Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۸ ی ره‌شه‌ممه‌ی ۱۳۹۷ | 19/03/2019 | کاتژمێر:
ئەدەب

لە زیندانەوە بۆ پێشمەرگایەتی

19/02/2019 | 15:16:49
+A
-A
محەممەد محەممەدی

لە درێژەی ئەشکەنجە و ئازارە جەستەیی و ڕووحییەکانم، پێم وایە گێڕانەوەی ئەم بەشەش لە ڕۆژانی تاڵ و ڕەشی زیندانم بەمەبەستی نیشاندانی هەرچەندە زیاتری دڕەندەیی کاربەدەستانی ڕێژیم لە زیندانەکاندا پێویستە.

لە زیندان بە هەموو شێوەیەک چ لە باری فیزیکی و چ لە باری ڕووحییەوە ئەشکەنجە دەدرام، جارێک بە لێدان و و زۆر جاریش بە بێڕێزیکردن بە بنەماڵە و گەلێ جاریش بە سووکایەتی کردن بە بیروباوەڕم، کە بەتەواوی دەیانڕەجاندم. جارێکیان لە دیوی لێکوڵینەوە بووم کە لەپڕدا هاوارێک بەرز بۆوە و، دەنگی نێو ئەو سیاچاڵەی شکاند. دەنگی ئافرەتێک بوو؛ دەیزریکاند و لەبەریان دەپاڕاوە … خۆمم پێ ڕانەگیرا و گوتم ئەوە چییە؟ بازجوەکە گوتی: «شتێکی گرینگ نییە، دوو سێ ڕۆژێکە لێرەیە و هیچ قسەیەک ناکا»… پاشان بە پێکەنینەوە گوتی: «ئاخری بۆ کوێ دەچێ هەر دەبێ قسە بکا… ئەوە براکانمان لەو جۆرە کاتانەدا دەزانن چ بکەن و چۆن بیانهێننە قسە، خۆ لە مەبەستم تێدەگەی؟! ئەویش وەک تۆ دەیهەویست کوردستان ڕزگار بکا…» پاشان قاقایەکی تێکرد. لەو بارودۆخەدا لە باری دەروونییەوە زۆر تێک چووم، بەڵام هیچیشم پێ نەدەکرا و دەسەڵاتم نەبوو. بازجووەکەش بەباشی لە حاڵم تێگەیشتبوو و دەیزانی کە چەندە ئەو دەنگە دەنگە و ئەو قسە سووک و چرووکانە کاریگەریی ناخۆشی لەسەرم داناوە، هەر بۆیەش بەدەم پێکەنینەوە لە قسە و بێڕێزی کردنەکانی بەردەوام بوو.

شەوێک زۆرم سەرما بوو. نەخۆش بووم و هەڵدەلەرزیم و هاوارم دەکرد کە سەرمامە. هەتا بەیانییەکەی کەس نەهات بە هاوارمەوە. بەیانی هاتن پێیان گوتم خۆت کۆکەوە دەتبەین بۆ شوێنێکی گەرم، لە سلوولێکیان کردم کە دەوراندەوری دیوارەکانی گەرمای لێوە دەهاتە دەرێ، توانیم کەمتر لە ١٠ دەقە تەحەمولی بکەم، زۆر گەرم بوو خۆمم وەبەر ئاوی ئاودەست و حەمامەکە دا، بەڵام ئەوەش تەنیا بۆ ٣ هەتا ٤ دەقە کاریگەری هەبوو؛ دیسان گەرما تەنگی پێ هەڵدەچنیمەوە. دەستم کرد بە هاوارکردن و گوتم بمبەنەوە بۆ دیوەکەی خۆم هەر سەرماکە باشترە، بەڵام بۆ مەگەر کەسێ بەقسەی دەکردی. چەند جار دەموچاوم لەنێو کاسەی ئاودەستەکە دادەنا و، لەسەر کاشییەکان خۆمم درێژ دەکرد، بڕێک فێنک دەبوومەوە بەڵام ئەو کارەش هەر بۆ چەند دەقە بوو دیسان هەر وەک خۆم لێ دەهاتەوە جاروبار خەریک بوو ببوورێمەوە. پێم وابێ بە کامێرا چاودێرییان دەکردم. دەهاتن دەیانبردمە دەرێ و دیسان دەیانکردمەوە ژوورێ. هەتا ٣ ڕۆژ منیان لەو سلوولەدا ڕاگرت و کە زانییان ئیدی چیدی تەحەمولـم نەماوە؛ گواستمیانەوە بۆ شوێنە ساردەکە. وابزانم ٢ مانگم لەو سیاچاڵە تێپەڕاندبوو و زۆر وەزعم خراپ بوو، هەم لە بواری جەستەییەوە و هەمیش لە بواری دەروونییەوە، هەستم دەکرد ئیدی دوا وێستگەی ژیانمە. لەو بارودۆخەدا گوتیان تەلفوونێک بۆ ماڵەوە بکە و پێیان گوتم تەنیا پێیان بڵێ کە زیندووی و تەواو، ئیدی نابێ هیچی دی بڵێی. کە پێوەندیم بە ماڵەوە کرد خێزانم دەنگمی نەدەناسی، زۆر بێهێز ببووم، بە حاڵەحاڵ قسەم دەکرد، دوای ئەوەی کە دەنگمی ناسییەوە کەوتە قسە. قسەکانی بۆ من هەموو ورە و هێز بوون. پێی گوتم: «ڕێگایەکە و بۆخوت هەڵتبژاردووە، ڕێگاکەشت پیرۆزە. نە دزیت کردووە و نە ماڵی خەڵکیت خواردووە و نە مەوادت فرۆشتووە. ئەمن شانازی بە تۆوە دەکەم هەست بە سەربەرزی دەکەم، ئەتۆ ئاگات لە خۆت بێ، خەمی من و ئاگرینت نەبێ». وابوو لەگەڵ ئاگرینیش ٣٠ چرکەیەک قسەم کرد و گیانێکی تازەم وەبەر هاتەوە. دوای ئەو پێوەندییە تەلەفوونییە مانگێکی تریش هەر لە زیندانی تاکەکەسیدا مامەوە.

لە باری جەستەییەوە زۆر کز و لاواز ببووم. وامدەزانی خەریکە چاوم لەدەست بدەم. ٢٠ میتر پێش خۆمم نەدەبینی. کێشم بۆ ٤٠ کیلۆ دابەزیبوو. چاوپێکەوتنیان بە بنەماڵەکەم دابوو. ماڵەوە هاتن بۆ لام  و خۆم هەستم دەکرد کە بە بینینم چەندە سەرسام دەبن. کچەکەم «ئاگرین» نەیدەناسیمەوە. چاوی لە چاوم بڕیبوو. دەستی کرد بە گریان و هاوار و گوتی ئەمن ئاوا نامەوێ لە گەڵ باوکم قسە بکەم، ئەبێ لە باوەشم بگرێ. چاوپێکەوتنەکان تەلەفوونی بوو، کاتمان بەسەرچوو و ئەمن ڕۆیشتم. لە دوای نیو سەعات، دیسانەوە بانگیان کردم و گوتیان کچەکەت دەسهەڵگیر نییە و دەڵێ باوکمم دەوێ، وەرە بۆ لای. کەلەبچەیەکیان لە دەستم دا و بەرەو حەوشەی زیندان بۆ لای کچەکەم بردیانم. لە دوورەوە بینیم چاوەڕوانمە، بە پاسەوانەکەم گوت یان ئەو کەلەبچە لە دەستم بکەوە یان نایەم. پاسەوانەکە ڕازی بوو دەستم بکاتەوە. گەیشتینە لایان و ئاگرین بە چاوی پڕ گریانەوە گوتی بۆخۆم دیتم کە دەستەکانتیان  بەستبۆوە. وەیدەزانی کە لەو کاتەوە کە لە ماڵی خۆمان دەسبەسەر کرابووم و کەلەبچەیان لە دەستم دابوو، هەر بە دەستمەوە ماوە. ڕۆژێکی ناخۆش بوو کە ماڵاواییمان لە یەکتر کرد. چاوم لە یەکێک لە پاسەوانەکان کرد کە پێشتریش هەر دەمناسی و چەند جار لە زیندان لەگەڵی ئاشنا ببووم، خەریک بوو دەگریا گوتی تۆ پێشتر ژن و منداڵت نەبوو، هەر خۆت بووی بەڵام ئیدی بەزەییت بەو ژن و مناڵەتدا بێ؛ تەواوی کە. دوایە بە دزییەکەوە دەستەکانمی گوشی.

دوای مانەوەیەکی زۆر لە گرتنگەی ئیتلاعات ڕۆژی 24ی ڕەشەمەی ساڵی 1387ی هەتاوی لە لقی ٢ ی دادگای شۆڕشی شاری سنە، «قازی تەیاری» بە تۆمەتی بانگەشە دژی نیزام و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان دادگایی کردم و سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپاندم. هەروەها لە دادسەرای دێولانیش بەتاوانی تێپەڕاندنی سنوور حوکمی ٣ مانگ زیندانی و بژاردنی ١٠٠ هەزار تمەنیان بەسەردا سەپاندبووم.

پاش ماوەیەکی زۆر مانەوە لە زیندان توانیم بە دانانی بارمتەیەکی ٥٠ میلیۆن تمەنی چەند ڕۆژێک مەرەخەسی وەربگرم. کۆتاییەکانی ساڵی 1389 بوو کە بە بڕیاری حیزب، نێوخۆی وڵاتم بەجێ هێشت و هاتمە ڕیزی پێـشەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە.