Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۷ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۸ | 18/09/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

نەریتخواز یا مودێڕن بوونی حیزبی دێموکرات

07/03/2019 | 20:28:24
+A
-A
قادر وریا

دووانە تەبا و ناتەباکانی مێژوویەکی ٧٥ساڵە

پوختەی ئەزموونەکان

(بەشی چوارەم)

شەشەم/ نەریتخواز (سوننەتی) یا مودێڕن (نوێخواز)

با لە پێناسەیەکی ساکار، کورت و گشتیی دوو چەمکی نەریتخواز و مودێڕنەوە، بچمە نێو ئەو باسەوە. «نەریتخواز»، ملکەچ و گوێڕایەڵی ئەو نەریت و باوەڕانەیە کە لە نەسلەکانی پێشترەوە بۆی ماوەتەوە. بەڵام «مودێڕن» (نوێخواز) لە ڕوانین و بیرکردنەوە و ژیان و تیکۆشاندا پشت بە زانست دەبەستێ.

هەر لە جێدا حیزب، دیاردەی کۆمەڵگەیەکی مودێڕنە و هاتنی بۆ نێو ژیانی سیاسیی ئێمەی کورد لە کاتی خۆیدا جۆرێک بووە لە نوێخوازی. ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو ڕاستییە کە لە ڕووی ناو و نێوەرۆکیشەوە، حیزبی دێموکرات بۆ سەردەمی خۆی لە کوردستان، نوێ بوو، پتر لە گرنگیی هاتنی ئەم دیاردە مودێڕنە بۆ نێو خەباتی سیاسیی کورد تێدەگەین. پێکهێنان و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستانیش لە لایەن ئەم حیزبەوە هەنگاوێکی نوێخوازانە بوو. چونکە سیستەمی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری لە ڕوانگەی پشتبەستنی بە ئیرادەی خەڵکەوە، لە چاو سیستەمی پاشایەتی، ئەویش پاشایەتی لە وڵاتێکی وەکوو ئێراندا، پێشکەوتووتر بوو. ئەو هەنگاوانەش کە کۆمار لە چوارچێوەی جێبەجێکردن و وەدیهێنانی مافە ڕەواکان و ویستە لەمێژینەکانی خەڵکی کوردستاندا هەڵی گرتن، هەنگاوی مودێڕن بوون.

لە ئەدەبیاتی حیزبدا، بە تایبەتی لە دەیەکانی پێشوو، بەردەوام حیزبی دێموکرات وەکوو حیزبێکی مودێڕن ناوی براوە. بەڵام ئەگەر بمانەوێ لە دەرەوەی دەمارگرژی و بەدوور لە بەخۆدا هەڵگوتن و دروشمدان، مودێڕنبوونی ئەو حیزبە هەڵ بسەنگێنین، دەبێ نوێخوازیی حیزب لە بوار و بەستێنی جیاواز، هەر وەها لە سەردەم و قۆناغی جیاواز‌دا، بخەینە بەر تیشکی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن. بۆ وێنە نوێخوازی لە بەرنامە و پێڕەوی حیزب، نوێخوازی لە سیاسەتکردن و هەروەها نوێخوازی لە بەڕێوەبەری و ئۆرگانیزمی حیزبدا و، لە درێژە و ئاکامی هەر هەمووی ئەمانەشدا، نوێخوازی لە بەرهەمهێنانی کولتوورێکی مودێڕندا کە تەنانەت لە ڕوانین و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی تاکەکانی حیزبیشدا ڕەنگی دابێتەوە. سروشتیشە کە پێوەری ئێمە بۆ ئەم نوێخوازییانەی حیزبی دێموکرات لە کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتی و هەتا ڕادەیەکی زۆر نەریتیدا، دەبێ ڕێژەیی بێ. واتە مودێڕنبوونی پڕۆژەیەک، بەرنامەیەک، دروشمێک یا سیاسەتێک بە گوێرەی ئاستی پێشکەوتوویی و مودێڕنبوونی ئەو کۆمەڵ و ژینگە کۆمەڵایەتییەی بەردەنگی ئەو شتانەن، بەراورد دەکرێ.

ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر بەرنامەی حیزب، لە کۆنفڕانسی سێهەم و لە کۆنگرەی سێهەمەوەیە کە حیزب دەبێتە خاوەنی بەرنامەیەکی ڕێکوپێکی مودێڕن. هەم شیکردنەوە و ڕوانینی حیزب بۆ ئاڵوگۆڕەکانی جیهان و ناوچە و ئێران و کوردستان، لەژێر ڕووناکیی ڕوانگەیەکی پێشکەوتووانە و عەقڵانیدا گەڵاڵە کراون، هەم بەرنامە و پڕۆگرامی حیزب، چ لە ڕووی داڕشتن و فۆڕموولە کردنەوە، چ لە ڕووی گونجاندنی کۆمەڵێک چەمک و بنەما و ماف، بە شێوەیەکی نوێ دەنووسرێن. ئەسڵی «حیزب پێڕەوی لە تیۆریی پەرەئەستاندنی کۆمەڵ دەکا» دێتە نێو پێڕەوی نێوخۆی حیزب کە لەو سەردەمدا، هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ ڕاهێنانی ڕێبەری و کادرەکانی حیزب بە نامۆیی نەکردن لە لێکدانەوە و ڕوانینی زانستییانەی ئاڵوگۆڕ‌ و ڕووداوەکان.

ئەدەبیاتی حیزبیش، کە سەرچاوە سەرەکییەکانی لە لایەک نێوەرۆکی ئەو بەرنامەیە و لە لایەکی دیکە باوەڕ و بۆچوونەکانی ڕێبەرانی ئەو کاتی حیزب بووە، نوێبوونەوە و ئاوێتەبوون لەگەڵ فکرە پێشکەوتووەکانی ئەو سەردەمی پێوە دیارە. بەیاننامەکانی کۆمیتەی ناوەندی، ئەو پەیامانەی بە ناوی کۆنگرەوە ناردراون، وتارەکانی ڕۆژنامەی «کوردستان»، شایەدی بۆ ئەم نوێبوونەوەیە دەدەن. هەڵبەت مانەوە و ژیانی بەشێک لە ڕێبەرانی ئەو کاتی حیزب لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و تێکەڵاویی ژمارەیەکیان لەگەڵ بیروباوەڕی مارکسیستی و چەپ، کاریگەری هەبووە لە سەر ئەدەبیاتی حیزب.

دەتوانم بڵێم ئەم ڕەوتە (نوێخوازی و نوێبوونەوەی بەرنامە و ئەدەبیاتی حیزب) هەتا هاتووە، بە نیسبەت ڕابردوو بۆ پێشەوە چووە. هۆیەکەشی ئەوەیە دنیا و ناوچەکە و ئێران و کوردستان، لە ڕووی کولتوور و فکر و ژیانەوە بەرەو پێشەوە چوون و، سروشتی بووە کە حیزب دەبوایە بە گوێرەی سەردەم، بەرنامە و ئەدەبیاتی خۆی نۆژەن بکاتەوە. بۆ وێنە پرسی یەکسانیی ژن و پیاو، مەحکوومکردنی هەر چەشنە چەوسانەوە و هەڵاواردنێکی نەژادی، چینایەتی، نەتەوەیی و ڕەگەزی (جنسی)، گرنگیدان بە ژینگە، ڕێزگرتن لە پلۆرالیزمی فکری و سیاسی لە نێو کۆمەڵ، باوەڕ و پابەندی بە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و کۆمەڵێک چەمکی نوێی سەردەم تا هاتووە زیاتر لە بەرنامە و ئەدەبیاتی حیزبدا ڕەنگیان داوەتەوە. ئەمەش هەست پێدەکرێ کە ئەم مودێڕنبوونەی حیزب بە هیچ جۆر بە مانای پشتتێکردن و دژایەتی لەگەڵ سەرجەم نەریتەکانی کۆمەڵ نەبووە.

هەتا ئەو کاتەی حیزب بریتی بووە لە ڕێبەری و کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگەی دوورکەوتوو لە وڵات و، بە شێوەیەکی ڕۆژانە و لە بواری جۆراوجۆردا لەگەڵ خەڵک تێکەڵاو نەبووە، پابەندی بە نوێخوازی و جێبەجێکردنی کار و ئەرکی حیزبی بە بیروباوەڕی نوێوە، ئەوەندە زەحمەت نەبووە. بەڵام بە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دەستپێکردنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەرکی حیزب لە ڕاییکردنی ڕۆڵی نوێخوازانە و پێشڕەوانەی خۆی لە ڕەوتی سیاسەتکردن و بەڕێوەبەرییەتیی کاروباری کۆمەڵدا دژوارتر دەبێ.

کۆمەڵگە بۆخۆی مەیدانی ململانێی کولتوور و فکری کۆن و نوێیە. لە کۆمەڵی ئەو کاتی کوردستاندا زۆر بیر و باوەڕی جۆراوجۆر لە مارکسیستی، لاییک و دێموکراتەوە تا دەگاتە مەزهەبی، بە ژمارەیەکی زۆر لایەنگرەوە هەبوون. ئەوەش بەجێی خۆی کە دین و مەزهەب و نەریتە کۆنەکانیش لە کۆمەڵگەی ئێمە‌دا ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵیان هەیە. هاوکات، لە ماوەیەکی کەمدا هەزاران تاکی کۆمەڵ لە چین و توێژی جۆراوجۆر و بە ئاستی تێگەیشتنی جیاوازەوە، ڕوویان کردە ڕیزەکانی حیزب، بوون بە ئەندام و پێشمەرگە و کادر و کاربەدەستی حیزبی دێموکرات. حیزبی دێموکرات دەبوایە لە لایەکەوە خسڵەتی پێشڕەوبوون و پێشکەوتنخوازبوونی خۆی بەو پێکهاتە ئینسانییە جۆراوجۆرەوە بپارێزێ، لە لایەکی دیکەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە و پرس و ڕووداوەکاندا بە جۆرێک هەنگاو بنێ کە خەڵک لێی نەسڵەمێتەوە. خەڵک بۆ چارەسەریی کێشە و گرفتەکانی خۆیان ڕوویان دەکردە بنکە حیزبییەکان و بەرپرسان و کادرەکانی حیزب و، لەگەڵ ئەوەی لە شارەکان و گوندەکان، شۆڕاکانی هەڵبژێراوی خەڵک هەبوون بۆ ڕاگەیشتن بە کاروباری خەڵک، بەڵام حیزبیش دەبوا دەور و ڕۆڵی خۆی هەبێ لە وڵامدانەوە بە چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا. یەکێک لە کارە باشەکان لەو بارودۆخەی ئەو کاتدا، داڕشتن و پەسەندکردنی کۆمەڵە قانوونێک لە لایەن حیزبەوە لە چەند بوارێکدا _دیارە بە هاوفکری لەگەڵ پسپۆڕان_ بوو کە بریتی بوون لە قانوونی سزادانی گشتی، گەڵاڵەی شۆڕاکان و گەڵاڵەی زەوی و زار. ئەم قانوونانە ڕێنوێنیی کادرەکان و کۆمیتەکانی حیزب و شۆڕاکان بوون بۆ چونیەتیی چارەسەریی کێشە و گرفتەکان. ئەو قانوونانەش پردێک بوون لە نێوان کولتوور و نەریتە باوەکانی نێو کۆمەڵگە و ئەو باوەڕانەی حیزبی دێموکرات کە خسڵەتی پێشکەوتووانە و پێشڕەوانەیان هەبوو. ئامۆژگاریی حیزب لەم سەردەمەدا بۆ ئۆرگان و دامەزراوە و بەرپرسان و کادرەکانی خۆی ئەوە بوو کە نە ئەوەندە خێرا بڕۆین کە خەڵک نەمانگاتێ و لە گەڵمان نەیەن، نە ئەوەندەش خۆپارێزانە و سست کە خەڵک و کۆمەڵ لە پێشمانەوە بڕوا و ئێمە بەجێ بمێنین.

