Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۴ ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۹۸ | 24/04/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لە سەردەمی «دۆناڵد ترامپ»دا

05/04/2019 | 00:00:24
+A
-A
ئامانج زیبایی

(ئامانج و بنەما سەرەکییەکانی ستراتێژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا)
ستراتێژیی ئەمریکا لە کۆمەڵێک ئامانجی جۆراوجۆر پێک دێ کە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتەوە هەیە، بەجۆرێک کە دیاریکردنی ئامانج و بەرژەوەندییە ستراتێژییەکانی _کورت خایەن یان درێژ خایەن_ی ئەمریکا، ڕەنگدانەوەی پێوەندیی نێوان ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە زیندووەکانی ئەمریکایە لە هەموو جیهاندا، کە خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەمریکا و دابینکردنی سڵامەتی و ئازادیی هاووڵاتیان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سیستمی سیاسیی ئەمریکادا دەبینێتەوە؛ هەروەها پاراستنی هەژموونی و باڵادەستی ئەمریکاش بەشێکە لەم ستراتێژییە. هەروەها دەکرێ ئامانج و بەرژەوەندییە ستراتێژییەکانی ئەمریکا، لە ئامانج و بەرژەوەندییە سیاسی، سەربازی، ئابووری و کولتوورییەکاندا کورت بکرێتەوە.
کاتێک کە باس لە ستراتێژیی (درێژ خایەن)ی وڵاتێک دەکەین دەبێ بۆمان ڕوون بێ کە ستراتێژیی درێژ خایەن، نەگۆڕە و بە دەستاودەست کردنی دەسەڵات (لە سیستمی دێموکراسی)دا گۆڕانی زۆری بەسەردا نایە و ئامانج هەر هەمان ئامانجی سەرەکییە؛ بەڵام ئامرازەکان بەپێی بارودۆخ و کات، دەگۆڕدرێن.

ئێران لە ستراتێژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادا
ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە یەکێک لە ناوچە ئاڵۆز و پڕ کێشەکان دەناسرێ، لە هەمان کاتدا ناوچەیەکی مەترسیدارە (لە ڕووی هەبوونی گرووپە جهیادی و تێرۆریستییەکان) کە بەردەوامن لە دروستکردنی ناسەقامگیری و بڵاوکردنەوەی توندوتیژی لەم ناوچەیەدا. ئێرانیش لە پشتیوانیکردنی ئەم گرووپ و ڕێکخراوانە (لە باری دارایی و لۆجێستیکییەوە) پشکی شێری بەخۆی داوە و، ئەم ناسەقامگیرییە بە قازانج و بەرژەوەندیی خۆی قۆستووەتەوە و هەژموونی و دەسەڵاتی خۆی لەم ناوچەیەدا پەرە پێداوە. لە لایەکی دیکەوە ئێران بەردەوامە لە سەر پەرە پێدانی توانا مووشەکی و هەواڵگرییەکانی و بەردەوامیشە لە ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژانە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بە گشتی و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی.
بۆیە دەبینین کە ئەمریکا زۆر لەمێژە ئێران بەوە تۆمەتبار دەکا کە ئێران پشتیوانی لە تێرۆریزمی نێودەوڵتی دەکا و ئێران بۆتە مەترسی و بەربەستێکی ڕاستەقینە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. هەروەها ئیدارەی نوێی ئەمریکا _ئیدارەی کۆمارییەکان بە سەرکردایەتیی ترامپ_ پێداچوونەوەیەکی بەسەر سیاسەت و هەڵوێستەکانیدا کردووە لە بەرامبەر بە ئێراندا.
کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 دەستپێکی ئەم پێداچوونەوەیە بوو کە لە هەمان کاتدا سزاکانیشی بۆ سەر ئێران پتر کرد. واژۆکردنی یاسای «کاتسا»، یاسای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دوژمنەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی کۆمەڵێک سزاوە دژ بە ژمارەیەک کەس و دامەزراوەکانی ئێران کە پێوەندییان هەیە بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە، بلۆککردنی پووڵ و قەدەغەکردنی هاتوچۆی زۆر لە کاربەدەستان کە پێوەندییان بە پشتیوانیکردن لە پڕۆژەی پەرەپێدانی پڕۆگرامی مووشەکی دوورهاوێژ و تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە هەیە؛ تازە بەشێک لەو سزا و گوشارانەن کە ئەمریکا گەڕێکی نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندوە. کۆمەڵێک سزای دیکەش هەر لەم پێوەندییەدا بە سەر ئێراندا سەپاوە؛ کە ڕێگری دەکا لەوەی کە هەرچەشنە گرێبەستێکی دارایی لەگەڵ ئەم دامەزراوە و کەسانەدا ببەسترێ.
