Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۸ | 25/08/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

دەرسێک کە ئێمەی کورد لە شۆڕشی ١٣٥٧ وەرمان نەگرتوە!

10/02/2019 | 13:45:21
+A
-A
قادر وریا

٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، ٤٠ ساڵ لە سەر هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕادەبرێ. کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە گەڵ ئەوەی هەم لە شۆڕشی ١٣٥٧ دا چالاکانە بەشدار بوو، هەم پێشینەیەکی درێژی خەبات بە دژی ڕێژیمی شایەتیی هەبوو، بە ڕووخانی ئەو ڕێژیمەش ئامانجەکانی نەهاتە دی و دەسکەوتێکی لەو شۆڕشە پێ نەبڕا. نەک هەر نەبوو بە خاوەنی مافەکانی، بەڵکوو شەڕ و سەرکوتێکی بێبڕانەوەی تووش بوو کە هەتا ئیستاش قوربانیی لێ دەستێنن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران درەنگ یا زوو بە دەردی ڕێژیمی شایەتی دەچێ، چونکە کارنامەی دەسەڵاتدارێتیی لەم چوار دەیەی تەمەنی‌دا لە جیاتی داهاتووی بۆ دەستەبەر کردبێ، داهاتووی لێ لێڵ کردوە و، خەڵکی ئێران، ئەوەندە لێی هیوابڕاو بوون کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر خوازیاری نەمانی ئەو ڕێژیمەن. بەڵام پرسیارە بنەرەتییەکە بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە ئەگەر ئەو ڕێژیمە بەم زووانە و لە ئاکامی دەستوێکدانی ڕاپەڕینی خەڵک لە نێوخۆی ئێران و گوشاری دەرەکی دا بڕووخێ ، ئێمەی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، ئایا وەزعێکی باشتر لە کاتی شۆڕشی ١٣٥٧مان هەیە؟ چیمان کردوە بۆ ئەوەی ئەمجاریش بێ‌دەسکەوت و ناهومێد نەمێنینەوە ؟

ئەگەر گۆڕانێک لە تاران ڕوو بدا، چ دەکەین؟ هەرحیزبەی بە پەلە هێندێک شار و گوند دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی بۆ ئەوەی حیزبەکەی دیکە نەیگرێتەوە؟ هەر لایەنەی هێزی پێشمەرگەی خۆی رادەسپێرێ کە ڕێگەی پێشمەرگەی هیچ لایەنێکی دیکە نەدەن بنکە و سەیتەرە لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی ئەودا دامەزرێنن؟ میلیشیا حکوومەت دەکا یا ئیرادەی سەرچاوە گرتوو لە ویست و دەنگ و پشتیوانیی خەڵک؟ بە پێی کام بەرنامە و میکانیزمی لە ئیستاوە پێشبینی کراو و بناغە بۆ دانراو؟

چ دڵنیاییەک هەیە کە نیاز و نەخشە و پلانی دەسەڵاتی تازە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کوردستانی داواکاری مافە نەتەوەییەکان، لە هی ڕێژیمی پێشوو، شوومتر نەبێ؟ ئەدی دەوڵەتان و ئەکتەرانی دیکەی ناوچە، دەست لە سەر دەست دادەنێن تا کوردی ڕۆژهەڵات، کوردستانی خۆیان بە دڵی خۆیان بەڕێوە بەرن؟ چەندە ئەگەری ئەوە هەیە لە گەڵ دراوسێ تورکەکانمان بە لێک تێگەیشتن پێک بێین و جارێکی دیکە تووشی ئەزموونە تاڵەکانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ نەبینەوە؟ چەندە دەتوانین یەکگرتوویی و هاوپێوەندیی نەتەوەیی دانیشتوانی کوردستان، بە ئایین و دیالێکت و زاراوە و پێگەی کۆمەڵایەتیی جیاوازەوە، بپارێزین و ڕێگە نەدەین نەیاران لە دژی خۆمان، هێلانەیان لە نێودا بکەن؟

