Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 19/06/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

کورد و سۆسیالیزم

21/04/2019 | 11:20:09
+A
-A
د. کامڕان ئەمین ئاوە

گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم
کورد و سۆسیالیزم
(٨_٨)
لە ئێستادا سەرمایەداری، مێژوویەکی ٥٠٠ ساڵەی هەیە و سەرەڕای تەواوی قەیران و کەمایەسییەکانی، جارێ لە حاڵی گەشەکردن دایە، توانایی زۆری ماڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە و خاوەنداری هێزێکی گەورەی نیزامییە. هەر بەم پێیەش پێویستە سۆسیالیزم وەکوو بزووتنەوەیەکی جیهانی لە بەرامبەر سەرمایەی جیهانی لەبەر چاوبگیرێ، کە بەئاکام گەیشتنی پێویستی بە کاتێکی زۆرتر هەیە و لەم ڕەوتەدا دەبێ پەیتا پەیتا لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداریدا پاشەکشە بە سەرمایەداری بکرێ. ئەگەر وێچوونی ئاڵوگۆڕی ڕادیکال بە شێوەی شۆڕش، لانیکەم لە وڵاتەکانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین هەبێ، ئەم دەرفەتە بۆ وێنە لە وڵاتە سەنعەتی و پێشکەوتووەکانی سەرمایەداری لە ئاستێکی نزم یان دەکرێ بڵێین سفر دایە. ئەمڕۆ کێ دەتوانێ فیکری شۆڕشێکی سۆسیالیستی و کرێکاری بۆ وێنە لە ئەمریکا یان ئاڵمان و فەڕانسە بکا. وڵاتگەلێک کە خاوەنداری دەوڵەتی بەهێز، سەنعەتی و سپای بەهێزی نیزامی و دەزگای ڕاگەیاندنی گشتین، خەڵکەکەشیان بە تایبەتی لە ئورووپادا بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان لەگەڵ حیزبەکان و دەستەڵات هەڵسوکەوت دەکەن.
لە لایەکی دیکەشەوە، لەم وڵاتانە کاتێک دەرفەتی ئاسایی بۆ خەباتی ئاشتیخوازانە، ڕێکخستنی حیزب و یەکیەتییەکان و تەنانەت ناردندنی نوێنەر بۆ پارڵمان و بەشداری لە دەستەڵات هەیە، چ پێویستییەک بۆ پەنابردن بە شێوەی زەبروزەنگی سیاسی بۆ پێکهێنانی سۆسیالیزم دەبێ! دێموکراسی بۆرژوایی_ لیبرالی، کاریگەریی هێزە چەپەکان، سەوز و … ، هەروەها ئاستی ڕووناکبیریی کۆمەڵگە ڕێخۆشکەری چالاکی و خەباتی ئاشتیخوازانە و مەدەنییە.
بێگومان توانایی هێزی چەپ لە ئورووپا بە بەراورد لەگەڵ ئەمریکا یان کانادا گەلێک بەرزترە. لێرەدا چەپ مێژینە و کاریگەرییەکی بەهێزی لە ڕووداوە سیاسییەکانی ئەم کۆمەڵگەیەدا هەبووە و هەیە، بەڵام لە جێگایەک وەک ئەمریکا ئێستاش کە ساڵیانی ساڵ بەسەر کاتی مەککارتیزمدا تێپەڕ بووە، زۆرینەی خەڵک کۆمۆنیزم هاوڕیزی تێرۆریزم لە قەڵەم دەدەن.
