Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۲۹ ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۹۸ | 19/05/2019 | کاتژمێر:
ژنان

کۆماری ئیسلامی، مۆتەکەی ٤٠ساڵەی ژیانی ژنان لە ئێران

07/03/2019 | 19:46:38
+A
-A
فەریبا ڕەشیدی

هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، هاوکاتە لەگەڵ یادی ڕووداوێکی دی کە زۆر پەیوەستە بەو ئامانجە گرینگانەوە کە هەشتی مارس لە خۆی دەگرێ. چل ساڵ بەر لە ئێستا لەکاتێکدا خەڵکی ئێران دڵخۆش بوون بە ڕووخاندنی ڕێژێمێک و خەونیان بە ئازادیی زیاترەوە دەبینی، کۆمەڵێک ئاخوند و پیاوی خاوەن ئایدۆلۆژیی دواکەوتووانەی ئیسلامی، دەستیان بەسەر حوکمی وڵاتەکەدا گرت و دواکەوتووترین ڕوانگەیان بۆ کچان و ژنان و ئازادیی ئینسان کردە یاسای ڕێژیمی تازە. لەو کاتەوە فەڕز کرا بەسەر ژناندا کە بە داپۆشراوی نەبێ ناتوانن لە ماڵ بڕۆنە دەرەوە. هەموو دەربڕینی خۆشەویستییەک و سۆز و دڵدارییەک قەدەغە کرا و کۆمەڵێک یاسا داندرا کە ئاشکرا دەڵێ پیاوان لە ژنان بە بەهاترن و ژنان بۆ کەیف و خۆشیی پیاوان هاتوون و، ژنان وەک خۆیان ئینسانێکی سەربەخۆ و تەواو نین.

ئەم قەدەغەکردنانە کارەساتی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ ژنان. هەموو ئەو ڕێگریی و زێدەڕۆییانەی ئەقڵییەتی دواکەوتووانەی ئیسلامی ماوەی زیاتر لە هەزار ساڵ پێش لەوە بەسەر ژنانیدا هێنابوو، هەموو لەسەر کچان و ژنانی ئێران دووبارە کرایەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێژێمێکە کە بۆ سەدەکانی نێوەڕاست دەگونجێ، نەک بۆ سەردەمی ئێستا؛ ئەو ئاخوند و مەلایانەی دەسەڵاتیان بەدەستە، هەموویان شایانی سزادانی زۆر قورسن لەسەر ئەوەی کە چل ساڵە جیاکاری لە نێوان پیاوان و ژناندا دەکەن و بوونەتە هۆی سەرکوتکردنی ژنان و مافەکانیان.

ئەزموونی چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی جێی شک و گومانی بۆ کەس نەهێشتووەتەوە کە لەو «کۆماری»یەدا دەنگ و ئیرادەی خەڵک نەک بنەمای شەرعییەتی دەسەڵات و یاسا و ڕێسا، بەڵکوو ئامرازێک بووە بۆوەی «نوێنەرانی خودا» و «مافیای حوکمەت» بۆ مانەوە و درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکەیان بەکاری بێنن. لەو بەناو کۆمارییەدا نیوەی کۆمەڵگە بەهۆی «ژن بوون» خراونەتە پەراوێزەوە و هاووڵاتیی پلەدوون و لە مافەکانیان بێبەشن. ئاماژە بە چەند ئامار و داتایەک لە پێوەندی لەگەڵ ژناندا بەرچاوڕوونیی زیاترمان دەداتێ:

پتر لە یەک میلیۆن کچی سەروو 35 ساڵ تەمەن بەهۆی قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان نەیانتوانیوە ژیانی هاوبەش پێک بێنن. سەدا 50ی ژنانی دەرچووی زانکۆ بێکارن، تەنیا سەدا 18ی ژنان چالاکیی ئابوورییان هەیە و تەنیا سەدا 60ی ئەو ژنە کارەکەرانە بیمەن. ئیعتیاد بە مادەی هۆشبەر لە نێو ژناندا گەیوەتە جێیەک کە سەدا 30ی ئاماری موعتادەکانی وڵات پێک بێنن و ئەگەر له دهیهكانی 60 و 70دا تهمهنی لهشفرۆشی له سهروو 30 ساڵ بوو، بهڵام تهمهنی لهشفرۆشی له ئێستادا بۆ خوار 15 ساڵ دابهزیوه، ههروەها ئەگەر پێشتر سهڵتهكان زیاتر ڕوویان له لهشفرۆشی دهكرد، ئێستا ئهو دیاردهیه پتر له نێو خێزاندارهكاندا پهرهی سهندوه. ئەگەر لە وڵاتانی گەشەسەندوودا ژنانی سەروو 40 ساڵ ڕوو لە ئاڕاییش دەكەن، بەڵام لە ئێراندا گرووپی تەمەنیی خوار 20 ساڵ گەورەترین گرووپی بەكار هێنانی مەوادی ئارایشین كە هۆكاری ئەوە نەك بۆ جوانیناسی، بەڵكوو بۆ دەروونناسیی ئەوان دەگەڕێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی سازمانی میللیی لاوانی پارێزگای تاران لە ماوەی 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ئاماری زەماوەند 9% لە چاو ساڵی ڕابردوو داکشاوە و؛ لە بەرامبەردا ڕێژەی جیابوونەوە 21% زیادی کردوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی بێهزیستیی ئێران ڕایگەیاندوە کە ژنانی سەرپەرستی خێزان سەدی 55 زیادی کردوە. ئەو گوتی لە ساڵی 70ی هەتاویدا ژنانی سەرپەرستی خێزان لە ئێران یەک میلیۆن و 200 هەزار کەس بوون. ئەو حەشیمەتە لە ساڵی 1385 بۆ یەک میلیۆن و 600 هەزار کەس زیادی کردووە و، لە ساڵی 90دا گەیوەتە دوو میلیۆن و 500 هەزار کەس و لە ئێستادا دەبێ سەدی 15ی حەشیمەتی ژنان، ژنانی سەرپەرستی خێزان بن.

نەبوونی کار و پیشە، بەرپرسایەتیی بەخێوکردن و پێڕاگەیشتن بە منداڵ یان منداڵەکانیان و نەبوونی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی؛ تەنیا بەشێک لە کێشەکانی ئەو کۆمەڵە کەسە لە کۆمەڵگەی ئێمەن کە بە تەواوی لەلایەن کاربەدەستانەوە پشتگوێ خراون.

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەمیشە هۆکار بووە بۆ ئەوەی ڕوانگەی دووچاوەگی و هەڵاواردن ببێتە سیاسەتی ڕەسمی و ئۆرگانیزە و بەقانوونی بکرێ. لە پێوەندی لەگەڵ سووکایەتی و شکاندنەوەی ژناندا، وەک توندوتیژییەکانی خێزانی، لێدان و کوتانی ژنان، قەتڵی نامووسی، بەشوودان لە منداڵیدا، نەک لە پەروەردە و بەشی یاساداناندا هیچ پلان و بەرنامەیەکی فێرکاری و پەرورەدەیی و پێشگیرانە دانەندرا؛ بەڵکوو بە دابەزاندنی تەمەنی شووکردنی کچان لە 18 ساڵەوە بۆ 9 ساڵ و بووژاندنەوە و زیندووکردنەوەی قانوونەکانی سزادان لەسەر بنەمای ڕەگەزی دۆزەخێکی دیکەیان بۆ ژنان لەو وڵاتەدا دروست کرد.

ڕێگری لە بەشداریی ژنان لە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بە مەبەستی ئیزۆلەکردنی ژنان لە چوار دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا سیاسەتێکی نەگۆڕی ڕێژیمی سیاسی بووە کە بە بەردەوامی کاری پێکراوە.

ڕوون و ئاشکرایە کە ژنانی ئێران دووجار قوربانیی دەستی ئەو ڕێژیمەن. هەم وەک هاووڵاتییەک چونکە هەموو خەڵکی ئێران، جگە لە دەستوپێوەندییەکانی خودی ڕێژیم، هەموو سەرکوت دەکرێن و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان لێ زەوت دەکرێ، هەمیش وەك ڕەگەزی ژن، ئازادییەکانیان زەوت دەکرێ. بەو پێناسەیە کە لە ژنان دەکرێ کە ئەوان خۆیان ئینسانێکی سەربەخۆ نین، بەڵکوو شەڕەفی خێزان و پیاوەکانیانن و ماف و ئازادییە مرۆییەکانی ژنان پەڵەیەکە بۆ سەر شەڕەفی بنەماڵەکەیان!

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چل ساڵە پەرە بەو کولتوورە دەدا و بەم ئەقڵە کۆنەوە بووەتە مۆتەکەیەک بۆ سەر ژیانیان. بەو هیوایە یادکردنەوەی هەشتی مارس لەمساڵدا و ئەم یادکردنەوەیە بکرێتە دەرفەتێک بۆ دەستنیشانکردنی ڕێگەیەک بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئینسانیتر کە بیری دژە ژنانە و نایەکسانانە، وەک میراتێکی ناشیرینی سەدەکانی پێشوو سەیر بکرێ و سەرکوتی ژنان لەبەر ژنبوونیان ئیتر جێگەی نەمێنێ لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا.