Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۸ | 19/08/2019 | کاتژمێر:
راگەیەندراوەکان

حیزبی دێموکراتی کوردستان: بەهانای لافاولێدراوانەوە بچن

03/04/2019 | 00:16:43
+A
-A

ماوەی زیاتر لە دوو حەوتوویە چەندین شار و ناوچەی ئێران و کوردستان بە هۆی کەش و هەوای بارانی و هەستانی لافاوەوە تووشی زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی هاتوون. لە بەشێک لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان (کرماشان، ئیلام و لوڕستان) زیانەکان کارەساتبار و دڵتەزێنن. بە پێی زانیارییەکان؛ تا ئێستا نزیک بە ٦٠ کەس گیانیان لە دەست داوە و بە سەدان کەس بریندار و بە دەیان هەزار کەس لە شوێنی نیشتەجێبوونیان دوور کەوتوونەتەوە، ٤٠٠ شار و گوند لە ١٨ پارێزگای وڵات کەوتوونەتە بەر هەڕەشەی لافاوەکان و ٧٨ ڕێگای نێوان شارەکان و ٢٢٠٠ ڕێگای نێوان گوندەکان بەو هۆیەوە داخراون. بەراوردی سەرەتایی زیانەکانیش دەڵێ کە تا ئێستا ١٢هەزار میلیارد تمەن زەرەر و زیان بەر خەڵک لە هەموو بەشەکاندا کەتووە.

بە پێی بۆچوونی کارناسان و شارەزایانی ژینگە، هۆکاری بەشێکی زۆری ئەم کارەساتانە سرووشتی نین و ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە سیاسەتی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی دەوڵەت و باندی مافیای سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە هەیە کە بە هۆی پڕۆژە سەقەتەکانی ئەوانەوە لە بواری ڕێگا و بان ، شارسازی و پڕۆژەکانی دیکە لە نزیک شوێنی ئاوەڕۆ و رووبارەکان، خەڵک و وڵاتیان تووشی ئەم نەهامەتییانە کردوە. جیا لە هەموو ئەم بێسەرەوبەرەییانە، ئەوەی ئەمڕۆ بۆ خەڵکی لافاولێدراوی  ئێران و کوردستان بە تایبەتی جێی تووڕەیی و ڕق و بێزارییە، کەمتەرخەمی و بێتوانایی دام و دەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە بەهاناوەچوونیان. تا ئێستاشی لەگەڵ بێت کاربەدەستانی دەوڵەتی و حکوومەتیی ئەم ڕێژیمە بە بیانووی جۆراوجۆری بێبنەما کە نیشانەی دەستەوەستانی و بێتوانایی ئەم نیزامەیە، هیچ  پلان و بەرنامەیەکیان بۆ بەهاناوەچوونی سەر و ماڵی خەڵکی زیان وێکەوتوو نییە.

