Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۸ | 19/08/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

دەربازبوون لە سەردەمی ڕێفۆرمخوازیی حکومەتی

06/05/2019 | 14:39:25
+A
-A
شاڕۆخ حەسەنزادە

مێژووی ڕەوتی چاکسازی «Reformism» بەدوای ڕاو و بۆچوونی بیرۆکەی «ئێدوارد برنشتاین»ی سۆسیال دێموکرات لە ئاڵمان هاتە سەر زاران. پێناسە برنشتاین بۆ چاکسازی ڕوانینێکی ئابووری سۆسیالیستی بووە، بەو جۆرە کە باوەڕمەندبوون بەئیمکانی گۆڕانی کارکردی سیاسی و ئابووری بنچینەیی کۆمەڵگەیەک بە شێوازی گۆڕانی هێدی لە ناخی نەهادە مەوجوودەکان پێناسە دەکرێ. «گەشەی بەرەبەرەی کۆمەڵگە، چارەسەری هەموو کێشەکانە.» ئەو، بیرۆکەی «گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی» لە دژایەتی دەگەڵ «سۆسیالیزمی ڕابوون (انقلابی)» کە پێی وایە «جۆرێک شۆرش بۆ گۆڕینی کارکردی بنچینەیی پێویستە»، دامەزراند. چاکسازیخوازی ئەم فەرزەیە کە؛ کەڵەکەبوون و بەردەوامیی ئیسلاحات دەتوانێ ببێتە دامەزراندنی جۆرە نیزامێکی ئابووری کۆمەڵایەتیی جیاواز لەو فۆرمانەی ئەمڕۆیی وەک سەرمایەداری و دێموکراسی. لە بەرامبەردا چاکسازیی پراگماتیک هەوڵدانێکە بۆ پاراستنی ڕەوشی مەوجوود لە بەرامبەر ئەو ئاڵوگۆرە کارکردی و بنچینەییانە.

کەوابوو دەبێ بڵێین چاکسازی قوتابخانەیەکە، ڕێبازێکە کە لەودا نەهادەکانی کۆمەڵگە لە ساختاری ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بەدوای گۆڕانی هێدی و لەسەرەخۆن کە ئەمە دژکردەوەیەک بوو بە نیسبەت سۆسیالیزمی ڕابوون. کارێڵ پووپێریش وەک یەکێک لەو بیرمەندانەی بەستێنی فەلسەفەی سیاسی بەوە ناسراوە کە بڕوای بە چاکسازی هەیە و مۆدێلی چاکسازی ناوبراویش هەنگاو بە هەنگاو یا قوناخ بە قوناخە نەک ڕابوون یا شۆرشێکی کۆمەڵایەتی بۆ دربازبوون لە حکوماتێک و ڕووخاندنی یەکجارەکی دەستەڵاتەکان، بەڵام کە دەگاتە دەستەڵاتێکی دیکتاتۆر، لە کتێبی «کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی»دا دەڵێ: «ئەمجۆرەش نییە من هەمێشە و لە هەموو دۆخێکدا دژی شۆرش و ڕابوونێکی پڕ لە توندوتیژی بە دژی دەستەڵاتدارانی حاکم بم، منیش وەک هیندێ لە بیرمەندانی مەسیحی سەدەی نێوەراست و چاخی ڕێنسانس کە کوشتنی حاکمانی زاڵمیان بە ڕەوا دەزانی، لەسەر ئەو باوەرەم کە لە حکوماتێکی وەها دیکتاتۆر و زاڵمدا کە هیچ ڕێگە چارەیەک جگە لە ڕابوونێکی پڕ لە توندووتیژی نییە، دەبێ ئەو شۆرشە بە ڕەوا بزانرێ و خەڵک مافی خۆیەتی، بەڵام باوەرم بەوەشە کە ئامانجی سەرەکیی ئەو ڕابوونانە دەبێ دامەزراندنی دێمۆکراسی بێ…».

ڕەوتی چاکسازی و چاکسازیخوازی لە ئێرانی دوای قاجارەکان، بەتۆخی و بە مانای وشە بۆ سەردەمی دوکتور موسەدیق دەگەڕێتەوە، هەرچەندە دواتر بە شۆرشی سپی لەلایەن محمەدڕەزا شاوە هیندێک پێیان وایە ئەم ڕەوتە لەوپەری گەشەی خۆیدا بوو، بەڵام ئەم ڕەوتە لە سەردەمی ئاماژەی ئێمە لە دوای هەڵبژاردنی محەممەد خاتەمی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران هاتە ئاراوە (٢/٣/١٣٧٦). ناوبراو بە دامەزراندنی «جبهە مشارکت اسلامی» وەک یەکەم ڕەوتی سیاسیی دوای شۆرشی گەلانی ئێران؛ بووە مەزنترین حیزبیش و نیوە کابینەی حکوماتی خاتەمیشی کە بە دەوڵەتی ئیسلاحات ناوبانگی دەرکرد پێک هێنا. بەڵام بە پێی ئەو پێناسە گشتییانە کە لە چاکساز و چاکسازیخواز بە کورتی ئاماژەمان پێکرد، خاتەمی چ چاکسازییەکی بنچینەیی لە کۆمەڵگەدا و ئابوریی وڵاتی ئێران پێک هێنا؟ ئایا جگە لە هیندێک شلکردنی کولتووری و بەستێنێکی نیوە کراوە بۆ چالاکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ئاڵوگۆڕی لەکام ژێرخانی گرینگی کۆمەڵایەتیدا پێک هێنا؟ ئایا توانیی سامانی ئابووریی ئێران وەک ئەوەی خومەینیی سەرکردەی دەیگوت بداتە خەڵکی خۆی؟ یا درووشمی ئێران بۆ هەموو ئێرانیەکانی هەتا کوێی هەتەر کرد؟ چی بۆ ئەو گەلە چەوساوانە کرد کە بە درێژایی مێژووی ژێر نیسێی حکوماتە یەک بە دوای یەکەکاندا زوڵمیان لێ دەکرا؟ ئەمانە هەموو ئەو پرسیارانەن کە توێژێک لە کۆمەڵگەی ئێرانی بەتایبەتی کورد هەیبووە و کەمتر لە بەشێکی کۆمەڵگە فریوی ئەو درووشم و گوتارانەی خوارد؛ ئەگەرچی ناوبراو بە دەنگێکی دیرۆکی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت و بووە هۆی خوشحاڵی خەڵکی هیوادار بە چاکسازی بنەڕەتی. ئەو خەڵکەی لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ڕەفسەنجانیدا و دوای هەشت ساڵ شەڕی ماڵ وێرانکەر دەگەڵ ئێراق، هیچ هیوایەکیان بە دواڕۆژ نەمابوو. دوو دەورە بەس بوو بۆ ئاشکرابوونی پەتەیان و ساختە درۆ لە گوتار و درووشمەکانیان، هەر بۆیە خەڵک ڕووی کردە کەسێکی تر کە ئەمجارە ئەو بە درووشمی دانی «یارانە» هاتە مەیدان. هاتنی ئەحمەدینژاد ڕەوتی سەوزی دەگەڵ خۆی هێنا کە هیندێک پێیان وابوو ئەمە بادانەوەی خەڵکە بۆ لای چاکسازیخوازان، ئەگەرچی هەتا ڕادەیەک خەڵک جارێکی تر متمانەی بەو بەربژێرەی بەیتی ڕەهبەری دا کە لە ئاکام موهەندیسی هەڵبژاردنەکان خەڵکیان وا لێکرد لە نێوان «بەد و بەدتەر» کەسێک هەڵبژێرن کە شوڕای نیگابانی ئێران بە شێوەی گوزینشی دایدەنێ، کە ئەگە بە مەزاقی ڕێبەری نەکەوێ، هەڵبژاردنەکانی دەوری دەهەمی سەرۆک کۆماری لێ دەکەوێتەوە(١٣٨٨). کۆبوونەوەی ئەوە هەمووە گرفت و کێشە و کەڵەکە بوونی سەدان گرفتی خەڵک ناڕەزایەتیەکانی سەرماوەزی ١٣٩٦ی بەدوای خۆیدا هێنا کە ئەمجارە خەڵک بە تێکرا بزماریان لە تابووتی چاکسازی و چاکسازیخوازان دا و بە گوتنەوەی درووشمی «ئیسلاح تەڵەب، ئوسوڵگەرا؛ ئیتر تەواوە ماجرا» کۆتاییان بە ڕەوتی چاکسازی هێنا و هیچ هیوایەک بۆ خەڵک نەماویتەوە جگە لە گۆڕانکاری بنەڕەتی و گۆڕینی سیستمی سیاسیی هەنووکە لە ئێران. ئەمجارە هەڵوەرینی کەسایەتییەکانی نێو ئەم ڕەوتەشی لێ کەوتەوە و تەنانەت ئێستا بە هێرشکردنە سەر دەوڵەتی ڕووحانی خۆیان بێبەری دەکەن و چاک دەزانن ئیتر خەڵک بەقسەیان ناکەن و چیتر ناچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. لەوحاڵەدا چاکسازیخوازان خۆیان لە کردەوەکانی دەوڵەتی ڕووحانی بێبەری دەکەن و خۆیان لە کەموکوریەکانی کە بەشێکی پشکی ئەوان بووە لە بەشداریکردن لە کابینەی دەوڵەت و پشتیوانی کردن لە کەسی ڕووحانی، دەرداوێن. ئەمڕۆ ڕەوتی چاکسازی لە ئێران گەیشتووەتە قوناخێک کە بۆ خۆشیرین کردن و فریو دان و چەواشەکردنی جارێکی تری خەڵک کە پێیان وایە میمۆری مێژووییان لاوازە، سێ سێناریۆیان لەبەر دەستە بۆ هاتنەوە نێو مەیدانی شەڕی دەستەڵات دەگەڵ ئوسولگەراکان و باقی هێزەکانی تر.

یەکەم، ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی ڕووحانی. دوای ئەو ڕەوشەی لە ئێران هاتووەتە پێش. چاکسازیخوازان دەوڵەتی ڕووحانیان لە بوار گەلی وەک ئابووری، پەروەردە، کۆمەڵایەتی و… وەبەر پڵاری کوێری خۆیان داوە و بۆ خۆنیشاندانیان بووتنە «کاسە داغتر از آش»! باشترین میناک قسەیەکی کەواکێبیانە کە دەڵێ: خەجاڵەتێ دەکێشم بڵێم پشتیوانیم لە دەوڵەتی ڕووحانی کردوە. یا «عارف»، بەرپرسی شووڕای بەرزی سیاسیەتداڕێژی هەڵبژاردنەکانی چاکسازیخوازان و بەرپرسی فراکسیۆنی ئومێد لە پەرلمان دەڵێ: داوای لێبوردنم لە خەڵک هەیە چوونکە دەوڵەتێکی ئاوامان هێنایە سەر کار کە یا نایهەوێ یا ناتوانێ چاکسازی بکا، ئێمە ناچارین ئادگاری خۆمان بە زللە سوور هەڵگەڕێنین!

دووهەم، خۆ بێبەری کردن لە دەوڵەت. سەعید حەجاریان یەکێک لە تێئۆری دارێژەڕانی ڕەوتی چاکسازی دەڵێ: خۆزگە قەت ڕووحانیمان بە ڕەوتی چاکسازی گرێ نەداباوە. دەوڵەتی ئاغای ڕووحانی توانای خۆدەرباز کردن لە کێشەکانی نییە. یا مەسعود پزشکیان دەڵێ: هیوادارم کارکردی دەوڵەتی ڕووحانی لە پای ڕەوتی چاکسازیخوازان نەنووسرێتەوە.

سێهەم، چاکسازی لە ڕەوتی چاکسازی. لەوەها دۆخێکدا چاکسازیخوازان هێشتاش گۆشەنیگایەکیان لە دواڕۆژە و تموحی گرتنەوەی دەستەڵاتیان هەیە. خەریکن کەسانی وەک عارف، جەهانگیری و عەلی موتەهەری زەق دەکەنەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ساڵی ١٤٠٠. بۆ ئەم مەبەستە بەشێک لە کەسایەتیە ناودارەکانی ڕەوتی چاکسازیان ڕاسپاردوە کە دەتوانین ئاماژە بە تاجزادە و ڕەزا خاتەمی بکەین. بەڵام ئاخۆ ئەوان دەتوانن جارێکی تر هەستنەوە؟!

پیلانێکی تر کە ماوەیەکە دەبیسرێ و هەڵای لەسەرە پرسی عەلی لاریجانی و هێنانە نێو ڕەوتی چاکسازییە هەڵبەت بە وێرژێنێکی تر کە لە لایەن هیندێ هەواڵگری بە «ئاڵقەی نارمەک» ناسراوە. (ئەمانە وا ساغ بووتنەوە دوای گەمارۆکان و ئەو زەختە زۆرەی ئەمریکا و هیندێ لە وڵاتانی ناوچە ئاڵووگۆڕیکی نەرم و هێدی لەنێو خۆیان بە پشتیوانی بەشێک لە ئەندامانی پلەبەرزی ڕەوتی چاکسازی و «اعتدال» بەڕێوە بەرن (ڕەحمان فەزلی، قالیباف، سادق خەرازی، محەمەدرزا عارف، باهونەر، محەمەد جەواد لاریجانی، حوسێن ئیتزامی، مەنووچێر موتەکی، عەلی ئەسغەری حیجازی کەسی یەکەمی بەیتی ڕێبەری دەیەی ٧٠ی کۆچی کە دوایی دەردکرا و…). دەگوترێ ئەو کەسانە بەنیازن عەلی لاریجانی بکەنە ڕیبەر و هیندێ چاکسازی تریش لە سپادا بکەن، وەک تێکەڵکردنەوەی سپا لە ئەرتەش و گرتنی بەشێک لە گەندەڵکارانی ئابووری کە دەگەڵ ئەو ئاڵقەیەدا نین و… .

ئەوە لە حاڵێک دایە کە شیرین عبادی براوەی خەلاتی ئاشتیی نۆبێڵ لە گوتوبێژێکدا دەگەڵ ئەلجەزیرەدا دەڵێ: «بە باوەری من چاکسازی لە ئێراندا ڕوو نادا مەگە بە گۆڕانی یاسای بنەڕەتی و ئەم هەوڵە تەنیا بە خەڵکی ئێران دەکرێ بەڕێوە بچی».

بە لە بەر یەک دانانی ئەو لەتە پازڵانە لە تەنیشت یەکتر بۆمان دەردەکەوێ، ڕەوتی چاکسازی لە ئێران باوی نەماوە و ئەو پەلەقاژەیەی دەشیکا دوای سەر بڕینیەتی و ئیتیر خەڵک تەنیا بە دوای چاکسازی بنەڕەتی و گۆڕینی ئەو ڕیژیمە مل دەدا.