Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۸ ی ره‌شه‌ممه‌ی ۱۳۹۷ | 19/03/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

دەقی قسەکانی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە کۆڕیادی ٤٠ ساڵەی میتینگەکەی١١ی ڕەشەممەی مەهاباددا

07/03/2019 | 19:43:40
+A
-A

ئەم کاتەتان باش!

سڵاو لە ئێوە، لە هەموو تێکۆشەرانی حیزب و، هەموو تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی. سڵاو لە هەموو خەڵکی کوردستان، لە نێو ئەواندا بەتایبەتی سڵاو لە زیندانییانی سیاسی

سڵاو لە بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی و، سڵاو بنەماڵەی شەهیدان، سڵاوێکی تایبەتیتر بۆ ئەو پۆلە ڕەفیقەی کە دەبوو ئەمڕۆ لەنێومان بن، بەڵام لە یەک ساڵی ڕابردوودا چ بە تێرۆر و دەستی غەدر و خەیانەت، لە نێومان ڕۆیشتن و چ لە وڵاتانی دوورەدەست، لە هەندەران؛ دوور لە وڵاتەکەیان سەریان نایەوە.

ئەو ڕۆژەی کە یادی دەکەینەوە بە حەقیقەت ڕۆژێکی تاریخییە. ئەگەر ئەمن ڕۆژەکان ڕیز کەم، ئەمە دەبێتە سێیەم ڕووداوی گەورە لە تاریخی حیزبی دێموکراتدا؛ یەکەم ڕووداو و دایکی هەموو ڕووداوەکان، دامەزرانی حیزبە. دووەم ڕووداو دامەزرانی کۆماری کوردستانە _لەگەڵ ئەوەی ڕووداوی گەورەی دیکە زۆر بوون_، بەڵام سێیەم ڕووداو، ئەم میتینگەیە. چونکی ئەوە لەدایکبوونەوەیەکی دیکە بوو بۆ حیزبی دێموکرات و بۆ هەموو بزووتنەوەی کورد. بۆیە دەسخۆشی دەکەم لە ڕێبەریی حیزب کە بەو بۆنەیەوە کۆبوونەوەیەکی پێک هێنا، سپاسیش دەکەم کە هەرچەندە نەفەس و دەنگی من زۆر خراپە، بەڵام ئەو مەئموورییەتەیان بەمن سپارد.

سەرەتا پێم خۆشە بڵێم کە ئەو میتینگە بۆ پێک هات. ئەو میتینگە پاش هێندێک لێکدانەوە پێک هات و، عیللەتی پێکهێنانەکەی دیارە ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، بەڵام ئەویان بۆ؟ هەدەفی دیکە لە پشتەوەی ئەو ئیعلانە  هەبوون. پێش هەموو شتێک حیزبی دێموکرات ڕاستە قەت لە خەبات نەوەستابوو، بەڵام زیاتر لە سی ساڵ بوو لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا حزووری نەبوو. بەبێ شک بە نەبوونی وەسائیلی تەبلیغاتی _ئەوەی کە ئێستا لە دەستماندا هەیە_، تاریکاییەک بەسەر سیاسەتەکان و بەرنامەکانی حیزبی دێموکراتدا کشابوو. ئەو وەخت کەسانێکی زۆر کەم لە خەڵکی کوردستان دەیانتوانی لەگەڵ حیزبەکە پێوەندییان هەبێ و، نوختەنەزەرەکانی حیزب بزانن. بۆیە پێویست بوو لە ڕۆژێکی وادا حیزب جارێکی دیکە خۆی بناسێنێتەوە و، بە خەڵکی بڵێ ئەمن چیم. شتێکی دیکە دەتوانم بڵێم: هەڵسەنگاندنی قووەت بوو. حیزبی دێموکرات دەیویست و دەبوو خۆی تاقی بکاتەوە کە بایی چەندە. خۆ تەنیا تاریخ کافی نییە، ئەوەی کە دەڵێ: ئەو نانە نانە، ئەمڕۆ لە خوانە؛ بزانین ئەمڕۆ چەندین.

