دۆناڵد تڕامپ سەرۆککۆماری ئامریکا ڕۆژی سێشەممە٢١ی ڕەشەمەی ٩٧ی هەتاویی دۆخی نائاسایی لە پێوەندی لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی ساڵێکیتر درێژ کردەوە.
کۆشکی سپی لەو بارەوە ڕایگەیاند کە سەرۆکۆماری ئامریکا دۆخی نائاسایی نەتەوەیی لە پێوەندی لەگەڵ ئێران کە ١٥ی مارسی ٢٠١٩ کۆتایی دەهات، بۆ ماوەی یەک ساڵی تر درێژ کردەوە
جێیوەبیرهێنانەوەیە کە سەرۆککۆمارەکانی ئامریکا بڕیاری دۆخی نائاسایی نەتەوەیی بە دژی وڵات یان گرووپگەلێک دەردەکەن، کە مەترسی بن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئامریکا.
ئەو بڕیارە لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی بیل کلینتۆن لە ساڵی ١٩٩٥ بە دژی کۆماری ئیسلامی دەرکرا و، سەرۆککۆمارەکانی دیکەش ماوەکەیان درێژ کردەوە.
دەوڵەتی تڕامپ لە دوای کشانەوە لە ڕێککەوتنی “بەرجام” بە گەڕاندنەوەی گەمارۆوەکان بۆ سەر ئێران لە هەوڵدایە کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ناچار بکات بۆ ملدان بە ڕێککەوتنێکی نوێ.
هەر لەو پێوەندییەشدا مایک پومپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ ئێران ١٢ مەرجی لە بەردەم دەوڵەتی تاران داناوە.