Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 19/06/2019 | کاتژمێر:
ئەندیشە

ڕقی پیرۆز (دیرۆکی خۆڕاگری)

21/04/2019 | 12:03:13
+A
-A
ڕەحمان مەحموودی

«ڕەحمان مەحموودی»م. خەڵکی بۆکانم و ساڵی 1338ی هەتاوی لە گوندی تورجان لەدایک بووم. دوایە ماڵمان هاتۆتە میراوای بۆکان و لە قۆناغی ناوەندیی خوێندندا دەستم هەڵگرت و ملم لە کار و کاسبی نا.
کە شۆڕشی گەلانی ئێران کرا تازەلاو بووم و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و کار و چالاکییەکانی ببوونە هۆی چاوکراوەیی ئەمن و زۆر لە هاوتەمەنەکانم، ئەوەش وایکردبوو کە بێ ئەوەی بەڕەسمی پێوەندییەکی تەشکیلاتیشم لەگەڵ حیزب بووبێ، بەڵام کار و ئەرکی حیزبی بکەم. تا ئەوەی ساڵی 1370 بەڕەسمی بووم بە ئەندامی ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکرات و ئەرک و بەرپرسایەتیی دیار و ڕوونم وەردەگرت. ئێمە لە تیمێکی تەشکیلاتیدا سازمان درابووین کە دە کەس دەبووین. خۆم، عهبدووڵڵا ئهمینی، سهید کهریم ڕاج، ناسر ساڵحی ئهسڵ، ناسر سوڵتانی، ههمزه خودکام، برایم ههمزهزاده، قادر ساڵحی فهرد و، لوقمان ساڵحی فهرد. تیمەکە ئێمە لە ماوەی سێ ساڵدا زۆر کار و چالاکیی گرینگ و هەستیاری لە ناوچەی بۆکاندا کرد، بەڵام بەداخەوە دواجار ئاشکرا بووین و گیراین.
ئێوارەی ڕۆژی 7ی سەرماوەزی 1373 لە ماڵی خۆمان دانیشتبووم کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕژانە ماڵێ و گرتیانم و بردیانمە ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان. سروشتییە ئەندامی تەشکیلاتی حیزبێک بی و بەڵگەیان لەسەرت هەبێ و تۆش بتەوێ بەربەرەکانی بکەی و لەسەر بیروباوەڕت سوور بی. لەو ماوەیەدا گوشار و ئەشکەنجەیەکی زۆرم لەسەر بوو. پاشان بەڕێی گرتنگەی ئیتلاعاتی مەهابادیان کردم و لەوێش چوار مانگ دەسبەسەر بووم، هەتا بە قەولی خۆیان پەروەندەکەیان بەستم و ناردیانمە دادگا.
8 مانگ بوو گیرابووم کە درامە دادگا. دیارە بنەماڵەکەم پارێزەریان بۆ گرتبووم، بەڵام لە بارودۆخی ئەوکاتدا و لە پێوەندی لەگەڵ مندا کە پەرورەندەکەم سیاسی بوو و پێشوەختە لە ئیتلاعات ڕا بریاری لەسەر درابوو، پارێزەرەکەم دەسەڵاتێکی نەبوو تا بتوانێ بەرگریم لێ بکا. بەمجۆرە لە دادگای شۆڕشی مەهاباددا بە تۆمەتی ئەندامەتیی حیزبی دێموکرات سزای 20 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاندم و بۆ کێشانی ماوە زیندانییەکەم بەڕێی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرام.
زیندانی ناوەندی ورمێ کە زیندانی «دەریا»شیان پێ دەگوت، لانیکەم 16 بەندی هەبوو. هیندێک لەو بەندانە هەتا 300-400 کەسیان تێ دەخزاند. خۆ ئەگەر بە کورتی باسێک لەو بارودۆخە بکەم دەبێ بڵێم نە ڕێز و حورمەت و پێڕاگەیشتنێک، نە بێهداشت و پاک و خاوێنییەک، نە خواردن و بژیوێک و سووکایەتی و بێ حورمەتیی کاربەدەستانی زیندان لە سەرەوە تا خوارێش لەجێی خۆی. ساڵی 77 بوو. بارودۆخەکە زۆر شپڕێو و لەتاقەتبەدەر ناخۆش بوو. ئێمەی زیندانییە سیاسییەکان مانمان گرت، بەڵام بەجێی وەڵامدانەوە بە ویست و داواکانمان کە باشترکردنی خواردن و بێهداشت، بارودۆخی زیندان و ڕەفتاری کاربەدستان بوو، بەتوندی سەرکوت کراین. هێزێکی پۆشتە و پەرداخ ڕژانە بەند و بە باتووم و هەموو جۆرە چەکێک ڕژانە سەرمان و لێیان داین. دوایەش کۆمەڵێک لە هاوبەندییەکانی ئێمەیان بۆ زیندانی شارەکانی دیکە دوور خستەوە. ئەمن 8 ساڵ لەو بارودۆخەدا بەند کرابووم و تەنیا هیوا بە ڕزگاری و درێژەدانی ئەرک و ئامانجەکانم بوو کە ڕایگرتبووم.
تاڵتر لەوە نییە لەگەڵ هاوڕێیەکت لەسەر بیروباوەڕی هاوبەشت بگیرێن و بەبەرچاوی خۆت بیبەن بۆ ئێعدام. دوو کەس لەو هاوڕێیانەی لە تیمێکدا بووین _ کاک عهبدوڵڵا ئهمینی و کاک سهید کهریم ڕاج_ کە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو، ساڵی 1374 هێنایاننەوە ئیتلاعاتی بۆکان و بەداخەوە لەدار دران و تەنانەت تەرمەکانیشیان نەدانەوە بە بنەماڵەکانیان. ئەم ڕووداوانە کاریگەریی قووڵ لەسەر کەسایەتی و بیرکردنەوەت دادەنێ و تۆڵە و ڕقێکی پیرۆز لە ناختدا دەگوورێ. ئەو ڕقە پیرۆزە کە ئاوێتەی وەفا و ئەمەگ بۆ ئەم شەهیدانە و درێژەدان بە ڕێگەیان دەبێ، بۆ ئانوساتێکیش بێ بەرت نادەن و بڕوابەخۆ و دڵنیا لە ڕێبازەکەت دەتهێڵنەوە و بەرگەگرتن لە زیندانیشت بۆ ئاسانتر دەکەن.
دەرد و مەینەتییەکانی زیندان خۆ هەر بۆ خۆت نین، بنەماڵە و کەسوکاریش لە سۆنگەی تۆوە تووشی سەدان چەرمەسەری و بێهیوایی دەبن. ئەوان جیا لە بەرگەگرتن لەبەرامبەر ئازاری بەندکرانی تۆ و لە پێناوڕزگارکردنت، پێڕاگەیشتن و چاوپێکەوتنت، دەبێ زۆر نەهامەتی بچێژن؛ جا ئەویش ئەگەر لە بنەماڵەیەکی هەژار و دەسکورتیش بی. لێرەدا ناتوانم باس لە ئەمەگ و وەفای هاوژینەکەم «عەزیمە دغۆ» نەکەم کە سەرەڕای ئەوەی دەیزانی 20 ساڵ زیندان یانی هەموو تەمەنی گەنجێتی، بەڵام شانی وەبەردا. ئەو زۆر بەورە و بە دڵسۆزییەوە چاوی بەسەر منداڵەکانمانەوە بوو و گەورەی کردن و پێی گەیاندن. ئەو نموونانە لە ئازایەتی و هەست بە بەرپرسایەتی هەتوانێکن بۆ زام و برینی دڵە بریندارەکەت؛ بۆیە جارێکی دیکەش سڵاو بۆ ڕوحی دەنێرم کە دوای راکردن لە زیندان و هاتنەوە بۆ ڕیزی پێشمەرگایەتیش لەبەرامبەر هیچ کۆسپێکدا بەچۆکدا نەهات و لە هیج قۆناغێکدا پشتی تێنەکردم.
دوای 8 ساڵ مانەوە لە زیندان و لە سەرەتای ساڵی 1381دا بنەماڵەکەم توانییان دوای هەوڵدان و وەدواکەوتن و لە دەرگادانێکی زۆر، بەبۆنەی نەورۆزەوە چەند ڕۆژێکم مەرەخەسی بۆ وەرگرن، ئەوەش دەرفەتێکی باش بوو کە من قۆستمەوە و لەگەڵ ئەوەی باجێکی قورسی ماڵیمان بۆ دا، بەڵام یەک و دووم لێ نەکرد و خۆم گەیاندە ڕیزی ئاشکرای تێکۆشەرانی حیزبەکەم، حیزبی دێموکراتی کوردستان.
دوای ڕاکردن لە زیندان زۆر بژاردە لەبەردەمم بوو. دەسپێکردن بە ژیانێکی مەدەنی لە شارەکانی باشووری کوردستان، چوون بۆ دەرەوەی وڵات یان درێژەدان بە ژیانی تەواووەختی سیاسی؛ بەڵام ئەو ڕقە پیرۆزەی باسم کرد و بیرهێنانەوەی دوادیمەنی شەهیدانی ئێعدامکراو لە زیندان گڕکانێک نین لە ناختدا کە بتوانی بەرەوڕوویان بییەوە یان خۆتی لێ لابدەی. بۆیە دوای 18 ساڵ ڕاکردن لە زیندان و دوای هەموو ئەو ماوەیە کە لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا بۆ وەدیهێنانی خەونی شەهیدان درێژەم بە خەبات داوە، نەمتوانیوە بۆ تاقە یەک چرکەش بیر لە شتێکی دی، جیا لەوانە بکەمەوە. بۆیە بەسەرهاتی گیران و ڕاکردنم لە زیندان بە گێڕانەوەی بیرەوەریی تاڵی لەداردانی شەهیدان خالید شۆقی و ههمزه قادری کۆتایی پێدێنم.
شههید خالید شۆقی پیشتر فهرماندهی هێزی ئاگری بوو و چوبووە تورکیه و لهوێ دهزگای ئهمنییەتیی ئهم وڵاته گرتبووی و ڕادهستی ئێرانی کردبۆوە. ئهو ڕۆژهی ئێعدام دەکران، کاک خالید ڕووی له من کرد و گوتی: کاکه وادیارە لەوەندە زیاتر نەمتوانی و درێژەدانی ئەم ڕێگایە بۆ ئێوە بەجێ دیڵم. دوایەش کۆمەڵێک ڕاسپاردەی هەبوو کە پێی دام و گوتی بیگەیەنە بە بنەماڵەکەم. فرمێسک نا، دەبێ بڵێم ڕووباری خوێن بە چاوەکانمدا دەهاتنە خوارێ و بەبەرچاوی ئێمە و لەوپەڕی بێدەسەڵاتیی ئێمەدا بردیانن. ئەوان زۆر بەسەربەرزی و ڕووسوورییەوە بەرەوپیلی مەرگی شەڕافەتمەندانەیان چوون و، ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی ئێمەمانان هەتا دواهەناسە ڕێبواری ئەم ڕێگایە بین.