Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۵ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۸ | 16/07/2019 | کاتژمێر:
چالاکی

بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان، لە وڵاتی نۆڕوێژ سمینارێک بەڕێوە چوو

03/04/2019 | 10:10:07
+A
-A

کومیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان، رۆژی یەکشەممە ٣١ ی مارسی ٢٠١٩ی زایینی، بە بەشداری نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بۆ رێز گرتن لە یادی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان سمینارێکی سیاسی بۆ بەڕێز “حەسەن حاتەمی” ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری ئۆسلۆ – پیتەختی وڵاتی نۆڕویژ- بەڕێوە برد.
ئەو یادمان و رێزلێنانە کە جیا لە سمینار، کۆمەڵێک بڕگەی ئەدەبی و هونەری لە خۆ گرتبوو، سەرەتا بە سروودی ئەی شەهیدان دەستی پێ کرد و پاشان لە لایان هاوڕێ یاسین حاجی زادە بەڕێوەبەری بەرنامەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرا. ئەوجار پەیامی ناوەندی ھاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە لایەن هاوڕێ “ئاریا ئەفشار” ئەندامی کومیتەی نۆروێژەوە خوێندرایەوە. بەدوای ئەودا هاوڕێ “حەسەن حاتمی” ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی لە ژێر ناوی “نەمانی دەسەڵاتداریی سەرەڕۆیی و هەرمانی شەهیدان و نەمران و خولیاکانی نەتەوەیی” پێشکەش کرد.
ناوبراو قسەکانی بە، بەخێرهێنانی، بەشداران – وەک ئەمەگناسان بۆ شەهیدان و نەمرانی کورد و کوردستان- بەتایبەتی نوێنەری حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و نەمران، یادی خۆڕاگری زیندانییە سیاسییەکان و بنەماڵە بەڕێزەکانیان و حورمەت بۆ هەموو خەباتکارانی گەل و نیشتیمان دەست پێ کرد و نەڕێتێکی خەباتکارانە پەیمان نوێکردنەوەی تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکراتی لەگەڵ خوێنی شەهیدان و لەدەست دانی نەمرانی بە ئەرک زانی.
“حاتەمی” بە ئاماژە بە ٥٠٥ ساڵ دابەشبوونی کورد لەنێوان ئیمپڕاتورییەکانی ئێران و عوسمانی و پتر لە ٩٠ ساڵ دابەشکردنەوەی بە سەر سێ وڵات و لە ئاکام دا، چوار وڵاتی داگیرکار و ماف پێشێلکار، خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و رەزگاری لە هەموو ساتەکانی بەرز نرخاند.
پاشان لەسەر شۆڕشی مەشرووتە و بەشێک لە ئامانجەکانی و لە سەرەوەی هەمووان سێ گۆشەی ئازادی، عەداڵەت و ماف دوا. بە تۆپ بەسترانی مەجلیس لە لایەن محەممەد عەلی شا، و لێاخۆفی رووسی و سەرەڕویی کەم ماوە، کوشتاری بە تاک و کۆی ئازادیخوازان و رۆژنامە نووسان و بیرمەندانی مەشرووتە خواز، هاوکاری و هاوڕایی مەشرووعە خوازان لە گەڵ سەرەڕۆیان، خەبات و تیکۆشانی دووبارەی سەتار خان، باقر خان، یارمحەممەد خانی کرماشانی، بەختیارییەکان و مازندەرانییەکان و دووبارەکردنەوەی مەشڕووتە، دانانی ئەحمەد شای ١٢ ساڵە و ئاکارەکانی و بیرکاڵی، کوودێتای رەزا خان و سەید زییا و دواتر دەسەڵاتی نوێی پەهلەوی و هێنانە ئارای دەوڵەت- نەتەوە و هەوڵ بۆدانی بە خوێن ئەستاندن و قوربانی گەلانی ئارایی لە ممالیکی مەحرووسە و دابەشینی کوردان، کپ کردنی جووڵانەوەکانی کورد بەتایبەتی سمکۆ و تێرۆر کردنی دوای سەردانی بەڕێزی لە سولیمانی لە کاتی حکوومەتی شێخ مەحموودی نەمرد دا، قسەی کرد.
