ڕۆژی شەممە ٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆتایی خەلافەتی ئیسلامی لە وڵاتانی سووریە و عێراق ڕاگەیەند. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا سپاسی هاوپەیمانەکان و هێزەکانی عیراق و سووریەی دێموکڕاتی کرد و ڕایگەیاند کە داعش سەد لە سەد کۆتایی هاتوە.
دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام ناسراو بە “داعش” یەکێک لەو هێزە دواکەوتوە کۆنەپەرست و دڕندەیە بوو کە سەرەتای دامەزران و دەسەڵاتی خۆی بە هێرش بۆ سەر کوردان دەستپێکرد. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردان لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان بوو بەهۆی شەهیدبوونی هەزاران پێشمەرگە و شەڕڤان و گریلا و خەڵکی بێدیفاعی کوردستان. کۆمەڵکوژی کوردانی یەزیدی، تاڵانکردن و گرتن و بردنی هەزاران کچ و ژنی یەزیدییەکان و کوردانی ڕۆژاوای کوردستان یەکێک لە گەورەترین قەتڵی عام و جینایەتەکانی ئەو هێزە سەرەڕۆ و خوێنڕێژەیە لە سەدەی ٢١ دا.
لە سەرەتای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان لە ڕۆژاوا و باشوور، هێزە کوردییەکان شان بە شانی یەک دژی ئەو هێزە شەڕانگیز و خوێنخۆرە وەستانەوە و بە شەهیدبوونی هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە توانیان خاک و خەڵکی کوردستان لە دەستی ئەو جینایەتکارانە بپارێزن. لەگەڵ ئەوەی کە کورد لەو شەڕەدا خوێنێکی زۆری لەبەر ڕۆیی و وێرانی زۆری بۆ کورد بە دواوە بوو، بەڵام بەهۆی فیداکاری و قارەمانەتی کچان و کوڕانی ئەم نیشتمانە، کورد و کوردستان و ئازایەتی ڕۆڵەکانی ئەو گەلە لە جیهاندا دەنگی دایەوە و وەک بەهێزترین هێز لەبەرابەر داعشدا ناو و ناوبانگی دەرکرد.
سەرەتای بەرەنگاربوونەوە و کۆتایی داعش لە سەر دەستی هێزی پێشمەرگە و شەروانی کورد بوو و لە جێژنی نەتەوەیی نەورۆزی کوردەواریدا لە ڕۆژاوای کوردستان لە سەر دەستی ڕۆڵەکانی کورد لە “باهۆز” بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب کۆتایی بەو هێزە دژەئینسانییە هات و بۆ جارێکیتر کورد نەیهێشت خاکەکەی بکەوێتە ژێر پۆستاڵێ داگیرکەرانی کوردستان و بۆ جارێکیتر مێژژوی کورد دووپات بۆوە و لە نەورۆزی کورداندا وڵات لەژێر دەستی خوێنمژ و زۆردارێکی دیکە ڕزگار کرا.