Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 19/06/2019 | کاتژمێر:
ئەدەب

وریا ماملێ: ویستمان موکریان و کرماشان لێک گرێ بدەین

05/02/2019 | 19:59:52
+A
-A
شەونم هەمزەیی

[خەڵاتی ساڵانەی ئەمساڵی «مەڵبەندی هونەریی ماملێ» بە هونەرمەند حوسێن سەفامەنش درا. مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد کە ئەم خەڵاتەی بە زۆر هۆکاری وەک «ڕۆشنگەریکردن بۆ زمانی دایکی لەنێو کۆمەڵگای کوردەواری  بەگشتی و بۆ پاراستنی زمانی کوردیمان بەتایبەتی لە ڕێگای هونەری موسیقی»، «هەوڵدان بۆ سازکردنی ڕۆحێکی نەتەویی و بەدوور لە ناوچەگەرایی لە ڕێگای هونەر» و «کەڵکوەرگرتن لە پێگەی کۆمەڵایەتی و هونەری بۆ خزمەتکردنی بێوچان و ماندوویینەناسانەی بومەلەرزەلێدراوانی ناوچەی کرماشان»؛ ئەم خەڵاتەی داوە بە هونەرمەند حوسێن سەفامەنش. «کوردستان» بەباشی زانی لەو پێوەندییەدا وتووێژێک لەگەڵ کاک وریا ماملێ، کوڕی هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا محەممەد ماملێ بکا و لەبارەی ئەم خەڵات و هەڵبژاردنەوە چەند زانیارییەک بداتە خوێنەرانی،]

 

خەڵاتی مەڵبەندی ماملێ ئەمجارەیان لە مەهابادەوە گەیشتە کرماشان، ئەم گەشتە چۆن بوو؟ چۆن بوو بۆ ئەمجارە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژێردرا؟

پێشتر لە بڕگەی دووهەمی پرسیارەکەتان ڕا دەست پێدەکەم. ئێمە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا کە ١٠ خەڵاتمان پێشکەشی هونەرمەندان کردووە، شەش دانەیان وەبەر هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات کەوتووە. واتە تەنیا ئەمساڵ نەبووە کە خەڵاتەکە ڕووی لە ڕۆژهەڵات بێ. هەر بەو پێیە کە لە دە خەڵاتان، شەشیان وەبەر ڕۆژهەڵات کەوتووە، زۆرترین ڕەخنەشمان لێ گیراوە کە لێرە جێگای نییە وەڵامی ئەو ڕەخنانە بدەمەوە. لە بارەی بڕگەی یەکەمی پرسیارەکەتان دەبێ بڵێم کە شێوازی کاری ئێمە ئاوایە کە هونەرمەندانی گشت ناوچە و دەڤەری کوردستانی گەورە بەسەر دەکەینەوە کە لە پێناو گەشەی هونەری کوردیدا هەوڵیان دابێ و لە سەنگەری هونەرەوە تێکۆشانیان بۆ نەتەوەکەیان کردبێ. لە خشتەی کاریماندا بڕیار درا کە ئەمساڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر بکەینەوە بەتایبەت ئەو شوێنانە کە زۆرترین سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن لەسەریان پەیڕەو دەکرێ. کرماشان، دەڤەری یارسانییەکان، هەورامان، خوراسان و ناوچەی ئیلام ئەو ناوچانەن کە تا ئێستا بەسەرمان نەکردبوونەوە. لەوانەیە باش بزانن کە ئەو ناوچانە لێوڕێژن لە هونەرمەندی بەرز و نیشتمانپەروەر. هەڵبژاردنی هونەرمەندنێک لەو ناوچانە کارێکی گەلێک سەخت بوو. وابوو کە پاش لێکۆڵینەوەیەکی زۆر، لەسەر ئەوە ساغ بووینەوە کە خەڵاتی مەڵبەندی هونەریی ماملێ ئەمساڵ پێشکێش بە هونەرمەند حوسێن سەفامەنێش بکرێ.

 

مەڵبەندی هونەریی ماملێ لەبەر چی حوسێن سەفامەنشی هەڵبژارد. پێوەرەکان چ بوون؟

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە بەهۆی “دەوڵەمەندکردنی ئاڕشیوی گۆرانیی کوردی لە ماوەیەکی کورتی تەمەنیی هونەریی”، “هەوڵدان بۆ ئافراندن نەک کۆپیکردنی مووسیقی”، “ڕۆشنگەریکردن بۆ زمانی دایکی لەنێو کۆمەڵگەی کوردەواری و بەکارهێنانی هەموو زاراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گۆرانییەکان”، “هەوڵدان بۆ سازکردنی ڕۆحێکی نەتەوەیی و بەدوور لە ناوچەگەرایی لە ڕێگای هونەر” و هەروەها بەهۆی کەلکوەرگرتن لە پێگەی کۆمەڵایەتی و هونەری بۆ خزمەتکردنی بێوچان و ماندوویینەناسانەی بە بومەلەرزەلێدراوانی ناوچەی کرماشان؛ ئێمە هونەرمەند حوسێن سەفامەنش‌مان هەڵبژارد.

 

پێدانی ئەم خەڵاتە بەو هونەرمەندە کاردانەوە و دەنگدانەوەی زۆری لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتدا هەبوو. ئینسجام و گوڕوتینێکی دیکەی بە هەستی نەتەوەیی بەخشی. پێشبینیی ئەوەتان کردبوو؟

بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانی  ئەو کاردانەوە بەرفراوانەمان نەدەکرد. تەنانەت چاوەڕوان بووین ڕەخنەی ئەوەمان لێ بگیردرێ کە چلۆن لەنێو دەریای هونەرمەندانی ئەو دەڤەرەدا کە ساڵهایە لە تێکۆشان دان، هونەرمەندێکی لاوی کەم تەمەنتان هەڵبژاردووە! بەڵام ئێمە پێمان وابوو کە بە تیرێک سێ نیشانمان پێکاوە. یەکیان ئەوەیە کە بۆ یەکەمین جار مەڵبەندەکەمان گرینگی دا بە هونەرمەندانی لاو و پاشان دەڤەری کرماشانی سەربەرزمان بەسەر کردەوە و ئینجا موکریان و کرماشانمان لێک گرێ دایەوە. واتە ئەو پەیامەمان دووپات کردەوە کە ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵاتی بەپێچەوانەی ئەو ئاژاوە و پیلاگەلەی ناحەزانمان دەینێنەوە، یەکدڵ و یەک چارەنووسین.

 

ئەم ڕێوڕەسمە لە مەهاباد بەڕێوە چوو. بەڵام پێشتر میدیا و کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی لێ ئاگادار نەکرابۆوە. بۆ؟

بەڵێ ڕاست دەفەرموون. بە ئانقەست ئەوساڵ کارێکی وامان کرد کە هاوکات لەگەڵ مەڕاسیمەکە، دەنگ لە بڕیارەکە بۆ خەڵاتی ساڵ دەربێنین. ئێمە لە هەر حاڵەتێکدا بەرپرسیاری هەر ئەگەرێکین کە ڕوو بدا. نەماندەویست حەساسییەت درووست بکەین و گرفت بۆخۆمان و بۆ خەڵک ساز بکەین. گرینگ ئەوە بوو پەیامەکەمان بگا و بە خۆشیشەوە گەیشت.

بۆیە چەشنی میواندارییەکی بنەماڵەیی بە بەشداریی پۆلێک لە ئەدیبان و هونەرمەندان و کەسایەتییەکانی مەهاباد و لە ڕێستورانێکی ئەو شارەدا بۆنەکەمان بەڕێوە برد. دیارە کۆمەڵێك کەند و کۆسپی جیدیمان بۆ هاتنە پێش کە تا دوا ساتەکان، بەڕێوەچوونی ئەو مەراسیمە لە ئەگەر و نەگەر دابوو. دەنا هەموو کەس دەزانێ گەر مەجالێکی ئازاد بدرێ بۆ مەراسیمی یادی ماملێ لە مەهاباد، بە دڵنیاییەوە مەیدانی فوتباڵی سابڵاغێش کەمی دێنێ؛ بۆیە، لە ڕێگای ڕۆژنامەکەی ئێوەوە داوای لێبوردن لە هەموو کوردستانیان بەگشتیی و خەڵکی سەربەرزی مەهاباد و موکریان بەتایبەتی دەکەین کە لەبەر ئەو دۆخەی لە بان باسمان کرد، نەمانتوانی ڕێوڕەسمێکی بەرین بە بەشداریی هەموو ئازیزان بەڕێوە ببەین.

 

ئاماژەتان بە پەیامەکەتان کرد، دەکرێ بڵێن کە پەیامەکەتان چی بوو؟

پشتیوانیکردن لە هونەرمەند، هونەر، زمان و فەرهەنگی کورد، هەروەها بەگژداچوونی سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەیی کە لەسەرمان پەیڕەو دەکرێ و لە هەمان کاتیشدا پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلان و ئاژاوانە کە دژی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادایە و جیاوازیمان دەخەنە بەینی و لێکمان جیا دەکەنەوە؛ جا بە بیانووی بێبنەمای وەک ناوچەگەرایی و جیاوازیی ئایین و زاراوەیی. هەروەها ئەو پەیامە کە کورد دەبێ یەک بگرێ و لە ناسنامەی خۆی لە ڕۆژهەڵات بەخاوەن دەرکەوێ و بە یەک دەنگ و یەک بەرنامە لە ئیلامەوە تا ماکۆ و خوراسان لەژێر چەترێک و سێبەرێکدا هەنگاو بنێ.

 

مەڵبەندی هونەریی ماملێ کەی دامەزرا و ئامانجەکانی چین؟

بنەمای ئەم مەڵبەندە لە ساڵی ٢٠٠٩ لە سەر هزر و هیوایەکی لەمێژینەی “ماملێ” دامەزرا کە بەردەوام ئاواتی دەخواست کورد ببێتە خاوەن بنکە و شوێنێکی بێلایەن و سەربەخۆ کە بتوانێ هاندەر و یاریدەدەری هونەر و هونەرمەندان بێ. بەڵام مەخابن تا ئەو لە ژیاندا بوو ئەو ئاواتە نەهاتە دی. یەک لە کارە سەرەکییەکانی ئەم ناوەندە، کۆکردنەوەی فیلم، وێنە و گۆرانییەکانی محەممەدی ماملێیە و لە ڕێگای دابینکردنی خەڵاتێکی هونەری کە ساڵانە پێشکەش بکرێ بە هونەرمەندان و، ڕێز لە هونەرمەندانی ماندووی گەلی کورد دەگرێ و بەم چەشنە هاندەری هونەرمەندان دەبێ.

 

خەڵاتەکەی ئێوە هەر دیارییەکی سیمبولیکە؟ یان بایەخی مادیشی هەیە؟

ئەو خەڵاتە بریتییە لە میداڵیایەکی زێڕ و لەوحەیەکی ڕێزلێنان. لە ڕوانگەی مەڵبەندەوە ئەم خەڵاتە نەک لە ڕووی مادییەوە، بەڵکوو لە ڕووی لایەنی مەعنەوییەوە بایەخی هەیە. ئێمە پێمان وایە ناوی ماملێ دەبێ بەردەوام لە خزمەتی بە گەلی خۆیدا بێ بۆیە لایەنی سیمبولیک و مەعنەوییەکەی لای ئێمە گرینگە و تەنانەت لای وەرگرانی خەڵاتەکەش بایەخی مەعنەوی هەبووە و هەیە.

 

سەرچاوەی داراییتان بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکەکانتان لەو مەڵبەندە چۆن و لە کوێ دابین دەکرێ؟

چالاکییەکانی ئەم مەڵبەندە بەستراوە بە توانایی و بواری ئابووریی سەربەخۆ کە لەلایان ئەم کەسانەوە دابین دەکرێ: عەزیز(خانە) ماملێ، هێدی (خالید) ماملێ، هیوا زەهابی، چالاک ماملێ  و وریا ماملێ. لە بواری مادییەوە هیچ ڕێکخراو، حیزب، دەوڵەت و حکوومەتێک پشتیوانیی داراییمان لێ ناکا و سەربەرزانە دەستمان لە گیرفانی خۆمان دایە.

ڕەنگە کەموکووڕی و لاوازی لە کاری مەڵبەنددا ببینرێ و بەدی بکرێ کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە توانایی و بواری ئابوورییەوە هەیە. مەڵبەند بە هیچ شێوەیەک بە تەما نییە کە ئەم جۆرە لاوازییانەی لە ڕێگەی نەبوونی سەربەخۆیی مەڵبەندەوە لەنێو بەرێ.

لە هەمان کاتدا لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ئەم مەڵبەندە لە بواری مەعنەوییەوە خۆمان بە قەرزداری کۆمەڵێک مرۆڤی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر دەزانین کە دڵسۆزانە پشتیوانیان کردووین و بە هیچ کلۆجێک توانا و بڕستمان نایبڕێ تا وەڵامدەرەوەی ماندووبوون و خەمخۆرییان بین. بۆیە هانا دەبەینە بەر دەرگای واڵا و دەریای بێڕۆخی وشە، بەڵکوو لە شوێن ئێمە دەست بە سینگەوە بگرێ و سەری ڕێز و نەوازیش لە بەرامبەریاندا، دانەوێنێ.

 

 ئەدی ئەم کەسانەی بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە دەستنیشان دەکرێن و دوایە کە هەڵدەبژێردرێن؛ ئایا هەموو لەلایەن بنەماڵەوە دەکرێ؟ یان ئێوە پێشنیار لە دەرەوەی مەڵبەند و بنەماڵەش وەردەگرن؟ مکانیزمەکان چین؟

ڕوون و ئاشکرایە کە مەڵبەندەکەمان لەلایان بەشێک لە بنەماڵەکەمانەوە بەڕێوە دەبرێ. بەڵام بەو مانایە نییە کە کەسانی غەیری ماملێشمان لەگەڵ نەبێ. ئێوە دەزانن کە ئەرکی سەرەکیی کارەکانی مەڵبەند لەسەر شانی هەواداران و دڵسۆزانی هونەری کوردییە کە شێلگیرانە و خۆبەخشانە هاوکارمانن. ئێمە لەو مەڵبەندە کاری ڕاوێژ و هاوفکریمان لەگەڵ کۆمەڵێک مرۆڤی کارناس و شارەزای بواری هونەری هەیە و لە هەڵبژاردنەکانماندا پرسیان پێدەکەین و پاشی کۆکردنەوەی زانیارییەکان بە زۆرینەی دەنگ لەگەڵ ئەو شارەزایانە و بەشێکیش لە بنەماڵەکەمان، هونەرمەندی ساڵ هەڵدەبژێرین. دیارە ڕۆژانە بەردەوام لەلایان خەڵکەوە پێشنیارەکان دەگاتە دەستمان و ئێمەش داوایان لێدەکەین کە کورتەیەک لە ژیاننامەی هونەریی ئەو هونەرمەندانەمان بۆ بنێرن تا لەنێو لیستی ناوچەکانی کوردستاندا پۆلێنیان بکەین و لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەسەر بکەین. هەر لەم پێوەندییەوە پێویستە ئەمە بە ڕاشکاوی بگوترێ کە مەسەلەی په‌یوه‌ندیی تایبه‌تی کارگێڕانی مه‌ڵبه‌ند یا ناوچەگەرایی و دۆستایەتی هیچ کاریگەری لە سەر ئەم هەڵبژاردنەدا نانێ و بۆیە هەموو کوردێک دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاویان لە دابینکردنی هونەرمەندی ساڵ هەبێ. هەر وەک ماملێ سەر بە هەموو نەتەوەکەی بووە، ئەم خەڵاتەش بە هەمان شێوە مڵکی هەموو کوردستانییەکە.

 

وەک بنەماڵە پێتان وایە لە دە ساڵی ڕابردوودا ئەو هەوڵ و داهێنانەی ئێوە چ خزمەتێکی بە کۆمەڵگەی هونەریی کوردستان کردووە؟ لە نێو هۆزی هونەردا چۆن وەرگیراوە؟

لە ڕاستیدا ئەوە پرسیارێکە دەبێ ڕووی لە جەماوەری کوردستان بێ و ئەوان وەڵامی بدەنەوە بەڵام، ئێمە ڕۆژانە پەیامی دڵخۆشکەر و هاندەرانەمان لەلایان خەڵکەوە دەگاتە دەست. ئەو پەیامانە زیاتر هانمان دەدا کە سەرەڕای زۆر کەند و کۆسپ، شل نەبینەوە و درێژە بە کارەکانمان بدەین. ئەو کاردانەوانەش ئەو پەیامەمان دەداتێ کە خەڵک هەنگاوەکانمان بە هەنگاوی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانە دەزانێ. ئاواتیشمان ئەوەیە کە ئەو هەوڵانەمان جێ بگرێ و هونەرمەندی کورد خۆی بێکەس نەبینێ و بزانێ کە کەسانێک هەن کە کارەکانیان دەبینێ و نرخی بۆ دادەنێن. بەداخەوە لە کوردستانی داگیرکراودا نەک هیچ ڕێکخراوێکی دەوڵەتی نییە کە زگی بە فەرهەنگ و هونەری ئێمەی کورد بسووتێ بگرە، بە هەموو تواناشیانەوە لە هەوڵی ئەوە دان کە زمان و فەرهەنگ و پێناسەی نەتەوەییمان بسڕنەوە و بمانتوێننەوە. ئیتر لە وەها دۆخێکدا ئەوە کەمترین کارە کە دەتوانین بۆ میللەتی خۆمانی بکەین.

 

سپاس بۆ وڵامدانەوەی پرسیارەکانمان

سپاس بۆ  ئێوە و خوێنەرانی ڕۆژنامەکەتان