Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۸ | 25/08/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

سۆسیالیزم لە ڕوانگەی کۆمۆنیستەکانەوە

05/02/2019 | 18:42:19
+A
-A
د. کامران ئەمین ئاوە

گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم

سۆسیالیزم لە ڕوانگەی کۆمۆنیستەکانەوە

(8-3)

لە ئەدەبیاتی چەپدا، سۆسیالیزم وەکوو قۆناغی یەکەمی فۆڕماسیۆنی کۆمۆنیزم پێناسە دەکرێ. مێژووی ئەم چەشنە پێناسەیە زۆرتر دەگەڕێتەوە سەر لێدوانەکانی ئینتێرناسیۆنالی دووهەم و سێهەم و کۆمۆنیستەکانی پاش مارکس.‌ بە تایبەتی لێنین لە بەشی ٥ی کتێبی «دەوڵەت و شۆڕش»دا، لە ژێر سەردێڕی «بنەما ئابوورییەکانی لەنێوچوونی دەوڵەت» چەمکی سۆسیالیزمی وەکوو فازی یەکەمی کۆمۆنیزم و کاتی تێپەڕین لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە بۆ کۆمۆنیزم بەکار هێناوە و بەپێی لێکدانەوەکانی مارکس لە کتێبی «هەڵسەنگاندنی بەرنامەی گووتا»دا، ئەم چەمکە و تایبەتمەندییەکانی زۆرتر شی‌کردۆتەوە.(1)

مارکس لە «هەڵسەنگاندنی بەرنامەی گووتا»دا هیچ کاتێک وشەی «سۆسیالیزمی» لە پێوەندی لەگەڵ قۆناغی یەکەمی کۆمەڵگەی داهاتوو یان خولی تێپەڕین لە کۆمۆنیزم بەکار نەهێناوە. مارکس لەم بابەتەدا وێڕای لێکدانەوەی بەرنامەی حیزبی کرێکارانی ئاڵمان و ڕەخنە لە پێشنیارەکانی لاسال لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی سەرەتایی کۆمۆنیزم دەبێژێ:

«ئێمە لەگەڵ چەشنە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا سەروکارمان نییە کە بەپێی بنەمایەکی تایبەتمەند بە خۆی گەشە و پەرەی سەندبێ، بەڵکوو سەروکارمان لەگەڵ کۆمەڵگەیەکە کە تازە لە ناخی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە سەری هەڵداوە، بەم پێیە لە تەواوی بوارەکانی ئابووری، ئاکاری و فیکریدا؛ هێشتا مۆرک و نیشانی ئەو کۆنە کۆمەڵگەیەی پێوە دیارە کە لە ناخییەوە سەری هەڵداوە.»(2)

مارکس ئەم کۆمەڵگەیە وکوو قۆناغی سەرەتایی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی، واتە کۆمەڵگەیەک پێناسە دەکا کە «پاش ئێشی درێژخایەنی زاوزێ لەنێو کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە سەر هەڵدەدا(3) … و جارێ ناتوانێ بە‌تەواوەتی دادپەروەری و بەرامبەری پێک بێنێ. بە باوەڕی مارکس «لە نێوان کۆمەڵگەی سەرمایەداری و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی خولی تێپەڕبوونی شۆڕشگێڕانە لە هەوەڵییەوە بۆ دووەهەمی هەیە. بەپێی ئەم خولە، خولێکی تێپەڕینی سیاسیش هەیە کە دەوڵەتەکەی ناتوانێ شتێک بێ بێجگە لە دیکتاتۆریی شۆڕشگێرانەی پرۆلتاریا.»(4)

لێنین لە کتێبی «دەوڵەت و شۆڕش»دا، پاش ئاماژە‌ بە لێکدانەوەکانی مارکس لەم کتێبەدا، دەڵێ: «بەم پێیە یەکەمین فازی کۆمۆنیزم ناتوانێ دادپەروەری و بەرامبەری مسۆگەر بکا: جیاوازی لە سەروەت و سامان لە چەشنی جیاوازیگەلی نادادپەروەرانە دەمێنێتەوە، بەڵام چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان نەگونجاوە، لەبەر ئەوەی وێچوونی خاوەندارییەتی ئامرازی بەرهەمهێنەر واتە کارخانەکان، ماشێنەکان، زەوی و هتد، نامێنێ. مارکس وێڕای ڕەدکردنەوەی فوڕمووڵی ناڕوونی وردەبۆرژواییانەی لاسال لەبارەی «بەرامبەری» و «دادپەروەری» بە مانای گشتی، ڕەوتی گۆڕانکاریی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی شی دەکاتەوە و نیشان دەدا کە ئەم کۆمەڵگەیە ناچارە لەسەرەتادا تەنیا «ناعەداڵەتی»یەک لەنێو بەرێ کە خاوەندارییەتی تاکەکەسی سەرچاوەیەتی و ناتوانێ جێبەجێ بێعەداڵەتییەکی دیکە لەنێو بەرێ، کە بە هۆی بەشینەوەی شتومەکی مەسرەفی و «بەپێی میزانی کارە» (نە بەپێی پێداویستییەکان).(5) …. مارکس نەک هەر نابەرامبەری بە ناچاری مرۆڤەکان لە وردترین حاڵەتدا لەبەر چاو دەگرێ بەڵکوو سەرنج دەداتە ئەم خاڵەش کە تەنیا بە گواستنەوەی ئامرازی بەرهەمهێنەر بە خاوەندارییەتی گشتیی تەواوی کۆمەڵگە (یان بەو چەشنەی کە باوە_ «سۆسیالیزم»)، کەمایەسی بەشینەوە و نابەرامبەری «مافی بۆرژوایی» لەنێو ناچێ و دەسەڵاتداری بە هۆی ئەوەی کە داهاتەکان «بەپێی کار» دابەش دەکرێن، درێژەی دەبێ».(6)

لێنین لە کتێبی «نەخۆشیی منداڵانەی چەپڕەوی لە کۆمۆنیزمد» کە ساڵی ١٩٢٠ واتە ٣ ساڵ پاش شۆڕشی ئۆکتۆبر نووسیویەتی، ئاماژە دەکا و دەڵێ: «ئێمە ئێستا لە ڕووسیە (لەم سێهەمین ساڵی پاش ڕووخانی بۆرژوازیدا) هەنگاوە سەرەتاییەکانمان بۆ تێپەڕین لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆسیالیزم واتە هەوەڵ قۆناغی کۆمۆنیزم هەڵدەگرین. لێرەدا جارێ چینەکان ماونەتەوە و لە هەر جێگایەکی دیکەش کە پرۆلتاریا دەستەڵات وەدەست بێنێ، ساڵیانێک هەر دەمێننەوە، تەنیا لە بریتانیا کە وەرزێریان نییە (بەڵام بەهەرحاڵ وردە‌خاوەنداریان! هەیە) لەوە دەچێ ئەم ماوەیە کورتتر بێ. لەنێوبردنی چینەکان تەنیا بە مانای ڕەواندنی خاوەندارەکان و سەرمایەدارەکان نییە – ئێمە ئەم کارەمان بە هاسانی ئەنجام دا، ئەمە بە مانای لەنێوبردنی وردەبەرهەمهێنەرەکانی شتومەکیش هەیە، بەڵام ناکرێ ئەمانە بڕەوێندرێن، دەکرێ (و پێویستە) ئەوان باش بکرێنەوە و سەرلەنوێ پەروەردە بکرێنەوە – بەڵام تەنیا لە ڕێگەی کاری ڕیکخستنێکی زۆر درێژخایەن، بە ئەسپایی و پارێزەوە.»(7)

«ئێمە دەتوانین و (دەبێ) بينای سۆسیالیزم بە کەلکوەرگرتن هەر لەو کەرەستە ئینسانییانە دەست پێبکەین کە سەرمایەداری وەکوو میرات بۆی بە‌جێ هێشتووین، نەک لەگەڵ کەرەستەیەکی ئینسانی خەیاڵی‌ و کەرەستەگەلێک کە بۆخۆمان بە شێوەیەکی تایبەتمەند پێکمان هێنابێ. ئەم کارە بێگومان گەلێک» دژوارە» بەڵام هەر چەشنە هەڵسوکەوتێکی دیکە لەگەڵ ئەم ئەرکە ئەوەندە ناجیدییە کە تەنانەت بایەخی قسەلێکردنیشی نییە».(8)

بەپێی لێکدانەوەی بیرمەندە سەرەکییەکانی کۆمۆنیست، لە قۆناغی یەکەمی کۆمۆنیزم واتە لە سۆسیالیزمدا دادپەروەری و بەرامبەری بە چەشنێکی تەواو مسۆگەر ناکرێ. خاوەندارییەتی تەواوگەلی (کۆمەڵایەتی) ئامرازی بەرهەمهێنەر لە هەموو بوارەکانی ئابووری، هەروەها یەکیەتیی کاری جەستەیی و فیکری و جیاوازی شار و گوندەکان بە‌یەکجاری چارەسەر ناکرێ. خاوەندارییەتی بە دوو چەشنی دەوڵەتی یان تەواوگەلی، هەروەها گرووپی یان گەلەکۆمە دەبێ. سەرەڕای لەنێوچوونی چینە دژبەرەکان جارێ چین ‌و توێژی جیاواز لە کۆمەڵگەدا دەمێنێتەوە و بنەمای بەشینەوە بەپێی میزانی کارکردنە، نەک پێداویستییەکانی ژیان. لە لایەکی دیکەشەوە بەشێک لە چەمکە ئابوورییەکان کە پێوەندییان بە ئاستی بەرهەمهێنان و بارودۆخی کۆمەڵایەتی وەکوو شتومەک، قازانج، نرخ و هتد هەیە، جارێ دەمێننەوە و کارتێکەرییان لە سەر پێوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەبێ، واتە بەرهەمەکان لە چەشنی شتومەک کڕین‌ و فرۆش دەکرێن و بۆ بەڕێوەبەری ئابووری لە ئامرازێک وەکوو نرخ، سوود و دەست قەرز و هتد کەلک وەردەگیرێ، هەروەها پاشماوەی بیر و‌ خوو و فاکتەری ڕۆحی و ئاکاری کۆمەڵگەی کۆن دەمێنێتەوە و گۆڕانکاری و سەرلەنوێ سازبوونەوەی ئەم فاکتەرانە ناتوانێ بەپێی ئاهەنگ و خێرایی پێکهاتەی بنەما مادی‌ و پێوەندییە تازەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە بچێتە پێشەوە.(9)

لەم فازەدا دەوڵەت بە ڕێبەریی حیزبی کۆمۆنیست تەواوی کاروبارەکانی ئابووری و فەرهەنگی کۆمەڵگە، هەروەها میزانی کار و مەسرەف بە وردی کۆنتڕۆڵ دەکا. بە وتەی لێنین «تەنیا پێویستە ئەم کارە لە بێدەستەلاتکردنی سەرمایەدارەکان و کۆنتڕۆڵی سەرمایەدارەکان لە لایەن کرێکارەکانەوە دەست‌ پێبکا و ئەم کۆنتڕۆڵە دەبێ لە لایەن دەوڵەتی کرێکارە چەکدارەکانەوە بێ، نە لەلایەن بۆرۆکراتەکانەوە.»(10)

دیکتاتۆریی پرۆلتاریا واتە هێزی دەوڵەتی کرێکاری،‌ نێوەرۆکی سەرەکیی ئەم قۆناغە پێک دەهێنێ و پرۆلتاریا لە دەستەڵاتی دەوڵەتی خۆی بۆ تێکشکاندنی خۆڕاگریی سەرمایەدار و خاوەندارەکان، هەروەها پیلانی دوژمنە دەرەکی و ژوورەکییەکان کەلک وەردەگرێ و [دیکتاتۆریی پرۆلتاریا] ئامرازی سەرەکیی سیاسی بۆ سەرکەوتنی فازی سۆسیالیزم و تێپەڕبوون بە قۆناغی دووهەم واتە کۆمۆنیزمە. بە وتەی مارکس «دیکتاتۆریی پرۆلتاریا ئاکامی بەناچاری خەباتی چینایەتییە و … دەوڵەتی کاتیی تێپەرین … شتێک بێجگە لە دیکتاتۆریی شۆڕشگێڕانەی پرۆلتاریا ناتوانێ بێ.» بە باوەڕی لێنین «دیکتاتۆریی پرۆلتاریا لێبڕاوانەترین و کۆڵنەدەرترین خەباتی چینی نوێ دژ بە دوژمنێکی بەهێزتر واتە بۆرژوازییە کە خۆڕاگریی ئەو پاش ڕووخانی (جارێ لە وڵاتێکدا) دە بەرامبەر بووە و ئەم تواناییە نەک هەر بەهۆی هێزی سەرمایەی نێونەتەوەیی‌ و هێز و پتەوبوونی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی بۆرژوازی، بەڵکوو ئاکامی هێزی ڕاهاتوویی‌ و هێزی وردە بەرهەمەکانیشە ….(11) «دووپاتی دەکەمەوە: ئەزموونی دیکتاتۆریی سەرکەوتووی پرۆلتاریا لە ڕووسیە بۆ ئەو کەسانەی کە توانای بیرکردنەوەیان نییە یا بۆ ئەو کەسانەی کە جارێ لەسەر ئەم مەسەلەیە ورد نەبوونەتەوە، بە ئاشکرا نیشان دەدا کە ناوەندییەتی بێ‌ ئەملاوئەولا و دیسیپلینی گەلێک پتەوی پرۆلتاریا، یەکێک لە شەرتە سەرەکییەکانی زاڵبوون بەسەر بۆرژوازی دا‌یە …(12) دیکتاتۆریی پرۆلتاریا خەباتێکی سەخت، خوێناوی و بەبێ‌ خوێنڕێژی، تێکەڵ بە توندوتیژی یان ئاشتیخوازانە، نیزامی ‌و ئابووری، هەروەها ڕاهێنانە‌ و بەڕێوەبەریی دژ بە هێز و داب ‌و نەریتەکانی کۆمەڵگەی کۆنە. هێزی ڕاهاتووی بە میلیۆن و دەیان میلیۆن ئینسان، یەکێک لە سامدارترین هێزەکانە.»(13)

هەر لەم پێوەندییەدا نیکۆلای بوخارین، سەرنووسەری رۆژنامەی پڕاودا کە بۆخۆشی لە ساڵی ١٩٣٨ وەکوو هەزاران کۆمۆنیست و ئازادیخوازی ئەو وڵاتە بە تاوانی خەیانەت کوژرا، لە ئەلفوبێی کۆمۆنیزمدا دەنووسێ: «ئێستا ئەرکی دەسەڵاتی کرێکاری بریتییە لە تێکشکاندنی بێبەزەییانەی ئەم خۆڕاگرییە. بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ئەم خۆڕاگرییە بە دڵنیایی گەلێک بەهێز دەبێ، حکوومەتی پرۆلتاریاش دەبێ دیکتاتۆریی کرێکاران بێ. لە ژێرسەردێڕی دیکتاتۆری چەشنە حکوومەتێکی لێبڕاو و پێداگر لە سەرکوتکردنی دوژمنەکان فام دەکرێ. ئەمە شتێکی ئاشکرایە کە لەم بارودۆخەدا قسەیەک لە پێوەندی لەگەڵ ئازادی بۆ هەموو مرۆڤەکان ناتوانێ بێتە گۆڕێ. دیکتاتۆریی پرۆلتاریا سەری سازانی لەگەڵ ئازادیی بۆرژواییدا نییە. ئەم دیکتاتۆرییە بە تایبەتی لەبەر ئەم هۆیە پێویستە ئازادیی بۆرژوایی لەو بستێنێ و دەست‌ و پێی ببەستێ و دەرفەتی هەر چەشنە خەباتی لەگەڵ پرۆلتاریای شۆڕشگێڕ لێ بستێنێتەوە، هەرچەند خۆڕاگریی بۆرژوازی بەرزتر بێ، هەرچی بێهیواتر هێزەکانی خۆی کۆ کاتەوە، هەرچەند مەترسیدارتر بێ، هەر بەو ڕادەیەش دیکتاتۆریی پرۆلتاریا دەبێ توندتر و بێبەزەییتر بێ، تەنانەت دیکتاتۆری لە بوارگەلێکی تایبەتیدا نابێ خۆی لە تێرۆریش بپارێزێ.»(14) مارکس گوتەنی ئەم دیکتاتۆر‌ییە تێپەڕینێکە بۆ لەنێوچوونی چینەکان، هەروەها لە پێناوی گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی بێ چین‌.(15)

