Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۷ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۸ | 18/09/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

تەکلیفی خەڵک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕوون و یەکلایە، نایانەوێ

15/04/2019 | 21:19:26
+A
-A
عەلی بداغی

(دەقی قسەکانی عەلی بداغی، ئەندامی ڕێبەریی حیزب لە ڕێوڕەسمی کۆتایی دەورەی 232ی سەرەتایی پێشمەرگە)

 

هاوڕێیانی کادر و پێشمەرگە!

ئامادەبووانی بەڕێز!

بەشدارانی دەورەی 232ی سەرەتایی پێشمەرگە!

ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەوە هەتا پیرۆزبایی بە پۆلێک لاوی شۆڕشگێڕی دیکەی نیشتمانەکەمان بڵێین کە لە پێناو ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد لە ئێران و، بۆ خەبات لە دژی دەسەڵاتی جەور و جینایەتی کۆماری ئیسلامی؛ سەنگەری حیزبی دێموکراتی کوردستان‌یان هەڵبژاردوە. بۆیە هەر لە سەرەتای قسەکانمدا لە قووڵایی دڵەوە پیرۆزبایی بە ئێوە بەشدارانی دەورە و بە خۆشمان دەڵێم. چونکی بوونی ئێوە و، بڕیاری شۆڕشگێڕانەی ئێوە و هەڵبژاردنی ئەم سەنگەرەی ڕووتان تێکردووە؛ ڕەواییەتی خەباتی نەتەوەیەکی ئازادیخوازە و هەروەها، متمانەی قووڵی ئەم گەلە بەو سەنگەرەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانە.

هەڵبژاردنەکەی ئێوە دەقیق و لەجێی خۆی دایە. ئەگەر ئەمڕۆکە دوای 40 ساڵ لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خەریکە هاوڕاییەکی گەورە بۆ “نا” گوتن بەو ڕێژیمە دروست دەبێ، کورد لە ئێران هەر لەگەڵ گوورانی ئەم دەسەڵاتە لە خاکەلێوەی 58ی هەتاویدا “نا”ی پێگوت.

ئەگەر ئەمڕۆکە دوای چوار دەیە بە ڕواڵەت باسکی چەکداری ئەم ڕێژیمە، بەڵام لە ڕاستیدا هەر تەواوەتیی ڕێژیم دەخرێتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە، بزووتنەوەی سیاسی و مقاومەتی کورد لە ئێران بە پێشەنگایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، چل ساڵە شەڕی ئەم دەسەڵات و هێزە تێرۆریستییە دەکا.

بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران سەری بەرزە، کە سەرەڕای ئەوەی خوێنی زۆری لەبەر ڕۆیشتووە و زەبری قورسیشی وێکەوتووە؛ بەڵام کۆڵی نەداوە، دەستی نەکێشاوەتەوە. مێژوویەکی خوێناوی، بەڵام پڕ دەسکەوت و سەرەوەریی لە مافخوازی و حەماسەخوڵقێنی و قوربانیداندا تۆمار کردوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو چل ساڵەدا ئەوەی لە دەستی هاتووە دەرحەق بە کورد و سیاسییەکانی کورد کردوویەتی. چەک نەماوە لە دژی ئەم بزووتنەوەیە دەکاری نەکردبێ. سەپاندنی شەڕ، پاشخستنی کوردستان لە پەرەسەندنی مرۆیی و ئابووری، ئێعدام و تێرۆری تێکۆشەرانی سیاسی، لێدانی چەند جارەی لەسەری حیزبی دێموکرات، میلیتاریزەکردنی کوردستان، قەڵاپرچن کردنی بەندیخانەکان لە ڕۆڵە بە هەڵوێستەکانی کورد، دروستکردنی قەیرانی هۆوییەت و پیلانی داماڵینی شوناسی نەتەوەیی، بەڵام نە ئەوانە و نە مووشەکی بالستیکیش نەیتوانی خەونە چەوتەکەی بێنێتە دی. ڕێفراندۆمەکەی 21ی خەرمانان و پێشتریش حەماسەکەی خەڵک بۆ بەهاناوەچوونی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان وەڵامێکی گەلێ ڕوون بۆ ئەم ڕێژیمە، بگرە زللەیەکی زۆر توند بوو کە وەخەبەری هێنان، کە ئێمە بە دار و تەناف و ئاگر و ئاسن ناتوێینەوە، بشمانبڕنەوە لەسەر کۆتەی خۆمان دەڕوێینەوە. ئێمە دەمێنین و ئێوەن کە دەبێ بارکەن بڕۆن و، مێژوو بە فەنابوونتان دەسپێرێ.

 

هاوڕێیانی بەشداربووی دەورەی 232ی پێشمەرگە!

ئەم بەرگەی ئێوە ئەمڕۆ دەبەرتان کردوە گەلێ پیرۆزە. وشەی پێشمەرگە لەگەڵ ئازادی و سەربەستیی نیشتمان پیرۆزترینی واتاکانن لە قامووسی ئەم میللەتەدا. ئەم چەکەی ئێوە ئەمرۆ کردتانە شان، بگێڕەوەی گەلێ حەماسە و داستانە لە سەروەریی میللەتێک. میللەتێک کە نە لافاوی ستەم و نە بوومەلەرزەی بێدادی و نە دەیان ساڵ ویشکەساڵی هەناسەدان بە ئازادیی، خەونی ئازادی و سەربەستیی لەبیر نەبردۆتەوە. ئەوەتا لەم کاروانە بێپسانەوە و بەردەوامەدا پۆل پۆل لاوی باڵابەرزن بەخۆنەویستی، بەڵام بە عەشق و خۆشەویستیی نیشتمان دێن و ئاگردانی ئەم شۆڕشەی بەرەو ڕووناکی، پڕگر و بەتین ڕادەگرن.

بێگومان ئێوە لەم ماوەیەدا و لە فێرگەی حیزبی دێموکراتدا زۆر وانەی بەنرخ فێربوون، لە ڕابردووی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیمان، لە ئێستای خەبات و تێکۆشانمان، وە لە سبەینێی ئەرک و بەپرسیارەتییەکانمان. لەگەڵ مامۆستاکانتان باسی کورد و چەندی و چۆنیی چارەسەری ئەم پرسەتان هێناوەتە بەرباس، تەتەڵەی ڕێباز و ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتتان کردوە. ژینگە و سروشتی دەوڵەمەند بەڵام بەتاڵانبراوی کوردستان و مەترسییەکانی بەردەم ئەم سروشت و ژینگەیە، خەسار و کۆی زیانەکانی بەردەم ئەم کۆمەڵگەیە، باس لە جەوهەری کۆماری ئیسلامی و گەوهەری لاوانی کورد لە سەنگەری شوناسخوازیدا؛ هەموو باس و مژاری لێدوان و ئاخاوتنی ڕۆژان و شەوانی ئەم ماوەیەتان بوون. بەڵام ئەمە سەرەتای ڕێگایە. ڕێگایەک کە ئێوە بە هەڵکەوت تووشی نەبوون، بەڵکوو هەڵتان بژاردوە و بۆ بڕینی هەتاسەر و گەیشتن بە لوتکە؛ دەبێ هەگبە و کۆڵەپشتییەکەتان پڕکەن لە توێشوو. توێشووی ئەم ڕێگای سەخت و پڕ کەند و گەوە، کە هاوکات چەکی دەستمان و زامنی سەرکەوتنمانە، زانستە. زانستی ناسینی کۆمەڵگە و خەباتەکەمان، زانستی سەرکەوتن بەسەر دوژمنانمان، زانستی چێکردنی نیشتمانی ئازادمان و مانەوەمان لە گێژاوی دنیای سیاسەتی ئێستادا؛ ئەم ڕەوتی فێربوون و پەروەردەیەش نەک هەر ئەرکی ئێوە، بەڵکوو لەسەر شانی هەموومانە.

ئێوە بەڵێنتان داوە هەتا ئەو عەیامەی کورد چارەنووسی خۆی نەگرێتە دەست، هەتا ئەو دەمەی دڵنیا نەبێ خاکەکەی بەتاڵان نابڕێ و پێی غەوارەی لەسەر نییە، هەتا ئەو کاتەی لاوانی ئازادیخوازی چیدی لەو سۆنگەیەوە ناخرێنە بەندیخانە و ناچنە بن پەتی سێدارە؛ هەتا ئەو کاتەی لەم نیشتمانەدا ئیدی کەس لەپێناو پارووە نانێکی کۆڵبەری منداڵی هەتیو و دایکی شینگێڕ و شەریکەژیانی مل بەکوێنی لەپاش بەجێ نامێنێ، هەتا ئەو ساتەی هەوری حاشا لە زمانی ئەم میللەتە لا دەدرێ و منداڵانمان لە قوتابخانە بەدەم چرینی سەربەستانەی “ئەی ڕەقیب”ەوە دەچنە پۆلەکانیان؛ هەتا ئەو دەمەی تەوری سەرکوت لەسەر گەردنی ئەم خەڵکە هەڵدەگیرێ؛ ئێوەن شۆڕەسواری ئەم مەیدانە و ئێوەن ئاڵاهەڵگری ئەم خەباتە. بۆیە تا گەیشتن بە لوتکە نابێ هیچ بەربەستێک ساردمان کاتەوە، نابێ هیچ چەڵەمەیەک چۆکمان پێ دابدا، نابێ هیچ نەهاتی و نەهامەتییەک شلمان کاتەوە. میللەتێک چاوی لە ئێمەیە. لەم ڕێگەیەشدا گەلێ ڕۆچنە و دەرفەت هەیە کە دەبێ دەکاریان بکەین و بیانقۆزینەوە. بێگومان سەرکەوتن بۆ ئێمەیە. سەربەخۆیی و ئازادی مافی ئەملاوئەولا و بەحەق شایانی ئەم میللەتەیە کە لە پێناویدا ڕووبارێک خوێنی لەبەر دەڕوا.

 

ئامادەبووانی بەڕێز!

کۆمەڵگەی کوردستان و هەروەها بزاوتی سیاسیی ئەم نەتەوەیە لە ئێران بە ئاقارێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێ. هەواڵی خۆش زۆرن، دەرفەتەکانیشن کەم نین و لەبەردەممانن؛ بەڵام گێرە و کێشەشمان هەیە کە دەبێ بیانبینین.

پرسی شوناسخوازی لە کۆمەڵگە و ئامادەبوونی کۆمەڵ بۆ گۆڕانکارییەکان گەیوەتە لوتکە و چۆتە قۆناغی داواخوازییەوە، ئێستا ئیدی کورد لە تەواوەتیی خۆیدا چ وەک کۆمەڵ و چ وەک ئیلیت و بژاردەکانی، هیچ جۆرە متمانەیەکیان بە نیزامی سیاسیی وڵات و وادە و بەڵێنەکانی هیچ باڵێکی ئەم رێژیمە نییە. ئەو بایەش کە لە دەرەوە هەڵی کردووە سازگارە. هەتا لوتکە زۆری نەماوە و ئەوەی ماوەتەوە خۆمانین و خۆمان.

ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانن ببنە بەستێنی زۆر ڕووداو و وادێتە بەرچاویش کە گۆڕانکارییەکان بەرەو ئاقارێکی تایبەتمان بەرن. بەڵام مخابن هێزە سیاسییەکانی کورد بەتەواوی بۆ ئەم هەلومەرجە ئامادە نین. هێشتا پەرەم پەرەم و پەرتەوازەین، هێشتا نیری دەمارگژی و تەنیا خۆبەتەوەرزانیمان بەتەوای لە مل دانەماڵیوە، هێشتا بە یەک زمان باس لە نیاز و ئاوازەکانمان ناکەین و ئەمەش کە هەر کام لەبەر خۆیەوە سازی خۆی بژەنێ کارساز نین. شان و شەوکەتی خەباتێکی دوور و درێژ، خەونی بە هەزاران هەزار شەهیدی سەنگەر، ئاواتی بە میلیۆن کۆرپەی چاو لە داهاتوو دەبێ لەو قۆناغەمان دەرباز بکەن. دەبێ قەڵەمباز بدەین و پێکەوە و یەکگرتوو لەو گێژاوەدا ئەم خەباتە بگەیەنینە سەرمەنزڵی مەقسوود.

لە کۆتاییدا دەخوازم هەموو خۆمان لەو مەیدانەدا ببینینەوە، هەموومان ئەرکوەخۆگر بین، هەموو شان بدەینە بن ئەو بەرپرسایەتییە و لە حاندی ئەم متمانەیە بین کە میللەتەکەمان پێی کردووین.

 

سەرکەوێ و سەردەکەوێ خەباتی بەخوێن نەخشاو، بەڵام ڕەوا و بەرحەقی ئەم میللەتە!

پیرۆز بێ لە ئێوەش دەبەرکردنی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی و دەشانکردنی چەکی قەت نەکەوتووی پارێزگاری لە کەرامەتی خاک و نەتەوە و نیشتمان!

هەر شەکاوە بێ ئاڵای تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!