ئامانجێکی دیکە نیشاندانی مەوقعییەتی حیزبی دێموکرات نەک هەر بە جمهووریی ئیسلامی، بەڵکوو بە دۆستانیشمان بوو. لەبیرمان نەچێ دەورووبەری دوو حەفتە پێش ئەو ڕۆژەی بوو کە داوایان کردبوو دوکتور قاسملوو لە دیداری نێوان نوێنەرانی کورد و نوێنەرانی دەوڵەتی مەرکەزی دەر بکرێ، چونکی ئەندامی حیزبی دێموکراتە! کە هەر لەوێدا گوتبووی: «هەر بۆیە دەبێ لێرە بم چونکی ئەندامی حیزبی دێموکراتم؛ ئێوە نازانن حیزبی دێموکرات چییە.» دەبوو ئەوەی بە خەڵکی نیشان دەین، حیزبی دێموکرات سیاسەتەکانی چین، نفووزی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا چۆنە. هەر لەو کاتەدا هەدەفێکی دیکە ئەوە بوو کە خەڵک دەعوەت بکرێ بە هاوپێوەندی، هاوپێوەندییەک لە نێو خۆیاندا و هاوپێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان. دەعوەت لە هێزە سیاسییەکان بکرێ هەموویان چ کوردستانی چ ئێرانی _ئەو وەختی هێزی سیاسیی کوردستانیمان لەواقیعدا بەشێوەیەکی پەرشوبڵاو و وردە سازمان هەبوون غەیری حیزبی دێموکرات، چونکی حەتتا کۆمەڵە بەو سووڕەتەی کە ئێستا هەیە، دوو مانگ یان زیاتر لە دوو مانگ لە دوای ئەو وەختە ئیعلانی مەوجوودیەتی کرد-، دەمانویست لە ڕۆژێکی ئاوادا و بەئاشکرا دەعوەت لە ڕێژیمی جمهووریی ئیسلامییش بکەین کە ئەو سیاسەتەی سیستمی پاشایەتی لە ماوەی لانیکەم ئەو پەنجا ساڵەی ئەخیردا گرتوویەتە پێشێ، ئەوە نەگرێتە پێشێ و، یەکێک لە ڕیشەدارترین موشکلاتی جامیعەی ئێران کە مەسەلەی نەتەوایەتی و بەتایبەتی مەسەلەی کوردە چارەسەر بکا. پێمان وابوو ئەگەر ئێمە داوای موجەویز لە جمهووریی ئیسلامی بکەی، ڕەنگە بە چەند مانگ و بە چەند ساڵ جواب وەربگرینەوە، ئیحتمالی ئەوەش کە جوابەکەمان جوابێکی مەنفی بێ و بڵێن نەخێر نابێ زۆرە، بەڵام لێکمان دایەوە ئەگەر ئێمە ئێستا ئیعلانی خەباتی ئاشکرا بکەین لە شەرایەتی ئەوڕۆدا ڕێژیمێک کە تازە هاتۆتە سەر کار و، بە شوعاری مەردومییەوە دەستی پێکردوە؛ وا بە ئاسانی ناتوانێ ئەوەی هەڵوەشێنێتەوە. بۆیە سەرنجتان بۆ ئەوە ڕادەکێشم کە ئێمە ناومان لێ نەنا «ڕاگەیاندنی خەباتی قانوونیی حیزبی دێموکرات»، ناومان لێنا «خەباتی ئاشکرا». یەعنی بێ منەت لە دەوڵەت؛ ئەوە بە حەقی قانوونیی خۆمان دەزانین و لە حەقی خۆمان ئیستفادە دەکەین.

کەمێکمان گوێ لە قسەکانی دوکتور قاسملوو بوو -ئەمن داوای لێبوردن دەکەم ئەگەر قسەکە کەمێک درێژ بۆوە_ پێم خۆشە کەمێک ورد بچمە سەر ئەو باسەی، چونکی قسەکانی دوکتور قاسملوو _کە نووسیبوونی و لەگەڵ هەموو تواناییەکانی بە ئەندامانی ڕێبەریی ئەو وەختی نیشان دا، دیارە ڕێبەریی ئەو وەختی هێندێکیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوون و هێندێکیشیان نا، کە یەکێک لەوان بۆخۆم بووم بەڵام کۆمیتەیەکمان هەبوو کە ڕەنگە زۆر لە هاوڕێیان بزانن بەناوی زاگرۆس، ڕێبەریی ڕەسمی ئەو وەختی، زاگرۆس بوو- ئەو وتارەی بە هەمووان نیشان دا و، ئەگەر نەزەراتێکیش هەبوو هەموویانی گونجاند. جا ئەو وتارە لەڕاستیدا مانیفێستی حیزبی دێموکرات بوو و، دیدگای حیزبی دێموکرات بوو بۆ ئێرانێک کە لە پێشماندا هەیە. ڕەنگە جارێکی دیکە بێمەوە سەر ئەو قسەیەی. ناخۆشە کە ئێستەیش بەئاکام نەگەیشتووین، بەڵام ئەو بەرنامەیە کە لەوێدا ئێعلان کرا؛ بۆ ئەمڕۆکەش هەر تازەیە.

فەلسەفەی ئەو وتارە ئەوە بوو کە عەلارەغمی هەموو مولاحەزەیەک کە لەسەر جمهووریی ئیسلامی بوومانە، حیزبی دێموکرات ئەرزشی ئەو سەرکەوتنەی گەلانی ئێران دەزانێ، ئەو ڕاپەڕینە، بە ڕاپەڕینێکی پیرۆز و بە دەسکەوتی خەباتی دەیان و سەدان ساڵەی هەموو میللەتانی ئێران نەک هەر بڵێم کوردستان دەزانێ. لەو بارەیەوە دەزانین حیزبی دێموکرات و میللەتی کورد نەزەرێکی تایبەتتر هەبوو لە هەمووانیان. کاتێک بەختیار هاتە سەر کار هەمووان دەستیان کرد بە جنێودان بە بەختیار، هەم ئێرانییەکان هەم حەتتا کوردەکانیش –»بختیار بختیار، نوکر بی اختیار»- ئێمە گوتمان: نابێ قسان بە بەختیار بڵێین، چونکی هاتنەسەرکاری خومەینی و موبارەزە دەگەڵ خومەینی زۆر گرانتر و پڕهەزینەتر لە خەبات دژی بەختیارە. بۆیە نەک تەعریفی بەختیار بکەین، بەڵکوو بێدەنگەمان لێکرد، تەنانەت وەختێکی بەختیار هێندێک قسەی لە دژی ئامانجەکانی گەلانی ئێران کردن، ئێمە بە ڕێگای مەرحوومی یەحیاخانی سادق وەزیری _برای سارمەدینی سادق وەزیری کە ساڵی پێشوو  فەوتی کرد_ پەیاممان بۆ نارد کە ئەو قسانە چین؟ بۆ پێی وایە دەوران هەر دەورانی شایەکانی قەدیمە؟ ئەو عوزری هێنایەوە، گوتیشی تیکرار نابێتەوە _ئینسافەن قەتیشی تیکرار نەکردەوە_. ئەوە یەکێک لە خەتەکان بوو. خەتی دیکە ئەوە بوو کە ئێمە دێموکراسی و ئازادی لە وڵاتەکەماندا تەجرەبە دەکەین؛ چونکی ئەو وڵاتە لەگەڵ دێموکراسی، لەگەڵ ئازادیی بەیان، لەگەڵ تەعەدود و … بێگانەیە. ئیعلانی ئەوە بوو کە حیزبی دێموکرات  لەگەڵ هەموو نفووزێکی کە هەیەتی، خۆی بە حاکم و ساحەبی کوردستان نازانێ، بەڵکە ئازادیی بیر و ئەندیشە بۆ هەموو حیزبە سیاسییەکان نەک هەر بەڕەسمی دەناسێ بەڵکوو دابینیش دەکا،  ئیعلانی ئه‌وه‌ بوو کە ئێمە دەمانهەوێ دەگەڵ گەلانی ئێران پێکەوە بژین، چونکی هەتا ئێستا تەجرەبەی ئێرانیش و وڵاتانی دیکەش کە کوردستانیان تێدایە ئەوەمان پێدەڵێ کە نازانم بۆ مەرحەلەیەکی چەند درێژ و چەند کورت، بەڵام جارێ دیسانەکە مەرحەلەی پێکەوە ژیانی ئەو میللەتانەیە؛ قۆناغی ئەوە کە میللەتی کورد بڵێ ماڵە خۆم دەکەم جارێ نەهاتوە.

جا ئەگەر تەماشای قسەکانی دوکتور قاسملووی بکەین ئێستاش بۆ فێربوون دەبن. هەر ئەو بەشەی گوێمان لێ بوو؛ لە پێشەوە ڕوو لە خەڵکی دەکا، سڵاویان لێ دەکا، خۆ دەکرێ وەکوو ئێستێ ئەمن گوتم بڵێ سڵاو لە هەموو خەڵكی کوردستان، بەڵام دەڵێ سڵاو لە زیندانیان، سڵاو لە بنەماڵەی شەهیدان، سڵاو لە کرێکاران، لە جووتیاران، لە بازاڕییان، لە کارمەندان، لە مامۆستایانی ئایینی، لە عەشاییری نیشتمانپەروەر و هتد، هەمووان وەبیر دێنێتەوە، دەیانخوێنێتەوە بۆ ئەوەی بڵێ بەڵێ کۆمەڵی ئێمە لەوانە پێک هاتووە. ئەوانە هەموویان ساحەبی قەزیەن و دەبێ شەریک بن هەم لە خەباتدا هەم لە مەسئوولیەتدا هەم لە عەینی حاڵدا لە سەڵاحیەتدا و لە ئەرکدا. هەروەها پەیام دەنێرێ بۆ گەلانی ئازادیخوازی ئێران، بۆ گەلانی ئێران، بۆ کەمایەتییەکان! گوێتان لێ بوو، مەسیحییەکان و … تەواویان ناو دێنێ؛ بۆ ئەوەی هەموویان خۆیان لە پەیامی حیزبی دێموکراتدا ببیننەوە.

پاشان دێتە سەر ئێعلانی خەباتی ئاشکرا، لە پێشەوە دیسان سڵاو لە خەباتی پێشووی دەکا، لە بیرتان بێ؛ چەندە بەجێیە. ئەگەر زەمانی لێ دەرکەین دەسکەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی مۆدێڕنی کورد لە هەموو ساڵەکانی پێش 57 حەتا بە زەمانی جمهووریشەوە، بەقەد ئەو خەبات و قوربانیدانە نابێ، بەقەد نیوەشی نابێ کە لەو چل ساڵەیدا بوومانە، بەڵام پێمان دەڵێ ئەوە ئازایەتیی ئێمە نییە، تاریخ ئەمڕۆکە دەست پێناکا، ئەوەی ئەوڕۆکە دەیبینین حاسڵ و بەرهەمی خەباتی دەیان و سەدان ساڵەی ئەو میللەتەیە؛ جا لە هەر فۆڕمێک و میتۆدێکی خەباتدا بووبێ.

دوایە باسی هەڵوێستە سیاسییەکانی دەکا. خۆ جودا ناکاتەوە، میللەتی کورد جودا ناکاتەوە، چونکی دەیهەوێ پەیامی دۆستی و ئاشتی بنێرێ. ڕێک دەڵێ خەڵکی ئێمە بەڕێبەرایەتیی خومەینی لەگەڵ حوکوومەت _خەڵکی ئێمە یانی خەڵکی ئێرانێ_ تا ئێستا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە؛ بەڵام بە هاوپێوەندی، بە هاوکاری دەتوانین سەرکەوتنی زۆر لەوە گەورەتر بەدەست بێنین. ئەگەر بە زمانێکی دیکە بڵێم ناڵێ کوردستان و ئێران، دەڵێ کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران یا کوردستانی ئێران، ئێران لە کوردستان جودا ناکاتەوە؛ تا هەڵوێستێکی بەرامبەر بە هەموو حاکمییەتی ئێران و بەرامبەر بە هەموو گەلانی ئێران و سازمانە سیاسییەکانی نەگرتبێ. بەڵام هەر لەو کاتەدا دەڵێ: «نابێ ڕێگا بدرێ کۆنەپەرستی جارێکی دیکە زیندوو ببێتەوە، نابێ ڕێگا بدرێ دیکتاتۆری لە هەر شکڵ و شەمایلێکدا نوێ ببێتەوە.» بە زمانی سیاسەت، بە زمانی حیکمەت بە جمهووریی ئیسلامی دەڵێ دیکتاتۆریی تۆش هەر وەک دیکتاتۆریی شای وایە؛ کەوابێ ئەگەر ئەومان قبووڵ نەکرد ئەتۆش قبووڵ ناکەین.

لەبیرمان نەچێ کە لەو وەختەدا سەڵتەنەتتەڵەبەکان فەعال بوون، بەنیازی گەڕانەوە بوون بۆیە لە گەڕانەوەی پاشماوەکانی ڕێژیمی پاشایەتییش هوشدار دەدا. تەئکید لەسەر دێموکراسی دەکاتەوە و دەڵێ بەبێ دێموکراسی مافەکانی گەلی کورد وەدی نایەن. جارێکی دیکە لە کۆبوونەوەیەکی چووکەڵەتردا گوتم: ئێستە ئێمە مەقوولەیەکمان هێناوە مەسەلەی کورد بە دێموکراسی حەل نابێ، چونکی ئێمە لە ئێرانێدا ئەقەلییەتین. بەڵێ ئەگەر موجەڕەد تەماشا بکەی ئەو جوملەیە ڕاستە، بەڵام ئەگەر بە دێموکراسی نەبێ ئەدی بە چی؟ دەتوانین بۆخۆمان بەدەستی بێنین؟ دەتوانین بەرامبەر بە هەموو گەلانی ئێران ڕاوەستین؟ کوردستان بپچڕین؟ بەڵێ هەروایە بەبێ دێموکراسی مەسەلەی کورد چارەسەر نابێ، مەسەلەی میللی چارەسەر نابێ؛ ئەوە کە تا ئێستا چارەسەر نەبووە لەبەر ئەوە نییە کە دێموکراسی خراپە، لەبەر ئەوەیە کە دێموکراسی نییە. مەسەلەن لە وڵاتێکی سۆسیالیستیدا کە تێزی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریاش حاکم بوو، لە وڵاتێکی وەکوو چێکۆسلۆڤاکیدا کە دوو میللەتی لێ بوون، چێک دوو بەرابەری سلۆواکەکان بوو، دوو مەجلیسیان هەبوون، یەکیان مەجلیسی نوێنەران بوو، کەبە تەبیعەتی حاڵ چێکەکان دوو بەرابەری سلۆواکەکان نوێنەریان هەبوو، بەڵام یەکێکیان مەجلیسی نەتەوەکان بوو، هەردووکیان بەقەد یەکیان نمایەندە هەبوو و، هیچ بڕیارێکی گرینگی نەتەوایەتی نەدەدرا ئەگەر لەو مەجلیسەیدا پەسەند نەکرابا؛ لە نەتیجەدا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئەو دوو میللەتە وەک یەک بوون. تەنانەت نوکتەیەکیان ساز کردبوو یان بە قەول جۆکێک، دەڵێ: لە کابرایان پرسی ئەتۆ ڕەییسی ئەو کارخانەی، تکنیکت خوێندوە؟ گوتی نەوەڵڵا. پرسییان ئەدی تەجرەبەی کارت زۆر بووە؟ گوتی== نەوەڵڵا. دەی چۆن بووی بە ڕەییسی کارخانەیەکی ئاوا گەورە؟ گوتی ئاخر ئەمن سلۆواکم، دەبێ بەشی خۆم پێ ببڕێ. یانی بەو ئەندازەیە. کەوابێ زۆر تەئکید دەکاتەوە کە بەبێ دێموکراسی وەدەستمان ناکەوێ، لە پاشان دەوڵەتێکیش ناتوانێ دێموکرات بێ ئەگەر مەسەلەی نەتەوایەتی چارەسەر نەکا، چونکی مەسەلەی نەتەوایەتی ڕوکنێکی هەرە بنەڕەتییە بۆ دێموکراسی.

