بەپێی هەواڵی سەرچاوە سەربازیەکان و ئۆپۆزیسیۆنی سووریە ، شەوی چوارشەممە ٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی چەندە فڕۆکەی شەڕکەری سپای ئیسڕائیل مۆڵگەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە شاری “حەڵەب” بۆمباران کردووە.
چاودێری مافی مرۆڤی سووریە کە ناوەندەکەی لە “لەندەن”ە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە فڕۆکە ئیسڕائیلیەکان کۆگای چەک و تەقەمەنی کۆماری ئیسلامییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی “حەڵەب” و دەوروبەری و ناوچەی پیشەسازیی ” شێخ نەجات” بۆمباران کردووە کە بەهۆی بۆمباران و تەقینەوەی کۆگاکان زەرەد وزیانێکی زۆری گیانی و ماڵی بە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گەیشتوە.
ڕۆژنامەی “هائارتیس” لە زمان سەرچاوەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریەوە ڕایگەیاند کە هێرشی هەوایی ئیسڕائیل کۆگای چەک و تەقەمەنی و فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردۆتە ئامانج. شاری ” حەڵەب” دووەمین شاری گەورەی سووریەیە و گەورەترین ناوەندی ئابووری ئەو وڵاتەیە کە بە هۆی ئەو بۆمبارانەوە بەرقی شارەکە پچڕا.
شایانی باسە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا سەدان بنکە و بارەگای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەک و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل و بە سەدان کەس لە هێزەکانی ئەو ڕێژیمە کوژراو و بریندار بوون.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی خەڵکی سووریە دژی حکوومەتی بەشار ئەسەد هاوکار و پشتیوانی ئەو دەوڵەتە بووە، بۆتە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی بێ پەنا و بێتاوانی ئەو وڵاتە و بۆتە قاتڵی ژن و مناڵی خەڵکی سووریە و لەو ڕێگەیەشدا بێجگە لە زیانی ماڵی بۆ وڵاتەکەی، بۆتە هۆی بەکوشتدانی هەزاران کەس لەهێزەکانی سپای ئێران و بەشێک لەو ئەفغانی و پاکستانیانەی کە لە ڕیزەکانی سپای قودسی ئێراندا لە بەرانبەر پارەدا بوونەتە چەکداری ئەو ڕێژیمە.