Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۱ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 22/05/2019 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

ئاخۆ وڵاتە یەکگرتووەکان و ئورووپا بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران لێک نیزیک دەبنەوە؟

07/03/2019 | 19:31:28
+A
-A
و: کەماڵ حەسەنپوور

نیووزویک – گالیپ دالای

و: کەماڵ حەسەنپوور

لە ئێران هەستێکی سووکنایی و سەرکەوتن لە بارەی کۆنفڕانسی وەرشۆ هاتۆتە ئاراوە. ئەو کۆنفڕانسە کە بۆ وەگەڕخستنی هاوپەیمانییەکی نێونەتەوەیی دژی ئێران بەڕێوە چوو، ڕێژەیەکی کەم لە ڕوخساری ناسراوی کۆ کردنەوە، کە لەلایەن زۆر کەسەوە وەک شکستی ئەو کۆبوونەوە لێک دراوەتەوە. ڕووسیە بە ئاشکرا بانگهێشتنەکەی ڕەت کردەوە، لە کاتێکدا زۆر وڵاتی ڕۆژئاوای ئورووپا کاربەدەستی پلە خوارەوەیان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسەکەدا نارد.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ڕوانگەی شەڕێکی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تۆ تووشی دڵەخورپە دەکا، بۆ خۆشحاڵبوون زوویە. وێدەچێ ئەو کۆنفڕانسە پتر لە هێرشێکی گشتیی بێبایەخ بۆ سەر ئێران بێ.

سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان دژی ئێران پرۆسەیەکە نەوەک ڕووداوێک. کۆبوونەوەی وەرشۆ بەشێک لە سیاسەتی بەربڵاوتر بۆ تەریک خستنەوەی ئێرانە و لەسەر بنەمای سیاسەتی دوژمنانەی پێشوو دامەزراوە. لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، وڵاتە یەکگرتووەکان ڕیبەرایەتیی پێکهێنانی هاوپەیمانیی سەربازیی عەڕەبی دژی ئێران دەکا. کۆبوونەوەی وەرشۆ بەشێک بوو لە هەوڵی درووستکردنی هاوڕاییەکی نێونەتەوەیی دژی تاران.

بەبێ لەبەرچاو گرتنی ڕوخساری بەشداران، ئەو دەستپێشخەرییانە ئالنگاری مەزن بۆ توانایی ئێران و ئورووپا بۆ درووستکردنی سیاسەتی تایبەت بە خۆیان، جیا لە سیاسەتی ئەمریکا، بۆ ناوچەکە ساز دەکا. کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هاوڕایی ئەمبەر ئەوبەری ئاتلانتیکی لە بارەی ئێران تێک شکاندووە. بە کۆبوونەوەکەی لەهێستان، وێدەچێ وڵاتە یەکگرتووەکان هاوڕایی نێوخۆیی ئورووپای بەرامبەر بە ئێران تێک دابێ و، ئەو تێکچوونە تەنیا لە چوارچێوەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئورووپا نامێنێتەوە، کە بەپێی نەریت هەڵوێستیان لە هی وڵاتە یەکگرتووەکان نیزیکترە تا دەوڵەتانی خۆرئاوای ئورووپا. ئەگەرچی وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا، جێرێمی هانت، بە ڕواڵەت تەنیا بۆ بەشداریکردن لە باسەکانی پەیوەندیدار بە یەمەن بەشداری لە کۆنفڕانسەکەدا کرد. وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیتالیا، ئێنزۆ مۆئاڤێرۆ میلانێسی، یەکێک لەو وەزیرانە بوو کە لە وەرشۆ بوو. کەوابوو ئورووپا و وڵاتە یەکگرتووەکان لە کوێ جیاوازیی بۆچوونیان بەرامبەر بە ئێران هەیە؟

وڵاتە یەکگرتووەکان دەیهەوێ جارێکی دیکە پێناسەی ژێئۆپۆلیتیکیی ئێران و ڕێژیمەکەی تەریک بخاتەوە و پێش بە ئاساییبوونەوەی زیاتری ئێران لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان بگرێ. بۆیە ئامریکا سیاسەتە ناوچەییە قیزەونەکەی ئێران وەک ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی شێوەی پڕ ئاریشەی ئەو ڕێژیمە دەنوێنێ کە ئاکامی ئەو هەڵوێستە ئەوەیە کە وەڵامی کۆتایی بۆ پرسی ئێران گۆڕینی ڕێژیمە، نەوەک گۆڕینی سیاسەت. شێوەی ئاخاوتنی بەڕێوەبەرایەتیی ئێستای وڵاتە یەکگرتووەکان و چالاکییە سیاسییەکانی بە ئاشکرا ئەو بۆچوونە پشتڕاشت دەکەنەوە. جیاوازیی سەرەکیی نێوخۆیی وێدەچێ لە نێوان لایەنگرانی شێوەی «ڕەقی» گۆڕینی ڕێژیم، کە پێویستی بە بەرەوڕووبوونەوەی سەربازی دەبێ و، هەندێک لایەنی نێو دەوڵەتی وڵاتە یەکگرتووەکان لایەنگری بیرۆکەی شێوەی هەرەسهێنانی یەکیەتیی سۆڤییەت لە نێوەوە بەهۆی گەمارۆی سەختی ئابووری و تەریککەوتنەوەی نێوخۆیین.

بەپێچەوانە، ئورووپاییەکان زۆرتر لایەنگری بیرۆکەی سیاسەتی ئاڵوگۆڕی ڕەفتارن لە جیات گۆڕینی ڕێژیم. ئەوان بە شێوەی ڕووڕاست دەڵێن: تا ئێران زۆرتر ئاسایی بێ لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، زۆرتر دەتوانێ داوا لە ئێران بکەی کە بە شێوەی «ئاسایی» بجووڵێتەوە. سەپاندنەوەی گەمارۆکان نیشان دەدا کە ڕۆژئاوا بەتەمای گۆڕینی خودی ڕێژیمە، نەوەک ڕەفتاری ڕێژیم و، ئەوە دەبێتە هۆی خۆبواردنی ئێران لە هاوکاریکردنی ڕۆژئاوا.

بەڵام، ئەگەر پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گۆڕینی ڕێژیم وەلا بنێین، هاوڕاییەکی بەرچاو لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و ئورووپا لە بارەی ئێراندا هەیە. ئورووپا دەتوانێ دووبارە چەسپاندنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان لە سەر ئێران ڕەت بکاتەوە، کە بە نۆبەی خۆی نیگەرانیی ئێران لەبارەی هەرەسهێنان بە شێوەی یەکیەتیی سۆڤییەت کەم بکاتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا وێدەچێ ئورووپا لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان لەبارەی بەرنامەی مووشەکی، سیاسەتی ناوچەیی و ڕایەڵەی میلیشیاکانی ئێران هاوڕا بێ.

بێگومان، بەرنامەی مووشەکی و لایەنی میلیشیایی سیاسەتی ناوچەیی ئێران جێ متمانەترین پرسن کە ئورووپا بتوانێ خۆی لە وڵاتە یەکگرتووەکان نیزیک بکاتەوە. بریتانیا و هەروەها فەڕانسە باسیان کرد کە تاقیکاریی مووشەکی مەودا مامناوەندیی بالیستیکیی ئێران لەوانەیە پێشێلکردنی ئەرکدارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێ. بە هەمان شێوە، چەند وڵاتی گرینگی ئورووپا بە شێوەیەکی پەرەئەستێن باسی نیگەرانییەکانیان لە بارەی سیاسەتی ناوچەیی ئێران، بە تایبەتی ڕایەڵەی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی دەوڵەتی و نادەوڵەتی، لە نێویاندا شیعەکانی حەشدی شەعبی لایەنگری ئێران لە عێڕاق، ڕێژیمی ئەسەد، حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن، دەکەن. ڕوانگەی ئێران لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لەسەر بنەمای پاراستنی ڕایەڵەی هاوپەیمانەکانی لە ناوچە دامەزراوە، بەڵام ئەو هەڵوێستە زێدەخوازانە لە لایەن خاوەن هێزانی ناوچە تووشی شکست دەبێ.

