Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲ ی ره‌شه‌ممه‌ی ۱۳۹۷ | 21/02/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

سیاسەت وەک کردەیەکی زەمینی

05/02/2019 | 19:48:27
+A
-A
حەسەن شێخانی

سیاسەت وەک کردەیەکی زەمینی

(خوێندنەوەیەک بۆ بیر و ئەندێشەی ماکیاوێلی)

نیکۆلۆ ماکیاوێلی بیرمەندی سیاسیی ئیتالیایی سەدەی شازدەهەم، زیاتر وەک بیرمەندێک ناسراوە کە هەموو شتێک لە زەبروزەنگەوە بگرە بۆ فێڵ و درۆ لە پێناوی پاراستنی دەسەڵاتدا بە ڕەوا دەزانێ؛ وەک بیرمەندێک وێنا دەکرێ کە دەڵێ لە سیاسەتدا هەم دەبێ ڕێوی بی و هەم شێر و، بەپێی پێویست یەکێک لە ئاکارەکانی ئەم دوو ئاژەڵە لە خۆت پێشان بدەی. بە کورتی ماکیاوێلی بەوە ناسراوە کە بۆ ئامانجی گەیشتن بە دەسەڵات و پاراستنی دەسەڵات، کەڵکوەرگرتن لە هەر کەرەستەیەک ڕەوایە و لە یەک ڕستەدا ئامانج، پاساودەری کەرەستەیە. بەشی زۆری ئەم خوێندنەوەش، کە بە «ماکیاوێلیزم» ناوی دەرکردووە، لەسەر بنەمای کتێبی «میر» ڕۆ نراوە. کتێبێک، بەپێچەوانەی بۆچوونی باو و بەپێچەوانەی ناوبانگی کتێبەکە، گرینگترین کتێبی ناوبراو نییە. ئەگەر ئێمە بمانەوێ ماکیاوێلی بخوێنینەوە و دیدێکی تەواوتر و کامڵترمان بۆ ماکیاوێلی هەبێ، پێویست ده‌كا کتێبی «گوتارەکان»یشی بخوێنینەوە چونكه‌ ئەم کتێبە وەک بەرهەمی فیکریی هەرە گرینگی ئەم بیرمەندە ناسراوه‌.

کتێبی «میر» سیاسەتنامەیەکی پراکتیکییە، ڕەچەتەیەکی سیاسییە کە بۆ پاشای مێدیچی نووسراوە، بەو هیوایەی هەم لە حوکمڕانیدا ڕەچاویان بکا و هەم خۆیشی وەک نووسەری کتێبەکە وەبەر دڵی پاشا بکەوێ و لەم ڕێگەوە کارێکی لە حکوومەتی مێدیچیدا دەست بکەوێ. کتێبی «میر» لە چاو کتێبی «گوتارەکان»، کەمتر ڕەهەندی فیکری هەیە و لەڕاستیدا ئەوە «گوتارەکان»ـە کە بەرهەمی سەرەکیی فیکریی ئەم بیرمەندەیە و بەدەر لە ویست و تەماحی تاکەکەسی، بیروبۆچوونەکانی پێشکەش کردووە و لە ڕەهەندێکی فەلسەفییەوە تەتەڵەی سیاسەت و شێوازەکانی حوکمڕانی و دەسەڵاتی کردووە. هەرکەسێک ئەم کتێبەی ماکیاوێلی بخوێنێتەوە، دیدی لەسەر ماکیاوێلی وەک تیۆریزەکەری «بێئەخلاقی لە سیاسەتدا» کاڵ دەبێتەوە و تێگەیشتنێکی هەمەلایەنتری لە لا دروست دەبێ. لە کتێبی «گوتارەکان» دایە کە بیروبۆچوونەکانی ماکیاوێلی ڕەهەندێکی قووڵتری مەعریفی، فیکری و فەلسەفی وەردەگرن و هەر ئەمەش وا دەکا لە خوێندنەوەی ماکیاوێلیدا گرینگییەکی زیاتر بەم کتێبە بدەین. ئەوەی لەم کتێبەی دواییدا شایانی ئاماژە پێکردن و هەڵوێستە لەسەر کردنە ئەوەیە _ بەپێچەوانەی دیدی پەڕگیری باو_ ماکیاوێلی هەموو شتێک و هەموو ئامرازێک لە پێناوی دەسەڵاتدا بە ڕەوا نازانێ؛ واتە بەپێچەوانەی ئەو دیدەی کە لە خوێندنەوەی کتێبی «میر» بە تەنها، لە لامان دروست دەبێ، خەڵک وەک لایەنێکی هاوکێشەی دەسەڵات نادیدە ناگرێ و تەنانەت مەرجەکانی حوکمڕانییەکی باش بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک و چۆنیەتیی دابینکردنی ژیان و ویستەکانیانەوە گرێ دەدا. بە دەربڕینێکی دیکە وا نییە کە ماکیاوێلی تەنیا بیری لە دەسەڵات و چۆنیەتیی بەدەستهێنان و پاراستنی دەسەڵات کردبێتەوە و لایەنی خەڵک و ویست و بەرژەوەندییەکانی لەبیر کردبێ و لە سیستمی مانایی خۆیدا و لە فەلسەفەی سیاسیی خۆیدا، دۆخی خەڵك و ڕەزایەت و ناڕەزایەتیی خەڵکی، یان بیروبۆچوونەکانی خەڵکی، لەسەر دەسەڵات بەتەواوی نادیدە گرتبێ؛ وا نییە کە ماکیاوێلی حکوومەتێکی بە ڕەوا زانیبێ بەڕەهایی؛ بەدەر لە بیروبۆچوون و ڕەزایەتیی خەڵك.