یا لەو وەختەدا بەتایبەتی، کە بە باوەڕی من ئێستاش هەر بەجێیە پیاو بزانێ دەڵێ چی هێرش دەکاتە سەر ئەوانە کە تۆمەتی جیاوازیخوازی یان بەقەولی فارسەکان تەجزیەتەڵەبی لە کورد دەدەن. دەڵێ ئەوانە بۆیە وا دەڵێن کە میللەتی کورد بترسێ و لە ترسی ئەوەی پێی بڵێن تەجزیە تەڵەب، خەبات نەکا و داوای مافەکانی خۆی نەکا. دەڵێ بەڵام خراپ حاڵی بوون، میللەتی کورد لەسەر داوای مافەکانی خۆی سوورە، لەعەینی کاتیشدا دەڵێ لە هەموو کوردستانی ئێراندا حیزبێکی سیاسیی جوداییخواز نییە و بەڕاستیش ئەو وەختە نەبوو. ئێستێ هەمانن بەڵام ئەو وەختی ئەوەشمان نەبوو. پاشان ڕوو بە گەلانی ئێران دەڵێ: ئێمە دەرەتانی ئەوەمان هەیە یەکیەتییەکی پان و بەرین پێک بێنین، ئامانجی هاوبەشمان زۆرن، یەکیەتییەکی وا کە هەم ماف و ئازادییەکانی هەموان دابین بکا هەم وەکوو وڵاتێکیش سەربەخۆیی ئەو وڵاتەی، سەلامەتی سنوورەکانی ئەو وڵاتەی بپارێزێ. هەموویان دەعوەت دەکا بە هاوکاری. بەوەندەش ڕازی نابێ، بەرنامە دەدا بە دەوڵەت! دەوڵەت دەبێ بەرنامەی ئابووریی هەبێ، بەرنامەی ئابووری بۆ پێشخستنی وڵات بەقازانجی بەتایبەتی کۆمەڵانی خەڵک، ئەو بەشانەی جامیعەکە مەحروومن لە خێروبێری وڵاتەکەی خۆیان. ئەو وەختی وەکوو ئێستا نەبوو مەسەلەی زەوی و زار لە کاردا هەبوو، ئیسلاحاتی ئەرزیی شای، بە نیوەچڵی ڕۆیبوو و تەواو نەکرابوو. تەئکید لەسەر ئەوەی دەکاتەوە کە دەبێ زەوی و زار دابەش بکرێ، چۆنیش؟ بەو جۆرە دابەش بکرێ نەک ساحەب مڵکەکە بە بەرتیل زەمینەکان بۆخۆی بگرێ. دەڵێ بەو جۆرەی دەبێ دابەش بکرێ زەوی بۆ ئەو کەسە بێ کە بۆخۆی کاری لەسەر دەکا، نەک سەرمایەدارێکی گەورە بتوانێ هەزاران و دەیان هەزار هێکتار زەوی بکڕێ جا ئەوجار کۆمباینی بۆ بێنێ و تەراکتۆری بۆ بێنێ و ڕەنێوی بێنێ.

