كاربەدەستێكی پلەبەرزی وەزارەتی دارایی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی گەلاوێژ گوتی ئامریكا تەنانەت سەرەڕای ڕێككەوتنامەی ئەتۆمی کە دیارە لابردنی گەمارۆكانی سەر ئێرانی لێ دەکەوێتەوە، پشتیوانیكردنی ڕێژیمی تاران لە میلیشیاکانو گرووپە تێرۆریستەكان دەكاتە ئامانجو مەحكوومی دەكا.
ئادام زووبین، جێگری كاتیی وەزارەتی دارایی ئامریكا بۆ كاروباری تێرۆریسمو هەواڵگرییە ماڵییەكان، لە كۆبوونەوەی پرسیارو وڵام لەگەڵ كۆمیتەی بانكیی سەنادا گوتی: ئێران لە نێوان ٦ تا ٩ مانگ دەرفەتی هەیە تا بارودۆخی پێویست بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان پێك بێنێ.
بەقسەی زووبین، ئەگەر ئێران پێبەند بە بەڵێنییەكانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمیدا نەبێ، دەكرێ گەمارۆكان تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژدا بگەرێنەوە سەر جێی خۆیان.
ناوبراو هەروەها پشتڕاستی كردۆتەوە كە بڕی پاشەكەوتە دەرەكییەكانی ئێران ١٠٠ میلیارد دۆلارە كە ٥٠ میلیارد دۆلاری ئەم پاشەكەوتە لە بواری جۆراوجۆرەوە خەرج كراوەو تەنیا ٥٠ میلیارد دۆلاری بۆ ئێران دەگەڕێتەوە.
جێگری وەزارەتی دارایی ئامریكا هەروەها گوتی ئێران پێویستی بە ٥٠٠ میلیارد دۆلار هەیە تا بگەڕێتەوە سەر بارودۆخی 7 ساڵ لەمەوبەری خۆی.
ناوبراو پێداگری كرد كە، بێتوو ئێران ئەم ڕێككەوتنامەیە پێشێل بكا، تەنانەت لە حاڵەتی زۆر بچووكیشدا، ئامریكا بۆ ڕێگری كردن لە سەرپێچی كردنی گەورەتر لە ڕێگەی گونجاو كاردانەوەی دەبێ.
كۆنگرەی ئامریكا تا ڕۆژی 26ی خەرمانان مۆڵەتی هەیە كە ئەم ڕێككەوتنامەیە ڕەد بكاتەوە یان پەسندی بكا.