ڕەهەندێکی بیری ماکیاوێلی کە کەمتر باسی لێوە دەکرێ و لەڕاستیدا کەوتۆتە بن سێبەری خوێندنەوەی باڵادەست لەو بیرمەندە، کە بە «ماکیاوێلیزم» ناوی دەرکردووە، ئەوەیە کە ماکیاوێلی دابڕانێک لە فەلسەفەی سیاسیی کلاسیک و سەدەکانی نێوەڕاستدا درووست دەکا، کە بە سەرەتایەکی گرینگ لە فەلسەفەی سیاسیدا بە ئەژمار دێ و دەبێتە دەروازەیەکی گرینگ لە بەردەم تێڕوانینێكی تازەدا، کە هەموو فیکر و فەلسەفەی سیاسیی دوای خۆی ڕەنگڕێژ دەکا. ماکیاوێلی بەم کارەی خاڵێکی کۆتایی لەبەردەم تێڕوانینەکانی باڵادەستی سەدەکانی نێوەڕاستدا دادەنێ و بە دەربڕینی ئەمڕۆیی پاڕادایم ‌شیفتێک درووست دەکا، گۆشەنیگای تێڕوانین و تێڕامان لە سیاسەت دەگۆڕێ و وامان لێدەکا بە جۆرێکی دیکە بیر بکەینەوە و لە پێگە و شوێنێکی دیکەوە لە دەسەڵات و سیاسەت ڕابمێنین. ئەمەش یەک دنیا دەرئەنجامی فیکری و سیاسی لێ دەکەوێتەوە. دەرەنجامگەلێک کە بوونە بەستێنی سەرهەڵدانی سێکۆلاریزم و دێموکراسی. لەڕاستیدا ئەو کارەی ماکیاوێلی کردی ئەوەندە گرینگە کە بۆتە خاڵی دابەشکردن و پۆلێنکارییەک لە ڕەوتی فەلسەفەی سیاسیدا؛ فەلسەفەی سیاسیی پێش ماکیاوێلی و دوای ماکیاوێلی؛ واتە فەلسەفەی سیاسیی کلاسیک و مۆدێڕن.