بەم جۆرە دەبینین ئامانجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەباربردنی کاریگەریی ئێرانە لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ڕێگەی کەمکردنەوەی دەسکەوتەکانی و ژمارەی ئەو گرووپ و تاقم و ڕێکخراوانەی وا پشتگیریی ئێران دەکەن. لە لایەکی دیکەوە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی دەوڵەتانی کەنداو لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەمریکا بە بەردەوامی چەک و تەقەمەنی بە وڵاتانی کەنداو دەفرۆشێ. ئەمەش بۆ زیادکردنی توانا بەرگرییەکانی ئەو دەوڵەتانەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێکی فراوانخوازانەی ئێران لە ناوچەکەدا و هەروەها پاراستنی هاوسەنگی هێز کە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ستراتێژیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩١٣ لە لایەن سەرۆککۆمار ویلسۆن، ٢٨ ـەمین سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، بوو بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.

ئایا سیاسەتی دەرەوی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لە سەردەمی ئیدارەی ترامپدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؟
لە سەرەتادا دەبێ ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ بکەین، کە ئەویش ئەم هۆکارانەن کە بوونەتە هۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران:
1) تایبەتمەندییە کەسییەکانی سەرۆک ترامپ. 2) پێکهاتەی سەرەکیی کابینەی ترامپ. 3) پێوەندییەکانی نێوان کۆشکی سپی و کۆنگرە. 4) پێوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ زلهێزەکان. 5) پێوەندییەکانی ئەمریکا لە گەڵ هێزە ناوچەییەکاندا.
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئیدارەی نوێ لە ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ترامپ پێکهاتەی سەرەکیی کابینەی ترامپ بریتی بوو لە مایک پێنس، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار؛ ڕێکس تیلێرسۆن، وەزیری دەرەوە؛ ژێنێڕاڵ جەیمز مەتیس، وەزیری بەرگری؛ ژێنێڕاڵ مەک مەستێر، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی؛ ژێنێڕاڵ مایک پۆمپێئۆ، سەرۆکی ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری ئەمریکا؛ ژێنێڕاڵ جان کێلی، وەزیری ئاسایشی نێوخۆ؛ ستیڤێن بێند، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک کۆمار؛ ستیڤێن منۆچێن، وەزیری خەزێنەداری، کە دواتر جان بۆڵتۆنیشی پێوە زیاد بوو.
بە چاوپێداخشاندنێکی خێرا بە ڕابردووی ئەم وەزیر و ڕاوێژکارانەی ئیدارەی ترامپ بۆمان دەردەکەوێ کە کابینەی ترامپ لە ڕادیکاڵترین و توندڕەوترین کەسە کۆماریخوازەکان لانیکەم لە دوو دەیەی ڕابردوودا پێک هاتووە، کە هەر هەموویان دژ بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
لە ڕوانگەی ترامپەوە لە دوو دەیەی ڕابردوودا پێگەی ئەمریکا لە ئاستی نێودەوڵەتی لە کزی داوە. دەستێوەردانەکانی بووش لە عێڕاق و ئەفغانستان و، هەوڵکانی ئیدارەی بووش بۆ پەرەپێدانی دێموکراسی، خەرجێکی قورسی خستە سەر شانی ئەمریکا و، ئیدارەی ئۆباما بە کەمکردنەوەی بوودجەی سەربازی، هێزی سەربازی ئەمریکای لاواز کردووە، ئەم سیاسەتە هەڵانە بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی پەیامێکی هەڵە بدرێ بە دوژمنانی ئەمریکا و ئەوان لە بەرامبەر ئەمریکادا بوێرتر بوون.
لە ڕوانگەی ترامپ و ڕاوێژکارە سەرەکییەکانی، داعش یەکەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمریکا و لە دوای داعش، کۆماری ئیسلامیی ئێران مەترسیدارترین شتە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە سەرەکییەکانی لە ناوچەدا (ئیسڕاییل و عەڕەبستانی سعوودی).

ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا
بە شرۆڤەکردنی لێدوانەکانی ترامپ و هەوڵەکانی لە دوای چوونە نێو کۆشکی سپی هەتا ئێستا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە ترامپ کەمترین پێبەندی بە بنەماکانی سیاسی و سیاسەتی دەرەوە هەبووە.
زەلمای خەلیلزاد لە نووسینێکی لە «نەشناڵ ئینتێرێست»دا کە بڵاو بۆوە دەڵێ: «هەموو بەربژێرەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ساڵی 1992 بەم لاوە سەرەڕای هەبوونی ڕای جیاواز لەمەڕ شتی تایبەتدا بەڵام هەموویان لە سەر یەک بابەت کۆک بوون، کە ئەویش ڕێبەریکردنی ئەمریکا لەمەڕ وەڵام دانەوەی ئەم وڵاتە بوو بە قەیرانەکان و پاراستنی ئاشتەوایی لە نێوان زلهێزەکاندا بوو؛ بەڵام ترامپ زۆر یەک لەم بنەما سەرەکییانەی هێناوەتە ژێر پرسیار و پێڕەوییان لێ ناکا».
زەلمای خەلیلزاد ئەم دوورکەوتنەوانەی ترامپی لە لانیکەم پێنچ بابەتی سەرەکیدا هێناوەتەو بەر باس. کە بریتین لە؛ «ئامانجەکانی ئەمریکا، بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم، پەرەپێدان بە دێموکراسی، بابەتی پەنابەری و پێوەندیی نێوان زلهێزەکان». کە بە دوورکەوتنەوە لەم بنەمایانە هەوڵ دەدا نیشانی بدا کە لە بەرچاونەگرتنی ئەمریکا چ داهاتوویەکی دەبێ.
ئیدارەی پێش ترامپ واتا ئیدارەی ئۆباما توانیبووی کە بە ڕێکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران بگاتە (برجام). ترامپ پێش چوونە نێو کۆشکی سپی و دوای دەستبەکاربوونی ئەم ڕێکەوتننامەی بە خراپترین ڕێکەوتننامە ناو برد کە هەتا ئێستا واژۆ کراوە. ترامپ ئێرانی بە گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی لە جیهاندا و، هەروەها ئەو وڵاتەی وەک گەورەترین مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ناوزەد کرد. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەی ترامپ هەتا ئێستا نەخشە ڕێگایەکی دیاریکراوی بەرامبەر بە ئێران لەبەر دەستدا نییە.
دیارە ناکرێ ڕۆڵی وڵاتانی کەنداو و عەڕەبی (سوننی) بەگشتی و ئیسڕاییل و سعوودیە بەتایبەتی لەبەر چاو نەگرین لەمەڕ مەترسییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا. هەر لەم پێوەندییەدا تەنانەت هانی ئەمریکا دەدەن بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران. لە ڕاستیدا هەوڵەکانی ترامپ لە گۆڕەپانی نێوخۆیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، گرینگیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەم وڵاتە و ڕێگاکانی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی دێنە بەرباس، دوو هێندە دەکا. هەر لە چوارچێوەی پرسە پێوەندیدارەکان بە ئێرانەوە، ترامپ بەڵێنی دابوو کە ستراتێژیی نوێی ئەمریکا بە دووی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکایە لە سووریە و هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دژ بە مەترسییەکانی ئێران، ئەوە لە کاتێک دایە کە ئەمریکا هەر هەموو ڕێگەکانی گەیشتنی ئێران بە بۆمبی ئەتۆمی گرتووە و لە داهاتووشدا پەیرەوی لەم سیاسەتە دەکا.
ئەم شێوە تێڕوانینانە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو بە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەو وڵاتە کە سەرەڕای زەختە نێودەوڵەتییەکان، لە کۆتاییدا بتوانێ تاکلایەنە لە ڕێکەوتننامە (5+1) بێتە دەرێ و بە هەڵوەشاوە و بێکەلکی بزانێ. لە پاڵ ئەم هەوڵانەی ترامپ وەک سەرۆک کۆمار نابێت ڕۆڵی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپێئۆش لەبەر چاو نەگرین، کە پێناسەیەکی نوێی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کردووە و هێڵە گشتییەکانی ئەم سیاسەتەی دەستنیشان کردووە؛ کە خۆی لە گۆڕانکاری لە پێوەندییەکان لە گەڵ هاوپەیمانانی ئورووپایی، گۆڕینی پێگەی وڵاتانی عەڕەبی هاوپەیمان لەگەڵ ئەمریکا و هەروەها ڕۆڵی ئیسڕاییل (لۆبی بەهێزی ئیسڕاییل)دا دەبینێتەوە.
ئەگەر بەخێرایی ئاوڕێک لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە قەیرانی یەمەن و عێڕاق و سووریە و جۆری هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئێران، ڕووسیە، چین، عەڕەبستانی سعوودی و سیاسەتەکانی دەرەوەی سعوودییە بدەینەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەدا خەریکە شکڵ دەگرێ، کە ئەم سیاسەتە پتربوونی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکای لێ کەوتۆتەوە. جگە لە ناکۆکیی نێوان ئێران و ئەمریکا ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و سعوودییەش لە پەرە سەندن دایە. شایانی باسە کە یەکەم سەردانی ترامپ وەک سەرۆک کۆمار، بۆ سعوودیە بوو.
ڕێکاری نوێی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تایبەتی لە لێدوانەکانی مایک پۆمێئۆ نیشاندەری ئەوەن کە ئەمریکا چەندین ئامانجی سەرەکیی هەیە بەرامبەر بە ئێران لەوانە؛ فەلەجکردنی ئابووریی ئێران، گوشار خستنەسەر شادەماری ئابووریی ئەو وڵاتە، پەرەپێدان بە خۆپێشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکان کە لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە دەکرێن، هەروەها کەمکردنەوە و سنووردار کردنی دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان، زیاترکردنی چاودێری بەسەر ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بازڕەسی لە ناوەندە سەربازییەکان و سنووردار کردنی بەرنامە مووشەکییەکان و هەروەها زیاترکردنی فشارەکان بۆ سەر سپای پاسداران و سەرکردەکانی ئەم ڕێکخراوەیە بە مەبەستی کەمکردنەوە هەژموونیی ئێران لە ناوچەکەدا و لاوازکردنی پێگەی ئێران لەو ناوچەیەدا لە دەستووری کاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دایە بەرامبەر بە ئێران.
ترامپ و کابینەی دەوڵەتەکەی بە مەبەستی هێنانی ئێران بۆ سەر میزی دانووستان و گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی دیاریکراو هەموو هەوڵێکی خۆیان وەگەڕ خستووە، کە هەر وەکوو لە سەرێدا ئاماژەمان پێدا ئەم هەوڵانە بریتینە لە زۆرترین ئاستی گەمارۆ ئابوورییەکان کە بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مێژوو بە خۆیەوە نەدیتبێ و، هەروەها هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی ئێران و پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکان دژ بە دەسەڵاتدارانی ئێران دەبێ.
پاڵپشتێکی تری ئەم سیاسەتەی ئیدارەی ترامپ بە دژی ئێران، پشتیوانیی سێگۆشەی (ڕیاز-تێلاویو- ئەبووزەبی)یە کە هەموو ناکۆکییەکانی ڕابردوویان وەلا ناوە و هاوپەیمانییەکی ڕانەگەیەندراویان بە یەکەوە هەیە بۆ دژایەتیی ئێران.
لە ئاستی نێوخۆییشدا دوو گرووپ هەن کە هاوتای سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکان دژ بە ئێران کە ئەوانیش بریتین لە؛ زۆربەی ژێنێڕاڵ و بەرپرسانی سەربازی ئەرتەشی ئەمریکا و لایەنگران و لۆبیی ئیسڕاییلن لە نێوخۆی ئەمریکادا. (ئەم دوو گرووپە زۆر بەهێزن لە نێوخۆی ئەمریکادا) بازنەی ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنی ئەو دوو گرووپە زیاتر لە خاڵە ناکۆکەکانیان لە پێوەندی لەگەڵ ئێران دایە.
بە لەبەر چاو گرتنی ئاڵۆزی لە موعادلاتی سیاسی و نێودەوڵەتیدا، گرینگیی ڕۆڵی کارناسان و شارەزایان (لە هەر دوو گرووپەکەی سەرەوە)مان بۆ دەردەکەوێ، لە بارودۆخێکی ئاوادا شارەزایانی سیاسی لە ناوەندکانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لەمەڕ چۆنیەتیی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان. شارەزایانی بواری سیاسەت و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتانی پێشکەوتوو بەگشتی و لە ئەمریکادا بەتایبەتی کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان دەبێ لەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتدا. نموونەی ئەم کاریگەرییانە؛ ڕێکخراوی بەرگری لە دێموکراسی، ڕێکخراوی هادسۆن، ناوەندی نیکسۆن. هەر لەم پێوەندییەدا جۆزێف لیبێرمەن، جێمز وێلسی، ئایلان بەیرمەن، مارک پالمێر، دانیال پرتگا؛ کە ڕۆڵیان هەبوو لە زیاترکردنی ئابلۆقەکان بۆ سەر ئێران کە بە هێزی نەرم ناسراوە. وەک چۆن مایک پۆمپێئۆ لە یەکەم لێدوانی دوای دەستبەکار بوونی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێکخراوی (هەریتێچ)دا ستراتێژی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای بە ڕوونی باس کرد. بۆیەش دەتوانین ئەم ئاکامە لەو باسە وەربگرین کە سەرەڕای ئەوەی کە گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا بەدی دەکرێ، بەڵام لە کۆتاییدا ئامانج و ستراتێژیی ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆک ترامپدا هەر هەمان ئامانج و ستراتێژیی سەرۆک کۆمارەکانی پێش ترامپە.