هەروەها لە کاتی ڕوودانی بەڵا و کارەساتێکی سروشتیی لەو چەشنەدا شەپۆلێک لە هاوخەمی و بەهاناوەچوون لە ئاستی ناوچەیی و دەوڵەتیدا بە نیسبەت شوێنە زیاندیتووەکان وەڕێ دەخرێ، بەڵام ئەمجارەیان و تا ئێستا باسێک لەو بەهاناوەهاتنە لەلایەن وڵاتانەوە نییە. دیارە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی سروشتی خۆیان کە قەت بایەخیان بۆ گیان و ماڵی خەڵک دانەناوە، لە کاتی وادا داوای کۆمەگ و یارمەتی ناکەن، بەڵام لانیکەم لە دوو ڕووداوی لەم چەشنەدا، چ کاتی بوومەلەرزەکەی “ڕوودبار” و چ لە کاتی بوومەلەرزەکەی “بەم”دا لە هەموو شوێنێکی دنیاوە کاروانی یارمەتییە پزیشکی و مرۆڤدۆستانەکان بەرەو ئێران وەڕێ کەوت. دوانموونە وەک باس کرا بوومەلەرزەکەی “بەم” بوو کە زیاتر لە ٦٠ وڵات یەک لەوان ئەمریکا بە ناردنی هێزی یارمەتیدەر، خواردن و دەواودەرمان و کەلوپەلی حاواندنەوە ڕوویان کردە ئێران و میدیا و کاربەدەستانی ئێرانیش بە ڕێزەوە باسیان لە کار و چالاکییەکانیان کرد. بەڵام ئێستا چ ڕووی داوە کە ئەم کارەساتە سروشتییە گەورەیە نەبووەتە هۆی وەها هەڵمەتێک؟! چۆنە هەموو کاردانەوەکان لە ئاستی تویت و قسەی سەرزاران ماونەوە؟! ئەمریکا و ئورووپا لەجێی خۆی، چۆنە چین و ڕووسیەش کە دوو هاوپەیمانی سیاسیی کۆماری ئیسلامین و بەردەوام لە ڕووی سیاسییەوە بە هانای ڕێژیمەوە هاتوون، لەوەدا بە سەرەخۆشییەک و هاوخەمییەکی زارەکی قەناعەتیان کردوە؟! تەنانەت چۆنە لە کاتێکدا بە سەدان هەزار کەس ماڵ و حاڵیان لێ شێواوە و ژیانیان کەتووەتە مەترسییەوە، بەڵام ئێران لەجیاتی ڕاکێشانی هاوپێوەندیی جیهانی،  بابەتەکە بە جۆڕێکی دیکە  بەراوەژوو نیشان دەدا و کەمتەرخەمییەکانی خۆی دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتانی دیکە؟ وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ گەمارۆکانی ئەمریکا کۆسپیان لەبەردەم ڕەوتی بەهاناوەچوونەکان داناوە و ئەوە ئەوانن کە ناهێڵن یارمەتیی دەوڵەتان بگاتە خەڵکی ئێران! لەولاش مایک پەمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش وەدەنگ دێ و دەڵێ؛ پێویستە کاربەدەستانی ئێرانی لە گەڵ خەڵکی خۆیان ڕاستگۆ بن و بە جێی ئەوەی پێداچوونەوە بە پلانە هەڵەکانیان بەرانبەر بە ژینگە و شارسازی بکەن و سیاسەتە هەڵەکانی خۆیان بەرانبەر بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بگۆڕن، درۆ لە گەڵ خەڵکی خۆیان دەکەن و خەتاکان دەخەنە ئەستۆی ئێمە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام و بەتایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە قەیرانخوڵقێنی و دروستکردنی ژانەسەر بۆ وڵاتانی دراوسێ  لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا پشتگرتنی تێرۆریزمی دەوڵەتیی تۆوی نەفرەت و بێزاریی لە ئاستی دنیادا بڵاو کردۆتەوە. نەفرەت و بێزارییەک کە ئێستا خەڵکی ئێرانە دەبێ باج و تێچووەکەی بدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕاگەیاندنی هاوخەمیی و هاودەردی لەگەڵ خەڵکی زیانلێکەوتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانی ئەم کارەساتە، هەروەها مەحکوومکردنی کەمتەرخەمی و بێبەرنامەیی ڕێژیم لە پێوەندی لە گەڵ بەهاناوە نەچوونی خەڵکدا، داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەلوێ و دەگونجی، بەهانای خەڵکی زیانڵێکەوتووبە هۆی ئەم لافاوانەوە بچن. بەتایبەت بە پێی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەرانبەر بە هاونیشتمانانی خۆمان، پێویستە لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا بەهانا و یارمەتیی خەڵکی ناوچەکانی خوارووی کوردستانەوە بچین.

خەڵکی دەروەست و سەخاوەتمەندی کوردستان لە هەلومەرجی تایبەتیی ئەوتۆدا لەمێژە سەلماندوویانە کە پشت و پەنای یەکترین و یەکتر بە تەنیا ناهێڵنەوە. هەڵوێستی خەڵکی شارو ناوچەکانی کوردستان بەرانبەر بە بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان و بەهاناوەچوونی مێژوویی خەڵک، نموونەی هەرە بەرزی خەسڵەتی بەخشندەیی خەڵکی کوردستانە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێ لەم  دۆخە دژوار و کارەساتبارەدا خەڵکی کوردستان، هاونیشتمانیانی خۆیان لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و لورستان لەبیر نەکەن، بە هانایانەوە بچن و بە هاوکارییەکانی خۆیان مەینەت و ئازارەکانیان کەم بکەنەوە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

١٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی