Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۴ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 25/05/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

ئارێشەکانی کۆمەڵگە و نیگەرانییەکانی جەناب!

07/03/2019 | 20:31:50
+A
-A
عەلی بداغی

جەنابی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی چەند ڕۆژ لەوە پێش لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ مەداحەکانی ڕێژیمەکەیدا دانی بە قوڵبوونەوەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان دانا و نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە خەسار و زیانگەلی ئەو دیاردانە نەشاردەوە و بەڕوونی و وه‌ک ناوهێنان، ئاماژەی بە دابەزینی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش، تەقینەوەی تەڵاق و سەرهەڵدانی دیاردەی نوێی «زەماوەندی سپی» کرد. دیارە جەناب هەر بە هەوای قەوانە کۆنەکە سەرچاوەی هەموو قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانیشی بۆ پیلانەکانی «دوژمن!» گەڕاندەوە و داوای کرد کە بەرپرسانی وڵات پتر لە خەمی! «لاو»ەکان و پیرۆزیی نەریتی «خیزان»دا بن و نەهێڵن «دوژمن» لەو بەستێنەشدا ئەوەندە ڕمبازێن بکا!

پرسیار ئه‌مه‌یه‌ که‌ چی گەردی خستووەتە سەر دڵی جەناب و بەچی ئاوا کەمێک هەڵچووە؟ با چاوێک بەو ئامارانەدا بخشێنین کە بەرپرسانی حوکمەتەی جەناب لە میدیاکاندا باسیان کردووە و چەند و چۆنیی ئامارە ڕاستەقینەکانیش _کە بێگومان زۆر لە ئامارە ڕاگەیەندراوەکان زیاترن و دەشبێ بێ نوقسانی بە گوێی جەنابیان گەیاندبێ_ با لەجێی خۆی بمێنێ.

پێش هه‌موو شتێک دیارده‌ی «زه‌ماوه‌ندی سپی» که‌ گوایه جه‌نابیان ‌پێی قه‌ڵسن و لە زەوقیان دراوە.

ژیانی هاوبەشی کچ و کوڕ بێ ئەوەی زەماوەندیان کردبێ و لێک مارە کرابن و بەڵگەیەکی ڕەسمیی حکوومەتییان بە دەستەوە بێ، «زەماوەندی سپی»ی پێ دەڵێن. ئەم دیاردەیە لەگەڵ ئەوەدا کە لە ئێران کۆسپی قانوونیی لەبەردەمە و لەگەڵ شەرع و نۆرمە فەرهەنگی و ئاینییەکانی کۆمەڵیشدا نایەتەوە، بەڵام دیاردەیەکە کە ئێستا و بەتایبەت لە شارە گەورەکاندا گەلێ باوە و لەگەڵ لەکەمیدانی ژیانی هاوبەش و پەرەسەندنی تەڵاق تا دێ زیاتر ڕمێنی دەبێ.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا نەیانویستووە خۆ لە قەرەی ئەو باسە بدەن، بەڵام کاتێک کە ئیدی نە توانای پێشگرتن بە پەرەسەندنی و نە توانای شاردنەوەیان ما، لە ئاستی هەر سەرووی ڕێژیمدا _عەلی خامنەیی_ کاردانەوەیان لەسەری دەبێ و بە پیلانی ناحەزان و دوژمنانی ئێران، ئەویش بە مەبەستی هەڵتەکاندنی کۆمەڵگە و وڵاتی! ناو دەبەن.

زەماوەندی سپی کە بە مانای کاڵبوونەوەی نۆرم و حەسساسییەتە ئایینییەکان و بەگژداچوونەوەی قانوونە حکوومەتی و هەروەها نەریتە باوەکانی کۆمەڵگە، دەرەنجامگەلێ زۆریشی هەیە؛ وەک پەراوێزخرانیان لەلایەن بنەماڵە، سزای قورسی حەدی شەرعی بەپێی قانوونەکانی حوکمەت و هەروەها ئەو ناو و ناتۆرانەی لە کۆمەڵگەدا دەخرێتە پاڵ ئەوانەی ڕووی تێدەکەن و ئەم شێوازە لە ژیانی هاوبەش دەگرنە بەر. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێش کە ملدان بەو بارودۆخە و قبووڵکردنی ئەم مەترسییانە لەپای چی و قازانج و زەرەرەکانی کامانەن؟

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن ڕاکردنی لاوانی ئێستا، لە ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی خێزان وای کردووە ڕوو بکەنە زەماوەندی سپی، چونکی هیچ دەروەستییەک لە گۆڕێدا نییە و کەی پێیان خۆش بوو دەتوانن کۆتایی بەو پێوەندییە بێنن؛ بەڵام کارناسانی کۆمەڵایەتی دەڵێن خۆی ئەمە سڕینەوەی ئەسڵی بابەتەکەیە و لە ڕاستیدا خوێندنەوەی نیزامی سیاسی و بەڕێوەبەریی وڵات بۆ ئەم دیاردەیە، خۆدزینەوە و ڕاکردنە لە ئەرک و بەرپرسایەتی.

ئامارە ڕەسمییەکان دەڵێن لە ئێستادا 12 میلیۆن که‌س له‌ ئێران ڕه‌به‌نن، بەڵام بەهۆی کێشەی بێکاری، نیشتەجێبوون و قەیرانی ئابووری ناوێرن و ناتوانن خۆ لە قەرەی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش بدەن. خۆ ئەگەر بێتوو کۆمەڵێک لەوانیش بە یارمەتییە کاتییەکانی بنەماڵەکانیان ژیانی هاوبەش پێکبێنن، بەهۆی کێشە ئابوورییەکان پاش ماوەیەکی زوو لێک جیا دەبنەوە. ئامارەکانی دەزگای قەزایی دەڵێن کێشەی ئابووری هۆکاری سەرەکیی نەسازان و جیابوونەوەی ژن و مێردەکان لە ئێرانە. هه‌روه‌ها نیزیک بە دوو میلیۆن کەس له‌ حه‌شیمه‌تی ڕه‌به‌نی وڵات ئیدی پیرەکچ و پیرەکوڕن و لە تەمەنی ستانداردی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش لایان داوە کە سێ لە چواریان ژنن. هەروەها کێشە و قەیرانە ئابوورییەکان، نەبوونی ئەمنییەتی کار و نەریتی دواکەوتووانە و لەسەرێبوونی چاوەڕوانییەکان کۆسپی زۆر گەورەن لەبەردەم توێژی ڕەبەنی کۆمەڵگە کە نەوێرن بە دڵنیاییەوە بیر لە پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش بەشێوەی قانوونییەکەی بکەنەوە؛ بەڵام تۆ بڵێی ئەمانە بۆ جەنابی خامنەیی گرینگ بن؟

ئه‌مجاره‌یان با بێینه‌ سه‌ر چه‌ند ئامار و دیارده‌یه‌کی دی؛ لە ئێستادا لانیکەم چوار میلیۆن کەس لە ئێران تووشبووی مادەی هۆشبەرن، سەدا 11ی تووشبووان بە مادەی هۆشبەر ژنن،  8 میلیۆن کەس گیرۆدەی خواردنەوە ئەلکۆڵییەکانن، سەروو 100 هەزار کەس هەڵگری ویرووسی (HIV)  ئایدزن، سێ میلیۆن ژن سەرپەرستی خێزانن، نیزیک بە یەک میلیۆن ژن بەرهەڵدا و پەراوێزخراون، لە ساڵدا حەوت هەزار کچ لە ماڵ ڕادەکەن و نیزیک بە شەش هەزار کەس خۆیان دەکوژن، نیزیک 6 میلیۆن کەس بەتایبەت لە قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیدا لە خوێندن وازیان هێناوە و لە پڕۆسەی پەروەردە و فێربوون دابڕاون. لە نێوان 2 تا 3 میلیۆن منداڵی کار لەبەردەم مەترسیی جۆرەها زیانی کۆمەڵایەتیی دیکە دان و، تەمەنی لەشفرۆشی بۆ خوار 15 ساڵ دابەزیوە. دزی و تاوانە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە سۆنگەی هەژاری لەچاو چەند ساڵی ڕابردوو سەدا 30 زیادی کردووە. سۆنامیی هەژاری وای کردووە نیزیک بە دوو میلیۆن کەس بۆ نانی شەویان دابمێنن و سەدا 80ی خەڵکی ئێران هەژار و  یەک لە سێی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریی ڕەهادا بن. فرۆشتنی ئەندامانی لەش بەتایبەت گورچیلە تەنانەت ئەویش بە نرخی زۆر کەم هەر دێ و زیاتر دەبێ. لە ساڵدا زیاتر لە 3 میلیۆن پەروەندەی كەیفەری و 2 میلیۆن پەروەندەی حقووقی لە دادگاكانی وڵاتدا دەکرێنەوە و، زیاتر لە 3 میلیۆن پەروەندەش لە «شووڕاكانی حەلی ئیختلاف»دا بەدواداچوونیان بۆ دەكرێ. لە هەر 100 هەزار كەسی ئێران، 200 كەسیان لە زیندان دان. زیندانه‌کانی ئێران بۆ زه‌رفییه‌تی ٥٠ هەزار زیندانی دروست کراون، بەڵام له‌ ئێستادا ٢٥٠ هەزار كەسیان تێ په‌ستاوتووە. کاربەدەستانی ڕێژیم نایشارنەوە کە لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتییەوە حەشیمەتی ئێران 2 بەرامبەر بووە، بەڵام ئەژماری زیندانییەكانی ئێران بۆتە 10 بەرامبەر. له‌ نێوان چوار تا پێنج میلیۆن کۆچبه‌ری ئێرانی له‌ 22 وڵاتی دنیادا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ که‌ یه‌ک له‌ چواریان بڕوانامه‌ی خوێندنی کارناسیی باڵا و دوکتوڕایان هه‌یه‌. لە ساڵدا له‌ ئێران نیزیک 20 هەزار که‌س به‌هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست دەدەن و نیزیک به‌ 750 هه‌زار که‌س بریندار ده‌بن.

دۆخی شپڕێوی کۆمەڵگەی ئێران لەژێر تیغی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بەوەندە نابڕێتەوە و میراتی چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی بریتییە لە وڵاتێکی پڕ قەیران و تەواو نەخۆش. لەسایەی سەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خەڵک هەژارتر دەبن و بێکاری هەر دەم زیاتر دەبێ و ئاکامەکەشی وەک گوترا لە هەڵکشانی تاوانکاری و سەرهەڵدانی زۆر دیاردەی وەک «گورچیلەفرۆشی و فرۆشتنی ئەندامانی دیکەی لەش»، «گۆڕخەوی»، «منداڵانی کار» و «لەشفرۆشی»دا خۆی دەردەخا. لە سایەی چوار دەیە سیاسەتی شەڕخوازی و پشتیوانی لە تێرۆریزمدا، وڵات کەوتووەتە بەر تیغی قورسترین گەمارۆکان و لەو سۆنگەیەوە خەڵک تووشی نەخوازراوترین دۆخ بوون؛ کار گەیوەتە جێیەک کە ئاماری خۆکوژییەکان چەند قات زیاتر ببێ و زۆر بنەماڵە ناچار بن کۆرپەکانیان بفرۆشن!

تازە ئەم بارودۆخە لە حاڵێک دایە کە گەڕی نوێی گەمارۆکانی ئەمریکا هێشتا بەتەواوی کاریگەریی خۆیان لەسەر ڕەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێران دانەناوە و بێگومان ڕۆژانێکی زۆر سەخت لە چاوەڕوانیی ئێران دایە، ئێرانێکی شەکەت و ماندووی بندەستی کۆماری ئیسلامی کە چوار دەیە لەوە پێش بە قۆستنەوەی هەل و دەرفەتەکانی پاش شۆڕش توانی جڵەوی دەسەڵاتی وڵات بگرێتە دەست و، بە سەرکوت و سەپاندنی نیزامێکی سیاسیی توتالیتێر درێژە بە مانەوەی خۆی بدا.

مێژووی ئەم شۆڕشە هێند دوور نییە و هێشتا خەڵکێکی زۆر ئەم ڕۆژانەیان لە بیرە. لە ئێران شۆڕش کرا بۆوەی مەودای هەژار و دەوڵەمەند نەمێنێ، شۆڕشگێڕەکان نووکە ڕمبی پەلاماریان لە «شا» گرتبوو. دەیانگوت شا بۆ خۆی لە کەشکەڵانی ئاسمان و لە کۆشکەکانیدا دانیشتووە و ئاگای لە خەڵکی بێ ئەنوا نییە کە لە قەراغ شارەکان بە چ هەناسەساردییەک ڕۆژ دەکەنەوە.

شۆڕش سەرکەوت و شۆڕشگێڕەکان و یەک لەوان جەنابی خامنەیی کە ئێستا ڕێبەری ڕێژیمە، بناغەی نیزامێکیان داڕشت کە دروشمیان بۆ دەدا و خەڵک بۆ ئەو دروشمانە حەمەڕەزاشای پەهلەوییان لە تەختی شایەتی هێنایە خوارێ.

چوار دەیە لە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی تێپەڕیوە و کۆشکەکان هەر لەجێی خۆیانن، تەنیا کەسەکان ناویان گۆڕاون، شای پێشوو جلوبەرگی ڕازاوە و خەمڵاو بە میداڵ و نیشانی شایەتیی دەبەر دەکرد و ئەوەی ئێستا عەبا و مەندیلی هەیە و ئەنگوستیلەی نقیمداری لە دەست دایە … خەڵکی ئێران هەژارتر و بێ ئەنواتر بوون و مەودای دارا و نەدار لەو وڵاتەدا قەت ئەوەندەی ئێستا نەبووە، بەو جیاوازییە کە ئەوانەی دەوڵەمەندن و هەیانە، بەشی کەمی کۆمەڵگەن و هەژار و بەشمەینەتەکەش زۆرینەی ڕەهان.

ئەم ئامارانە تەعبیر لە دۆخێکی هەستیار دەکەن کە دەکرێ ڕووخان و هەڵتەکانی کۆمەڵگەی ناو بنێین کە هەرەسهێنانی نیزامی سیاسیی وڵات بەدووی خۆیدا دێنێ. ئەوەی ئەمڕۆ لە هەموو کاتێ پتر ئاشکرایە ئەوەی کە نیزامی سیاسی نەک شەرعییەتی لای زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگە لە دەست داوە، بەڵکوو خۆیشی ئەوەی لە ئیدۆلۆژی و گوتار ماویەتی نیسێیەکی کاڵە و ئەوەی تۆخە تەنیا زەبروزەنگی دەزگای سەرکوت و مافیای دەسەڵاتە کە شادەمارەکانی ئابووریی وڵاتیان لە پاوان دایە و بۆ دواهەناسەکانی دیکەی خۆیان بەکاری دێنن.

***