Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۴ ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۹۸ | 24/04/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

دیسان خامنەیی و داڵغەی وەبەرهێنان!

05/04/2019 | 00:21:05
+A
-A
کەماڵ کەریمی

ئێران سالی ٩٧ی بە گشتی و بە تایبەت لە بواری ئابووریدا لە ئاقارێکی خراپتر لە ڕابردوودا تێپەڕ کرد. ساڵەکانی پێشتر بە هۆی سووککردن و لابردنی بەشێک لە سزا نێودەوڵەتییەکان و وەدەست خستنەوەی بەشێک لە قەرز و پووڵە بلۆککراوەکان، ئابووریی وڵات گەشەیەکی چەند لە سەدی بە خۆیەوە بینی. ئیستا ئەم ئاستە لە گەشە نەک هەر دابەزیوە، بەڵکوو پێدەچێ ساڵی ٩٨ چەند لە سەدێک بێتە ژێر خاڵی سفرەوە. لەوە گەڕێین کە دەمڕاستەکانی ڕێژیم هەرکام چ لێکدانەوەیەک بۆ ئەم کێشە کە ڕاستەوخۆ یەخەی خەڵکی گرتۆتەوە دەکەن و چۆن یەکتر تاوانبار دەکەن بە لێنەزانی و نەبوونی مودیرییەت و دزی و فەساد، کە هەمووی ئەوەی لە سەر یەکتری دەڵێن ڕاستە. ئەگەر سەرنجێکی سەرپێیی بدەینە سیستمی ئیدارەی ئابووری، ڕاستییەکی تاڵتر ئەوەیە کە ئابووریی ئێران بناخەیەکی داڕێژراوی زانستی و قایمی نەبووە و ئەگەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی ئاخوندەکان ئابووریی ئێران لە سەر سیستمێکی داڕێژراو بەڕێوە دەچوو، ئەوەشیان لە بەر یەک هەڵتەکاندوە. کەوابوو پێش ئەوەی لە هۆکارەکانی دیکە بگەڕێین ئەوە لە بەر چاو ڕوونە کە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی دۆخێکی ئاوا نالەبار، زاڵبوونی دەسەڵاتێکی فاسد و قۆڵبڕە کە لە جیاتی بیرکردنەوە لە دیتنەوەی ڕێگە چارەکان و ئەسپاردنی ئەو ئەرکە بە کەسانی شارەزا و خزمەتگوزار، تەنیا بیر لە کۆکردنەوەی پووڵ و سامانی گشتیی وڵات بۆ گیرفانی خۆیان دەکەنەوە.
یەکێک لەو هۆکارانەی زۆر لە سەر زمانانە و بە تایبەت ئەمڕۆژانە کەوتۆتە نێو باسەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیش کە پێشتر حاشایان لێدەکرد، مەسەلەی تەحریمە بەرفراوانەکانی ئەمریکایە لە سەر ئێران کە بە دوای هاتنەسەر کاری دۆناڵد تڕامپ و رەدکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام بە سەریدا سەپێندرایەوە. گومان لەوەدا نەبوو و چاوەڕوان دەکرا کە ئەو گەمارۆیانە بە پێچەوانەی هاش و هووشەکانی ڕێبەری نیزام و دەست و پێوەندەکانی کاریگەریی کتوپڕ و قورس لە سەر باری ئابووری و پووڵی ئێران دادەنێ و بەرەو داتەپینی دەبا. چونکە ئابووریی وڵاتێک کە تەنیا پووڵی نەوتی هەرزان فرۆشکراو پاڵپشتی بێ لەگەڵهەر لەرزەیەکی سیاسی لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا، ناتوانی خۆی ڕابگرێ و بە لە دەستدانی سەرچاوە پووڵییەکانی بە ئاسانی بەرەو داڕمان دەڕوا. ئێستا تەحریمەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ تەنیا سەرچاوەی بەهێزی داهاتی پووڵیی ئێرانی خستۆتە مەترسییەوە. جگە لە دابەزینی نرخی نەوت کەمبوونەوەی کڕیاری نەوتی ئێران لەژێر هەڕەشەکانی ئەمریکادا ئەم سەرچاوەیەشی تووشی لاوازی کردوە و بەرەو وشکبوونی دەبا.
هەرچەند ناکرێ کاریگەریی تەحریمەکان لەسەر ئێران بە کەم ببینرێ، بەڵام ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تووشی ئەو قەیرانە و بە گشتی خەڵکی ئێرانی تووشی ئەو مەرگەساتە کردوە کە ڕاستەوخۆ نیزام و ڕێبەرانی لێی بەرپرسن، زۆرتر بابەت گەلی نێوخۆیین. بێ بەرنامەیی ئابووری و نەبوونی چاوەدێریی دروست کە زۆرتر بۆ نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و کارامە لە ئێراندا دەگەڕێتەوە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی مافیای سپای پاسدارانی نییە و بە زۆر هۆکار بوونەتە چاولەدەست و شەریکیان، هۆکارێکی بەرچاوە بۆ ئاڵۆزبوونی کێشە ئابوورییەکان. هاوئاهەنگیی ئابووریی دەوڵەتی لەگەڵ کەرتی تایبەت پێویستییەکی گرینگە بۆ گەشەپێدانی ئابووری. بەڵام لەم بوارەدا سپای پاسداران لە ڕێگەی «قەرارگای خاتم الانبیا» کەرتی تایبەتی قۆرغ کردوە کە خێر و بێری تەنیا بۆ بەشێک لە سەرکردە و فەرماندەکانی سپایە و ئەم بەشەی لە ئابووریی وڵاتی وەلا ناوە. بە نەبوونی سەرمایە لە دەست خەڵکدا و کۆبوونەوەی پووڵی وڵات لە دەست کۆمەڵێکی تایبەتدا کە بۆ خۆیان هیچ دڵنیاییەکیان لە داهاتووی نیزام نییە و بە چەند میلیارد دۆلار لە سەرمایەی نەختیی وڵاتیان بردۆتە دەرەوە کە یا لە بانکەکانی دەرەوە دایدەنێن یا لە وڵاتانی دیکە موڵک و ماڵی پێدەکڕن، ئێران تووشی قەیرانی پووڵی هاتووە. هەر بۆیە کەرتی تایبەت ناتوانی هیچ یارمەتییەک بە بەرەوپێشبردنی کاری بەرهەمهێنان بکا. لەگەڵ ئەوەش لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بانکەکان لە جیاتی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری پووڵی بە خەڵک بۆ وەگەڕخستنی کەسب و کار، قەرزی گەورە و میلیاردییان داوەتە کەسانێک کە لە دەسەڵات و باندە مافیاییەکانیان نیزیکن کە هیچ خێر و بێرێکیان بۆ خەڵک و ئابووری وڵات نەبووە و تەنانەت بەشی زۆریان کە پشتگیری باندە مافیاییەکانی دەسەڵاتیان هەیە ئامادە نەبوون قەرزەکانیان بۆ بانکەکان بگێڕنەوە.
لەم وەزعە شپرزەی ئەمرۆدا خامنەیی، ڕێبەری نیزام وەک ساڵانی ڕابردوو کە هەر ساڵەی بە ناوێک ناودێر دەکرد کە خەڵک دڵخۆش بکا بە چارەسەری باری ئابووری، ئەمساڵیشی بە ساڵی پەرەپێدانی بەرهەمە نێوخۆییەکان ناو نا. دیارە لە دە ساڵی ڕابردوودا بەردەوام خامنەیی لە پەیامە نەورۆزییەکانیدا کە بۆ خۆی کردیە باو، سەرنجی دەخستە سەر بواری ئابووری و هەر ساڵێک ناوێکی لێ دەنا. بەڵام لە تەواوی ئەو ساڵانەدا ئەم ناو لێنانانە نەتەنیا یارمەتییەکی نەدا بە باشبوونی باری ئابووری، بەڵکوو خۆش بژیویی ئابووریی بنەماڵە ئێرانییەکان بەرەو خراپتربوون ڕۆیشتووە. خامنەیی کە سەرەڕای دروشمدانەکانی دەردەکەوێ دەستی شتووە لە بەرهەمهێنانی پێشەسازی و گەورە، ئیستا چاوی لە بەرهەمهێنانی بنەماڵەییە بۆ دروستکردنی بەرهەمی دەستی و بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵی هەر نەبێ بۆ ئەوەی لە برسان نەمرن.
ئەوەی ڕاستییە، کێشەی ئابووری ئێران نە هی ئیستایە و نە تەحریمەکان بە تەنیا توانیویانە ئەو وێرانییە ئابوورییە دروست بکەن. کێشە جۆراوجۆرەکانی ئێران و بە تایبەت کێشە ئابووریەکان بە تێکڕا دەگەڕێنەوە بۆ بوونی دزی، و درۆ و فەسادێک کە تەواوی سیستم و دەسەڵاتدارانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی لە ڕێبەرەوە و هەموو دەستوپێوەندەکانی گرتۆتەوە. کەم کەس لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەیە کە ئیستا ناوی لە لیستی دز و ماڵخۆرەکاندا نەبێ و هەتا لە ڕێبەریش نیزیکتر ببیەوە فاسدەکان زەقتر و بەرچاوترن. هە بۆیە زۆر زەحمەتە ئەم دەستەواژانەی هەموو ساڵێک خامنەیی ڕایدەگەیەنێ بتوانێ چارەسەرێکی دەرد و مەرگی خەڵک بکا، بەڵکوو تەنیا داننانێکە بەو دۆخە شپڕێوەی بڕستی لە خەڵک بڕیوە. هەر ئەوەی خامنەیی ساڵی ٩٨ بە ناوی پەرەپێدانی بەرهەم ناودێر دەکا، ئەو ڕاستییە دەردەخا کە گەشەی ئابووریی ئێران بەرەو داکشانە و تەنانەت ئاستی بەرهەمهێنان خراپتریش دەبێ لە چاو ساڵی ڕابردوو.