Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۲۹ ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۹۸ | 19/05/2019 | کاتژمێر:
ئەدەب

ئایا چیرۆکنووسیی ئێران لە پاش شۆڕشی ئێران «ئەرک»ی خۆی بەجێ هێناوە؟

19/02/2019 | 16:12:42
+A
-A
و: هەردی سەلیمی

مێهرەک کەماڵی

و: هەردی سەلیمی

دوو هۆکاری سەرەکی، چیرۆکنووسی لە ئێراندا، بە دوو قۆناغی پێش و پاش لە شۆڕش پۆلێن دەکا: یەکەم، جیهانبینیی نووسەران و دووهەم، توێژینەوەیان لەمەڕ پێوەندییەکانی دەسەڵاتەوە. چیرۆکنووسە دیارەکانی پێش شۆڕش، خۆیان بە دەروەستی شێوازە جۆراوجۆرەکانی ڕێئالیزمی کۆمەڵایەتی و ڕێئالیزمی ڕەخنەگرانە دەزانی و، بەپێی هێزی دیاریکەری ڕێکخراوە زاڵە دەرەکییەکان – بەدەر لە ویست و خواستی کەسایەتیی چیرۆکەکان – دەیاننوسی. چیرۆکنووسانی دوای شۆڕش بە پێداگری لە سەر ئاکاری تاکەکەسی و لایەنی دەروونناسانەی کەسایەتییە چیرۆکییەکان، تێکۆشاون بگێڕەوەیەکی بێلایەن بن و ڕای تاکانەی خۆیان دەرنەبڕن و، کاریگەریی ڕێکخراوی بەهێزی دەسەڵاتی زاڵی سیاسی-ئایینی لەسەر ژیانی خەڵک و نێوەرۆکی گێڕانەوەیان لەبەرچاو نەگرن یان کاڵ و کەمڕەنگ بینوێنن. چیرۆکنووسانی پێش شۆڕش لەقاودانی زوڵمەکۆمەڵایەتییەکانیان کردبووە ئەرکی خۆیان، بەجۆرێک بەردەنگەکانی خۆیان تێبگەیەنن کە دەبێ خۆیان لە هەمبەر ئەو هاوکێشانەی وا بەدیهێنەری نابەرامبەریی دەسەڵاتن بە بەرپرس و ئەرکدار بزانن و، لەم خەباتەدا ڕۆڵێک بگرنە ئەستۆ.  پرسیارەکە ئەمەیە کە داخوا چیرۆکنووسانی دوای شۆڕش ئەرکی کۆمەڵایەتییان بۆخۆیان پێناسە کردووە و ئەگەر  ئا، بە کردەوە چییان کردووە؟

لەوەیڕا کە گێڕانەوەی بەتەواویی ڕاستی جێبەجێ نابێ و هەر پێناسەیەک لە ڕاستی، لەسەر بنەمای ڕوانگەی کەسێکە کەوا هەڵبژێرە و، بەهۆی زاڵبوونی بیرۆکەی مارکسیزم لەسەر کەشی ڕووناکبیریی ئێرانی ئەوکاتدا، لە ڕوانگەی نووسەرانی ئەوێ چاخدا گرینگترین لایەنی ژیانی خەڵکی، پێوەندیی نابەرامبەرانەی چینایەتی، سیاسی و کولتووری بوو. لەم سۆنگەیەوە ژیانی کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی، گیرۆدەی ئەو ناوەندانە بوون وا هۆکاری جێگیربوونی نابەرامبەری بوون و، لە دەرەوەی ویستی خۆیان ئەو کەشە بەدی دەهات.

ئەرکی نووسەر، بەهێزکردنی خەڵک بەمەبەستی تێکەوەپێچانی ناوەندەکانی خوڵقێنەری نابەرامبەری بوو. بەم شێوەیە، بەرهەمی ئەدەبیی لێکنیزیک لە ڕووی واتایی لەدایک بوون کە ڕێک و تەبا بوون لەگەڵ کردە و دژکردەوەی ئیدیۆلۆژی و شۆڕشگێڕانە. بەرەی «چاکە»، بەرەی گەلە و لەمپەری سەر ڕێی گەیشتنی ئەوان بە ژیانێکی باش، نەک تایبەتمەندیی تاکەکەسی و دەروونناسانەی ئەوان؛ بەڵکوو هەر ئەو ناوەندانەن کە بوونەتە هۆی ئافراندنی نابەرامبەری. بێتوو ئەم ناوەندانە نەمێنن، کۆسپێک لەبەردەم بەختەوەریی خەڵکیدا نامێنێ. بەم تێگەیشتنە لە چیرۆک، نووسەری بێلایەن نەک هیچ واتایەکی نییە، بەڵکوو نووسەر هەتا جێگەوپێگەی پێغەمبەرێک هەڵدەکشێ و هێڵی نێوان چاکە و خراپە چڕتر دەکاتەوە.

ئەم نووسەرانە، وردەکولتوورێکی پاڵپشتیی شۆڕش و شۆڕشگێڕییان بەدی هێنا کەوا لە دوای کودیتای 28ی گەلاوێژ زاڵ بوو و، هەتا سەرەتای دەیەی شەستی هەتاوی لە دۆخی ئەدەبیی ئێراندا باڵادەست بوو. نێوەرۆکی زۆربەی چیرۆک و ڕۆمانە بەناوبانگەکانی ئەم سەردەمە ئەوە بوو کە، «خراپە»ی دەسەڵات، کۆمەڵگەی ئێرانی لە فۆڕم بەتاڵ کردووەتەوە و لە چوارچێوەکەی ترازاندووە. هەرچەندە لە ڕۆمانەکاندا لە چواندن (تمثیل) و دەستەوا (استعارە)ی جۆراوجۆر کەلک وەردەگیرا، بەڵام ناوەزێڵەی هەموویان پارێزەری لە ئەو هێزە «چاک»انە بوو کەوا لە بەرامبەر چینی دەسەڵاتبەدەست و داسەپێندراو کە وەک نوێنەری «خراپە» دەناسران، ڕیز ببوون. پەیامی سەرەکیی چیرۆکەکان ئەمە بوو کە لەگەڵ بوونی «خراپە»یەکی زلهێزدا، لە ڕێگای ئاساییەوە ناکرێ کۆمەڵگە ڕزگار بکرێ. بەمەبەستی ڕزگاریی کۆمەڵگە دەبێ کەسانێک هەبن لە ژیانی ئاسوودە یان گیانی خۆیان ببوورن و بەرهەڵستی«خراپ»ـە ببنەوە. بەرهەمی بەرچاو و گرینگ وەک «تەنگسیر»ی سادق چووبەک، «سووشوون»ی سیمین دانشوەر، «دراوسێکان»ی ئەحمەد مەحموود و «جێگەی بەتاڵی سلووچ»ی مەحموود دەوڵەت ئابادی، بە دەروەستبوون بە ڕێئالیزم و شیکردنەوەی هەڵاواردنی چینایەتی، سیاسی یان دژەبیانی وەکوو نێوەرۆکی سەرەکیی چیرۆک، کۆمەڵێک بەرهەمی لێکنیزیک، لە ڕوانگەی جوانیناسانە و واتاییان بەرهەم هێنا، کە بە ئەدەبیاتی دەروەست دەناسرێ.

