Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۸ | 25/08/2019 | کاتژمێر:
چالاکی

یەکەمین سیمیناری پلاتفۆڕمی “وێران” لە یادی چل ساڵەی شۆڕشی گەلانی ئێراندا بەڕێوەچوو

05/02/2019 | 20:50:14
+A
-A

هاوکات لە گەڵ چل ساڵەی شۆرشی گەلانی ئێران، پلاتفۆڕمی “وێران” لە درێژەی کارەکانی خۆی‌دا سمینارێکی لەو پێوەندییە‌دا بەڕێوەبرد.
ئەو سمینارە کە لە دوو پانێل بۆ هەرکام لە بەڕێزان، سامان فەقێ نەبی سکرتێری پێشووی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێشەوا عەلیپوور سکرتێری ئێستاکەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی دێموکراتی کوردستان پێک‌هاتبوو، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە تێکۆشەران و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێ‌شەممە ١٦ ڕێبەندانی ٩٧ هەتاوی لە قەڵای دێموکرات یەکەم سمنیاری پلاتفۆڕمی “وێران” لە دوو تەوەری “هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی چینە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێران لە سێ قوناغی گرینگی ٤٠ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا و “ئاوردانەوە لە نەقشی لاوان لە شۆرشەکاندا و مەترسییەکانی کەلێنی نێوان جیلەکان”، پێشکەش کرا.
سەرەتا سامان فەقێ نەبی با ئاوردانەوەیەک و خستنە بەرباسی هۆکارەکانی سەرهەڵدان و شکڵگرتنی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی باسەکەی خۆی دەسپێکرد.
ناوبراو سەرەتا چەختی خستە سەر هۆکارەکانی ئەو شۆڕشە لە ئێران و، دەوری چینی هەژار، مامناوەندیی سوننەتی و، چینی مامناوەندی نوێی ئێرانی لەو رووداوە مێژوویەدا خستە ڕوو.
سامان فەقێ نەبی لە درێژەی باسەکەی‌دا لە سەر گرینگی مێژووی هاوچەرخ لە ئێران و، ڕووداوە سیاسییەکان باسی لە گۆڕانکارییەکانی دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی کرد و چەند قوناغی لەو بارەوە ئاماژە پێدا.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا هۆکاری سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوزی ساڵی ١٣٨٨ی ئێران و دەورو کاریگەریی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی لەو بارەوە خستە ڕوو.
سامان فەقێ‌نەبی لە کۆتایی باسەکەی‌دا تیشکی خستە سەر خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ٩٦ و کورتەیەکی لە سەر ئاکامی ئەو ناڕەزایەتییانە بۆ ئامادەبووان باس‌کرد.
پاشان لە پانێلی دووهەم دا بەڕێز “پێشەوا عەلی پوور” سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فاکت هێنانەوە لە کاریگەریی جیاوازی نێوان نەسلەکان و هەروەها شوێندانەری لاوان لە سەرکەوتنی شۆڕشەکان و گۆڕانکارییەکان باسەکەی خۆی دەسپێکرد.
عەلیپوور سەرەتا دەوری سەرەکیی لاوانی شۆڕشی نوێی وێنێزۆئێلای وەکوو جیلێک کە دوای ٥٠ ساڵ لە شۆڕشی وڵاتەکەیان هەڵگڕاوەنەتەوە، کرد بە هەوێنی باسەکەی و لە سەری دوا.
پێشەوا عەلیپوور بە باسکردن لە بەستێنە جۆراوجۆرەکانی وێکچوونەکانی شۆڕشەکان، باسی لە گرینگی بە سەرنجدان بە بەستێنی ناوخۆیی و دەرەکی وڵاتان و ڕەهەندە عەینی و زێهنییەکانی شۆڕشەکان کرد. ناوبراو سەرهەڵدانی لاوان و خوێندکارانی فەڕانسەی لە مانگی مەی ساڵی ١٩٦٨، بە نموونەی پێشوەچوونی شەهامەتی مەدەنی هێناوە کە نەسلێک دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بە دوای ئەرزش و بایەخە مەعنەویی و ئینسانییەکان دەگەڕان و جیلی پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیا و گەشەی ئابووری بوون.
ناوبراو لە درێژەکەی باسەکەی‌دا دۆخی ئێران و کوردستانی بەتایبەتی دوای تێپەڕینی ٤٠ ساڵ لە شۆڕشی گەلانی ئێران خستەبەرباس و وتی: “دوای تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ هیچ پێوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان جیلی شۆڕشی ٥٧ و جیلی ئەم سەردەمە نەماوە و کەلێنی و مەودای نەسلەکان، بونیادەکانی ڕێژیمی هەڵتەکاندوە.
پێشەوا عەلیپوور لە کۆتایی باسەکەی‌دا بە سەرنجدان بە دۆخی هەنووکەیی، گوشارەکانی سەر دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی بە دەرفەتێک زانی بۆ لاوانی کورد و وتی ” لاوانی کورد جیاواز لەلاوانی تاران و ئیسفەهان، وەکوو توێژی شووناسخواز و هۆویەتخواز، ئەزموونی بۆنەکانی نەورۆز و قەزییەی بە هاناوەچوونی کرماشان و هتد… لە قوناغی ژێر دەستەییەوە دەگوازنەوە بۆ دروست کردنی قەوارەی دەوڵەتی کوردی و پێویستە حیزبەکانی کوردستان بە تایبەتی دێموکرات فرمۆڵێک بدۆزێتەوە و کەلێنی جیلەکان تووشی ئۆپۆزسیۆن نەیەت و ئەو پێوەندییە ئۆرگانیکە لە نێوان حیزبەکان و کۆمەڵگە‌دا پەرەی پێ‌بدرێت.
لە کۆتایی ئەو دوو باسە‌دا بەشێک لە بەشداربووان ڕا و بۆچوون و تێبینی خۆیانیان باس کرد.