چەپ پێویستە بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی بەهێزی نێونەتەوەیی سۆسیالیستی تێ بکۆشێ تا بتوانێ نەخشێکی بەرچاو بەرامبەر بە سەرمایەداریی جیهانی بگێڕێ. لەم پێناوەدا پێکهێنانی ڕێکخراوە و دامودەزگا مەدەنی و چینایەتییەکان، کەلکوەرگرتن لە دەرفەتەکانی پارڵمانی و بەشداری لە کابینەکانی دەوڵەت، ڕێکخستنی مانگرتن و خۆپێشاندانەکان بۆ پاشەکشەکردن بە دەسەڵات، نەخشێکی بەرچاوی لە گۆڕانکارییەکانی وڵات و وەدەستهێنانی دەرفەت و سەربەشایەتیی زۆرتر لە بەرژوەندیی زەحمەتکێشان گێڕاوە و دەگێڕێ. لە لایەکی دیکەشەوە پیویستە وەبیر بێنینەوە کە ئێنگلس لەسەر ئەم باوڕە بوو کە «تووی کۆمەڵگەی داهاتوو لە سەرەتادا لە بارودۆخی سەرمایەداریدا دەڕوێ» و، ئەگەر دروشمی «لە هەر کەس بەپێی توانایی و بە هەر کەس بەپێی پێداویستییەکانی» لەبەرچاو بگرین، هەموو دەتوانین ببینین کە لە زۆربەی وڵاتە سەرمایەدارییەکانی ئورووپای ئێستادا خەڵکێک کە بێکارن نە بەپێی کارەکەیان، بەڵکوو بە پێی پێداویستیی تاک یان بنەماڵەیان یارمەتی لە ڕێکخراوەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی (ئیدارەی سۆسیال) وەردەگرن، کە سەر بە دەوڵەتە. ئەمە و زۆر دەستکەوتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی سەرمایەداری، تەنانەت پێکهاتنی دەوڵەتەکانی «رفاە» ئاکامی خەباتی بێوچانی چەپەکانە. هاوکات پێویستە پێداگری لەسەر ئەم خاڵە بکرێ کە مەبەست نە چاکسازیی سەرمایەداری، بەڵکوو پاشەکشەی بەردەوام بە دەستەڵاتی سەرمایەداری تا پێکهاتنی بەدیلێکی بەهێزی سۆسیالیستی لە ئاستی هەر وڵاتێکی سەرمایەداری بۆ وەدەستگرتنی دەستەڵاتە.
بەڵام لێرەدا پرسیارێک لەبارەی چارەنووسی سیاسیی ئەو وڵاتانەی کە وەکوو ئێران لەژێر دەستەڵاتی حکوومەتێکی دیکتاتۆری دان دێتە پێش، بڵێی لەم چەشنە وڵاتانەدا ئەگەری ئاڵۆگۆڕێکی ئاشتیخوازانە هەبێ؟
وڵامی ئەرێنی پێدان لەم کاتەدا دوور لە ڕاستییە، ئەویش دەگەڕێتەوە سەر ئەو ڕاستییەی کە دەسەڵات لەم چەشنە وڵاتانەدا بە هۆی دامودەزگای سەرکوتکەر و پەنابردن بە هەموو شێوەیەکی نائینسانی بۆ لەنێو بردنی هەر چەشنە بەرهەڵست و ڕەخنەگرێك، ڕێگە بە هیچ چەشنە خەباتێکی مەدەنی تەنانەت بە هێزەکانی خۆییش نادا. لە نەبوونی میکانیزمێکی یاسایی بۆ خەباتێکی ئاشتیخوازانە، لە نەبوونی دەرفەتی یاسایی بۆ چالاکیی هێزە جیابیرەکان، لە نەبوونی ئازادی و دێموکراسی و زاڵبوونی دەسەڵاتی ئایینی و دژ بە تەواوی ڕاسپاردەکانی مافی مرۆڤ، ئەستەمە باس لە گۆڕانکاریی ئاشتیخوازانەی دەستەڵات بکرێ. لە لایەکی دیکەشەوە ئەم وڵاتانە جارێ ڕێگایەکی دوور و درێژیان لەبەرە هەتا پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی بێتە نێو دەستووری کاریانەوە، تەنانەت ئەگەر هێزێکی چەپ و سۆسیالیستیش بە دەستەڵات بگا ناتوانێ ئەزموونی ناسەرکەوتووی وڵاتە سۆسیالیستییەکان دووپات بکاتەوە و بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئاستی گەشەسەندنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە ڕێگای زەبروزەنگ و بە چەشنێکی خۆویستانە سۆسیالیزم دابین بکا. ئەم ڕەوتە دەبێ وەکوو ڕەوتێکی درێژخایەن لەبەر چاوبگیرێ و پەیتا پەیتا ئاڵوگۆڕی پێویست لە هەموو بوارەکاندا پێک بێ.

