Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۵ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۸ | 16/07/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

وانەکانی زیندان و بەندیی سەرمەشق

04/04/2019 | 23:52:47
+A
-A
کوورش نوسرەتی

ناوم «کوورش نوسرەتی»یە و لە ساڵی 1354 لە شاری سنە لە دایک بووم، خوێندنم هەر لە خوێندنگەکانی ئەو شارە بووە و، هەتا وەرگرتنی بڕوانامەی دیپڵۆم لە ڕشتەی تەجروبیدا درێژەم بە خوێندن داوە.
ئەوەندەی لە بیرم دێێ لە ماڵی ئێمە هەمیشە باس لە سیاسەت و حیزبی دێموکرات دەکرا و هەر ئەم کەشوهەوایە ببووە هۆی ئەوەی کە منیش زۆر زوو لەگەڵ پرسە سیاسییەکاندا ئاشنا بم و، وەک تازەلاوێک کاریگەرییم لەسەر دابنێ و ڕەنگدانەوەی هەبێ لە ژیان و ئاکارمدا.
یەکەم چالاکییم لە قۆناغی مامناوەندی و بە نووسینی دروشمی بژی کوردستان و بژی پێشمەرگە بەشێوەیەکی خۆڕسک لە قوتابخانە دەست پێکرد کە هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی، لە لایەن یەک لە مامۆستاکانم بەناوی «ئەحمەدی» کە تورک و لە هەمان کاتدا بەسیجییەکی تۆخیش بوو و کلاس بە کلاس دەگەڕا و بانگەشەی بۆ بەبەسیج بوونی منداڵان دەکرد، بگیرێم. بە لێدان و سووکایەتی پێکردن و جنێودان ڕازی نەبوو و دەیهەویست تەحویلی ئیدارەی ئیتلاعاتم بدا. بە هەر جۆرێک بوو بەیارمەتیی کەسێکی دڵسۆز لەو گێژاوە ڕزگارم بوو و نەیهێشت تەحویلی ئیتلاعات بدرێم.
ئەو ساڵانە تێپەڕی هەتا ساڵی 1372 لەگەڵ هاوڕێیەکم کە بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی کاروباری تەشکیلاتی لە حیزبێکی ڕۆژهەڵاتیدا سازمان درابووین، گیرام. گرتنەکەم بەشێوەیەکی دڕندانە و بێبەزەییانە بوو، شەوێکی سەعاتی 2ی نیوەشەو هێرشیان کردە سەر ماڵەکەمان و لێدان و کوتان دەسبەسراوەیی لەنێو هایلۆکسیان هاویشتم و بەرەو ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بردیانم. لەوێ بە چاوی بەستراوەوە لە ژوورێکی کپ و بێدەنگ هەتا بەیانی لەسەر کورسییەک دایاننیشاندم، ڕۆژی دواتر بۆ لێپرسینەوەی سەرەتایی ڕاگوێزرام بۆ ژووری تایبەت بە لێپێچینەوە.
ماوەی 45 ڕۆژ لە ژوورێکی زۆر زۆر بچووکدا بووم و لە ماوەی 24 سەعاتدا تەنیا یەک سەعات هەواخۆریم هەبوو، کە ئەویش لە جێگایەکدا بوو وەک قووڵکەیەک و چوارتەنیشتی دیوار بوو و لە سەرەوە کە زۆریش بەرز بوو، ڕۆچنێکیان هێشتبۆوە بەڵام بە تێلدڕوو تەنرابوو و سەربازێکیش لەوێ کێشکی دەدا؛ ئەو ماوە کورتە هەواخۆرییە لە شوێنێکی وەهادا تێدەپەڕی. نیزیک بە پازدە کەس پێکەوە بووین و هەر لە کاتی هەواخۆریدا یەکترمان دەبینی، بەڵام هیچ کەسێک بۆی نەبوو لەگەڵ کەسێکی تر قسە بکا یان قەدەم لێ بدا.
لێپێچینەوەکانم دەستی پێکردەوە، هەموو ڕۆژێک و هەر ڕۆژەش چەند جار دەیانبردم بۆ ژووری لێپرسینەوە، پرسیارەکان ئەمانە بوون: لەگەڵ کێ لە پێوەندی دای؟ لە شاری سنە لەگەڵ چ کەسانێک کار دەکەی؟ ئەو شتانەی لێمان گرتووی لەکوێت بوون؟… یان هاوڕێکەت _کە خزمیشم بوو_ هەموو شتێکی لەسەر تۆ پێ گوتووین و بێتوو بۆخۆت دانی پێدا بنێی، سزاکەت سووک دەبێ. ئەمنیش بەردەوام هەر شتێکی دەیانگوت ڕەتم دەکردەوە و هەتا دوایەش لەسەر پێداگریی من کە ویستم بەرەوڕوو ببمەوە لەگەڵ ئەو کەسەی کە باسی دەکەن، چوون و کەسێکیان هێنا و قسەی لەگەڵ کردم، توانیم دەموچاوی ببینم و زانیم کە درۆیان لەگەڵ کردووم و ئەو خزمەم نەگیراوە و ئەوەی وا هێناویانە لە کەسانی خۆیانە.
دوای سێ مانگ ئەشکەنجەی ڕووحی و جەستەیی و بەندکران لە زیندانی ئینفرادی و بێنە و بەرەیەکی زۆر لەلایەن دادگای ئینقلابەوە؛ سزای ساڵێک زیندانیم بەسەردا سەپا و لەسەریان کردم کە بچمە سەربازی.
ساڵی 1375 و دوای تەواوبوونی سەربازی، بە مەبەستی چالاکیی تەشکیلاتی، پێوەندییم بە حیزبەوە گرت، چالاکییەکان بریتی بوون لە: دروشم نووسین، بڵاوکردنەوەی تراکت و زۆر جارانیش ناسین و لەقاودانی کەسانی سەربە ڕێژیم. پاش ماوەیەک کەسێک لە نێوشار گیرا و بە داخەوە لەسەر من و چەند کەسی دیکە کە کاریان لەگەڵ حیزب دەکرد قسەی کرد و ئێمەشیان گرت. دیارە دوایە زانیمان کە ئەو دانپێدانانە لەژێر ئەشکەنجەیەکی زۆر وەحشییانەدا بووە.
دوای ئەوەی گیرام و بردیانمە ئیدارەی ئیتلاعات، پەروەندەی ساڵی ١٣٧٢شیان بۆ خوێندمەوە. بازجووەکان هەم فارس بوون و هەم کورد، فارسەکە کەسێک بوو بە ناوی حاج قوربان و کوردەکەش خەڵکی بیجاڕ یان قوروە بوو بە ئەحمەدی بانگیان دەکرد. لە پێشدا من حاشام لە هەموو شتێک کرد بەڵام بێکەلک بوو چون ڕووبەڕوو کرامەوە. ئەو کەسە گوتی کە هەڕەشەی لێ کراوە و لەژێر ئەشکەنجەدا هەموو شتێکی درکاندووە. هەرچی من ئینکارم کرد بەڵام نەیان سەلماند. ڕۆژێ چەند جار ئەشکەنجە دەکرام. دوای دوو مانگ بە پەروەندەیەکەوە بەڕێێ دادگای ئینقلاب کرام و ئەمجارەشیان بە ٣ ساڵ زیندان مەحکووم کرام.
هەر لە دادگاوە درام بە زیندانی ناوەندیی شاری سنە و ماوەی ساڵ و نیوێک لەوێ بووم. لێرە و لەو شوێنەیە کە دەزانی زیندانیی سیاسی خاوەن چ پێگە و جێیەکە. زیندانییانی سیاسی بەگشتی و لە زۆربەی زیندانەکانی ئێراندا بۆ زیندانییەکانی دیکە جێگەی ڕێز و حورمەتن، هەتا ڕادەیەک کە زۆربەی کێشە نێوخۆییەکان بە مەبەستی چارەسەری دەچێتەوە لای ئەوان. ئەو کەسانەی کە بەهۆی تاوانە کۆمەڵایەتییەکانەوە گیراون وەک گەورەی خۆیان چاو لە بەندییە سیاسییەکان دەکەن. زۆرێک لەوان لەدوای تێکەڵی لەگەڵ ئەم سیاسییانە لەباری فکری و ئەخلاقییەوە گۆڕانکاریی بنەڕەتییان بەسەردا دێ. تەنانەت بۆ خودی خۆشم کە حوکمی سیاسییم هەبوو، وەک مامۆستای ژیان و خۆڕاگری و ورەبەرزی بوون و لەوێ بوو کە بەتەواوی لەگەڵ خەبات و ئازادیخوازی و خۆڕاگریدا ئاشنا بووم. کاتێ کە دەمدی کەسانی وای تێدایە حوکمی تاهەتایی و ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە بەڵام هەر هیواداربوون و بەچۆکدا نەهاتوو بوون، سەد هێندە بڕوا و ئیمانم پتەوتر دەبۆوە. بوونی ئەو جۆرە کەسانە دژوارییەکانی بۆ ئێمە هاسان دەکردەوە، بەداخەوە هەندێک لەو قارەمانانە دواتر ئێعدام کران و، ڕاستە ئێستا بە جەستە لەگەڵمان نین بەڵام وانە و ڕێبازیان بۆ ئێمە هەردەم هاوڕێ و سەرمەشقە.
لە دوای ئازادبوونیشم لە زیندان بەڵێنم دا درێژەدەری ڕێگا و ئامانجی شەهیدان بم و هەربۆیەش لەگەڵ ئازادبوونم ڕووم کردە سەنگەری ئاشکرای حیزبی دێموکرات و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتییم لەبەر کرد و ئەوە ئێستا ماوەی بیست ساڵە لەم ڕێبازەدام.