٦٠٠ هاونیشتمانی خەڵکی شارەکانی قوروەو سریشئاوای سەر بە پارێزگای سنە، بە هۆی ژاراویبوون لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون.
لە ماوەی دووی ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژەی ژاراویبوونی هاونیشتمانیانی قوروەیی لە ٣١٥ کەسەوە گەیشتووتە ٦٠٠ کەس و تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆکاری ئەو ژارویبوونە بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە.
ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ٩٧ی هەتاویی پزیشکەکانی نەخۆشخانەیەک لە شاری قوروە خواردنی گوشتی بەستوویان بە هۆکاری ئەو ژاراویبوونە زانیوە و، ئەو گۆشتەش ماوەیەکە لە لایەن دەوڵەتەوە بڵاو دەکرێتەوە.
لەو پێوەندییەدا هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری قوروە ڕایگەیاند کە ڕێژەی ژاراویبووەکانی ئەو شارە نیزیک بە ٧٠٠ کەسە و، ناسالم بوونی ئاوی خواردنەوە هۆکاری سەرەکیی ژاراویبوونی شارۆمەندانی قوروەییە.
بە پێی هەمان سەرچاوە گوایە شوێنی چاڵکردنی زبڵ و پاشماوەکانی قوروە ناستانداردەو، نیزیکە لە سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو ناوچەیە.
شیاوی باسە چەندین ساڵە خراپی ئاوی خواردنەوەی شارەکانی قوروەو سریشئاوا بووتەوە هۆی نیگەرانی ژینگەپارێزان و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام تائێستا ئەو کێشە چارەسەر نەکراوە.