کەمترین چاوەڕوانی ئەوەیە، ئەمجار ئەگەر دەرفەتێکی دیکەی وەک شۆڕشی ١٣٥٧ بۆ ئێمەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڕەخسێتەوە، ئیدارەیەکی کاتیی هاوبەش و یەکگرتوو لە هێزە سیاسییەکان (هەتا گەیشتن بە هەڵبژاردنێکی گشتی) کوردستان بەڕێوە ببا نەک هەر لایەنێک بەشێکی کوردستان بۆ خۆی بڕ بدا و، بڕیار و یاسای خۆی بە سەر خەڵک‌دا بسەپێنێ. کەمترین چاوەڕوانی ئەوەیە یەک هێزی پێشمەرگە بە یەک ناوەندی فەرماندەییەوە هەبێ و ئەرکی پارێزگاری لە ئەمنیەت و ئاسایشی کوردستان لە بەرامبەر هەڕەشەی نەیارانی خاک و خەڵکی کوردستان‌دا بگرێتە ئەستۆ، نەک کوردستان ببێتە گۆڕەپانی مەیدانداریی میلیشیای ڕەنگاوڕەنگ. کەمترین چاوەڕوانی ئەوەیە لە جیاتی هەر لایەنەی بۆ خۆی لە گەڵ دەسەڵاتی تازە و دەوڵەتان و ئەکتەرانی ناوچەیی دا، بە ناوی نوێنەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵام لە ڕاستی دا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بکەوێتە وتووێژ، دەستەیەکی نوێنەرایەتیی پێکهاتوو لە هێزە سیاسییەکان، پشت ئەستوور بە ڕێنوێنی و ویست و پشتیوانیی خەڵک پێک بێ. چاوەڕوانییەکی زۆر بە جێشە وێڕای دەرسوەرگرتن لە لاوازی و کەموکورتی و خاڵە نەرێنییەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧، لایەنە بە هێز و ئەرێنییەکانی ئەو کات لە بواری خۆبەڕێوەبردن و دابینکردنی بەشێک لە ماف و ئازادییەکان و پێکهێنانی کەشوهەوای ئازاد لە کوردستان، دەوڵەمەندتر و بەدامەزراو بکەین.

ئایا هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات کە :

ئەزموونی تاڵی رەنج بەخەساریی گەلی کورد لە ئێران لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧یان هەیە؛

باشترین ڕێبەران و تێکۆشەرانی خۆیان و ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستانیان لە خەباتی ٤٠ ساڵە لە گەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دا لە دەست داوە ؛

بە چاوی خۆیان، ئاکامی وێکهەڵنەکردن و ململانێی زیانبار لە گەڵ یەکتریان دیتوە و، لاوازبوونی ڕۆژبەڕۆژ زیاتری بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستانیان لە درێژەی ڕقبەڕقە و پێکەوەنەسازان و ناتەبایی دا تاقیی کردووەتەوە ؛

دەشزانن کە پیلانگێڕیی ئیقلیمی و، بەربەست و نەیاری گەیشتنی کوردی ڕۆژهەڵات بە مافە نەتەوەیییەکان و داوا لەمێژینەکانی، لە ئاستی ئێران و ناوچە دا لە جاران زیاترە ؛

دەرسیان لەم ڕابردووە وەرگرتوە؟ هیچ نیشانەیەک لە خۆ ئامادەکردن بۆ ڕووبەرووبوونەوەی گۆڕانێکی وەکوو ساڵی ١٣٥٧یان پێوە دیارە؟

بە داخەوە، وڵامی ئەو پرسیارانە”نا”یە. ئەمەش جێگای ئەو پەڕی داخە. کێ لەم دەرسوەرنەگرتن و کەمتەرخەمییانە بەرپرسیارە؟ لێرە دایە هەر تاکێک لە نێو هەر حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەر پلە و بەرپرسایەتییەک‌دا کە هەیە پێویستە ئەو پرسیارە لە خۆی بکا، حیزبەکەی خۆی لەم بارەیەوە چ بەرپرسایەتییەکی لە سەر شانە؟ ئایا هەنگاوی پێویستی لەم بارەیەوە هەڵگرتووە ؟ ئەگەرڕێبەریی حیزبەکەی لەم پێوەندییەدا کەمتەرخەم و نابەرپرسە، ئەو وەک ئەندام و کادر و پێشمەرگەی ئەو حیزبە لەم کەمتەرخەمییە وەدەنگ هاتوە و نارەزایەتیی دەربڕیوە؟ هەر لە جێدا حیزب و حیزبایەتی، ئەگەر بایەخ بە گرنگترین پرسیارەکان و پێویستییەکانی خەڵک و کۆمەڵ نەدەن و بە دەنگیانەوە نەچن، خێریان چیە و چ سوودێکیان هەیە؟!

کاتی ئەوە هاتوە ئەم کەمتەرخەمییەی حیزبەکان، ببێتە پرسی گشتی و لە ئاستی کۆمەڵ دا قسەی لە سەر بکرێ. بە تایبەتی ڕووناکبیران، چالاکانی سیاسی، کەسایەتی و دەنگە دیارەکانی بواری فکر و رەخنە، کە دۆست و دلسۆزی هێزە سیاسیەکان و پرسی رەوای نەتەوەکەیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، پێویستە وەدەنگ بێن. با رەخنەگرتنی راشکاوانە و دەنگهەڵبڕینی بوێرانەی پڕ لە دڵسۆزی و راستگۆیی لەم دۆخە و کەمتەرخەمیی حیزبەکان و ڕێبەرییەکانیان، ڕێگای خۆدزینەوە لە وڵامدانەوە بەو پرسیارە جیددییانەیان لێ ببەستێ.

ئەگەر ئەمڕۆ بەرامبەر ئەم بارودۆخە، بێدەنگ و بێخەم بین، سبەی بە لەدەستچوونی دەرفەتە مێژووییەکان و دووبارەکردنەوەی مێژووی پڕلەقوربانیدان بەڵام بێ دەسکەوتی خۆمان، نرخەکەی دەدەین.