لەمێژساڵه هه‌ر له کاتی سازبوون و پێکهاتنی دنیاوه له نێوان مرۆڤه‌کاندا شه‌ڕ و کوشت و کوشتار هه‌یه و ئه‌وه هه‌ر ده‌بێ و ده‌مێنی. زۆرن ئه‌و نه‌ته‌وه و وڵاتانه‌ی له مێژوودا ناویان هه‌یه و به‌جێگای ماڵ و مەقام و جێگە و پێگە، بۆ مافی ڕه‌وای خۆیان که هه‌مان مافی مرۆڤێکی ئاسایی کە مافی دیاریکردنی چاره‌نووسیانه شه‌ڕ ده‌که‌ن و شه‌ڕیان کردوه و کوردیش یه‌ک له‌و نه‌ته‌وانه‌یه و ئێستا و ئێستاش ئه‌و خەباتەی لە بەرامبەر داگیرکەرانی خاک و وڵاتەکەیدا هەر به‌رده‌وامه و له‌و ڕێگایه‌دا هه‌زاران گیانی بەخشیوە و خوێنێکی زۆر لە جەستەی چۆڕاوە. ئه‌وه‌ی لێره‌دا به پێویستم زانی باسی بکه‌م نه‌قشی ژنی کورد به‌تایبه‌ت ژنانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و ژنانی دێموکراته کە بە بەشی خۆیان یان دەتوانم بڵیم زیاتریشیان زام هەڵگرتوە و ته‌نانه‌ت وەک پیاوەکانیش خوێنیان لەو پێناوەدا ڕژاوه.
لەو ڕێبازەدا زۆر کچی وەک کاڵێ کەڵهوڕ، خەجیج عەبدوڵڵاهی، شاناز قوربانی ئه‌قده‌م، دڵشاد گادانی، مریەم ئیبراهیمی، ئیلهام میرزایی، پەروین روحی، سوڕەیا نیگەهدار، شه‌مسی فاتحی، بەیان مینبه‌ری، عەزیمە عوسمانی، فاتمە دڵاوه‌ری و هتد… هەبوون. ئەو خۆشەویستانە ئازایانه هاوڕێ له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رانیان سینگیان کرده قه‌ڵغانی گولـله و گیانی پاکیان به نیشتمان و وڵات به‌خشی. ئەوان ئاواتیان ئازادی و سەربەستیی نەتەوە و وڵاتەکەیان بوو و بۆ وەدیهاتنی ئاواتە ڕهواکەیان بڕیاریان دا پەچە و ڕووبەند فڕێ دەن و کەواوپانتۆڵی پیشمەرگانە بپۆشن و چەکی شەڕەف بکەنە شان و ببن بە پێشمەرگە.
ڕاستە له‌گه‌ڵ شەهیدبوونی هه‌ر پیاوێكی تێكۆشه‌ر چه‌ند ژنیش ژیانی ئاساییان لێ زه‌وت ده‌بێ بەڵام له نێو ئه‌واندا ئەو چەند خاتوونە هەبوون که یان له شه‌ڕی قاره‌مانانه‌دا هاوشانی پێشمه‌رگه پیاوه‌کان تا ئاخر دڵۆپی خوێنیان شه‌ڕیان کردوه یان له ڕووداوی جۆراوجۆر به‌ڵام له کاتی خه‌باتدا گیانیان به‌ختی وڵاته‌که‌یان کردوه، یان له سێداره دراون و شه‌هید بوون. ئه‌و خاتوونانه‌ی هه‌ر کامیان یه‌كێك له ئازاترین و بوێرترین مرۆڤه‌کان بوون. دیارە ئەوانەی ناوم هێنان هەموو پێشمەرگە بوون و ڕێگای پێشمەرگایەتییان بە خواستی خۆیان هەڵبژاردبوو بەڵام بە دەیان ژن و کچی دیکەش هەن کە بە تۆپباران و مووشەک و گولـلەی وێڵەکی و مینی چێندراو و… بە شێوەی جۆراوجۆر شەهید بوون و پێشمەرگەش نەبوون و بە مه‌زڵوومی بوونە قوربانیی شەڕێکی نەخوازراو.
ئەو کاروانە نەپساوەیە هەر بەردەوام بووە و هەتا ئازادی و سەربەستیی کوردستانیش بەردەوام دەبێ. لە نێو هەموو ئەو خاتوونانە کە هەتا ئێستا گیانیان پێشکەش بە نەتەوە و نیشتمانەکەیان کردوە دوو خاتوونی سەرکردە هەن؛ نەسرین حەداد و سوهەیلا قادری. نەسرین کچی پێشمەرگە و بووکی پێشمەرگە و ژنی پێشمەرگە و خۆشی پێشمەرگە و مامۆستای پێشمەرگە بوو، ئەو مامۆستای شۆڕش بوو و هەتا لە ژیاندا بوو لە فێرکردنی منداڵ و کادر و پێشمەرگە نەوێستا هەر بۆیە لە نێو هاوڕێ و هاوسەنگەرانیدا بە مامۆستا نەسرین ناسرابوو. خاتوونی سەرکردە خاتوو سوهەیلا قادری، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سکرتێری یەکیەتی ژنانیش بوو. سوهه‌یلاش هەر وەک مامۆستا نەسرین کچی پێشمەرگە و هاوسەری پێشمەرگە بوو. لە منداڵییەوە لە نێو بارەگاکانی حیزبی دێموکرات‌دا گەورە بوو و گەشەی کرد و بوو بە ئومێد و خۆشەویستی زۆر لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی. ئەوان لە ١٧ی خەرمانی ١٣٩٧دا لە قەڵای خۆڕاگری دێموکرات لە کاتێکدا کە لەسەر مێزی پلینیۆم دانیشتبوون هاوڕێ لەگەڵ چەندین کادر و پێشمەرگە و ئەندامی ڕێبەری بە مووشەکی کۆماری ئیسلامی شەهید بوون و بوون بە ئوستوورەی مێژووی کورد.
دوای شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م بیرمه‌ندێک کاتێک بێوه‌ژنانی سه‌ربازانی شه‌ڕی بینی گوتی: «له شه‌ڕدا ته‌نیا که‌سێک نامرێ به‌ڵکوو دوو که‌سن که ده‌مرن»، من ده‌ڵێم له‌و کاته‌وه که کورد خه‌باتی خۆی به دژی داگیرکه‌ر ده‌ست پێکردوه له‌گه‌ڵ هه‌ر پیاوێک که شه‌هید ده‌بێ ژنێکیش ده‌مرێ، دایکێک هه‌تاهه‌تایه پرچی سپی ده‌هۆنێته‌وه، خوشکێک خۆی ئه‌گه‌ر به‌هێزترین که‌سیش بێ، بێ پشتوپه‌نا ده‌بینێ و کچێکیش له نازی بابی بێبه‌ش ده‌بێ و ئه‌وه‌یه که له‌گه‌ڵ ناوی هه‌زاران شه‌هیدی دێموکرات هه‌زاران دایک و خوشک و کچیش هه‌تاهه‌تایه دڵ به‌خه‌م و نازلێشێواو و بێ پشتوپه‌نا بوون به‌ڵام ده‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا هه‌ر ئه‌و ژنانه بوون به چقڵ بۆ چاوی نه‌یار و دوژمن و به وره و ئیراده‌ی پۆڵایینیان سه‌لماندوویانه درێژه‌ده‌ری ڕێبازی نهمرانن.
ئه‌گه‌ر ژنانی جیهان داوای ڕه‌وای ژنانی کرێکاری کارخانه‌ی ڕستن و چنینی ئه‌مریکا واته 8ی مارسیان کردوه به ڕۆژی جیهانیی ژن، به بڕوای من ڕۆژی ژنی کورد ئه‌و ڕۆژه‌یه که یه‌که‌م ژنی کورد په‌چه و ڕووبه‌ند و چارشێوی وه‌لانا و لە مەتبەخ و چێشتخانە هاتە دەرێ و که‌واوپانتۆڵی پۆشی و چه‌کی کرده شانی و شان به شانی مێرد و برا و بابی ڕاوه‌ستا و سه‌لماندی که له هیچ شوێنێک و هیچ بار و دۆخێک ته‌نانه‌ت له هێز و تواناییشدا هیچ که‌متر له پیاو نییه، ئەگەرچی ئەو ژنانە لە جێی خۆیدا هەر کامیان باشترین کچ بۆ دایک و بابیان و باشترین خوشک و وەفادارترین و دڵسۆزترین دایک و هاوسەر بوون، به‌ڵام به‌وه‌نده ڕازی نه‌بوون و ویستیان له مه‌رگیشدا هاوچاره‌نووسیان بن.