وێناچێ ئێران بەو زووانە دەست لە سیاسەتە ناوچەیی یا بەرنامە مووشەکییەکەی هەڵگرێ. بە پێچەوانە هەرچی وڵاتە یەکگرتووەکان زۆرتر هەوڵی پێکهێنانی بەرەی دژی ئێران بدا، بیانووی زۆرتر دەداتە دەست ئێران تا حوزووری خۆی لە ناوچە و ڕایەڵەکەی بپارێزێ، چونکە ئەوە تەنیا شتێکە کە ئێران بەشێوەیەکی کاریگەر دەتوانێ وتووێژ لەگەڵ لایەنە نێونەتەوەیی و هەروەها ناوچەییەکان بکا. پوتانسیێڵی ئێران بۆ زەرەر و ئازاری دوژمنە ناوچەییەکانی و، تواناییەکەی بۆ پووچەڵکردنەوەی بەرنامەی خاوەن هێزە نێونەتەوەییەکان هۆی سەرەکیی هاندانی زۆر لایەنن بۆ هەڵسوکەوت و وتووێژ لەگەڵ ئێران. ئێران کە بە تەواوی ئاگاداری ئەو ڕاستییەیە وێناچێ بیهەوێ حوزووری خۆی لە ناوچەدا بەرتەسک بکاتەوە.

ئەوە دەبێتە هۆی ئاڵقەی بێکۆتایی. ئەگەر ئێران کاردانەوەی توندی بەرامبەر بە سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئورووپا لە بارەی بەرنامەی مووشەکیی خۆی و سیاسەتی هەرێمی هەبێ، ئەوە دەبێتە هۆی لێک نیزیکتر بوونەوەی ئورووپا و وڵاتە یەکگرتووەکان لە بارەی ئێرانەوە کە بە نۆبەی خۆی دەبێتە هۆی دەستپێکی سەردەمێکی نوێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ڕۆژئاوا.

ئەوە شتێکی گاڵتەجاڕانە بوو کاتێک کە بەشدارانی کۆبوونەوەی وەرشۆ بیریان لە پرسی پێشگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران دەکردەوە، ڕێبەرانی تورکیە، ڕووسیە و ئێران لە سووچی کۆبوونەوەیان هەبوو تا بەرنامەی ئاراستەی نوێی سووریە داڕێژن. کاردانەوەیەکی دیکەی کۆبوونەوەی وەرشۆ، ئەگەر لە ڕێگای پلاتفۆرم و ئامرازی دیکە بیانهەوێ بە ئاکامی بگەیەنن، دەتوانێ ببێتە هۆی هێنانەدیی بەرەی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست: وڵاتانی عەڕەبیی کەنداو هاوهەڵوێست لەگەڵ ئیسڕاییل و وڵاتە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر وڵاتانی غەیری عەڕەبیی باکووری ئەوان (تورکیە و ئێران) کە وێدەچی بە هۆی پراگماتیستی هاوکاریی ڕووسیە بکەن.

سیاسەتی هەنووکەیی ناوچەیی وڵاتە یەکگرتووەکان و ڕایەڵەی هاوپەیمانەکانی بەرەی دواتر هان دەدا کە ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و بۆ ماوەیەکی زۆرتر پێکەوە بمێننەوە. ئەوە بە نۆبەی خۆی دەبێتە هۆی قووڵتر بوونی کەلێن لە ناوچەدا، دەوری ناوچەیی ڕووسیە بەهێزتر دەکا و مەودای کەمتر بە ئورووپا دەدا کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا مانۆڕ بدا.