گرینگیی ئەم بیرمەندە و فەلسەفەی سیاسیی ئەم بیرمەندە لەوە دایە کە ماکیاوێلی وەک یەکەم بیریاری سیاسیی مۆدێڕن، سیاسەتی لە ئاسمانەوە دابەزاند بۆ سەر زەوی و، لە کردەیەکی پیرۆزەوە کردیە کردەیەکی زەمینی و ناموقەدەس، کە نابێ بە چەمک و ئامرازەکانی کایەی دین و دینە ئاسمانییەکان مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. بە واتایەک ماکیاوێلی سیاسەتی سێکۆلاریزە کرد و قاچەکانی توند بە عەرزەوە گرێدان. لەم چوارچێوە دایە کە باس لە «ئەخلاقی سیاسی» دەکا. باس لەوە دەکا سیاسەت کایەیەکی سەربەخۆیە و دەبێ بە چەمک و ئامرازی تایبەتیی خۆی کاری تێدا بکرێ. لەم چوارچێوە دایە کە دەڵێ سیاسەت ئەخلاقی تایبەت بە خۆی هەیە و نابێ بە پێوەرەکانی ئەخلاقی شەخسی و دینی لە کایەی سیاسەتدا کار بکرێ. لەڕاستیدا ماکیاوێلی وەک کایەیەکی سەربەخۆ لە سیاسەت دەڕوانێ نەک وەک درێژکراوەی ئاسمان و دین؛ نەک وەک کردەیەک کە پیاوە ئایینییەکان خۆیان بە خاوەنی بزانن و بە سیستمی مانایی دین، تێیدا بجووڵێن و کار بکەن. ماکیاوێلی کایەی دین و کایەی سیاسەت لێک جیا دەکاتەوە و دەڵێ هەرکامیان ئەخلاق و چەمک و ئامرازی تایبەت بە خۆیان هەیە؛ یەکیان سەری بە ئاسمانەوە بەندە و ئەوەی تریان قاچی توند بە عەرزەوە گرێ دراوە؛ یەکیان سەرزەمینی پیرۆزییەکان و شتە نەگۆڕ و هەتاهەتاییەکانە، ئەوەی تریش سەرزمینی ناپیرۆزی و شتە بگۆڕەکانە، ئەو شتانەی کە تایبەتن بە ئینسانەکان و، ئینسانەکان چوارچێوە و یاساکانی بۆ دادەڕێژن نەک بکەرە دەرەئینسانییەکان و بکەرە مێتافیزیکی و دەرەجیهانییەکان. ئەم لێک جیاکردنەوە و ئەم تێڕوانینەیە کە بۆتە سەرچاوەی بەدحاڵیبوون و تەفسیری تاکڕەهەندی و ناتەواو بۆ ماکیاوێلی و؛ وای کردووە وەک بیرمەند و داڕێژەری «بێئەخلاقی سیاسی» لێک بدرێتەوە.

خاڵێکی گرینگ کە دەبێ لە خوێندنەوەی فیکر و فەلسەفەی فیلسووفاندا و بە تایبەت فیلسووفانی سیاسیدا و، لەم نێوەدا لە خوێندنەوەی فیکر و فەلسەفەی ماکیاوێلیدا، لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە کە بیر و فیکرەکان هەڵقوڵاوی نێو بەستێنە دیاریکراوەکانی مێژوون. واتا هەر فیکر و فەلسەفەیەک لەپاڵ ڕەهەندە ئەبستراکت و گشتگیرەکەیدا، ڕەهەندێکی مێژوویی و تایبەتیشی هەیە؛ خۆ فیلسووفان لە بۆشاییدا و لە بانزەوی و بانمیژوودا کاریان نەکردووە، بوونەوەری موجەڕەد نەبوون و نین کە بەدەر لە بەستێن و پێکهاتەکان بیریان کردبێتەوە و تیۆرییان داڕشتبێ؛ ئەوانیش ئینسانن و بوونەوەرێکی کۆنکرێتی نێو قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراو و هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسیی دیاریکراون. ڕاستە پرسی فیلسووفان پرسی گشتگیر و ئەبستراکتە و لە بوون و ئینسان وەک بوونەوەرێکی ئەبستراکت ڕاماون و هەر ئەمەشە کە فەلسەفە وەک مەعریفەیەکی تایبەت لە زانستەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، بەڵام فیکر و فەلسەفەی فیلسووفان وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی قۆناغێکی دیاریکراوی سیاسی و فەرهەنگی و مێژووییشە. ئەوان لە بەرخورد و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پرسە هەنووکەییەکان و بۆ وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی سەردەمی خۆیان، بیریان کردۆتەوە و ئەندێشە و ڕامانی خۆیان هێناوەتە ئارا. ماکیاوێلیش لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی ئیتالیادا ژیاوە و پرسی سەرکیشی ئەوە بووە کە چۆن ئیتالیا ببێتە خاوەنی کیانێکی یەکگرتوو. ماکیاوێلی بە سەرنجدان بە هەلومەرجی ئەوکات و لە تێگەیشتنی خۆیەوە، کە درز دەخاتە نێو سنوورەکانی مەعریفەی سەردەمەکەی خۆی، تەتەڵەی ئەو پرسەی کردووە و بیری لێکردۆتەوە. ئێمە کە فیکری بیرمەندێک لێک دەدەینەوە و خوێندنەوەی بۆ دەکەین دەبێ ئەو ڕەهەندە مێژووییەش لەبەرچاو بگرین و فیلسووف وەک سۆبژەیەکی بیرکەرەوە بخەینە نێو بەستێنی خۆیەوە و نابێ لە سیاقی مێژوویی خۆی جیا بکەینەوە و بە پێوانە و چاوەڕوانییەکانی سەردەمەکانی دواتر هەڵیانسەنگێنین. تازە بەو حیسابەش ماکیاوێلی قەڵمبازێکی گەورەی هاویشتووە و وەرچەرخانێکی درووست کردووە و بۆتە سەرەتای فەلسەفەی سیاسیی مۆدێڕن. ماکیاوێلی وەک بیرمەندێکی سیاسی، بە پێچەوانەی ئەفلاتوون و ئەرەستوو بەدوای سیستمێکی حکوومەتیی نموونەیی و ئیدەئالدا ناگەڕێ و لە سەردەمی خۆیدا هێڵەکانی حوکمڕانییەکی گونجاو و مومکین وێنا دەکا. ئەو بەدوای ئیدەئالدا ناگەڕێ و قاچی لەسەر عەرزە و باس لە مومکینەکان دەکا و بەپێی هەلومەرج ڕێگەچارەکانی پرسەکانی جێی تێڕامانی دەخاتە ڕوو. ئەمەش بە چەشنێک دەرکەوتێکی دیکەی زەمینیبوون و سیاسەتە، کە لە درێژەی گەشە و گوورانی خۆیدا لە چەمکی «ڕێژەییبوون»دا بەرجەستە دەبێ. زەمینی کردنی سیاسەت، دایدەماڵێ لە ڕەهابوون و ئەمەش دەبێتە دەروازەیەکی گرینگ بۆ پێویستییەکانی دیکەی دێموکراسی لە سەدەکانی دواتردا. ئەمە و دابڕان لە فیکری ئیسکۆلاستیکی سەدەکانی نێوەڕاست و بوونە دەستپێکی پاڕادایمێکی نوێیە، کە ماکیاوێلی دەکاتە یەکەم بیرمەندی سیاسیی مۆدێڕن. لەڕاستیدا هەرکام لە فیلسووفان لە شوێنەکەوە و لە گۆشەنیگایەکەوە دەڕواننە جیهان و مرۆڤ و دیاردەکانی نێوییەوە، ماکیاوێلی بە شێوەیەک دەستکاریی ئەم گۆشەنیگایە دەکا و بۆ شوێنێک دەیگوازێتەوە کە ناوبراو دەکاتە سەرەتای تێڕوانین و دونیابینییەکی تازە. ئەم سەرەتا و دونیابینییە تازەیە، ئەم زەمینە تازەیە کە دواتر سێکۆلاریزم و دێموکراسیی تێدا سەر هەڵدەدەن و گەشە دەکەن.

سێکۆلاریزم کە بنەمایەکی وجوودی دێموکراسییە و بەبێ ئەم بنەمایە دێموکراسی بەدی نایە، مانای ئەوەیە کە سیاسەت کردەیەکی زەمینی و مرۆییە، نەک ئاسمانی و تایبەت بە خوداکان، پرسێکە کە ئینسانەکان هێڵەکانی ڕەنگڕێژ دەکەن و یاساکانی بۆ دادەڕێژن. سێکۆلاریزم پیرۆزی لە سیاسەت دەستنێتەوە و دەیکاتە کردەیەکی ناموقەدەس. لێرەدایە کە گرینگیی ئەو سەرەتایەی کە ماکیاوێلی ئافراندنی دەردەکەوێ و وادەکا کە ئێمە ماکیاوێلی تەنیا بۆ «ماکیاوێلیزم» تەرجەمە نەکەین و ڕەهەندەکانی دیکەی فیکریی ئەو بیرمەندەش ببینین.

زەمینی کردنی سیاسەت و داماڵینی لە پیرۆزی و ڕەهایی ئاسمانی، لە ڕەوتی گەشە و گۆڕانی خۆیدا لە سەدەکانی دواتردا دێموکراسی لێ دەکەوێتەوە. سیستمێک کە تێیدا هیچ سیاسەت و سیاسییەک پارێزراو لە ڕەخنە نییە؛ هیچ شتێک وەک دیاردەی پیرۆز مامەڵەی لەگەڵ ناکرێ و بیروبۆچوونی کەسەکان وەک تاکەدیدی درووست و وەک حەقیقەتی ڕەها سەیر ناکرێن. سیاسەتی دێموکراتیک لەسەر بنەمای ناپیرۆزی و ئیمکانیبوون و ڕێژەییبوون و ئەقڵی ڕەخنەیی بینا دەکرێ. بە دەربڕینێکی دیکە کە پیرۆزیت لە سیاسەت سەندەوە ڕێگەت ئاوەڵا کردووە بۆ ڕێژەییبوونی سیاسەت، بۆ ڕەخنەهەڵگر بوونی سیاسەت، بۆ ئەوەی کەس لەسەر وێنەی خوای ئاسمانی، خۆی وەک دیکتاتۆرێکی هەمووشتزان نەبینێ. ئەمەیە گرینگیی فیکری سیاسیی ماکیاوێلی. ماکیاوێلی کە دەڵێ سیاسەت ئەخلاقی تایبەت بە خۆی هەیە، دەیەوێ سیاسەت بکاتە کایەیەکی سەربەخۆ و ڕەهایی و پیرۆزیی ئاسمانی لێ‌ بستێنێتەوە.

ئیدیعا ناکەم کە بیر و ئەندێشەی ماکیاوێلی بیر و ئەندێشەیەکی دێموکراتیکە، نامەوێ وێنەیەکی دێموکراتیک لە ماکیاوێلی درووست بکەم، چونکە زۆر خاڵ و ڕەگەزی تێدان کە دایدەماڵێ لەوەی کە بیر و ئەندێشەیەکی دێموکراتیک بێ و لە چوارچێوەی ئەو بیر و ئەندێشەیەدا دێموکراسی دانامەزرێ، ئەمە ڕاستییەکە و لە بنەڕەتدا ئەو چاوەڕوانییەش لە ماکیاوێلی بە سەرنجدان بە هەلومەرج و سەردەمی ماکیاوێلی لە جێی خۆیدا نییە. مەبەستی ئەم وتارە ئەوەیە کە بگوترێ ماکیاوێلی دەروازەیەکی کردەوە، بەردی بناغەیەکی دانا کە دواتر دێموکراسی لێ شین بۆوە. سیاسەتی کردە کردەیەکی زەمینی و ناموقەدەس، ئەمەش بوو بە بونیادێک کە لە گەشەی خۆیدا سێکۆلاریزم و دێموکراسی لێ کەوتەوە. بەبێ زەمینی کردنی و ستاندنەوەی پیرۆزییەت لە سیاسەت کە بنەڕەتێکی سێکۆلاریزم و دێموکراسیییە، ئەم چەمکانەی دوایی سەریان هەڵ نەدەدا.

لە دێموکراسیدا سیاسەت وەک ئەمری واقیع مامەڵە دەکرێ کە ئینسانە واقعییەکان ڕێکی دەخەن و بەڕێوەی دەبەن. ڕەگەزێک کە لە بە زەمینی‌کردنی سیاسەتدا لە ئەندێشەی ماکیاوێلیدا بەرجەستەیە. ڕەگەزێک کە هەڵگری ئەو توخمەشە کە، واقیع ئاڵۆزە و هیچ کەس ناتوانێ ئیدیعا بکا وێنەی ئەو و، ئەو مانایەی بە واقیعی دەدا، بەتەواوی یەکانگیرە لەگەڵ واقیع، بۆیە دەبێ وەک وێنە و مانایەکی ڕێژەیی و ناڕەها بخوێندرێتەوە. ئەندێشەی ماکیاوێلی هەڵگری توخمێک بوو کە لە ڕەوتی گەشەی خۆیدا بیر و مانا و بەهاکانی دێموکراتیکی لێ کەوتەوە. سێکۆلاریزم و دێموکراسی لە بنەڕەتدا و لە بونیادی خۆیاندا بۆ زەمینی‌ بوونی سیاسەت دەگەڕێنەوە، بناغەیەک کە ماکیاوێلی داینا.

یەکێک لە کێشە گەورەکانی دنیای سیاسەتی ڕۆژهەڵات و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەنووکەیی سیاسەتی نادێموکراتیک و فاشیل، ئەوەیە مێنتالیتە و چەمک و ئامرازکانی کایەی دین بۆ کایەی سیاسی دەگوازرێنەوە و بە زێهنییەت و ئەخلاقیات و چەمکە دینییەکان سیاسەت دەکرێ. وەک چۆن لە سیستمی گوتاری و مانایی دیندا، خوداوەندگار و بەندە هەیە، دەیانەوێ پێوەندی و سیستمی خوا و بەندایەتی لە سیاسەتدا بەرهەم بێننەوە. واتا پێچەوانەی فکر و سیاسەتی مۆدێڕن کە ماکیاوێلی بۆ یەکەم جار بنەماکەی داڕشت، دەجووڵێنەوە. هەر ئەمەش وادەکا نەتەنیا سیاسەت لە چوارچێوەیەکی مۆدێڕن دەربچێ و نادێموکراتیک بێ، بەڵکوو وێرانکاریش لەگەڵ خۆیدا بێنێ.

***