دەڵێ دەبێ سەعاتی کاری ڕۆژانە و حەوتووانە بۆ کرێکار دیاری بکرێ، تا ساحەبکار نەتوانێ کرێکار بە قازانجی خۆی و بە ئیشتیای خۆی بچەوسێنێتەوە. یانی لەواقعدا خەتێک بۆ دەوڵەتیش دادەنێ کە ئێرانیم و دەبێ حەقم هەبێ بڵێم دەوڵەتەکە چۆن بێ. ئاوا خەت بۆ ئەویش دیاری دەکا.

یان باسی سیاسەتی دەرەوە دەکا، دەڵێ ئێران دەبێ لە پەیمانە نیزامییەکان بێتە دەرێ، سیاسەتێکی بێلایەن و غەیرەموتەعەهید بەئەستۆ بگرێ کە لەگەڵ هەموو وڵاتان دۆستایەتی بکا، پێوەندیی سالمی هەبێ بەبێ ئەوەی دەخالەت لە کاروباری هیچیاندا بکا یان هیچیان دەخالەت لە کاروباریدا بکەن.

باسی دەسەڵات دەکا، دەڵێ ژاندارمری و شارەبانی ئیدی نابێ بەشێوەی ڕابردوو بن، کوتەک بن بەسەر خەڵکییەوە بەڵکوو دەبێ ئەو دوو هێزە ئەمنییەتی و ئینتیزامییە لە ئیختیاری ئەو شۆڕایانەدا بن، کە خەڵک بە دێموکراسی هەڵیان دەبژێرێ. ئەوەی لە قانوونیشدا لە هەموو قانوونەکاندا دەڵێ: ژاندارمری ئالەتی ئیجراییە بە دەستی قانوونەوە، داوای ئەوەی دەکرد. دەڵێ دەبێ ئەرتەشی کۆنەپەرستی شای هەڵوەشێ، ئەرتەشێکی گەلی لە جێگەی دابمەزرێ و، نابێ پادگانەکانی لە نێو ژن و منداڵی خەڵکی دابنێ، پادگانەکان _مادام ئەرتەش وەزیفەی سنوورپاراستنە_ دەبێ لە نیزیک سنوور بن، دوور لە هاووڵاتیان. لە وڵاتانی پێشکەوتووی دنیا سەربازێکت چاو پێ ناکەوێ، ئەوەندە لە ئاوەدانییەکان دوورن، تەنانەت ئەفسەرێک کە دەچێتەوە مەرەخەسی بە لیباسی ئەفسەرییەوە ناچێ.

سەرەنجام دێتە سەر کاری خۆمان و دەڵێ: ئێمە موهیمترین سیلاح کە لەبەر دەستمان دایە، تەشکیلاتە. دەبێ تەشکیلاتێکی پتەومان هەبێ و، ئەندامانی حیزب دەبێ ئەو بیروباوەڕە سیاسییە کە حیزبەکەیان هەیەتی، بەرنە نێو خەڵک. زۆر جار ئەو قسەیەی دووپاتە دەکردەوە و دەیگوت ئێمە سێ عامیلی قووەتمان هەیە؛ دوویمان کامیلن –کامیل بە مەعنای موتڵەق نا- یەکیان، سیاسەتێکی ئوسوولی و ڕاستە کە دەگەڵ واقعییات دێتەوە، ئەوەمان هەیە. ئەوی دیکەیان پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکە، خەڵکمان لەگەڵە –ئەوەندە بەسە لە ئینتخاباتێکی ئازاددا و لەو جێیانەی وا ڕەئیەکان خوێندرانەوە و دەرچوون حیزبی دێموکرات 82٪ی ڕەئیەکانی کۆ کردەوە-. دەڵێ بەڵام عامیلی سێیەم، پێوەندیی نێوان ئەو سیاسەتە و ئەو کۆمەڵانی خەڵکەیە، دەڵێ ئەوەمان زەعیفە، دەبێ کاری لەسەر بکەین؛ چونکی ئەگەر ئەو حەڵقە پێوەندییە ئەو دووانە پێکەوە وەسڵ نەکا خۆ سیاسەت دروست بێ یا دروست نەبێ فایدەی نییە، خەڵک خۆشی بوێ یا خۆشی نەوێ نایێ هاوکاری بکا ئەگەر موشارەکەتەکەی تێدا نەبێ. حەتا لە ئاخیریەکەیدا ئەگەر دیققەت بە وتارەکەی دەکەی، لەوێشدا هەر سیاسی بیر دەکاتەوە عادەتەن لە پاش هەموو وتارێکی سڵاو دەنێرن. سڵاو تەقریبەن لە تەک تەکی تەرکیبات و کۆمەڵی کوردستان و ئێران دەکا، چ چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵی کوردەواری چ جۆراوجۆرییەکانی نێو کۆمەڵی ئێران بە گشتی.

تەئکیدی کە لەسەر ئەو سیاسەتە دەکرد –پێم خۆشە ئەوەش بڵێم کە یەکێک هەڵستا، ناوەکەشیم لەبیرە و دەشزانم کێ بوو. هێندێ قسەی کردن لەخۆڕا کە لە جەهەتی خیلافی ئەو خەتتە سیاسییەدا کە لە پەیامی حیزبی دێموکراتدا هەبوو_ لەگەڵ ئەوەی کە دوکتور قاسملوو تەقریبەن سەعاتێک دەبوو قسەی خۆی کردبوو- هاتە پشتی میکرۆفۆن گوتی: ئێرە میتینگی حیزبی دێموکراتی کوردستانە، ئەو قەزایایەی کە مەترەح دەبێ هی حیزبی دێموکراتە و هیچ خەتێکی سیاسیی دیکە جێی نییە لێرەدا –نامەوێ بچمە نێو جوزئیاتیەوە- ڕەتی کردەوە، کە لەوێدا ئینحرافێک لەو خەتە سیاسییە کە خۆی و حیزبەکەی باوەڕیان پێی هەیە ڕوو بدا.

بەڕاستی ناکرێ پیاو یادێک لە 11ی ڕەشەمە بکاتەوە و یاد لە گەورەیی خەڵکی مەهابادێ نەکاتەوە؛ چ بۆ بەشدارییان لە هەموو شتێکدا، چ بەتایبەتی بۆ میوانداری. ئەوە کە گوترا وا بوو، دەیانگوت میتینگی ١٠٠هەزار نەفەری، تەقریبەن وا هات کە بەوە ناسرا لە حاڵێکدا ڕۆژنامەی ئیتلاعات یان کەیهان بوو، نووسیبووی دووسەد هەزار کەس. ڕەنگە ئەو ڕەقەمە زیاد و کەمی هەبێ، ئەتۆ خۆ سەرژمێرت نەکردوە، بەڵام وەکوو لەو قسانەدا هاتبوو ئەوەی کە گوێتان لێی بوو؛ ئێمە ستادێکمان پێک هێنابوو بۆ پێشوازی لە میوانان لە ڕۆژی پێشدا. شەوێ شەست و سێ هەزار کەسیان دامەزراندبوو، ئەوەش جالیبە کە بزانین مەهاباد ئەو وەختی تەخمین دەکرا کە هەموو حەشیمەتەکەی بە منداڵیشەوە 50 هەزار کەسە. ئەوە هی کوێ بوو؟ هی شارەکانی دوور لە کوردستان و لە ئێرانێ –تەقریبەن لە هەموو- شارەکانەوە بە تابیەتی لە تاران و تەورێز و ئەوانەوە خەڵکێکی یەگجار زۆر هاتبوون، کوردەکان تەقریبەن بەشی هەرە عومدەیان هاتبوون، خەڵکی دیکەش فارس و ئازەربایجانی و ئەوانە هاتبوون. بەیانییش خەڵکی دەوروبەری مەهابادێ و شارە نیزیکەکان. بێ ئەدەبیشە ئەو قسە درێژ دەبێتەوە، بەڵام –دەقیق لەبیرم نییە سەعات چەند بوو- کە میتینگەکە تەواو بوو، خەڵکەکە ڕۆیشتنەوە. ئەمن بووم بە واسیتەی ئاشتی لە نێوان دوو پیاوی مەهابادی لەسەر چوار میوانی بانەیی؛ ئەم دەیگوت ئەمن دەیانبەم و ئەوی دیکە دەیگوت ئەمن دەیانبەمەوە بۆ ماڵێ. چووم گوتم ئەرێ کاکە ئێوە لە ماڵێ تەلەفوونتان نییە ؟ گوتیان بەرێوەڵڵا، گوتم دەی باشە دوو بۆ ئەوێ و دوو بۆ ئەوێ دوایە بە تەلەفوون یەک بگرنەوە؛ ئاوا سوڵحیان کرد.

جارێکی دیکەشم هەر ئەوە گێڕاوەتەوە، لە کۆنگرەی چواریشدا وا بوو. کۆنگرەی چوار پێم وابێ شەش ڕۆژی خایاند، دەوری سێسەد کەسی تێدا بوو، باوەڕ بکە حیزبی دێموکرات تمەنێکی خەرج نەکرد؛ هەمووی خەڵک بوو کە میوانداریی لێ کردین، بەخۆشمانەوە _ئێمەش کە بۆخۆمان لەوێ بووین_ ئێمەش هەر لە ماڵان بووین. چ وەختی نیوەڕۆ و ئێواران چ وەختی پشوو دانێ، ئەگەر دەهاتییە دەرێ ئەو کووچە و کۆڵانانە هەموو پڕ بوونلە خەڵک، بۆ ئەوەی بزانن ئەخباری کۆنگرە چییە یان بۆ ئەوەی وەختی نەهار و شامێ میوانەکان بەرنەوە. جا پێم وابێ ناحەقمان نابێ ئەگەر سڵاوێکیان بۆ بنێرین. [دەنگی چەپڵەی بەشداربووان]