هێماکانی ئەدەبیاتی دەروەست بریتییە لە هەژاری، قارەمان، خەبات و گیان بەختکردن کە هەموویان دەربڕی دژایەتییەکی بەدەر لە ویست و هزری کەسایەتیی چیرۆکەکانن. هەژاریی خەڵک دەرخەری هاودەستیی دەوڵەمەندانی شار و دێهاتەکانە لەگەڵ کاربەدەستانی حکوومەت و بیانییەکان. قارەمانی ڕۆمان لە بەرامبەر یەک یاخود چەند کەسایەتیی خراپی بەهێز یان دۆخێکی نەرێنیدا، واتایەک دەگرێتە خۆ. خەبات واتە بەشەڕهاتن لەگەڵ چەپەڵی و پشکی قارەمان لەم شەڕەدا، ئازار و ئەشکەنجە و ئاوارەیی و تەنانەت شەهیدبوونە. ئەم شەڕە زەوینییەی چاکە و خراپە، «یووسف»ی سووشوون و «گوڵمحەممەد»ی کلیدێری بە شەهیدبوون دا و، «زارمحەممەد»ی تەنگسیر و «خالید»ی دراوسێکانی کردە ئوستوورەگەلێک کە دژ بە شەیتان ڕاسابوون. لە ئاکامدا، ئەوەی دەبێتە هۆی خوڵقانی نووسەری دەروەست تەنیا شرۆڤە یان ڕستەگەلێکی بێبەر و بێلایەن نییە: «نووسەری دەروەست دەزانێ پەیڤ هەر ئەو کردەوەیە: دەزانێ ڕوونوێنی و دەرخستن واتە گۆڕین، ناکرێ ڕوونوێنی بکرێ مەگەر لە پێشدا بڕیاری گۆڕان درابێ. نووسەری دەروەست ئەو خەونە مەحاڵەی لەسەر وەدەرناوە کە ڕۆڵێکی بێلایەن و سەربەخۆیانە لە کۆمەڵگە و دۆخی مرۆیی وێنا بکا.»[1] هیچ سەیر نییە کەوا لەم بەرهەمە ئەدەبییانەدا، گرینگیی زیاتر بە ئارمانج و ئەرکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دراوە هەتا ئەوینی تاکی، بنەماڵە و حەزی تاکەکەسییانە. بۆ نموونە ئەگەر لە جێگایەکدا بەدەگمەن باسێک لە پرسی تایبەت بە ژنان دەکرا، تەنیا لە پێوەندی یان لەژێر کاریگەریی لایەنی ئازادیخوازانە، دادپەروەرخوازانە و دژەبیانییانەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا بوو.

ساڵی 1363، ساڵێکە دوایین بەرگی ڕۆمانی «کلیدێر» لە نووسینی مەحموود دەوڵەت ئابادی و «هەشت چیرۆک»، کۆمەڵە کورتە چیرۆکێک لە نووسەرانی جۆراوجۆر بە حەول و تێکۆشانی هووشەنگ گوڵشیری، بڵاو بوونەوە. ئەم هاوکاتییە نیشاندەری کۆتایی سەردەمێک و دەستپێکی سەردەمێکی نوێیە؛ کۆتایی کلیدێر، کۆتایی هاتن بە زاڵبوونی ئەدەبیاتی دەروەست بوو. گوڵشیری لە پێشەکیی هەشت چیرۆکدا قسە لە کۆتایی سەردەمی ئیدئۆلۆژی و دنیای ڕەش و سپی دەکا و، مزگێنیی فۆڕمێکی نوێی چیرۆک دەدا: «هەموو ئەوانەی ڕۆمانوێنی ڕۆژگاری ئێمە بوون، تەنانەت لە لووتکەی بەدیهێنانیشیاندا، دەیانەویست تەنیا وێنەکێشی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووناکی و تنۆکی بن: لە داشکاندن و وردکردنەوەی هەموو ژیان بۆ چاکە و خراپە بگرە هەتا تاوتوێکردنی هەموو پرسە پێچەڵپێچەکانی جیهان لەسەر قەبووڵی بنەمای دوو جەمسەر …» و، هەر لێرەدا پێ لەسەر پێویستیی گۆڕینی ڕوانگەی نووسەران دادەگرێ: «… ساکارترین جیاوازیی جیاکەرەوەی ئێمە، جیاوازیی ڕوانگەی ئێمەیە کە بەلانیکەمەوە هەر لە ئامێری دەستی چیرۆکنووسان، لەنێوان ئەو ڕووناکایی و تنۆکییەی پێشینیانی هاوچەرخ ساتگەلێکی زۆر دەدۆزرێتەوە: لە مەلابانگدان، بانگی بەیانی، کازیوە، سیوادی بەیانی، بەربەیان، بوومەلێڵ و ڕۆژ‌هەڵاتەوە بیگرە هەتا دەگەینە قرچەی هەتاو و نوێژی نیوەڕۆ …»[2] بەپێی ئەم جۆرە ڕوانینە، داڕشتنی کەسایەتیی چیرۆکیش نەدەکرا دژوار و ڕەق و جەمسەری بمێنێتەوە؛ کەسایەتیی چیرۆکی نەوەک ڕەش یان سپی بەڵکوو خۆڵەمێشی بوون و، بەپێی بارودۆخ، چاک یان خراپ دەجووڵانەوە. کەوابوو ڕێژەخوازی جێگای ڕەهاڕوانینی ڕوانگەی ڕێئالیستیی بەرەی پێشووی دەگرتەوە و، ئەم ڕێژەییبوونە بە بڕوای محەممەد موختاری لە دنیای دوو جەمسەریی ڕابردوو ڕاستەقینەتر بوو.

