” ئستڤان منووچین” وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا و”برایان هووک” سەرۆکی گرووپی تایبەتی هەڵوێست دژی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاویی ڕایگەیاند کە بۆ جارێکیتر مۆڵەت نادرێ بەو هەشت وڵاتەی کە دوای گەمارۆکانی دەوری دووهەمی ئەمریکا ڕێگەیان پێدرابوو تا شەش مانگ نەوت لە ئێران بکڕن و ئەمریکا دەیهەوێ هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگەیەنێتە خاڵی سیفر.
“برایان هووک” ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنفڕانسی ئێنیرژی لە شاری “هوستوون” ڕایگەیاند: بە سەرنجدان بە هەناردەکردنی نەوتی زیادە لە لایەن وڵاتانەوە بۆ بازاڕی نەوت، ئەمریکا دەتوانێ پرۆژەکانی خۆی بەپەلە لە سەر ئێران جێبەجێ بکا و هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگەیەنێتە خاڵی سیفر. ناوبراو لە درێژەی وتەکانی دا گوتی: لە ساڵێ ٢٠١٨ەوە کە گەمارۆکان بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە، داهاتی کۆماری ئیسلامی ١٠ میلیارد دۆلار کەمی کردوە و هەناردەکردنی نەوتی ئێران ڕۆژانە بۆ یەک میلیۆن و پێنسەد هەزار بەرمیل دابەزیوە.
هەر لەو کۆنفڕانسەدا ” ” ئستڤان منووچین” وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا پێداگر بوو لە سەر ئەوەی کە ئەو وڵاتانەی بۆ ماوەیەکی کاتی ئیزنیان پێدرابوو نەوتی ئێران بکڕن، دەبێ بە تەواوی واز لە کڕینی نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێنن.
شایانی باسە کە دوای چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و دەسپێکردنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، بۆ ماوەی شەش مانگ وڵاتانی چین، هێندوستان، ئیتالیا، یونان، ژاپۆن، کورەی باشوور و تورکیە ئیزنیان پێدرا نەوت لە ئێران بکڕن، بەڵام هەر دوو وڵاتی ئورووپایی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە وازیان لە کڕینی نەوتی ئێران هێنا و وڵاتانی دیکەش کڕینی نەوتیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کەمکردۆتەوە.
جێی ئاماژەیە کە مۆڵەتی ئەو چەند وڵاتە بۆ کڕینی نەوتی ئێران، لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویی کۆتایی دێت و ئیتر هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە نەوت لە ئێران بکڕێ.