مەنسوور هادی سەرۆککۆماری یەمەن ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خاکەلێوە ڕایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەوڵدایە بە داگیرکردنی سەنعا لە لایەن میلیشیاکانی حوسییەوە، پایتەختی وڵاتانی عەرەبی کۆنتڕۆڵ بکا.
سەرۆککۆماری یەمەن لە کۆبوونەوەی ڕێبەرانی وڵاتانی عەرەبی لە وڵاتی توونسدا گوتی: دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی حوسی بە گوشارخستن بۆسەر شاری سەنعا، پایتەختی وڵاتی یەمنیان کردۆتە بەندیخانەیەک بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە.
هەروەها سەرۆککۆماری یەمەن پشتڕاستی کردەوە کە ئێران ساڵانە سەدان میلیۆن دۆلار یارمەتی میلیشیاکانی حوسی یەمەن دەکا.
شایانی باسە لە کاتێکدا خەڵکی ئێران بە هۆی داتەپیوی ئابووری و گرانییەوە دەناڵێنن، کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی تێکدەرانەی خۆی ساڵانە سەدان میلیۆن دۆلار بۆ پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم لە ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناڤین و لە ئاستی جیهاندا تەرخان دەکا.