هاوڕێیان پێم خۆشە شتێکی دیکە بڵێم مەوازیعی ئێستای حیزبی دێموکراتی ئەمن باس ناکەم چونکی ئەوە هەم ڕەنگە درێژ بێ هەم وەزیفەی ڕێبەرایەتیی حیزبە و ئەو ئاشنایە بەوەی، بەڵام دەمەوێ ئەوە بڵێم کە دەگەڵ ئەوەەی چل ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێپەڕیوە ئێمە ئێستا لە جێگەی خۆمانین و لە هێندێک بارەوە ڕەنگە لە جێی خۆشمان نەبین. ئەو وەختی کە لە مەهابادێ بووین ئێستێ دووسەد_سێسەد کیلۆمیتر دوور لە مەهابادین. بەڵام هەر وەکوو لە پێشدا گوتم ئەو بەرنامانە، ئەو ئامانجانە بۆ ئێستاشمان ڕاستن، بەڵام ئێستا ڕەنگە سەیر بێتەپێش چاو، کە بڵێم زۆر بەهێزترین لەو وەختەی کە میتینگی مەهابادێمان گرت، هەروا بە قسە ناڵێم. ئەو وەختی کە دەیانگوت حیزب هاتۆتەوە، حیزب ئەو وەختی لە نێوخۆ بوو و ئێستەش لە نێوخۆیە؛ مەبەستیان لە حیزب ئەوە بوو کە ئەوانەی لە دەربەدەری بوونە، ڕێبەرایەتیی حیزبیان بەدەستەوە بووە. لە ڕۆژی یازدەی ڕەشەمەی 57دا، ئێمە هەموو ئەوانەمان کە هاتبوونەوە یان دەبوو بێنەوە لە دەرێ ڕا، بەینی 50 تا 70 کەس دەبوون، هەموو ئەوانەش کە ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە حیزبی دێموکراتەوە هەبوو لە داخڵی وڵاتدا دەگەیشتنە تەقریبەن پێنج_شەش و دە بەرابەری ئەوەی. شەشسەد-حەوسەد کەس ئەوپەڕی، هەموو شەهیدەکانیشمان تا ئەو وەختی بەینی 50 تا 100 کەس بوون. بەڵام ئێمە ئێستا سەرمایەی هەزاران تێکۆشەرمان هەیە کە لێرە و لە جێی دیکە هەن. سەرمایەی 40 هەزار شەهیدمان هەیە، ئەویش ئەو شەهیدە گەورە و بەئەرزشانە کە ئێمە داومانن. ئێمە ئێستە بە هەزاران کادری کارلێهاتوو و کارزانمان هەیە لە داخڵی وڵاتدا کە هەموویان بۆ ڕۆژی خۆی پێشمەرگە و کادرێکی ئامادەن. بە هەزارانمان لە دەرەوەی وڵات هەیە. ئەو قسانە بۆیە دەکەم؛ چونکە ئێمە پادگانی مەهابادێمان گرتبوو، خەڵکەکە ژ-3 کانیان دەناسی هەڵیانگرتبوون بەڵام، نەیاندەزانی لوولە کوورەیە یا چییە! ئارپیجی! کەس نەبوو بزانێ بەکاری بێنێ! ئێستێ هەر لە داخڵی ئێرانێ بە سەدان و هەزاران کەسمان هەیە کە بە قەولی مەعرووف ئەوانەی وەک ئاوێ لەبەرە، پێم وابێ ئێمە سەرمایەیەکی زۆرمان هەیە.

ئەگەر تەلەفاتمان داوە، ئەگەر دوورین لە وڵات و … ئەوە نرخی ئازادییە. ئەو قسە زۆر پیاوی گەورە کردوویانە کە لە خەباتدا شەرتی هەرە ئەساسی بۆ سەرکەوتن، بیندرێژییە، نەفەسمان درێژ بێ.

لە ڕەحمەتی بارزانی دەگێڕنەوە کە دەیانگوت هەموو جارێ دەیگوت: «بێهنا خۆ درێژ کەن.» نەفەستان درێژ بێ. عەزممان هەبێ، یەک بگرین، ئەو سیاسەتە ئوسوولییەی کە هەمانە سیاسەتی موعتەدیل، سیاسەت بە خەیاڵ ناکرێ، سیاسەتێک کە لەگەڵ واقعیاتی زەمان و مەکان ڕێک بکەوێ. ئێمە سەر دەکەوین، دەکرێ بڵێم هیچ ڕێگەشمان نییە غەیری سەرکەوتن.

سپاستان دەکەم.