی مەدەنی و رێکخراوەی ناحکومی لە ئێراندا پێک بێنن و لە بواری میدیا و ڕاگەیاندندا و لە پێناو ڕۆشنگەریدا چالاک و لە مەیداندا بن.

وە دور لە ڕاستیش نییە ئەگەر ئیدعا بکەین ژنان لە کوردستان لە حەوزەی پراکتیکدا زۆر چالاکتر بوون لە ژنانی ناوەندنشین لە ئێراندا. کاتیک کە خامنەیی فەتوای حەرام بوونی دوچەرخەسواریی ژنانی دەر کرد، سەدان ژنی کورد لە مەریوان و سنە بە دوچەرخەوە هاتنە دەرەوە تا بیسەلمێنن کە ملکەچی زۆڵم و زۆرداری نابن، لە مانگرتنە گشتییەکان و بۆنە ئیعترازییەکاندا ژنانی کورد لە ڕیزی پێشەوی خەباتی جەماوەریی کوردستانن. وە وەک پێشتریش ئاماژەی پێکرا یەکەم رێکخراوەکانی ژنان لە دڵی بزوتنەی نەتەوەییدا گووران و لەو بەستێنەدا ژنانی چالاک لە حیزبە سیاسییەکانی کورددا ڕچەشکێن بوون لە بزاوتی ژناندا و بە جۆرێک هەستی خۆباوەری و ورەیان بەخشیوە بە ژنانی کۆمەڵگە. ئەو خۆباوەریە کاتیک گەیشتە لووتکە کە بینیمان ژنانی قارەمانی کورد لە ڕۆژئاوای وڵات بە چ شەهامەتێکەوە بەرەوڕووی داعش بوونەوە و بە چۆکیاندا هێنا. بە دڵنیاییەوە داستانی قارەمانەتیی ژنان کوردی ڕۆژئاوا وەکوو چیرۆکی لەیلا قاسم و هەڤال بریتان و قەدەم خەیر، نەوە لە دوای نەوە بە گوێی منداڵانی وڵاتەکەماندا دەخوێندرێنەوە و دەبێتە ورەبەخشی ژنان. ژنانی پێشمەرگە لە لایەکەوە شان بە شانی پیاوان بەشدارن لە خەباتی نەتەوەیی لە لایەکی دیکەشەوە، لە بیریان نەچۆتەوە کە لە بەرانبەری ژنانی کۆمەڵگەش بەرپرسیارن بۆ بەدواداچوونی داخوازییەکانیان.

دوا قسە ئەوەی کە سەرەڕای حزووری بەرچاوی ژنان لە حیزبە سیاسییەکاندا، بەداخەوە ئێستاشی لەگەڵ بێت سیاسەت و سیاسەت‌وەرزی کڵێشەیەکی پیاوانەیە، ژنان هێشتاش نەیانتوانیوە یان نەکراوە لە ناوەندی بڕیاردانی حیزبەکاندا سەنگ و قورسایی خۆیان هەبێ، بۆیە ئەم ڕەهەندە لە خەباتی ژنان دەبێ پێداگریی زۆرتری لەسەر بکرێ.