بوونی حیزب وەک هێزێکی دەسەڵاتبەدەست و جێگیربوونی ڕێبەری و ئۆرگانەکان و بنکە و هێزەکانی حیزب بۆ ماوەی چەند ساڵ لە نێو شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات، لە سەر کولتووری کۆمەڵ و ئاشنابوونی خەڵک بە خۆبەڕێوەبردن، ئازادیی تێکۆشانی سیاسی، بوونی حیزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆر، قەدەغەکرانی هێندێک نەریتی دواکەوتووانە، چوونە سەری ڕێزی ژنان و ڕەچاوکرانی هێندێک لە مافەکانیان، کاریگەری هەبووە. بەڵام گومان لەوەشدا نییە کە هەم ئەوەندەی کراوە، لاوازی و کەموکووڕیی زۆری تێدا هەبوو، هەم دەکرا کاری زیاتر بکرێ، کە ئەمە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و بەڵگە و داتای پێویست هەیە و مەبەستی ئەم وتارەش نییە.

 

پوختەی ئەزموونێکی دوو لایەنە

لە گەڵ دوورکەوتنەوەی حیزب لە دەسەڵاتدارەتی و ڕاییکردنی کاروباری ڕۆژانەی خەڵك، جارێکی دیکە نوێخوازی و ململانێی کۆن و نوێ، لە نێوخۆی حیزبدا بەرجەستە بووەوە کە ئەمەش هەم بواری فکری و سیاسی گرتەوە، هەم بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی حیزب، هەروەها تکنیک و کەرەستەی تێکۆشان، خۆڕێکخستن و بەرنامە و پلاندانان و هتد. وێڕای هەمووی ئەمانەش دروستبوونی بەرەبەرەی کولتوورێک لەژێر کاریگەریی هەلومەرجی تایبەتیی خەبات و تێکۆشان و، پەروەردەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی حیزبیدا. کولتوورێک کە هەم ڕووی درەوشاوە و شیاوی لێ فێربوونی هەیە، هەم لایەنی نەرێنی و شایانی ڕەخنەلێگرتنی قووڵ.

ناڕەوایە ئەگەر لە هەڵوێستەکردن لە سەر ئەم کولتوورە، دەیان و سەدان شتی جوان نەبینین. بۆ نموونە: پابەندی بە بیروباوەڕی نوێ و مودێڕن و بەرگری لێکردنیان، دژایەتیکردنی نەریتی دواکەوتووانە و باوەڕی چەوت و نادروست، پێگەیاندن و پەروەردەکردنی مرۆڤەکان بە ڕوانگەیەکی سەردەمیانە، ڕاهێنانی تاکەکان بە نیشتمانپەروەری و گەلدۆستی و ڕێزگرتن لە مرۆڤ و ئاوێتەبوونیان لەگەڵ باوەڕی ئینسانی، سەداقەت و دڵسۆزی و فیداکاری لە پێناوی باوەڕ و بەها بەرزەکاندا، غافڵ نەبوون لەخوێندنی منداڵان و هەبوونی قوتابخانە وخوێندەوارکردنی نەخوێندەواران سەرەڕای  کەمدەرەتانی و بارودۆخی نالەبار، هاوبەشیی تاکەکان و بنەماڵەکان لە شایی و شینی یەکتردا، کۆڵنەدان و بەچۆکدا نەهاتن و خۆڕاگریی تێکۆشەران سەرەڕای سەختی و تاڵیی لە ڕادەبەدەر، ڕێزدانان بۆ خەڵک و هتد.

بەڵام بوونی ئەو ڕوخسار و لایەنە جوان و ئەرێنییانە لە ژیان و تێکۆشان و کولتووری ئێمەی دێموکراتدا، بەو مانایە نییە کە ڕابردوو و ئێستای ئێمە، لاوازی و نوقسانی سەرسووڕهێنەری نەگونجاو لەگەڵ نوێخوازی و مودێڕنبوونی تێدا نییە. مودێرنبوون لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ‌دا، یانی تاک یا دامەزراوەیەک، بزانێ و بتوانێ دەست بە کاتەوە بگرێ و زۆرترین سوود لە کات و کەرەستەی مادی و مەعنەویی بەردەستی خۆی وەربگرێ. کار بە تایبەتی لە دامەزراوەی حیزبیدا بەپێی پلان و بەرنامە بەڕێوە بچێ. هێزی ئینسانیی لاو و پڕوزە لە بێکاری و بێبەرنامەیی تووشی دڵساردی و سەر لێ ئەستووربوون نەبێ و کاتەکەی بە فێربوون و پێگەیشتن و کار و تێکۆشان، پڕ بکرێتەوە. توانا و ئیستیعدادەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە پەروەردە بکرێن و لە شوێنی خۆیاندا سوودیان لێ وەربگیرێ. ئەندامان، پێشمەرگەکان و کادرەکان وەها پەروەردە بکرێن کە تکنیک و شارەزاییەکانی پێویست بۆ کار و تێکۆشانی خۆیان فێر بووبن. بۆ بەدواداچوون و خەسارناسی و چارەسەریی کێشە و ئاریشەکانی نێو ڕێکخراو و لێپرسینەوە، سیستم هەبێ.

ئۆرگانیزم و پەروەردە و کولتووری حیزبی ئەگەر کارا و مودێڕن و  زیندوو و دەوڵەمەند بن، نابن بە ژینگەیەک بۆ سەرهەڵدانی ناوچەگەرایی و ململانێی دواکەوتووانەی تاکەکان و گرووپەکان لەگەڵ یەکتر و تاکپەرستی و تاقمبازی. کەسانی نەشیاو ناتوانن بە جەوسازی و باندبازی و دروشمدانی بێبنەما مەوقعیەت بۆ خۆیان دروست بکەن. حیزب ئەگەر لە قەوارە و بەڕێوەبەری و سازماندەهی و پەروەردە و لێپرسینەوەدا، مودێڕن بێ، کەشوهەوا و بەستێنێکی پشتبەستوو بە ڕوونبێژی، پێشبڕکێ و ململانێ لە سەر توانا و ئیدە و پڕۆژە و بەرنامەی ڕوون، دەخوڵقێنێ. پێوەری گەشەی تاکەکان و بەرپرسایەتیی وەرگرتنیان لە هەیکەلی ڕێکخراوەییدا، توانا و ئامادەیی و لێهاتووییەکانی خۆیان دەبێ نەک شتی دیکە.

هۆی ناسەرکەوتوویی حیزبی دێموکرات لە چارەسەریی ناکۆکیی نێوخۆیی و تووشبوونەوەی بە چارەنووسی لەتبوون و لێکدابڕان، دەگەڕێتەوە بۆ کۆنی و داتەپینی شێوازەکانی ڕێبەری و بەڕێوەبەری و خۆڕێکخستنەوە، هەروەها بەتاڵکرانەوەی کولتووری حیزبی لە نوێبوونەوەی ڕاستەقینە و ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتنی واقیعی و، پاشەکشە و نەمانی کارایی بەها و بنەما شۆڕشگێڕی و حیزبی و تەشکیلاتییەکان لە سۆنگەی ململانێی جەناحییەوە. لەتبوون و لێکدابڕان، ناهومێدی بوو لە چارەسەر و، ڕاکردن بوو لە کێشە و ململانێ لەگەڵ یەکتر لە چوارچێوەی حیزبێکدا، نەک چارەسەر دیتنەوە بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی حیزبی دێموکراتیان نوقمی قەیران کردبوو. بەم پێیە، نوێبوونەوە و خۆنوێکردنەوەی سەرچاوەگرتوو لە ڕەخنە لەخۆگرتن و بەخۆدا چوونەوە و، باس و ڕاوێژی زیندوو و بە گوێرەی بەرنامە و پلان و، بەدوور لە دروشم و مەزایەدەی شەخسی،  دەتوانێ باشترین چارەسەر بێ کە هەم یەکگرتوویی بۆ حیزبی دێموکرات بگەڕێنێتەوە، هەم حیزبی دێموکراتی یەکگرتوو بۆ بەجێگەیاندنی ڕەساڵەتی مێژوویی خۆی لە ئێستە و داهاتوودا، ئامادە بکا.