Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۵ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۸ | 16/07/2019 | کاتژمێر:
روانینی دەرەکی

هەڵسەنگاندنی سۆسیالیزم

05/04/2019 | 00:10:16
+A
-A
د. کامڕان ئەمین ئاوە

گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم
هەڵسەنگاندنی سۆسیالیزم
(8-7)
((تا چ ڕادەیەک جیهانی ئەمڕۆ جارێ جەوانە و تا چ ڕادەیەک گاڵتەجاڕە کە ئێمە بایەخێکی ڕەها بۆ تێڕوانینی ئێستای خۆمان بدەین.))
ئێنگلس، ئانتی دۆرینگ

لە ڕاستیدا هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی بیروهزری سۆسیالیستییەوە هەتا ئێستا پێناسەیەکی پەسەندکراوی گشتی بۆ ئەم چەمکە بەدەستەوە نەدراوە، ئەوەی وا لە سەرەوەدا باسمان کرد کورتە مێژوو و ئەزموونی بیری چەپیی کۆمۆنیستەکان بوو. دەکرێ تەنیا ئاماژە بەم دیاردەیە بکرێ. لە کاتی مارکسەوە خاوەندارییەتیی گشتیی ئامرازی بەرهەمهێنەر وەکوو مەرجی سەرەکیی سۆسیالیزم لەبەرچاو گیراوە و ئەم تێگەیشتنە بەهۆی ئەوەی کە بەشینەوەی دادپەروەرانەی داهات تەنیا لە چوارچێوەی خاوەندارییەتیی گشتی یان کۆمەڵایەتیدا وەدی دێ، بیری زاڵ لە نێو سۆسیالیستەکان بووە.
ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت و وڵاتە هاوپەیمانەکانی ئەم پرسیارەی هێناوەتە گۆڕێ: بڵێی سۆسیالیزم نەخشەڕێگایەکی دروست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مرۆڤایەتی بێ؟ کاتێک ئێمە پاش پتر لە دوو دەیە سەیری ڕووداوەکانی جیهان و بە تایبەتی بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمارەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو و وڵاتانی بەناو جیهانی سێهەم، هەروەها «بەراوردێک لە نێوان وڵاتە سۆسیالیستییەکانی ئێستا لەگەڵ دراوسێ سەرمایەدارییەکانیان بکەین، وێناچێ ئاکامەکە زۆریش بە زیانی وڵاتە سۆسیالیستییەکان تەواو بێ. بۆ وێنە پێوەری هەژاری و پاشکەوتوویی لە «هێند» گەلێک بەرزتر لە «چین»ە و برسیەتی بۆ چینییەکان بە پێچەوانەی هەزاران و میلیۆنان کەس لە خەڵکی هێند کە کێشەی ڕۆژانەیانە، لە مێژە ئیتر بە مێژوو ئەسپێردراوە.»(1) تەنانەت بارودۆخی ژیان لە کووبا پاش ڕووخانی پاڵپشتە سیاسی و ئابوورییەکانی لە ڕۆژئاوای ئورووپا و یەکیەتیی سۆڤییەت، سەرەڕای قەیران و کێشەی جیدی ئابووری، ئەگەر باشتر لە وڵاتەکانی دیکەی ئەمریکای لاتین نەبێ، خراپتر نییە. یان کاتێک شایەدی هەڵوەشاندنەوەی یاسای پێشگیریی فرەژنی و کڕین و فرۆشی ژنان و ئازادکردنی ئەم کارە لە وڵاتێک وەکوو کۆماری ئینگووش لە ڕووسیەین، دەبینین کە کۆمۆنیستەکان چ کەسانێکیان کۆنتڕۆڵ کردبوو!
بەم حاڵەش پرسیار ئەوەیە:
ئایا ئەم شێوە ژیانە و ئاستی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک لە وڵاتە سۆسیالیستییەکان هەر ئەوەیە کە بیرمەندانی سەرەتایی و سەرەکیی کۆمۆنیست وادەی وەدیهاتنیان دابوو؟ بڵێی مرۆڤی سەدەی ٢١ بەپێی ئەزموونی یەکیەتیی سۆڤییەت، چین و هتد ئامادەی قەبووڵی سیستمێکی بەستراوەی تاک حیزبی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیی حیزبێکی چەپ یان هەر چەشنە بیروهزرێکی فەلسەفی یان ئایینی بێ؟ بڵێی پاش ئەم هەموو ئاڵوگۆڕە بەرچاوەی کە لە سیستمی سەرمایەداری و شێوەی بەڕێوەبەری و خزمەتگوزاریی کۆمەڵگە، بەتایبەت لە ڕۆژئاوای ئورووپادا کراوە، ئەگەری شۆڕشێکی کرێکاری و دابینکردنی دیکتاتۆریی پرۆلتاریا بە چەشنی کلاسیک مابێ؟ بڵێێ پرۆلتاریا هەر ئەو تایبەتمەندییانەی کاتی مارکسی مابێ و تەنیا چینی بەڕاستی شۆڕشگێڕ لە پێناوی ڕێبەرایەتیی خەڵک بۆ گەیشتن بە سۆسیالیزم بێ و لەم پێناوەدا تەنیا زنجیرەکانی دەستی خۆی لە دەست بدا؟ یان کاتێک بە باوەڕی مارکس و ئێنگلس سۆسیالیزم تەنیا لە وڵاتێک وەدی دێ کە گەشەسەندنی ئابووریی بە ئاستێکی وەها بەرز گەیشتبێ کە بتوانێ بەبێ چەوساندنەوەش، سامان و سەروەتی پێویست و شیاو بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە مسۆگەر بکا، ئەگەری سەرکەوتنی سۆسیالیزم لە وڵاتێک و بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەدواکەوتوو و هەژاری جیهانی سێهەم هەبێ؟ بڵێی کۆمەڵگەی داهاتوو بەبێ دێموکراسی و پلۆرالیزمی سیاسی، هەروەها مافی گۆڕینی دەستەڵات بە دەنگی خەڵک، بتوانێ باس لە دێموکراسی و ئازادی و کەرامەتی ئینسانی بکا؟ ئێمە دەبێ ڕوونی بکەینەوە لایەنگری کام سۆسیالیزمین و ئەم سۆسیاڵیزمە دەبێ چ تایبەتمەندییەکی هەبێ کە سۆڤیەت و چین و هتد نەیانبووە؟
ئەگەر جارێ واز لە قۆناغی بەرزتری کۆمۆنیزم بهێنین کە بەڵێنی گەیشتن بە وڵاتێکی خەیاڵیی بێکێشە، بێ چین و توێژی جیاواز و هەرچەشنە ئایدۆلۆژییەکی سیاسی، بێدەوڵەت و دوور لە هەرچەشنە نامرۆڤایەتی و بەشینەوەی داهاتەکان نە بەپێی کار، بەڵکوو بەپێی پێداویستیی دەدا، باشتر دەبێ تیشک بخەینە سەر چۆنیەتی و تایبەتمەندیی بنەما و قەوارەی کۆمەڵگەی مەبەستمان!
پێویستە ڕوون بکرێتەوە ئەگەر بڕیارە بناغەی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی لەسەر خاوەندارییەتیی کۆمەڵایەتی بێ، چوارچێوە و سنووری ئەم چەشنە خاوەندارییەتییە تا کوێیە؟ بڵێی پێویست بێ وەکوو سۆڤییەت تەواوی دامودەزگا سەنعەتی و دووکانە بچووک و گەورەکان و هتد کۆمەڵایەتی بکرێن و خاوەندارییەتیی خۆیی لە تەواوی ئاستەکاندا لەنێو ببرێ؟ لە کۆمەڵگەی جێ مەبەستدا شێوەی بەشداریی زەحمەتکێشان لە داڕشتنی بەرنامە و بەڕێوەبردنی یەکەی بەرهەمهێنەر بە چ چەشنێکە و کێشەی سەربەخۆیی ڕێژەیی یەکەکانی بەرهەمهێنەر چۆن چارەسەر دەکرێ؟ پێوەندیی دێموکراسی، ئازادی، جیابیری، دەنگدانی خەڵک و پلۆرالیزمی سیاسی و هتد لە وڵاتێک کە دەسەڵات تەنیا بە دەست نوێنەری زەحمەتکێشان واتە دیکتاتۆریی پرۆلتاریاوەیە، لەگەڵ ئەو هێز و ڕێکخراوانەی کە قبووڵیان نییە چۆن دەبێ؟ بڵێی بۆ دووپات نەبوونەوەی کارەساتەکانی کاتی ستالین، مائۆ و پۆل پۆت بۆ دابینکردنی سۆسیالیزم مل بە ڕێگای شیکردنەوە و ڕکابەریی ئاشتیخوازانە بدرێ و یاسا ئەو مافە بە خەڵک بدا کە خاوەنداری چارەنووسی خۆیان بن و، هێزی پێشڕەوی خەڵک لەجیاتی ئەوان بڕیار نەدا؟
بێگومان داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ داهاتوو لە ئێستاوە دەتوانێ ڕەنگ و ڕووی خەیاڵی بەخۆیەوە بگرێ، بەڵام لانیکەم پێویستە خاڵە گرنگەکانی بینای سۆسیالیزمی داهاتوو شی بکرێتەوە، لەم ڕەوتەدا پێویستە لە ئەزموونی وڵاتانی سۆسیالیستی وەکوو سۆڤییەت و هاوپەیمانانی لە ڕۆژئاوای ئورووپا یان چین و کووبا و هتد کەلک وەر بگیرێ. نکۆڵی لە سۆسیالیستی بوونی ئەم وڵاتانە هیچ یاریدەیەک بە خەسارناسیی نەهامەتییەکان و هەڵەکانی شێوازی دابینکردنی سۆسیالیزم نادا، ئەویش لە حاڵێکدا کە ڕەخنەگرەکان نە مۆدێلێکی جێمتمانەیان وەکوو جێگر هەیە و نە چەمکی سەرمایەداریی دەوڵەتی لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی ئەو وڵاتانەدا دێتەوە.
خاوەندارییەتیی کۆمەڵایەتی (دەوڵەتی) و گەلەکۆمە هەر ئەو جۆرەی کە بیرمەندانی سەرەکیی کۆمۆنیست گەڵاڵەیان کردبوو بنەما و جەوهەری ئابووری و سیاسیی ئەو کۆمەڵگەگەلەیان پێکهێنابوو و شتێک بە ناوی چینی سەرمایەدار و فئۆدال بوونی نەمابوو، لێرەدا دەکرێ باس لە سۆسیالیزمی دەوڵەتی لە چەشنی بەرنامەدانانی ناوەندی و نادێموکراتیک بکرێ تا سەرمایەداریی دەوڵەتی.
دەوڵەت هەر ئەو جۆرەی کە مارکس و ئێنگلس لە ئایدۆلۆژیی ئاڵمانیدا باسی دەکەن شێوازێکە، کە لە ڕێگای ئەوەوە، کەسانێک یان چینێکی دەستەڵاتدار بەرژوەندیی خۆی ڕادەگەیەنێ و دایدەسپێنێ. لە نەبوونی چینە دژبەرەکان ئەستەمە کاتێک بناغەی ئابووری و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتیی کۆیین، باس لە سەرمایەداریی دەوڵەتی بکرێ. چەمکی سەرمایەداریی دەوڵەتی و سۆسیال ئەمپریالیزم زۆرتر پاش مردنی ستالین و جیابوونەوەی چین لە بەرەی یەکیەتیی سۆڤییەت بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ سیاسەتەکانی مۆسکۆ بەتایبەتی پاش کۆنگرەی ٢١ و ٢٢ پەرەی سەند. بێگومان ئەوەی لە یەکیەتیی سۆڤییەت بەتایبەت هەتا ١٩٣٠ و لە چین تا ساڵانی دەیەی ١٩٦٠ تا ڕادەیەک پێوەندییە ئابوورییەکانی سەرمایەداری لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا مابوونەوە، هیچ ناتەباییەکی لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی کاتی تێپەڕیندا نییە، بەڵام پەرەدانی ئەم دیاردەیە بۆ سەر هەموو شێوەکانی بەرهەمهێنان و دەسەڵاتی سۆسیالیستیی دوور لە ڕاستییەکانی ئەو وڵاتانەیە. مائۆ کاتی خۆی لە کورتەباسێکی ڕێکەوتی ٩ی ژوییەی ١٩٥٣دا ئاماژە بە سەرمایەداریی دەوڵەتی لە چین دەکا و دەڵێ: «ئابووریی سەرمایەداریی ئێستای چین لەو چەشنە ئابووریی سەرمایەدارییەیە کە بەشی سەرەکیی لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتیی گەل دایە و، بە چەشنی جۆراوجۆر پێوەندی لەگەڵ ئابووریی دەوڵەتیی سۆسیالیستی هەیە و؛ لەژێر چاودێریی کرێکاران دایە. ئەمە، چەشنە ئابوورییەکی سەرمایەداریی نوێ و تایبەتمەندە، یانی چەشنێکی نوێی ئابووریی سەرمایەدارییە. بوونی زۆرتر بۆ قازانجی سەرمایەدارەکان نییە، بەڵکوو بۆ مسۆگەرکردنی پێداویستییەکانی جەماوەر و دەوڵەتە. ڕاستە کە بەشێک لە قازانجی بەرهەمی کرێکاران دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارەکانەوە، بەڵام ئەمە تەنیا بەشێکی بچووک لە قازانجەکەیە، واتە لە نیزیکەی یەک لە چواریەتی. سێ لە چوارەکەی دیکەی بۆ بەرهەمێنانی کرێکاران (بەشێوەی سندووقی خۆشبژیوی /رفاە/)، بۆ دەوڵەت (بەشێوەی ماڵیاتی داهات) و بۆ پەرەسەندنی توانای بەرهەمهێنان (بەشێکی کەم لەو قازانجە بە سەرمایەدارەکان دەدرێ) تەرخان دەکرێ. بەم پێیە ئابووریی سەرمایەداریی دەوڵەتیی نوێ تا ڕادەیەکی زۆر تایبەتمەندیی سۆسیالیستی بەخۆی گرتووە و قازانجی بۆ کرێکاران و دەوڵەت بووە.»(2)
بێگومان نەبوونی ئەزموون و تەنیا پشت بەستن بەو خاڵە گشتییانەی کە مارکس و ئێنگلس گەڵاڵەیان کردبوو، نەیدەتوانی ڕیخۆشکەر یان تەنیا ڕێنومای پێکهێنانی بینای سۆسیالیزم لەم وڵاتانە بە ئاستی جیاوازیی ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە بێ، ئەویش لە حاڵەتێکدا کە پێویست بوو پەیتا پەیتا لە وڵاتگەلێکی پاشکەوتووی فئۆداڵی_ سەرمایەداری کە لە بارودۆخێکی زۆر خراپی ئابووریی پاش شەڕی جیهانیی یەکەم و دووهەم و خۆڕاگری و هێرشی وڵاتە سەرمایەدارییەکانی جیهانی سەریان هەڵدا، کۆمەڵگەیەک پێک بێ کە پێچەوانەی ڕەوتی مێژووی کۆمەڵگەی چینایەتی و بەبێ پاڵپشتی ئەزموونێکی سەلمێندراو بوون.
زۆربەی ئەم وڵاتانە تێکۆشاون تا لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە دیکتاتۆریی پرۆلتاریا و بنەماکانی سەرەکیی کۆمۆنیزم دابین بکەن. ئەم ڕەوتە بە تایبەت بەهۆی تێڕوانینی ڕێبەرانی کۆمۆنیست لە دیکتاتۆریی پرۆلتاریا دوور لە توندوتیژی و کوشتن و گرتنی نەک هەر نەیارانی سۆسیالیزم بەڵکوو کۆمۆنیستەکانی خۆییش نەبوو. تێرۆری سوور لە کاتی لێنین، کوشتاری بەکۆمەڵ لە کاتی ستالین، سەرکوتکردنی جیابیران و تەنانەت کۆمۆنیستەکان لە شۆڕشی فەرهەنگیی چین و کۆمەڵکوژی لە کامبۆجیا بە ڕێبەریی پۆل پۆت و هتد، نموونەگەلێک لە شێوەی دابینکردنی دەسەڵاتی کرێکاری بوون و ئەمانە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە سۆسیالیزم بەبێ دێموکراسیی ڕاستەقینە، بەبێ ئازادیی بیر و ڕای جیاواز، بەبێ هاوبەشیی خەڵک و کۆنتڕۆڵی دەستەڵاتداران لە خوارەوە و لە ڕێگای یەکیەتی و شۆڕاکانەوە ئاکامێکی باشتری نابێ.
لە لایەکی دیکەشەوە کاتێک بەرنامەدانان لە چەشی ئابووریی دێموکراتیکی بەشداریکەرانە نەبێ و ژیانی ئابووریی ئینسان واتە بەرهەمهێنان، بەشینەوە و بەکارهێنان و هتد لە ڕێگای ئیرادەی سەربەخۆی مرۆڤەکانەوە ڕێکوپێک نەکرێ، ئەم کۆمەڵگەیە ئاکامێکی باشتر لە سۆڤیەتی ڕابردووی نابێ. بەپێی وتەکانی مارکس، بەرنامە لە ئابووریی سۆسیالیستیدا دەبێ لە ڕێگای بەشداریکردن و ئاوەزمەندیی کۆیی مرۆڤەکان و ڕەوتی بەرهەمهێنان لەژێر کۆنتڕۆڵی هاوبەشدا بێ. سۆسیالیزم کاتێک مانای دەبێ کە خەڵکی کۆنتڕۆڵیان بەسەر ژیانی خۆیاندا هەبێ و بتوانن بە شێوەیەکی ئاگایانە بڕیار لەسەر شێوەی ژیان و بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگە بدەن.
بێگومان ئەم کێشانە تەنیا ناگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە دەستەڵاتدار مرۆڤێکی باش یان خراپ، شۆڕشگێڕ یان ناشۆڕشگێڕە، بەڵکوو پێوەندی لەگەڵ بەشێک لە چەمکە بنەڕەتییەکانی سۆسیالیزم و شێوەی بەکارهێنانیان هەیە.
لێرەدا هەروەها پێویستە پێداچوونەوەیەکی جیدی بەسەر چەمکی دیکتاتۆریی پرۆلتاریا و ڕەوتی تێپەڕین لە سۆسیالیزم بکرێتەوە. بەکارهێنانی وشەی دیکتاتۆری تەنانەت ئەگەر بە مانای دیکتاتۆریی زۆرینە بەسەر کەمینەشدا بێ، کاردانەوەیەکی نەرێنی لە کۆمەڵگە دەبێ. پێناسەکردنی حکوومەتی کرێکاری وەکوو دەسەڵاتی بە زەبر و زۆری چینایەتی لە ئاکامدا بە دیکتاتۆری دەگا و، دەسەڵاتی حیزبایەتی جێگای هاوبەشیی خەڵک لە ژیانی ڕۆژانەیان دەگرێتەوە. وێدەچێ بەکار هێنانی دێموکراسیی سۆسیالیستی چەمکێکی شیاوتر بێ.
بەڵام بایەخدارتر لە هەمووی ئەوانەش خوێندنەوەی تازە لە بارودۆخی ئێستای جیهان، باری نەرێنی و ئەرێنیی دێموکراسی بۆرژوایی، شێوەی تێپەڕین بۆ سۆسیالیزم، پێگە و جێگەی تەواوی چین و توێژەکان لە خەبات بۆ ئازادی، دێموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، هەروەها کەلکوەرگرتن لە ئامرازەکانی ئینسانی بۆ دابینکردنی سیستمێکی مرۆڤانە بەپێی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ بەگشتییە. ناکرێ بە کەلکوەرگرتن لە ئامراز و شێوازی نائینسانی، کۆمەڵگەیەکی ئینسانی و دادپەروەرانە پێک بێنین و بۆ سازکردنی کۆمەڵگەیەکی تازە بنەماکانی کۆمەڵگە بە یەکجاری و کتوپڕ هەڵوشێنینەوە. ئەم وتەیەی کائوتسکی دوور لە ڕاستی نییە کە دەبێژێ: «ئاڵوگۆڕی سۆسیالیستی وەکوو سەرلەنوێ سازکردنەوەی ماڵێکە کە تێیدا دەژین، ناکرێ تەواوی ئەم ماڵە بەیەکجاری خاپوور بکرێ، پێویستە پەیتا پەیتا، بەش بە بەشی ئەو ماڵە سەرلەنوێ ساز بکرێتەوە، ئەگەر تەواوی دیوارەکان بەیەکجاری بڕووخێنی، میچەکەی بەسەرتدا دەڕووخێ».

سەرچاوەکان:
1) آيا سوسياليسم هنوز راە چارەای برای جهان سوم است؟ کارلوس م. ويلاس، برگردان ناصر زرافشان (نقل از کتاب آيندە سوسياليسم، مجموعە مقالات)
2) منتخب آثار مائو جلد ٥. لاپەڕەی ٨٦ ، انتشارات زبانهای خارجی در پکن، ١٩٧٧