محەممەد موختاری لە وتاری «چشم مرکب»دا، نووسەران و خوێنەران بۆ تێکۆشان لە تێگەیشتنی «ئەویدی» بانگهێشت دەکا و، لەسەر تاکایەتیی کەسایەتییە چیرۆکییەکان و جیاوازیی نێوانیان پێ دادەگرێ: «وێنەیەکی لێکچوو و دیاریکراو لە دۆخ یان بابەتێکی یەکینە و زۆرینەیەکدا پێشکەش کردن، تەنانەت دابەزین لە تایبەتییە سەرەکییەکانی مرۆڤیشە. نە ژیان ئەم هاوبیچمی و بەرتەسک کردنەوە وەردەگرێ، نە مرۆڤ و، نە هونەر و ئەدەبیاتیش. هاوبیچمی یان تەسککردنەوەی بیچمەکان بۆ یەک-دوو بیچمی پەسندکراو و لەبەردڵان، دەبێتە هۆی کوشتنی فرەچەشنی و زۆرینەیی … هونەر …لەسەر … فرەچەشنی و زۆرینەیی دامەزراوە.»[3] لەسەر ئەم بنەمایە و بەپێچەوانەی ئەدەبیاتی دەروەست، لێرە باسێک لە ئاراستەبەخشین و سنوورکێشان و لە هەموو گرینگتر، ئیدئۆلۆژی لە گۆڕێدا نییە. موختاری لێبڕاوانە ڕادەگەیەنێ «بەمەبەستی ئەمەگداری بەرامبەر بە هونەر، پێویستە ئەمەگداری ئەم گۆڕانە بین.» ئەو ڕێگایەی کەوا گوڵشیری و موختاری حەولی کردنەوەیان بۆ دا، لە سەرەتادا بە واتای بێبەرکردن و بێلایەنیی نووسەر نەبوو؛ بەڵام جەختکردنەوە لەسەر ڕێژەخوازی، وەلانانی ئیدئۆلۆژی و، تاکخوازی ئاوێتە لەگەڵ سانسۆڕی حکوومەتی، وردەوردە ئاڵوگۆڕی بەسەر چیرۆکی فارسیدا هێنا.

چیرۆکنووسیی ڕێئالیستیی پێش لە شۆڕشی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە ئێمپریالیزم و ئیستعمار و بیانییەکانی وەک هۆکاری دواکەوتوویی وڵات دەزانی و دەیناساند، بوونی کۆمەڵگەی چینایەتی و دەسەڵاتی خاوەن زەوی و خاوەن سەرمایەکانیش دەبوونە هۆی لاوازیی خەڵکی و دواکەوتووییان. بەم جۆرە هەمووان مەحکوومی بنەما کۆمەڵایەتییەکان بوون و، هەر ئەوەندە بەس بوو کە کەشی کۆمەڵایەتی گۆڕانی بەسەردا بێ بە مەبەستی شاردنەوەی چەپەڵییەکان.

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش، کەشەکە گۆڕدرا بەڵام نەک چەپەڵی و کەلێنی چینایەتی و دواکەوتوویی هەروا مایەوە، بەڵکوو قەیرانی ئاکاری و بایەخی و هێژاییشی پێوە زیاد بوو. لە دوایین ساڵەکانی دەیەی 60، کەسانێک دەنگیان هەڵبڕی و گوتیان بێجگە لە ئیمپێریالیزم، خۆیشمان کارتێکەریمان لەسەر پێشکەوتن و دواکەوتنی کۆمەڵگەکەمان هەیە و، تاک بەتەواوی مەحکوومی کۆمەڵگە نییە و دەتوانێ بە پێداچوونەوە بە ئاکاری خۆیدا، لە خۆی و بەرپرسیارەتیی خۆی تێبگا. ئاوەها بوو کە جەخت لەسەر هۆکاری کۆمەڵایەتی لە بەرهەمە چیرۆکییەکاندا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ڕوو لە کەمی بوو و، جێگەی خۆی بە هۆکاری تاکی و دەروونی دەدا. لە تەنیشت ئەوەدا، هۆگری بە شیکردنەوەی دۆخی دەروونیی تاک لە چوارچێوەی چیرۆکدا زیاتر و بەپێچەوانەوە، بانگهێشتن بۆ گۆڕین و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کاڵتر دەبۆوە.

کاتێک کە ئەدەبیاتی ڕێئالیستیی ورووژێنەر و پارێزەری گۆڕان، بە دەستەوا ناسراوەکانی خۆی، دەبووە هۆی هەڵخڕانی هەستیاریی حکوومەت و، تەنانەت بڵاوکردنەوەکەشی ئەگەری ئەوەی هەبوو گیان و ژیانی نووسەرەکانی بخاتە مەترسییەوە، چیرۆکنووسیی دەیەکانی 60 و 70، بە تەکزکردن لەسەر دەروون و ژیانی تاکیی کەسایەتییەکانی نێو چیرۆک، هەم دەرفەتی ئەزموونی نوێی بۆ نووسەران ڕەخساند و، هەمژی کەشێکی نوێی لە گێڕانەوە ساز کرد کە بۆ سانسۆڕچییەکان کەشێکی نامۆ و نەناسراو بوو.

لەم شێوە ئەدەبیاتەدا، دەستەواگەلی ناسیاو بۆ خوێنەر و سانسۆڕچییەکان کاڵەوە بوو و جێگەی خۆیان بە دەستەواگەلی نوێ دا، کە بە هۆی تاکیبوونیان دەبوو دەنکە بە دەنکە و چیرۆک بە چیرۆک لێیان تێگەیشتبای. ئەرکی خوێنەر قورستر بوو و، لەم ڕەوتەدا نەدەکرا کەلک لە ئەزموونە پێشووییەکانی وەر بگرێ و، دەستەوای هەر چیرۆکێکی جیاجیا وەردەگرت و شی دەکردەوە؛ دەمودەزگای سانسۆڕیش دەکەوتە بێنەوبەرە، چونکوو دەبوو بابەت بە بابەتی دەستەوا نوێ و کێشەخوڵقێنەکانیان دۆزیبایەتەوە. لێرەدا بوو کە ڕۆڵی فاکتەرە دەروونییەکانی چیرۆک وەک کەسایەتی ‌داڕشتن، هێڵی چیرۆکی، گەڵاڵە و پیلان (طرح و توطئە) و کات و شوێن، زەق بوونەوە. بەم جۆرە ئەم شێوە ئەدەبیاتە، پێوەندییەکی جیاواز لە پێوەندییە پێشووییەکانی ئەدەبیاتی دەروەستی لەنێوان نووسەر، خوێنەر، دەق، هەناوی خودی دەق و، دەزگای سانسۆڕدا؛ پێشنیار کرد. بەڵام چۆن بوو ئەدەبیاتی پاش شۆڕش بەم پێوەرانە گەیشت و، درەنگتریش لەوە تێپەڕی؟ دەستەواکانی ئەدەبیاتی دەروەست، چاودێری جووڵە و بزووتنەوە و ئاکاری کۆمەڵایەتی بوو و؛ دەستەوای چیرۆکەکانی دوایین ساڵەکانی دەیەی 60 و 70 پتر لە دەوروبەری نێوماڵ و بنەماڵە و ژیانی تاکیی مرۆڤ دەخولایەوە.

بە لەسێدارەدانی سەعید سوڵتانپوور، شاعیر، شانۆنامەنووس و دەرهێنەری شانۆ لە بەرەبەیانی ڕۆژی 1ی پووشپەڕی ساڵی 1360ی هەتاوی، نووسەرانی ناحکوومی دەبوو خێرا بۆ پرسیارێک وڵامیان هەبا: ئایا ئامادەن کەشی دووجەمسەری پێش لە شۆڕش سەرلەنوێ دروست کەنەوە و بیکەنە پێوەرێک بۆ داهاتووی خۆیان؟ وڵامی ئەرێنی بەم پرسیارە، ئەگەری مەترسیی گەورە تەنانەت لەنێوچوونیشی دەخستە سەریان. لەسەر بنەمای ئەم پێویستییە بوو هووشەنگ گوڵشیری لە وتووێژێکدا لەگەڵ محەممەدعەلی سپانلوو، لە پاییزی ساڵی 60دا، ئاماژە بە پێویستیی داڕشتنی ڕێبازێکی نوێ لە چیرۆکنووسیی ئێراندا دەکا: «[ئێمە دەبێ] سەرەتا سنووری کاری خۆمان دیاری بکەین. بایەخ و چەمکەکان جارێکی دیکە پێناسە بکەین، ئەو کات [بەر لە شۆڕش] ئەم کێشانەمان نەبوو. ئێستا گرینگترین کاری ئێمە ئەوەیە، لەگەڵ هونەرمەندان بگەین بە پێناسەیەکی سەرلەنوێ داڕێژراو و شەقڵگرتوو.»[4]

لەو ڕێبازە نوێیەی کە گوڵشیری پێشنیاری کرد، دووجەمسەریی باو (دو قطبی)ی چاکە و خراپە ڕەت دەکراوە و، لە جیاتی ئەوە کۆمەڵێک لە نامسۆگەری (عدم قطعیت) و چوونە نێو دوو چەمکەوە جێگیر دەبوو. سەرەڕای ئەوە، گوڵشیری ڕێگایەکی نوێی لەسەر بنەمای ڕەوتێک لە هەندەک (جزء)ـەوە بۆ گشت و، لە تاکەوە بۆ کۆمەڵگە پێشنیار کرد: «کاتێک ئەتۆ بێی و لە نێوان شتومەکی سەر ئەم مێزە، لەسەر ئەم فینجانە هەڵوەستەیەک بکەی و ڕاڤەیەکت لەسەری هەبێ، لەڕاستیدا جادوویەکت کردووە […] ئەمن کاتی خۆی، وەمدەزانی زۆر وەڕەزکەرە. ئەمڕۆ بیر دەکەمەوە سەرنجڕاکێشترین بەشی ژیان ئەوەیە کە دەچییە دەرێ و دێیەوە، دەڵێی چ باس؟ لایەنی بەرامبەرت بەوردبینییەکی زۆرەوە، هەموو هەندەکەکانت بۆ شی دەکاتەوە.»[5]

گوڵشیری پێشنیار دەکا سەرنج بدەینە شتە وردەکان و دیسان بیانبینینەوە و لە داواکاریی گەورە خۆ ببوێرین. ڕاشکاوانە دەڵێ بابەتی گشتی و شتگەلی گەورە وا دەیانهەوێ لە یەک شەودا دنیا بگۆڕن، فرت و فێڵن.[6] ئاکامی وانەکانی گوڵشیری و ئەو ڕێگایەی لە پێش نووسەرانی دوای شۆڕشدا داینا، ئەو چیرۆکانەی دەیەکانی 60 و 70ن کەوا، یەک کەمتر و یەک پتر، گێڕانەوەی جیایی و دوورکەوتنەوەن (سایەای از سایەهای غار، شهریار مندنی‌پور؛ جامە بە خوناب، رضا جولایی). گێڕانەوەی لەنێوچوون و شپڕێویی دەروونین (بشکن دندان سنگی را، مندنی‌پور). گێڕانەوەی ژیانی کەسانی تاک و تەرا و گەمارۆدراوی کۆمەڵگەن (شازدە کوچولو، جعفر مدرس صادقی). گێڕانەوەی سەفەرە بێ‌ئاکامەکانن (گردش‌های عصر، رضا فرخ‌بال). بانگهێشت بۆ حاشاکردن لە خۆ بەشێوەیەکی بێبەزەییانە و، بۆ هیوابڕاوی لە خۆ (دل دلدادگی، مندنی‌پور). دنیای کەسایەتییە نزمەکان لە دنیایەکی نزمدا (سمفونی مردگان، عباس معروفی).

