یەکەم هێرشی هەوایی ئیسرائیل دوای سەرکەوتنی نەتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە بە دژی پایگاو مۆڵگەکانی سپای پاسداران لە خاکی سووریە دەستیپێکرد.
بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٤ی خاکەلێوە فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر بنکەو پایگاکانی کۆماری ئیسلامی و بوردۆمانیان کرد.
بە پێی هەواڵدەریی سانای سوریا ئەمڕۆ ٢٤ی خاکەلێوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی سپای پاسداران لە شاری مەسیاف لە پاڕیزای حەما و دەگوترێ لە ئاکامی ئەو هێرشە چەند باڵەخانەیەک وێران بوون.
زانیارییەکان لە پێوەندی لەگەڵ زیانی گیانی ئەو هێرشە باس لە برینداربونی سێ چەکدار دەکەن.
شیاوی باسە دوای ئەوە دەوڵەتی تڕامپ سپای پاسدارانی خستە نێو لیستی تێرۆرەوە، ئەگەری ململانێی ئێران و ئیسرائیل زیاتر دەبێ و، هەربۆیە پێشنوێژی رۆژی هەینی لە شاری تاران و فەرماندە هێزە وشکانییەکانی سپای پاسداران سەرلەنوێ هەڕەشەیان لە ئیسرائیل کرد و لە وڵامدا فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە، بنکەکانی سپای پاسدارانیان لە خاکی سووریە کردە ئامانج.
جێیبیرهێنانەوەیە کە نیزیکەی دوو ساڵە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە بیانووی هەبوونی بنکە و بارەگای سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان، ناوچە جیاجیاکانی سوریا بۆردومان دەکەن و، زەرەر و زیانێکی زۆریان بە هێزەکانی سپای قوودس گەیاندوە.
شایانی باسە کۆماری ئیسلامی لە تێکدان و ئاڵۆزکردنی دۆخی سووریە دەوری بەرچاوی هەیە و بەگوتە ئەحمەد ڕەمەزان ئەندامی شوڕای میللی سووریە، کۆماری ئیسلامی نیزیک بە ٤٠ ڕێکخراوەی جۆراوجۆری لە سووریە دامەزراندوەو، لەو وڵاتەدا سەدان کەس بەکرێگیراوی هەیە.