کورد و سۆسیالیزم
کۆمەڵگەی کوردستان لە هەر چوار بەشی خۆیدا بەپێی شێوەی بەرهەمهێنان، ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی، خاوەنی چین و توێژی جۆراوجۆر، هەروەها حیزب و ڕێکخراوەی ڕەنگاوڕەنگ بە بیر و کردەوەی جیاوازەوەیە. بێگومان ئەوە لە هیچ کوردێکی نیشتمانپەروەر شاراوە نییە کە کورد هاوکات لەگەڵ کێشەی چینایەتی، بەهۆی دابەشبوونی وڵاتەکەیەوە کێشەی نەتەوایەتیشی هەیە، پێویستە هاوئاهەنگییەکی ژیرانە لە نێوان شێوەی خەباتی خۆی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پێک بێنێ.
لە لایەکەوە بەهۆی کێشەی نەبوونی دێموکراسی، ئازادی، بێکاری، بێماڵی، گرانی و هەموو ئەو خاڵانەی کە دەگەڕێتەوە سەر بژیوی ڕۆژانە، خاڵی هاوبەشی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە لە چوارچێوەی مافی شارۆمەندیدا هەیە، لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی زوڵم و زۆری نەتەوایەتی و دابەشبوونی وڵاتەکەی نەک هەر لە ئاستی ناوچە بەڵکوو تەنانەت لە ئاستی ئەو وڵاتانەی کە بەشێک لە حەشیمەتەکەیان پێک دێنێ، کێشەی نەتەوایەتیشی هەیە. تەنانەت شێواندنی سنووری جوغڕافیایی کوردستان، سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی بەشێک لە خاکی نیشتمانەکەی، گۆڕینی ناو یان لکاندنی بەشێک لە زەوییەکەی بە زەوی نەتەوە دراوسێیەکانی و پێکهێنانی پارێزگایەکی تازە، کێشەکەی تا ڕادەیەک ئاڵۆزتریش کردووە و، بۆتە بەستێنێک بۆ کێشەی زەوی لەگەڵ نەتەوە دراوسێیەکان لە دادێدا.
لەم بارودۆخەدا هەڵبژاردنی شێوەی خەبات و هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم دوو کێشەیە لە پێوەندی لەگەڵ لێکدانەوەی ئێمە لە بارودۆخی جیهان، ناوچە و خۆجێیی بەپێی هاوسەنگیی هێزە دژبەرەکان، ڕادەی ئاگاداریی نەتەوەیی، کاریگەری و توانای ڕێکخراوە کوردییەکان بۆ ڕێکخستنی خەباتی خەڵکی بەپێی بەرنامە و هەڵبژاردنی دروشمی شیاو دایە.
لەم پێناوەدا شێوەی بۆچوون و ڕوانگەی حیزبەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی، لێکیان جیا دەکاتەوە. لێرەدا دوو حاڵەت لە پیوەندیی چەپی سۆسیالیستیی کورد دێتە گۆڕێ:
ئەگەر حیزبێکی سۆسیالیست پێی وابێ کورد بەشێکی جیانەکراو، لە خەڵکی ئەو وڵاتەیە وا ئێستا بە شێوەی فەرمی بەشێک لەوە و تەنیا دابینکردنی سۆسیالیزم کێشەی نەتەوەیی چارەسەر دەکا و، «بە لەنێو بردنی چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤێکی دیکە، چەوساندنەوەی نەتەوەیەک بە دەستی نەتەوەیەکی دیکەش لەبەین دەچێ»(1) بێگومان ستراتێژیی حیزبەکەش گەیشتن بە سۆسیالیزم هەر لەو وڵاتە دەبێ و چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەییش بەستراوە بە دابینکردنی سۆسیالیزم دەمێنێتەوە و، وەکوو کێشەیەکی سەرەکی، پێناسە ناکرێ.
بەلام کاتێک حیزبێکی چەپی کوردستانی سەرەڕای باوەڕمەندی بە سۆسیالیزم باوەڕی بە نەتەوەبوونی کورد و مافی دیاریکردنی چارەنووس تا ئاستی جیابوونەوە بێ، ناتوانێ چارەنووسی گەلەکەی حەواڵە بە کاتی دابین بوونی سۆسیالیزم وەکوو ئاواتێک کە جارێ کاتی وەدیهاتنی دیار نییە، بکا.