ئەدەبیاتی دوای شۆڕش –هەتا ڕادەیەکی زۆر- ئایدییای مرۆڤی چەشنی (تیپیک)ی وەلانا. لە بەرهەمەکانی ئەم چاخەدا ئیدی باسێک لە حاجی ئاغای سادق هیدایەتیانە، کابرایەکی کاسب وەک بابقولی بەندار[7] و، کرێکارانێکی وەک حەمە میکانیک[8] لەگۆڕێدا نییە. لەگەڵ ئەوەش، ئەگە لە ئەدەبیاتی دەروەستدا، تێوەچوون لەگەڵ هێزی زاڵی ئابووری-کۆمەڵایەتی و، ئەوەی لە دەرەوەی چوارچێوەی ماڵدا ڕووی دەدا گرینگ بوو. لە چیرۆکی پاش شۆڕشدا، پێوەندیی هەستیارانە و خۆشەویستانەی نێوان ژن و مێرد و ئەگەر بنەماڵەیەکیش هەبێ لە نێوان ئەندامانی ئەو بنەماڵەیەدا و، هاوڕێیەتی و دوژمنایەتیی تاکی و کارییە کە گرینگە. دەستەواکانی ئەدەبیاتی دەروەست، چاودێری جووڵە و کردەی کۆمەڵایەتی بوو و، لە بەرامبەردا دەستەوای چیرۆکەکانی دوایین ساڵەکانی دەیەکانی 60 و 70 لە دەوروبەری ماڵ و بنەماڵە و چوارچێوەی تاکەکەسیی ژیان چڕبووبۆوە. هەر لەسەر ئەم بنەمایە کە پێوەندیی هێز لەم چیرۆکانەدا، بەپێی پێوەندیی تاکییە و، لایەنەکانی ڕێکخراوەی هێزە کۆمەڵایەتییەکان لەبیر چۆتەوە.

بەگشتی، چیرۆکنووسیی دوای شۆڕش هەر چەشنە ئەرک و بەرپرسایەتییەکی کۆمەڵایەتی بۆ ئەدەبیات ڕەت دەکردەوە. بڕەودان بە ڕێژەخوازی، ترساندنی نووسەران بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە دارابوونی جیهانبینی و ڕوانگەیەکی دیاریکراو و ڕوون و، هاندان و ڕاکێشانی سەرنجیان بۆ سەر کێشە دەروونییەکان، بووە هۆی بەدیهاتنی گێڕانەوەگەلێک کەوا بەتەواوی کەموکووڕییەکانی پێکهاتە و ناوەندە ئاراییە کۆمەڵایەتی و، زوڵم و زۆری حکوومەتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەهەند نەدەگرت و یاخود دەبووە هۆی کاڵبوونەوەیان. چیرۆکەکان باسیان لە زەخت و مشتومڕێک دەکرد بەڵام نەیاندەتوانی یان نەیاندەویست، ڕاستەوخۆ ئاماژە بە یەک لە بنچکە سەرەکییەکانی ئەم کێشانە کە هێزی سیاسیی چاوپشکێنی ئایینی بوو، بکەن. لێڵی و ناڕوونی زمانی، نامسۆگەری لە گێڕانەوەدا، سەرنجنەدان بە ڕۆڵی هێزی زاڵی حکوومەت و، جێگۆڕکێی ئەو کێشە سەرەکییانە لەگەڵ پێوەندییە ناڕوونە تاکەکەسییەکان، کاری، دراوسێیەتی، بنەماڵەیی و ئەوین‌تەوەرانە و، سەرنجدانی لە ڕادەبەر بە چوارچێوە و فۆڕمی گێڕانەوە، بووە لەمپەرێک و؛ لەسەر پێناسەی ئەرکێکی ڕوون و دیاریکراوی کۆمەڵایەتی بۆ چیرۆکنووسانی دوو دەیەی سەرەتایی شۆڕشی ئێران ڕێگر بوو.

 

سەرچاوەکان:

[1]  همان، ص ٤٢.

[2]  هوشنگ گلشیری، هشت داستان، تهران: اسفار، ١٣٦٣، ص ٨.

[3]  محمد مختاری، «چشم مرکب»، آدینه، شماره ٥٩، خرداد ١٣٧٠، ص ٧٧.

[4]  هوشنگ گلشیری، گفت‌وگو با محمدعلی سپانلو و مهرداد رهسپار. چراغ، جلد ۴، پاییز ١٣٦١. به نقل از گلشیری، هوشنگ. باغ در باغ، ج ٢ . تهران، نیلوفر ١٣٧٨.

[5]  هوشنگ گلشیری، «رو در روی آینه‌های دردار». گفت‌وگو با علی اصغر شیرزادی و محمد تقوی. دوران. شماره‌های ٨ و ٩. مهر و آبان ١٣٧٤. به نقل از گلشیری، هوشنگ. باغ در باغ، ج ٢. تهران، نیلوفر ١٣٧٨. ص ٨٣٠-٣١.

[6]  همان.

[7]  شخصیت منفی و دلال ظلمه در رمان کلیدر محمود دولت آبادی.

[8]  شخصیت مثبت در رمان همسایه‌های احمد محمود..