شەڕی دوویەمی جیهانی و نەمانی سەرەڕۆیی رەزا شا و هاتنە ئارای ١٢ ساڵ فەزای تایبەتی نێمچە ئازاد کە لەو دا، گەشە کردنی ژێ کاف دوای هاتنە نێو سیاسەتی قازی محەممەد یا بینایی و دامەزرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، و بوونی بە پێشوای حیزب و گەل، شارەزای چەندین زمانی جیهانی و ناوچەیی و پاشان دامەزرانی کۆمارێکی کوردی بێ وێنە، کە هاوپێوەندی نەتەویی، ئاڵا، پێشمەرگە، دیپڵۆماسی لە رادەی جیهانی، بازرگانی سەرکەتوو بۆ ژیان و گۆزەرانی کەسایەتیی پێدراو لە بەشی ئازادی کوردستان، خوێندنی زمانی کوردی و رۆژنامە و گۆڤارەکانی بەشێک لە کارەکانی پڕ لە شانازی دەوڵەتی جمهووری کوردستان بوون.
رووخاندنی کۆمار و بردنە سەری سەردار و هەڤاڵانی کە بۆ هەمیشە سەردار مانەوە، ئامانجەکانیان لە رێگای حیزبەکەیان و تێکۆشەرەکانی لە پێش کوودێتای ٢٨ ی گەلاوێژ١٣٣٢ و دواتریش درێژی کێشا. داستانی پر لە فیداکاری بزووتنەوەی ٤٦- ٤٧ تۆمار کران و تیکۆشانی بەردەوام، هەرمانی شەهیدان و نەمرانی ئیسپات کرد و دەسەڵاتی پاشایەتیی بە هۆی خەباتی گەلانی ئارایی لە ئێران بە مێژوو سپێردرا.
حاتەمی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، هاتە سەر ٤٠ ساڵ خەبات لەگەڵ رێژیمی کۆمار ئیسلامی و فێل و تەڵەکەکانی، بەربەرەکانی لەگەڵ هەموو ئاکارە سەرەڕۆییەکانی، فیداکاری باشترین رۆڵەکانی بۆ نرخدانیان بۆ ئازادی و مافی نەتەوەیی و هاتنە نێو فەزای پلۆڕالیزمی سیاسی و رێکخراوەیی، کە حیزبەکەی پێشەواقازی محەممەد و هاوڕێێانی حەمەحوسێن خان و سەدری قازی سەرمەشقیان بۆ دادابوون.
ئێستا هەرچەند بەداخەوە دوو حیزبی دێموکڕات بوونی هەیە، بەڵام ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، شووڕای دێمۆکراسیخوازان و هاوپێوەندی بۆ ئازادی و مافی وەک یەک، سێ پێکهاتەن لە حیزبی دێومکراتی کوردستان لەنێواندا، چالاکی زۆر بەرچاوی هەیە. رێژێمی سەرەڕۆی مەزهەبی لە ئێراندا، وەک دەسەڵاتی دوو پەهلەوییەکان، بە خەباتی فرەرەهەندی هەموو هێز و لایەنەکان و کۆمەڵانی خەڵکی تینووی ئازادی و مافی نەتەوەیی سەردەکەوێ. بۆیە کارەساتی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ ی هەتاوی، بە حیماسەکانی ٢١ ی خەرمانان و نەورۆز و سەمای ئازادی و گوڵی سوور وڵامیان درایەوە. لەنێوخۆی رێژێمیش دا، لە بەفرانباری ١٣٩٦ ی هەتاوییەوە، هەردووک قۆڵی ئوسووگەرا و ئاڵوگۆڕخواز، ئیدانە کران. دەسەڵاتبەدەستان لەبەر گەندڵی ماڵی و بەرپرس نەبوونیان لەئاست گەلان، هاتنی لافاو بوو بە یەکێکی دیکە لە گەورەترین ریسواییەکانیان.
بەدوای وتەکانی هاوڕێ حەسەن حاتەمی دا، هونەرمەند سیروان عەبدوڵڵاهی بە ساز و دەنگە خۆشەکەی و هونەرمەند “یەحیا محەممەدی” چەند بەرهەمێکی هونەرییان پێشکەش کرد. ئەوجار هەریەک لە شاعیرانی هەست ناسک ئاسۆ خەبات، کوێستان عومەرزادە و سارا عابدی، بە چەند شیعر و پەخشانێکی شۆڕشگێڕی، کۆڕەکەیان زیاتر رازاندەوە و شایانی باسە ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی کە بەشداری ئەو یادە بوون، بریتی بوون لە:

– پارتی دیمۆكراتی كوردستان
– بزووتنەوەی گۆڕان
– ئەنەكەسە- ڕۆژئاوای کوردستان
– كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی كوردستانی ئێران
– كەنەكە (كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان)
– سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران