Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 19/06/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

تێڕامانێک لە چەمکی نەتەوەسازی

21/04/2019 | 12:05:36
+A
-A
حەسەن شێخانی

بە مانایەک دەتوانین بڵێین کە سۆبژە (زەین، بکەری ناسێنەر) و ئۆبژە (“عین”، شتێک کە لە دەرەوەی زەینی ئێمە و سەربەخۆ لە زەینی ئێمە هەیە) و پێوەندیی نێوانیان بنەمای بیر و هزری فەلسەفی پێک دێنن. پێوەندی سۆبژە و ئۆبژە زۆر باس هەڵدەگرێ؛ ئایا سۆبژە و زەین ڕەنگدانەوەی ئۆبژەن؟ ئایا ئۆبژە و دنیای دەرەوەی زەینی ئێمە، دروستکراوی زەینی ئێمەن و لە خۆیاندا (فی نفسە) بوونیان نییە؟ ئایا سۆبژە لە دروستکردنی ئۆبژەدا بەشدارە؟ ئەم پرسیارانە ناوک و کرۆکی ئەم باسە پێک دێنن.
لە فەلسەفەی ڕۆشنگەریدا، کە لە دێکارتەوە دەست پێدەکا و لە کانتدا بە لووتکە دەگا، ئەم باسە لە دوالیزم و دووانەی سۆبژە و ئۆبژەدا دەردەکەوێتەوە. بەڵام بەگشتی لە فەلسەفەی هاوچەرخدا ئەم جیاکاری و دووانەیە نامێنێ و پێوەندییەکی دووسەرە و دیالکتیکی لەنێوانیاندا وێنا دەکرێ؛ بەم مانایە کە سۆبژە و ئۆبژە دروستکەر و دروستکراوی یەکترن. هیچ کامیان بە ڕەهایی نە دروستکەرە و نە دروستکراو؛ بەڵکوو هەرکامیان هەم دروستکەری ئەویترن و هەم دروستکراو. فەلسەفەی هاوچەرخ ئۆبژێکتیڤیتە (“عینیت”، بەرهەست بوون)ی جیهان و شتەکانی ناوی، ئینکار ناکا، بەڵام سۆبژە و زەینیش لە دروستکردنیاندا بە بەشدار و کاریگەر دەزانێ. لە ڕاستیدا ئۆبژە و دنیای دەروەی زەینی ئێمە، بە زەینی ئێمەدا تێپەڕ دەبن و خەسڵەت و ڕەهەندێکی گوتاری و دیسکۆرسیڤ، وەردەگرن. بە کورتی ئەم گۆڕان و گوورانە لە فەلسەفەی هاوچەرخدا لەسەر گۆشەنیگا و ئاسۆی ڕوانینی مرۆڤەکان بۆ جیهان و دیاردە و ڕووداوەکان کاریگەریی زۆری داناوە و لەڕاستیدا پێگە و شوێنی تێڕامان و ڕوانینی مرۆڤی دەستکاری کردوە و گواستوویەتەوە.
بە دەربڕینێکی ڕوونتر، دوالیزمی سۆبژە و ئۆبژە یان ئیدە و ماددە لە چوارچێوەی چەمکەکانی ئیدەئالیزم و ماتریالیزمدا دەرکەوتوە. لە ئیدەئالیزمدا شتەکان (ماددە) لە ئیدە، زەین و ئەندێشەوە دەست پێدەکەن؛ بەم واتایە کە لە سەرەتاوە ئیدە هەبووە و ماددەی ئافراندوە. ئیدە دەستپێک و سەرچاوە و بەرهەمهێنەری ماددەیە؛ بەڵام لە ماتریالیزمدا ماددە، ئیدە و زەین و ئەندێشە دەخوڵقێنێ. لە یەکەمیاندا ئیدە بنەمایە و لە دووهەمیاندا ماددە. ئەم دوالیزمە لە ئیدەئالیزمی ئەفلاتون و هێگێل و ماتریالیزمی مارکسیستیدا دەردەکەوێ و خۆی دەنوێنێ، بەڵام هەروەک گوتمان پێوەندیی نێوان ئەو دووانە ڕێژەیی و دیالکتیکی و دووسەرەیە؛ یەکیان بنەما و ژێرخان نییە و ئەوی دیکە سەرخان؛ لەسەر یەکتر کاریگەرن و لە دروستکردن و شکڵدان بە یەکتردا بەشدارن. سۆبژە لەنێو پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکاندا شکڵ دەگرێ و لەسەر وانیش باندۆر دادەنێ و دەیانگۆڕی. سۆبژە و ئۆبژە لێک جیا نین و تێکچڕژاو و لەنێو یەکدان.
لە ژێر تیشکی ئەم باسەدا، دەتوانین بڵێین نە دیدێکی ئۆبژێکتیڤ و عەینی و ماددی بۆ نەتەوە دروستە و نە دیدێکی سۆبژێکتیڤ و زەینیی ڕووت. نە نەتەوە لە هیچەوە و بەبێ هەبوونی ماتڕیاڵ بنیات دەنرێ و شکڵ دەگرێ، نە خۆبەخۆ و بەبێ دەستێوەردان و بەشداریی زەین و هوشیاری و ئیرادەی ئێمەش دەتوانێ هەبێ.
لەنێوان ڕەگەزە ئۆبژێکتیڤ (عینی)ەکانی نەتەوە (زمان، کولتوور، مێژوو و شوێنی جوغڕافیی هاوبەش) و سۆبژە و زەینی دروستکەری نەتەوەدا، پێوەندییەکی دووسەرە و دیالکتیکی هەیە؛ لە ڕاستیدا خودی نەتەوە سەنتێزی ئەو دیالکتیک و پێوەندییە دووسەرەیە. لە نەبوونی ئەم دیالکتیکەدا، چەمک و دیاردەیەکمان بە ناوی نەتەوە نییە؛ ئەوەی هەیە کۆمەڵێک ماددەی خاوی پرشوبڵاوی بێ پێناس و شوناسن. سۆبژە و هوشیاریی مرۆڤە کە “ڕەگەزە ئۆبژێکتیڤەکانی نەتەوە”، کە وەک ماددەی خاون، ڕێک دەخا و نەزمیان پێ دەدا و پێوەندییەکی مانادار لە نێونیاندا دروست دەکا و پێناسەی یەکگرتوو و شوناسبەخشیان پێ دەبەخشی. واتا سۆبژە بەپێی نەخشە و هوشیارییەکی زەینی، بەو کەرەستانەی لەبەر دەستن، نەتەوە بینا دەکا؛ لێرەدا لە مێتافۆڕی بینا کەڵک وەردەگرین. بەم جیاوازییە کە نەتەوە بەپێچەوانەی بینا زیندوو و بگۆڕ و دینامیکییە. ڕەگەزە ئۆبژێتیڤەکانی نەتەوەش بەپێچەوانەی کەرەستەی بیناسازی، بێ ڕوح نین؛ پێکهاتەیەکی عەقڵانیی کۆمەڵایەتی و مێژوویین و، دەگۆڕێن و دەگوورێن و وەک باخچەیەک بەردەوام پێویستیان بە پارێزگاری و پێڕاگەیشتن و بژارکردنی بەردەوام هەیە.
نەتەوە و شوناسی نەتەوەیی لەلایەن سۆبژەی دروستکەرەوە ساز دەکرین؛ ماددەی خاو لە دەرەوەی سۆبژە و خۆبەخۆ، شوناس و شوناسبەخش نییە. هەروەک چۆن کەرەستەکانی بیناسازی، هەتا بەپێی نەخشە لەسەر یەک دانەنرێن و بە شێوەیەکی مانادار پێکەوە پێوەند نەدرێن، ساختومانیان پێ ناگوترێ، ڕەگەزە ئۆبژێکتیڤەکانی نەتەوەش هەتا لەلایەن سۆبژەوە ڕێک نەخرێن و پێوەندییەکی مانادار لە نێوانیاندا دروست نەکرێ، خۆبەخۆ و ئۆتۆماتیکی شوناسی نەتەوەییان پێ ناگوترێ.
نەتەوە چەمکە، مەفهوومە، پارامێتری ماددی و عەینی هەن، بەڵام فۆڕماسیۆن (صورتبندی) و ڕێکخستن و دروستکردنی پێوەندیی مانادار لەنێوان ئەو پارامێترانەدا و دواتریش ئاگالێبوونی بەردەوامی، کاری زەین و هوشیاری و ئیرادەی ئێمەیە. کەواتە بەم شیکردنەوەیە نەتەوە دروست دەکرێ، بەڵام لە هیچەوە و لە بۆشاییدانا، بەڵکوو لەسەر بنەمای کۆمەڵێک فاکتۆری ماددی و عەینی. زەین و هوشیاریی (نەتەوەیی) وەک پێوەندیدەر و مانابەخش، ڕەگەزە ئۆبژێکتیڤەکانی نەتەوە پێکەوە پێوەند دەدا و نەتەوەیان لێ دروست دەکا؛ هوشیاریی نەتەوەیی لە خۆڕا و لەسەر بۆش دروست نابێ و ئەو ڕەگەزە ماددیانەش لە دەرەوەی فاکتۆری هوشیاری و ئیرادەدا، وەک ئەو کەرەستە ساختومانییە وان، تا لەسەرێک دانەنرێن و بەشێوەیەکی مانادار ڕێک نەخرێن، ساختومانی نەتەوەیان پێ ناگوترێ.
لەلایەکی دیکەش مەگەر ناڵێین چەمکی نەتەوە، مەفهوومی نەتەوە، هەر کە دەڵێین چەمک و مەفهووم، واتا نەتەوە ڕەهەند و خەسڵەتێکی گوتاری و زەینی وەردەگرێ، واتا لە نەبوونی هوشیاری و بەشداریی زەیندا، نەتەوە بوونی نیە. بە دەربڕینێکی دیکە نەتەوە دیاردەیە (فینۆمێنە)، شتێک نییە خۆبەخۆ بوونی هەبێ (نۆمێن نیە)، بوونی نەتەوە بە چۆنیەتیی دیتن و مامەڵەی زەینیی ئێمەوە گرێدراوە؛ پێوەندی هەیە بەوەی چۆن خۆمان دەبینین و ئەزموون دەکەین.
کاتێک دەڵێین نەتەوە دروست دەکرێ، واتا لە سەرەتاوە نەبووە و لە ڕەوتێکی مێژووییدا دروست دەبێ. بێجگە لەوەش هەتا فاکتۆرە ئۆبژێکتیڤەکانی نەتەوە لە لایەن زەینەوە بە شێوەیەکی هوشیارانە ڕێک نەخرێن و پێوەندییەکی مانادار لەنێوانیاندا دروست نەکرێ، نەتەوە ساز نابێ. ئەوە تێگەیشتنی مرۆڤە کە لەنێوان جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵە مرۆڤێکدا، هاوبەشییەکان دەدۆزێتەوە و دەیانکاتە بنەمای شوناس و ناسنامەیەکی دیاریکراوی نەتەوەیی.
نەتەوە بوونێکی مێژوویی هەیە، واتا بوونێکی ستاتیک و نەگۆڕێ نیە و بەردەوامیش پێویستی بە پاراستن و ئاگالێبوون هەیە. نەتەوە وەک باخچەیەک وایە کە پێویستی بە باخچەوان هەیە تا پەرژینی بکا (بیپارێزێ)، ڕێکی بخا و بژاری بکا. دەوڵەت ڕۆڵی ئەو باخچەوانە دەگێڕێ. نەتەوەی بێ دەوڵەت وەک باخچەیەکی پەرژین نەکراوی نەپارێزراوە، کە شتی زیادە و زیانمەندی لەنێودا دەڕوێ و بژار ناکرێ. بۆیە دەتوانین بڵێین کە بەبێ دەوڵەت پڕۆسەی بەنەتەوەبوون “کامڵ” نابێ. ئەم ئیدیعایە بەتایبەت لەسەر ئەو نەتەوانە دروستە، کە پارچەپارچە و کەرتکەرتن و پێویستییان بەوە هەیە دەوڵەت وەک باخەوانێک ڕێکیان بخا، هاوبەشییەکانیان بخەمڵێنێ و تیۆریزەیان بکا و، هارمۆنی و هەماهەنگییان لەنێواندا پێک بێنێ.
لە سەردەمی ئەمڕۆدا و لەژێر تیشکی فەلسەفەی هاوچەرخدا، کە فەلسەفەیەکی سۆبژەتەوەرە، پێداگری لەسەر ڕەهەندی زەینیی نەتەوە دەکرێ؛ ئەوەی کە تاکەکانی نەتەوەیەک چۆن لە خۆیان دەڕوانن، چەندە خەون و خولیای هاوبەشیان هەیە و هەست بە هاوچارەنووسی دەکەن. نەتەوەبوون پێوەندی بە هەست و هوشیاری و چۆنیەتیی خۆپێناسە کردنەوە هەیە؛ تەنانەت مانەوەی نەتەوەش گرێدراوە بەوەی کە، تاکاکەکانی ئەو نەتەوەیە بەردەوام خۆیان وەک نەتەوە ببینن و پێناسە بکەنەوە.
کورتەی قسە ئەوەیە نەتەوە دروست دەکرێ و کە دروستیش بوو، بوونێکی ئەبەدی نییە؛ بەڵکوو پێویستی بە دەنگدانێکی بەردەوام بە خۆت وەک (تاکی) نەتەوەیەک هەیە. بە دەربڕینێکی دیکە دروستبوون و بەردەوامیی نەتەوە، پێویستی بە بوون و مانەوەی ناسیۆنالیزمەوە هەیە. ناسیۆنالیزم وەک سیستمێکی مانایی هەم نەتەوە دروست دەکا و هەم دەشیپارێزێ. هەر کاتێک ناسیۆنالیزم وەک دروستکەر و خەمڵێنەری نەتەوە بوونی نەما، نەتەوەش بوونی نامێنێ. لەوانەیە ئەم قسەیە وا لێک بدرێتەوە کە پڕۆسەی نەتەوەبوون کامڵ بوو و لە دەوڵەتدا فۆڕمی گرت و جێگیر بوو، ناسیۆنالیزمیش نامێنێ. بەپێچەوانەی ئەم لێکدانەوەیە، ناسیۆنالیزم وەک بیر و ئەندیشەیەک ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە و لە فۆڕمی جیاوازدا خۆی دەنوێنێ؛ ناسیۆنالیزم تەنیا لە دەوڵەتخوازیدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو بەگشتی لە پارێزگاری لە وڵات و کارکردن بۆ بەرەوپێشچوونی نەتەوەدا درێژەی دەبێ؛ واتا کە دەوڵەتیش دروست بوو، ناسیۆنالیزم لە فۆڕمی دیکەدا دەردەکەوێ و درێژەی دەبێ. ڕەنگە بە کامڵبوونی پڕۆسەی نەتەوەسازی، ناسیۆنالیزم وەک بیری نەتەوە_دەوڵەتساز، نائەکتیڤ بێ، بەڵام هەرکات هەڕشەیەک ڕووبەڕووی نەتەوە بۆوە، وەک پشکۆی بن خۆڵەمیش دەگەشێتەوە. بێجگە لەوەش هەروەک گوترا نابێ لە زاراوەی “کامڵ بوون”، ئەم مانایە وەرگیرێ، کە نەتەوە دروست بوو، بە ئەبەدی دەبێ و تا هەتاهەتایە هەر دەمێنێ.
نەتەوە بوونێکی زیندوو و دینامیکییە و گۆڕانی تێدا پێک دێ؛ بۆیە بەردەوام پێویستی بە مشوور لێخواردن و پارێزگاری هەیە. بێجگە لەوە مانەوەشی گرێدراوی خۆ بەنەتەوە زانینی بەردەوام و “ڕیفراندۆمی ڕۆژانە” هەیە. لە کوێدا لەم ڕیفراندۆمە دەنگی نەخێر درا و خۆت بە نەتەوەیەکی دیاریکراو نەزانی، ڕەهەندی سۆبژێکتیڤ و زەینیی نەتەوەت لێ زەوت کردوە و نەتەوەبوونی خۆت هێناوەتە ژێر پرسیار.