مامۆستا مەلا حەسەن ئەحمەدی ناسراو بە مامۆستا حەسەن سارکێ، خەڵکی ناوچەی بانە لە تەمەنی ١٢٠ساڵەیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مامۆستا مەلاحەسەن ئەحمەدی کەسێکی ئاییینی و تا سەرئێسقان کوردپەروەر بوو کە هیچ کات لە یاد نەتەوەبندەستەکەی غافڵ نەبووەو لەو پێناوەشدا تووشی ئازار و ئەزیەتی زۆر بووە.
ناوبراو یەكێك لەو مرۆفە تێكۆشەرانە بوو کە لەو ئەوپەڕی باوەڕمەندبوونی بە خەبات و تێکۆشان بۆ سەرخستنی گەلەکەی، تەنیا سووچی مزگەوتی هەڵنەبژارد بەڵکوو بەپێی توانا بە گژی ستەم و زڵمدا چووەو لە دەورانی حكومەتی پاشایەتی بە هۆی چالاکیی سیاسی لە گەڵ پۆلێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات چەندین ساڵ زیندانی کراو، لەو ماوەیەدا نموونەیەکی شیاو بوو لە خۆڕاگری و کۆڵنەدان.
مامۆستا مەلا حەسەن ئەحمەدی لە یادی خەڵکی ناوچەی بانەو بەتایبەتی تێکۆشەرانی دێموکرات بەخۆشناوی دەمێنێتەوە.
ئەو تێکۆشەرە خواناسە دوای تەمەنێک ژیان بە ڕووسووری ڕۆژی ١٤ی ڕەشەمەی ٩٧ی هەتاویی بە هۆی نەخۆشییەوە لە شاری بانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە مامۆستایانی ئایینی و بەهەڵویست، پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم کەسوکار و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا حەسەن ئەحمەدی دەکا و سێبووری و سەرسڵامەتیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.