Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۱ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 22/05/2019 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

کۆمەڵکوژی

20/03/2019 | 15:18:22
+A
-A
سام یارسان

کاتێک کە باسی قەڵاچۆکردنی مرۆڤەکان دێتە گۆڕێ، دەچینەوە بیرویادی تاڵی ژینۆساید و کوشتاری دڵتەزێنی گەلان، بۆ نموونە وەبیر ئەنفالی کوردان بەدەستی ڕێژیمی بەعس، هۆلۆکاستی جوولەکەکان لەلایەن نازییەکانی ئاڵمان، کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لە ئیمپراتۆری عوسمانلی، یا قەتڵوعامی “هۆتوەکان” بە دەست توتسییەکانی ڕواندا دەکەوینەوە. ڕووداو گەلێک بەوپەری چەختیگەری و بێبەزەیی بەشێک لە کۆمەڵگە یان دەستەڵات، بەرامبەر گەلێک، ڕەچەڵەک یا لایەنگرانی ئایینێک ڕوو دەدا. کردەوەیەک تەنانەت لەنێو ئاژەڵانی دڕەندەش نابینرێ، تەنانەت لە شەڕدا کە شانۆیەکی پڕ لە توندوتیژیی ڕەوشتی بەدی مرۆڤە و دوولایەن بە توندی و بە کەرەسەی جیاوازیی کوشتن هەڵدەکوتنە سەر یەک، ئەم کردەوەیە نابینین، هەر بەڕاستی شێواز و گرێبەستێکی نەنووسراو هەیە کە نیزامییەکان لە ڕەوشی سروشتیدا خۆیان لە کوشتن و ئەشکەنجەی خەڵکی ئاسایی و دیلی شەڕ دەبوێرن، لەحاڵێکدا لە ژینۆسایدەکان سەرجەم چین و توێژی کۆمەڵگە هەر لە ژن و مێر، پیر و لاو بەتایبەت منداڵان کە بە دواڕۆژی ئەو گەلە دەناسرێن لەو دیاردە گڵاوە قوتار نابن، بەرپرسانی ئەو جنیاتەتانە تەواوی بیر و هەستیان لەنێوبردن و بڕینی یەکجارەکی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە مەبەستیانە، لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو ڕووداوانەدا خەڵکی بێتاوان هیچ شانسێکیان بۆ بەرگری لەخۆ نییە. ئەو کردەوەیە هەرچەند قیزەونە بەڵام مەخابن لە مێژوودا لە لایەن کەسانی بەدڕەوشت و چەختەوە زۆرمان بینیوە. هیوادارین بەهۆی پێوەندییەکانی خێرای ئەمڕۆ و لێپرسینەوەکانی جیهانیی ئەو دیاردە نەشیاوە ڕوو لە کەمی بکا، ئەگەرچی بەداخەوە ئێستاش لە وڵاتانی سووریە، یەمەن، میانمار و چین و … بە شێوازی ڕەنگبێ ئەهوەنتر و جیاوازتر دەبینرێ و وەک ئەنفالەکەی ئێمە نەچێ.
لەم وتارەدا هەوڵ دراوە باس لەوە بکرێ کە هەرچەندە ئەو شێوازەی لەنێوبردنی مرۆڤەکان لە کەمی داوە بەڵام بە شێوەی نوێتر و لەبەرگێکی تر ئێستاش لە زۆر شوێنی ئەم گەردوونە دەبینرێ و ئەو جۆرەی کە دەبێ سرنجی بدرێتێ، نییە. بۆ ڕوون کردنەوەی زیاتر باس لە میناکێک بکەین خراپ نییە، هەتا دووسەد-سێسەد ساڵی پێشوو؛ پێخوست کردنی مافی ڕەوای مرۆڤ لە هەموو جیهان بە ڕوانینی کۆیلەداری بووە تەنانەت لە نێو ئەو گەلانەی بە ڕواڵەت پێشکەوتووتر بوونە ئەو دیاردەیە دەبینرا، جۆرێک چەوساندنەوە و کارلێکێشانی مرۆڤ وەدەست مرۆڤێک کە خۆی بە خاوەنی هەموو شتێکی دەزانی و بە زمانی قامچی و داخکردن و سووکایەتی بە هاوڕەگەزی خۆی دەکرد، جۆرێک لە چەختیگەری تەنانەت لەلایەن دەستەڵاتدارانەوە بە یاسایی کرابوو و هاواری مافخوازی ئەو کەسانەش بە توندترین شێوە بەرپەرچ دەدراوە، بەڵام بەهۆی گەشە و بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاریی گەلان و ڕابوونی بێوچانی ئەو خەڵکە وەزاڵە هاتووە هێدی هێدی ئەم شێوازە گۆڕدرا، بەڵام بە مۆدێلێکی تر و بە ڕواڵەت مرۆڤانەتر لە چوارچێوەی چەوساندنەوەی گەلان خۆیا بوو، بۆ شێوەیەک ماوەیەکی زۆری خایاند کە ئەو گەلانە هەستیان پێکرد هەرچەند پەتی کۆیلەتییان پچڕاندووە بەڵام بە جۆرێکی تر خەریکە زوڵمیان لێدەکرێ و دەچەوسێنەوە، جا لێرەدا دیسان پێویست بوو جارێکی تر هاواری سەندنەوەی ماف بەرز بکرێتەوە و بە دوای ویست و داخوازییەکانی خۆیاندا تێبکۆشن و شۆڕش سەر هەڵبدا. لەمەڕ کۆمەڵکوژیش ئاش هەمەن ئاشە ئەگەرچی بە شێوەیەکی ڕۆتین زۆرێک لە دەستەڵاتەکان ئەو کردەوەیە مەحکووم دەکەن و بە ئاشکرا دەستی بۆ نابەن، بەڵام ژێرخانێکی تریان بۆ داکوتاوە کە ئاکامەکەی هەمەن کوشتاری گەلان و ڕەگەزەکانە. لەو شێوە پلانە کە پاساوەکەی زۆرتر لەسەر بیر و باوەڕی ئایینی، نیشتمان پەروەری، یەکیەتیی نەتەوەیی و … هەڵچندراوە، خەڵک چەواشە دەکەن کە بەدوای نەریت و کولتووری خۆیاندا نەچن و ئەگە بەریەک کەوتنێکیش هەبێ بە تاوانی جۆراوجۆر زۆر بە توندی وڵامی دەدرێتەوە و یا کەسەکە لە سەرجەم مافی ڕەوای خۆی بێبەش دەکرێ و هەڵیدەپەسێرن. وێنەی بەرچاوی ئەم کردەوەیە پێشگرتن بە ئاخاوتن و پەروەردەی زمانی دایکە، ڕێزگرتن لە بیر و باوەڕ و زۆرێک لە ئایین و کۆمەڵێک لەو بنەمایانە دەتوانین ببینینەوە و باسی بکەین، لەو خاڵانە کەس یا کەسانێک کە بەرگری دەکەن و داوای ئەو مافانە دەکەن، بانگ دەکرێن، دەگیرێن تەنانەت بەندیخانە و پەتی سێدارەش چاوەڕوانیان دەبێ، جا ئەگە ئەوهاش نەبێ لە هەموو مافەکانی کۆمەڵگە و ئیش و کار و ژیان بێبەش دەبن تەنانەت کارتێکەری لە ئاوەدانی و پێڕاگەیشتنی ناوچەی نیشتەجێ بوونیش دەکا یا دەنا بە هێوری پەراوێز دەخرێن و ئەوجار بەو پاساوە کە ئەمانە بێکەلک و بەزەڕن بۆ کۆمەڵگە تووشی خۆکۆژیی دەروونی دەبن و مەوتەن و زێدی خۆیان جێدەهێڵن، بۆ دواڕۆژی ماڵ و مناڵیان بە ناچار بەرەو هەندەران کۆچ دەکەن، ڕێک وەک ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ئاکامەکەی مەیدان چۆڵکردنی ئەتنیکێک یا کۆمەڵگەیەکە و هەڵاتنیان بۆ شوێنێکی دەرەوەی خۆیانە بۆ پاراستنی ماڵ و کەسی خۆیان، لە خراپترین ڕەوشدا لەوەها شێوازێک، کەسەکە دەشکێنن، وردی دەکەن تەنانەت ئەگە خۆڕاگرییش بکا بەناچار لەبەر مناڵ و دواڕۆژی نادیاری بنەماڵە، بەو پەڕی خەمەوە مەیدان بۆ جیلی داهاتووی چۆڵ دەکا و پەسەندی دەکا، بەم شێوەیە بە شێوازێکی ئارام و خزۆک نەوەی داهاتوو بە دابڕانێکی کولتووری لە وەچەی پێش خۆی دەگا و بە یارمەتیی سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنان و دانی هیندێ ئیمتیاز کە هەر هی خۆیەتی و نە هیچ تشتێکی تر، جیلێک پەروەردە دەکا کە بە کردەوە و فیزیکی نایکوژێ بەڵام شوناس و هەوێتی خۆی لێ دەستێنێتەوە و بەبێدەنگی و بێهەڵا لەنێو ئەو ئەتنیکە خوازراوەی خۆیان قاڵ دەبێتەوە و بۆ هەتاهەتایە لەنێو دەچێ و ڕایدەماڵێ، ئاکامەکەی ڕێک هەر وەک پێشوویە بەڵام بەو جیاوازییەی کە باسمان کرد بەبێدەنگی بە کردەوە ئاسیمیلە دەبێ و لەنێو دەچێ، ڕەنگبێ زۆر خراپتریش بێ، لەم دۆخەدا قەرا نییە دەستەلاتداران دەستیان بە خوێنی کەس سوور بێ و دنیاش لێیان وەجواب بێ کە بۆچی ئەو خەڵکە دەکوژی، بەم شێوازە خەڵک لە بازنەی کۆمەڵگەی خۆیان وەدەر دەنێن. جا ئەمە ڕێک ئەو ڕووداوەیە کە ئێستا لە وڵاتی ئێران ڕوو دەدا و ڕۆژانە ئەو قاڵکردنەوەیە دەبینین و لە ڕاستی بێدەنگین.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پاساوی سەیروسەمەرە بەشێوەی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو باوەڕی بە ناسنامەی قەومی و ئایینی ئەو تاکانە نییە کە لە خۆیان نین، ئەو دژبەرانە بەشێوەی جۆراوجۆر لەنێو دەبەن یا دەنا بە ناچاری تەرکە وڵات دەبن، یا دەنا ئەوانەی دەنگیان لێوە نایێ و لە ڕاست ئەو ژینۆسایدە بێدەنگ و کڕن، دەبێ بەو شوناسەی بۆیان داتاشراوە بە نیوە مرۆڤی ژینی ژێر دەستی بەسەر بەرن، ئەو مرۆڤەش کە دەمێنێتەوە کەسێکی چەوساوە و سەرکوتکراوە کە هیچ لە هەوێتی خۆی نازانێ و گوێڕایەڵی سیستم دەبێ و هەتاهەتایە بە کۆیلەیی ژیان بەسەر دەبا. هەڵبەت دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ لەو شێوازە کۆمەڵکوژی-یە ئەوە تەنیا مەبەست ئەتنیکێک یا ڕەگەزێک نییە کە دەکەوێتە بەر شاڵاوی لەنێوچوون بەڵکوو لەنێو بنەماڵە و تاکەکانیش کاریگەری دەبێ و دواتر هەموو ئەو گەلانەی تریش بەو شێوازە دەچەوسێنەوە و بەڵام هێزی بڕیاردانیان نامێنی و تەسلیمی ویست و ئیرادەی پیلانی قەومی بالادەست دەبێ دواتر ئەو قەومە چەوسێنەرەش لە ئاکام دەبێتە بازنەیەکی چەند سەد کەسی و ئەوە ئەو چەند کەسەن بەسەر تەواوی ئەو گەلانەدا زاڵ دەبن؛ بۆیە پێویستیمان بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی و تەبایی سەرجەم گەلانی ئێران هەیە بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژییە سیاسی، فەرهەنگی و زمانییە.