Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۴ ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۹۸ | 24/04/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

سروودی نەتەوەیی و پێویستیی نەتەوەکان بە سروودی نەتەوەیی

05/04/2019 | 00:07:42
+A
-A
قادر وریا

بەستێنی بوونی «ئەی ڕەقیب» بە مارشی نەتەوەیی لە کۆماری کوردستانەوە تا ئێستا
(سروودی نەتەوەیی و پێویستیی نەتەوەکان بە سروودی نەتەوەیی)
(3-1)
سروود یا مارشی نەتەوەیی چییە؟
لە نێو کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە، هەر لە کۆنەوە گۆرانیی جۆراوجۆر هەبووە. گۆرانیی تایبەت بە کار لە نێو مووچە و مەزرا، گۆرانیی پێوەندیدار بە کۆچ و کۆچبار و گەرمیان و کوێستان کردن، گۆرانیی کاتی خۆشیی وەک زەماوەند و سەرکەوتن لە شەڕدا، گۆرانیی دایکان بۆ لاواندنەوەی منداڵانیان، گۆرانیی تایبەت بە ماتەم و شیوەنی لەدەستدانی ئازیزان و زۆر جۆری دیکەی گۆرانی.
ئایا سروودیش جۆرێکە لە گۆرانی و هەر لە کۆنەوە کورد خاوەنی سروود بووە؟ بەو جۆرەی لە هێندێک سەرچاوەکاندا هاتووە کوردەکان خاوەنی کۆنترین مێلۆدی و ئاوازی حەماسی بوون، بەڵام بەهۆی بێبەشی لە دەسەڵات و کیانی تایبەت بە خۆیان و ڕووبەڕوو بوونەوەی بەردەوام لەگەڵ هێرش و پەلاماری داگیرکەران، ئەم سامانەی خۆیان بە داخەوە بۆ نەپارێزراوە. ئەحمەد قازی لە کتێبی «خلاصەی تاریخ کردستان، از ٢٠٠٠ سال قبل از میلاد تا ٢٠٠٠ سال بعد از میلاد» ئاماژەی بەو قسەیەی «گزنفۆن» مێژوونووسی یونانی کردووە کە لە «ساڵی ٤٠١ پێش زایین، دوای هێرش کردنی یونانییهکان بۆ سهر ئێران له کاتی گهڕانهوهدا که گهیشتینه کوردستان، کوردهکان به خوێندنی ئاواز و سروودی تایبهت به خۆیان هێرشیان کرده سهر لهشکهری یونان.» ئەم قسەیەی گزنفۆن هەر لەو کاتەدا کە پێشینەی دوور و درێژی ژیانی کورد لەم ناوچەیە دەسەلمێنێ، دەریشی دەخا کە خاوەنانی ئەم سەرزەوییە هەر لە کۆنەوە خاوەن سروود و ئاوازی تایبەت بە خۆیان بوون. (عەلی لەیلاخ، ٢٠١٤)
بەر لەوەی باسی جیاوازیی سروود لەگەڵ گۆرانی بکرێ، هەڵوێستەیەک لەسەر ڕەچەڵەکی وشەی «سروود» پێویستە. «سروود وشەیەکی کۆنی ئاڤێستاییە کە لە گاتاکانی زەڕدەشتدا هاتووە و ڕیشەی وشەی سترانی کوردییە و لە کۆنترین ناوچەکانی کوردستان کە زاراوە کرمانجن، ئەم وشەیە بە کار دەبرێ، بەڵام دواتر بە هاتنی ئیسلام، چونکە ئەم سروودانە یارسانەکان و ئیزەدییەکان خوێندوویانن، پێیان گوتوون: (گۆرانی) واتە ئاوازی گاورەکان، یانی هەر ئاوازێک کە یارسانەکان یا ئیزەدییەکان گوتبێتیان، ناویان ناون (گاورانیی) واتە سترانی ناموسوڵمانانە، یان ئەو ئاوازانەی کە ناموسوڵمانەکان، یا کافرەکان یا گاورەکان خوێندوویانن! ناوی هۆزی (گۆران)یش کە ڕەدووی ئایینی یارسان (ئەلحەق)ـەکانە، لەم وشەیە کەوتۆتەوە و یەکێ لە ئایینە کۆنەکانی کوردەوارییە، کە زمان و گۆرانیی کوردیان هەتا ئێستا پاراستووە و لە نێو دڵی خاکی کوردستاندا دەژین و کۆنترین تیرەی کوردن و کورد دەبێ شانازییان پێوە بکا. دیتنێکی دیکەش هەیە کە دەڵێ گات یانی سروود، سروودیش دیارە بە هەڵبەستی بڕگەیی دەگوترێ نەک پەخشان.» (ناسر ڕەزازی، ٢٠٠٦)
ئەوەی سروود لە جۆرەکانی دیکەی گۆرانی جیا دەکاتەوە، هەم نێوەرۆکە و هەم کێشی شێعرەکەی. لە ڕووی نێوەرۆکەوە سروود بە زۆری نێوەرۆکی نیشتمانی و حەماسی و کۆمەڵایەتیی هەیە. سروودەکان بە ڕیتمی خێرا و»دوو زەرب» و بەشێوەیەکی هاندەر دەگوترێن و بەگشتی لەگەڵ گۆرانی لە ڕووی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و هەست بزواندنەوە، جیاوازن. «سروودە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لەژێر کاریگەریی ڕیتمی مارش و مووزیکی شەڕ دان کە هاندەری شەڕڤانانن بۆ ئازایەتی نواندن و شەڕانی بوون، هەر بۆیەش بە ئامێری مۆسیقایی هەژێنەر وەک سەنج و کەڕەنا پێشکەش دەکرێن. بەڵام گۆرانی زیاتر پێوەندیی بە ڕازونیازی دڵدارانەوە هەیە، لە هەستێکی پاکی مرۆییەوە سەرچاوە دەگرێ و بە شوێن دنیایەکی بە دوور لە شەڕ و دوژمنایەتی و ڕقدا دەگەڕێ.» (ترنم نسیم،٢٠١٣)
وەک لە ناوەکەشی ڕا دەردەکەوێ سروودی نەتەوەیی بە بەستەیەک یا هۆنراوەیەک دەگوترێ کە لە ڕووی نێوەرۆکەوە باس لە نەتەوە و نیشتمان بکا. ئاوڕدانەوە لە مێژووی نەتەوە و ستایشی شانازییەکانی تێدایە. بانگەوازی ڕۆڵەکانی نەتەوە دەکا بۆ پاراستنی نیشتمانەکەیان و بەرزکردنەوە و بەرزڕاگرتنی ناوی نەتەوەکەیان. گیانی نەتەوەپەرستی و خۆبەختکردن لە پێناوی مانەوەی نەتەوە و پاراستنی سەربەخۆیی و سەربەستیی نەتەوە و وڵات، پەرە پێدەدا. لە ژمارەیەکی زۆر لە سروودە نەتەوەییەکانی جیهاندا، ناوی نەتەوە و وڵاتی خاوەن سروودەکە هاتووە، کە وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە سروودی نەتەوەیی ڕووسیە، ئاڵمان، ئۆکڕاین، ئێران و تاجیکستان بکەین.
توێژینەوەیەکی گوتارناسانە لە بارەی سروودی نەتەوەیی٧٠ وڵات کە بە ڕێکەوت بۆ ئەم نووسینە دەستنیشان کراون، دەری دەخا کە لە هەموویاندا کۆمەڵێک چەمک و مەبەستی وەک یەک دووپات بوونەتەوە. ئەو چەمک و مەبەستانە بریتین لە:
١- هێرش (شەڕ و پێکدادان) ٢- دەرد (ئازار چێشتن، تێداچوون، شەهید بوون) ٣- ئازادی، سەربەخۆیی و ڕزگار بوون لە دیلی. 4- سروشت، چیا و چەم و شوێنگەلێکی تایبەت لە سروشتی وڵاتێک. ٥- شادی (وەک گۆرانییەکان، خۆشی و خۆشەویستی). 6- ئایین، ئیمان خوا و پێغەمبەر. ٧-چەمکگەلێکی نۆستالژی وەک مێژوو، بیرەوەریی و باب و باپیران. 8- ئامانجە بەرزە مرۆییەکانی وەک ڕاستوێژی، شکۆ و شانازی، یەکیەتی، وەفاداری، دادپەروەری و ئاشتی. (سعید مهرپور، حبیب احمدی و مرجان نادری،١٣٩٣، ٧٥)
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سروودە نەتەوەییەکان ئەوەیە کە وەکوو دەق کورتن و بە کەمترین وشە زۆرترین پەیام دەگەیەنن. بە دەربڕینێکی دیکە لە ڕووی واتاییەوە چڕ و پڕن و بەهۆی نێوەرۆکی حەماسی و هەست بزوێنیان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بەردەنگ هەیە. پیاهەڵدانی مێژوو، نەریتەکان، ئامانجەکان و خەباتی نەتەوەیەک و ڕێزلێگرتنیان، هەوێن و نێوەرۆکی سروودە نەتەوەییەکان پێک دێنن.

بۆ چی نەتەوەکان پێویستیان بە سروودی نەتەوەیی هەیە؟
نەتەوەکان چ ئەوانەی دەوڵەت_ نەتەوەی خۆیان هەیە و بە سەربەخۆیی گەیشتوون، چ ئەوانەی هێشتا سەربەخۆ نەبوون و لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازی دان، پێویستیان بە هونەر و ئەدەبیاتێکی ئەوتۆ هەیە کە گیانی شانازیکردن بە نەتەوە و وڵات لە یەکە یەکەی تاکەکانیاندا بەهێز بکەن. سروودی نەتەوەیی یەک لەو سامانە مەعنەوییانەیە، کە لەلایەک تۆوی خۆشەویستیی نەتەوە و نیشتمان و هەستی شانازیکردن بە مێژوو و جوانییەکانی و، باوەڕ و بڕوای بەرگری لەو نەتەوە و نیشتمانە لە بیر و هزری ڕۆڵەکانیدا دەچێنێ، لە لایەکی دیکە هەڵگری پەیامە بۆ نەتەوەکانی دەوروبەر و ئەو هێز و لایەنانەی تەماحی داگیرکردنی خاکی ئەو نەتەوەیەیان هەیە، یا بە کردەوە بوونەتە هۆکاری بندەستیی ئەو نەتەوەیە و داگیرکردنی خاکەکەی. پەیامەکەش ئەوەیە کە وڵات و نەتەوەی خۆمان خۆش دەوێ، بەرگریی لێ دەکەین و ڕێگاتان پێ نادەین نیشتمانەکەمان داگیر و سەربەستیمان پێخوست کەن.
سروودی نەتەوەیی وەک یەک لە ڕەمزەکانی سەربەخۆیی وڵاتێک و نەتەوەیەک، مێژوویەکی زۆر کۆنی نییە. کۆنترین سروودی نەتەوەیی هی وڵاتی ژاپۆنە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٩٠٥ی زایین. سروودی «هت ویلهلموس»ی هولەندیش لە نێوان ساڵەکانی ١٥٦٨ – ١٥٧٢دا هۆنراوەتەوە. زۆربەی هەرە زۆری سروودە نەتەوەییەکانی وڵاتانی دیکەی جیهان لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠ی زایینیدا لەدایک بوون. ژمارەیەکی کەمیش بۆ نموونە سروودی نەتەوەیی یونان هی سەدەی ١٨ی زایینین.
سروودی نەتەوەیی لە بۆنەی جۆراوجۆردا و بە گوێرەی ڕێوشوێنێکی تایبەت پێشکەش دەکرێ. ڕێوشوێنێک کە لە کاتی پێشکەشکردنی سروودەکەدا بەڕێوە دەچێ، ڕێزی بینەران و گوێگران بۆ سروودەکە و پەیامەکانی سروودەکە دەگەیەنێ. لە کاتی بەڕێوەچوونی پێشبڕکێی وەرزشی لەگەڵ وڵات و نەتەوەی جیاواز، کاتێک وەفدی وڵاتێک سەردانی وڵاتێکی دیکە دەکا، لە دەسپێک یا کۆتایی فستیڤاڵ و کۆنگرە و کۆڕ و کۆبوونەوەی گرنگدا، هەروەها لە ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی تەرمی قارەمانان و ناودارانی نەتەوە و بیرەوەری و ڕێزلێگرتنیان، کاتی سەرکەوتنە نەتەوەییەکان، هەروەها ئەو کاتانەش کە وڵات و نیشتمان بەرەوڕووی هەڕەشە و دۆخێکی نائاسایی دەبێتەوە، سروودی نەتەوەیی پێشکەش دەکرێ. لە زۆر وڵات، فێرکردنی سروود دەکەن بە بابەتێکی خوێندن و کتێب و مامۆستای تایبەت بۆ فێرکردنی سروودە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیان بە قوتابیان دابین دەکەن. کتێبی فارسیی پۆلی پێنجی سەرەتایی پەروەردە و فێرکردنی ئێران کە لە ٦ فەسڵ پێک هاتووە، فەسڵی سێهەمی خۆی بۆ سروودە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ئەو وڵاتە تەرخان کردووە. (کتێبی فارسی پنجم دبستان، چاپ دوم ١٣٩٥)
«لە زۆر وڵات قوتابییان هەموو بەیانان لەگەڵ ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵا، بە تێکڕا سروودی نەتەوەیی وڵاتی خۆیان دەڵێنەوە بۆ ئەوەی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بە وشە و پەیامەکانی سروودی نەتەوەیی خۆیان و ڕێزلێگرتن و شانازی پێوەکردنی ڕابێن. لە بنکە و فێرگە و بارەگاکانی سپای نەتەوەیی وڵاتان، لە کاتی ڕێژە ڕۆیشتن، یا وەرزشی بەیانانی سەربازان و کاربەدەستانی سپایی و لەشکری یا لە بۆنەی دیکەی تایبەت بە سپادا، سروودی نەتەوەیی پێشکەش دەکرێ». هەروا کە ئاڵای نیشتمانی بووە بە ڕەمزی هەبوونی نیشتمانێک و، ئەو وڵاتە بەو ئاڵایە دەناسرێتەوە، سروودی نەتەوەیی هەر نەتەوەیەکیش بوونی ئەو نەتەوەیە دەگەیەنێ. لە ڕاستیدا ئاڵا و سروود تەواوکەری یەکترن و لە زۆربەی بۆنەکاندا بە یەکەوە سوودیان لێ وەردەگیرێ. «یەكێك لە خاڵە جیاكارەكانی هەر نەتەوە و دەوڵەتێكی سەردەم لە نەتەوە و دەوڵەتێكی دی، بوونی (سروودی نیشتمانی)یە. (سروودی نیشتمانی)یش ئەگەر ڕۆڵی وەك ئاڵای وڵات نەبێ، ئەوا هیچی وای لەو كەمتر نییە، چونكە مەسەلەی سروودی نیشتمانی زۆر گرنگە لە ناساندنی گەلان و وڵاتان.» (عەبدولڕەحمان سەدیق، ٢٠١٤) بەم جۆرە هەم ڕێوشوێنی فەرمی و دیپلۆماسیی ئەمڕۆی جیهانی سیاسەت، دەخوازن وڵاتێک سروودی نەتەوەیی تایبەت بە خۆی هەبێ، هەم پێویستیی بەهێزکردنی گیانی نەتەوەخوازی و نەتەوەپەروەری لە نێو تاکەکانی نەتەوەیەکدا.