بەم پێیە، دەبێ لێک بدرێتەوە کام یەک لەم کێشانە بۆ کورد سەرەکی و کامیان لاوەکین و بەرژوەندیی کورد لە چی دایە؟ ستراتێژیی چەپی کورستانی چییە و چ شتێک ئەوان لە هێزەکانی دیکە جیا دەکاتەوە؟ ئایا ڕێبازەکەی تەنیا لە چوارچێوەی بەرگری لە مافی چین و توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگە قەتیس دەمێنێتەوە یان تێدەکۆشێ بە بردنەسەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی و ڕێنوێنی و هاندانی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئاواتە مێژینەکانی، واتە دابینکردنی زێد و سەروەریی کورد ئەرکی نەتەوایەتیی خۆی بەجێ بێنێ؟
لەم بەینەدا دروشمی ڕزگاری نەتەوەیی هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ دابینکردنی سۆسیالیزم وەکوو سیستمێکی دادپەروەرانە و ئینسانی لە کۆمەڵگەی داهاتوو نییە و دەکرێ دروشمی «گەیشتن بە سۆسیالیزم لە کوردستانێکی سەربەخۆ» ستراتێژیی ئەم حیزبە بێ.
لەم ڕەوتەدا ئەگەر چەپی کوردستانی، وڵاتەکەی خۆی وەکوو وڵاتێکی کۆلۆنی کراو پێناسە بکا، دەکرێ ئەو وتەیەی ئێنگلس لە پێشەکی بۆ چاپی ئیتالیایی مانیفێست لە ساڵی ١٨٩٣دا وەکوو نەخشەڕێگایەک لەبەرچاو بگیرێ کە دەڵێ: «بەبێ وەدیهاتنی سەربەخۆیی و یەکیەتیی هەر نەتەوەیەک، نە ئەگەری یەکیەتیی نێونەتەوەیی پرۆلتاریا هەیە و نە هاوکاریی ئاشتیخوازانە و ئاگایانەی نەتەوەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش»(2) لەکردن دێ.
بێگومان بوونی چەپ بە ئاڵاهەڵگری مافی دیاریکردنی چارەنووس هەتا گەیشتن بە سەربەخۆیی و دەوڵەت و کیانی کورد بەمانای ئەوە نییە کە ئەم هێزە خۆ لە کێشەکانی ڕۆژانەی خەڵک دوور دەکاتەوە و بەبێ یەک و دوو کردن، دەیەوێ لە جیهانی ئاڵۆزی ئێستادا کتوپڕ بە سەربەخۆیی بگا. چارەسەری کێشەی نەتەوەیی و گەیشتن بە سەربەخۆیی ڕێگەیەکی ساف و بێلەمپەر نییە و لە کورتخایەندا وەدی نایە و، پێویستە بۆ گەیشتن بۆ ئەم ئامانجە بارودۆخی ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی مسۆگەر بکرێ تا خەڵکی بە ئاستێک لە ئاگایی نەتەوەیی بگەن کە بتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن. بەڵام ئەرکی هێزێکی چەپ، بردنی ئەم دروشمە بۆ نیوخەڵک و چەسپاندن و جێگیرکردنی ئەم بیرۆکەیە لە ڕەوانی کۆمەڵگە دایە هەتا کاتی پێویست خەڵک لەبەرامبەر ئەرکی مێژوویی خۆی بێهەڵوێست نەمێنێ و ئامادەی هەر چەشنە ڕووداو و بارودۆخێکی پێشبینی نەکراو لەم پێوەندییەدا بێ. لە پرۆگرامی حیزبێکی چەپی کوردستانی مەسەلەی سەربەخۆیی وەکوو هەڵبژاردەیەکی مێژوویی دەبێ ڕەنگدانەوەی بێ و بۆ دیتنەوەی ڕێگای گەیشتن بەم ئاواتە نەخشەڕێگایەکی دروست و زانستی مسۆگەر بکرێ. ئەرکی کوردی سۆسیالیست، گرێدانی خەباتی نەتەوەیی و چینایەتی بەیەکەوە، هەروەها بەرگری کردنە لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد تا ئاستی جیایی و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

سەرچاوە:
1) مانيفست حزب کمونيست. ص٤٤
2) سەرچاوەکەی سەرێ لاپەڕەی ٢٢، ئێنگلس ئەم پاراگرافەی لە پێوەندی لەگەڵ ئیتالیادا هێناوەتەوە، کە لەژێر فەرمانی ئوتریش و ئاڵمان کە ناڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی ڕووسیەی تزارییدا بوو و پاش شۆڕشی ١٨ی مارسی ١٨٤٨ لەم حاڵەتە ڕزگاربیان بوو.