Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۸ | 12/11/2019 | کاتژمێر:
کۆمەڵایەتی

زمانی دایک وەک هەوێتی و وەک ژیان

19/02/2019 | 15:50:20
+A
-A
لەیلا قادری

 زمان بریتییە لەو دیاردەیەی، كە وەك ئامرازێک بۆ پەیوەندیگرتن بەكار دەهێندرێ، ئامرازێکی سەرەكیی کولتوورییه و سۆنگەیەکە بۆ پاراستنی فەرهەنگی نەتەوەكان و گواستنەوەی ئەو فەرهەنگە لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دی.

زمان یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی گەشەكردنی مرۆڤ و تەنیا ڕێگەیە بۆ فێربوون لە پەروەردەدا و مرۆڤ بە زمان دەچێتە نێو چالاكی و ژیانی كۆمەڵایەتییەوە.

یەكێك لەو بابەتانەی كە زمانەوانیی كۆمەڵایەتی گرنگی پێدەدا، زمانی دایكە، بەڵام پێناسەی زمانی دایک چییە؟ مرۆڤ كە دێتە سەر دنیا، تێدەکۆشێ پەیوەندییەكانی لەگەڵ دنیای دەورووبەری ڕێک بخا، ئەو پەیوەندییەش سەرەتا بە گریان دەست پێدەکا، بەرەبەرە بەپێی قۆناغەكانی تەمەنی، زمانی دەپژێ بە زمانی دایک.

زمانی زگماک لەسەر شکڵگرتنی هەوێتی و کەسایەتیی مرۆڤ کاریگەرییەکی حاشاهەڵنەگری هەیە و لە ڕاستیدا بەشێک لە هەوێتیی تاکە. هۆکاری سەرەکییە بۆ وەرگرتنی خوو و ڕەوشتە کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەیەک. هەروەها بەهۆی زمانی دایکەوە، تاک دەتوانێ زیاتر خودی خۆی بناسێ و هەست بە ناسنامەی خۆی بکا.

مرۆڤ بە زمانی دایک دەتوانێ، تواناییەکانی خۆی بنەخشێنێ و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بپارێزێ. لەگەڵ ئەوەشدا لە باری دەروونییەوە، هۆکارێکی باشە بۆ دەربڕینی هەست و سۆز، بەرامبەر دەوروپشت و، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە هاوسەنگیی هۆش و دەروون.

زمان، دیاردەیەکی «کاتالیک»ـە، بەو مانایە سروشتی و بەبێ ئیرادەی مرۆڤ دروست بووە و گەشەی سەندووە و بە نەزم و نیزامێکی خۆڕسک گەیشتووە. لە دیاردە «کاتالیک»ـەکاندا، پێش هەموو شتێک پێویستە فێری چۆنیەتیی بەکارهێنانیان بین، پاشان لێکدانەوەیان بۆ بکەین. گەر زمان دیاردەیەکی «کاتالیک»ـە، کەوایە پێش هەموو شتێک، پێویستە کەڵکی لێ وەرگرین و بەکاری بێنین و لێهاتوویی و توانایی کەلکوەرگرتن لەو زمانە بە بەرزترین ڕاده بگەیێنین و ئینجا بکەوینە شوێن فێربوون و شیکاری و لێکدانەوەی بۆ بکەین.

کاتێ منداڵ لە خوێندن بە زمانی دایک بێبەش دەکرێ و دەخرێتە نێو کەش و ڕەپۆشەی زمانێکی بێگانەوە، ڕێک ئەو کاتەی کە هێشتا لە پڕۆسە و ڕەوتی فێربوونی کاتالیکی زمانی دایکی بە شکۆفایی و بڕەوسەندن، یانی به دوند و دهاری توانایی قسەکردن و تێگەیشتن نەگەیشتووە، لە ڕاستیدا بەشێک لە هەست و سۆزەکان کە دەبێ بە یارمەتیی زمانی دایک بەتەواوی گەشە بستێنێ، کامڵ ناکرێ. کەواتە بەکردەوە ڕەوتی گەشەسەندنی توانایی ئاخاوتنی بە زمانی دایکی لەو منداڵەدا ڕادەگیرێ و زمانی دەروونی ئەو منداڵە کە هەمان زمانی بیرکردنەوەیەتی، بە زۆرترین توانایی ناگا.

زمانی دایک بەدەر لە سروشتی خۆی، واتای سیاسیی هەیە و بە شوناسی نەتەوەی دادەنرێ و هۆکاری یەکگرتوویی تاکەکانی کۆمەڵە. بە واتایەکی دی، ئێمە بە پاراستنی زمانەکەمان، پارێزگاریمان لە بوونی خۆمان کردووە.

لە ئێران تەنیا زمانی فارسی بە ڕەسمی ناسراوە و خوێندن بەو زمانە زۆرملێیە، لە حاڵێکدا ئەم زمانە بۆ بەشی هەرە زۆری دانیشتووانی ئەم وڵاتە زمانی دووهەمە. خوێندن بە زمانی دووەم لە سەرەتاكانی تەمەندا بەتایبەت، پێش تەمەنی 9 ساڵی، كاریگەریی نەرێنی لەسەر زمانی دایكی و كەسایەتیی منداڵەکەش هەیە و بە پێچەوانە، خوێندن بە زمانی دایكی، یارمەتیی منداڵ دەدا بۆ بنیاتنانی كەسایەتی و سەركەوتنی لە خوێندندا.

سەپاندنی زمانی دووهەم دەبێتە هۆی ڕووخانی توانایی قوتابی و دروستبوونی باری دەروونیی خراپ و کەمتوانایی لە فێربووندا، هەروەها شڵەژاوی و بیرئاڵۆزی، کە سەرەتا تەنیا یاساکانی زمان تێک دەشکێن و دواتر زاراوە و دەستەواژەکان دەشێوێن و تێکدەچن. بەم جۆرە بەبێ ئەوەی وەخۆ بێینەوە، منداڵ له دەریای زمانی بێگانەدا نوقم بووە و چارەسەرکردنی کارێکی ئاسان نییە. «نوام چامسكی»ش دەڵێ: «خوێندن بە زمانی دایك ئەنجامی باشی هەیە لە ڕووی دەروونی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە، چونكە كەمتر ڕووبەڕووی تەنگەژەی فەرهەنگی دەبێتەوە و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەستكردن بە بەهای خۆی و هەستكردن بە شوناسی نەتەوەیی.

لەلایەکی دیکەوە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان زمان و بیرکردنەوەدا هەیە، ئەوەش ئێمە بەرەو ئەو بۆچوونە دەبا کە کاتێک کەسێک بە زمانێک دەخوێنێ و دەنووسێ، گەر ئەو زمانە شێوازێکی تایبەت بە خۆی هەبێ بەو مانایە کە گەیشتبێتە ئاستێک لە شوناسی تایبەت بە خۆی، ئەوە بە شێوەیەکی سروشتی ئەو کەسەی بەو زمانە دەخوێنێ و دەنووسێ، جۆری بیرکردنەوەی لە شێوازی ئەو بیرکردنەوەیەدا دەبێ کە شوناسی ئەو زمانە پێوەی پێوەست بووە.

هەر لێرەدا نەخش و دەوری بەرچاوی خوێندن بە زمانی دایک یان زمانی نەتەوە لە پەروەردەی ڕاستەوخۆی نەوەکاندا دێتە ئاراوە.

لە ڕوانگەی دەمارناسیشەوە بە فێربوونی زمان، لە مێشکدا ڕووداوێکی نوێ دەقەومێ کە هێدی هێدی پێناس و هەوێتی بە مرۆڤ دەبەخشێ. هەنگاوێک پێشتر، مانا و مەفهووم دروست دەبێ، وردە وردە وشەکان دەچنە نێو سیستەمی هورووژ/سۆزداری و بەشێک لە مێشک کە پێوەندی بە سۆزدارییەوە هەیە و لەوێدا بۆ هەمیشە هەڵدەکەندرێن و دەمێننەوە. وە لێرەدایە کە زمانی دایک، دەبێتە بناغەی ژیانی هەر مرۆڤێک.

نووسینەکەم بە چەند وتەیەکی ناوداران لەبارەی زمانی دایک کۆتایی پێدێنم:

٭ زمان بەنرخترین میراتی یەک نەتەوەیە. (شۆپێنهاوێر)

٭ گەر زمانی نەتەوەیەک لەنێو بچێ، ئەو نەتەوەیەش نامێنێ و دەتوێتەوە. (هایدێگێر)

٭ زمانی من، جیهانی منە و جیهانی من، زمانی منە. (ویتگێنێشتاین)

٭ گەر بیانهەوێ ئێوە داگیر و بەستراوە بە خۆیان بکەن، لە پێشدا دەچنە زگ زمانەکەتان. (جان ستوارت میل)

٭کەسێک کە شارەزایی لەسەر زمانی دایکی نەبێ، وەکوو کەسێک وایە کە کلیلی زیندانەکەی لێ ون بووە. (ئالفۆنس دوودێ)

٭ گەر دایک و بابەکان ئیمانیان بەوە هەبێ و بزانن کە زمانەکەیان چەندە بەنرخ و گرنگە، لەگەڵ منداڵەکانیان بە زمانی خۆیان دەدوێن. (جۆرج برادۆن)

٭ ئەگەر لەگەڵ کەسێک بە زمانێک بدوێن کە زمانی خۆی نییە و تەنیا دەتوانێ لێی حاڵی بێ، ئەوکات وتەکەتان تەنیا دەچێتە نێو مێشکییەوە، بەڵام کاتێک لەگەڵ کەسێک بە زمانی خۆی (دایکی) دەکەونە ئاخاوتن، بە دڵ لێتان تێدەگا و وەریدەگرێ. (نێلسۆن ماندێلا)

٭کەسێک کە نەتوانێ بە زمانی دایکی بدوێ، ئەگەرچی بتوانێ بخوێنێتەوە و بنووسێتەوە، بە بێسەواد حیساب دەکرێ. (ڕێکخراوی یۆنسکۆ)