بەم پێیە دیکتاتۆریی پرۆلتاریا قۆناغێکی پێویست بۆ تێکشکاندنی ماشێنی دەوڵەتی سەرمایەداری، لەنێوبردنی دیکتاتۆریی چینە چەوسێنەرەکان و جیاوازیی چینایەتی بەگشتییە. کاتێک دەوڵەتی کرێکاری بە ئامانجەکانی گەیشت، ئیتر نێوەرۆکی دیکتاتۆریی پرۆلتاریاش دەگۆڕدرێ و بارودۆخی لەبار بۆ لەنێوچوونی دەوڵەت پێک دێ. ئێنگڵس لە «ئانتی دۆرینگ»دا لەم پێوەندییەدا دەبێژێ: «پرۆلتاریا دەستەڵاتی دەوڵەتی بە‌دەست دەگرێ و لە سەرەتادا دەوڵەت دەکاتە خاوەنداری ئامرازی بەرهەمهێنەر. بەڵام بەم کارە پرۆلتاریا خۆیشی وەکوو پرۆلتاریا لەنێو دەبا و، لەم ڕێگایەوە تەواوی جیاوازی‌ و ناتەبایەکانی چینایەتی‌ و لەگەڵ ئەویش، دەوڵەتیش خۆی وەکوو دەوڵەت لەنێو دەبا.»(16)

پێویستە ئاماژە بەم خاڵە گرینگە بکردرێ کە بەشێکی زۆر لە کۆمۆنیستەکانی پاش مارکس و ئێنگڵس و بە تایبەتی پاش شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ لە ڕووسیە، دیکتاتۆریی پرۆلتاریا وەکوو قۆناغی تێپەڕین لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆسیالیزم پێناسە دەکەن نەک وەکوو فازی هەوەڵی فوڕماسیۆنی دوو قۆناغەی کۆمۆنیزم. (بۆ وێنە بڕوانە ئەلفوبێی مارکسیزم لاپەڕەی ١٨٣ ئێرنێست مێندل، بە فارسی و هتد).

 

سەرچاوەکان:

1ــ دولت و انقلاب، و. ای. لنين، ترجمەی م. پورهرمزان و  ع. بيات، ص ١٠٦، انتشارات حزب تودەی ايران، چاپ سوم ١٣٨٧

2ــ نقد برنامە گوتا، پيشگفتار و يازدە نامە از انگلس و يادداشتهای لنين، مترجم ع. م، ص ١٦، تکثير از حجت برزگر، ٢٠٠١

3ــ سەرچاوەی سەرێ لاپەڕەی ١٦

4ــ سەرچاوەی سەرێ لاپەڕەی ٢٣

5ــ دولت و انقلاب، و. ای. لنين، ص ١٠٨

6ــ سەرچاوەی سەرێ لاپەڕەی ١٠٩

7ــ بيماری کودکی»چپ‌گرايی» در کمونيسم، لنين، ترجمە از م. پورهرمزان، ص ٤١، چاپ ششم ١٣٨٧، انتشارات حزب تودە ايران

8ــ سەرچاوەی سەرێ لاپەرەی ٤٨

9ــ بەپێی لێکدانەوەی بیرمەندانی کۆمۆنیزم، لە قۆناغی سەرەوەی فۆرماسیۆنی کۆمۆنیزمدا دادپەروەری، بەرامبەری، دێموکراسی و ئازادی لە ئاستی هەرە بەرزی خۆی مسۆگەر دەکرێ. تایبەتمەندییەکانی قۆناغی دوووهەمی کۆمۆنیزم بریتین لە:

ــ کۆمۆنیزم قۆناغی هەرە بەرزی گەشەسەندنی کۆمەڵگە و هێزە بەرهەمهێنەرە‌کانە. بنەمای بەشینەوەی ئەم فۆرماسیۆنە بە‌گوێرەی «لە هەرکەس بە پێی توانایی و بە هەرکەس بەپێی پێداویستییەکانی» یەتی.

ــ نێوەرۆکی کار دەگۆڕێ، کار نە ئەرک بەڵکوو پێداویستییەکی حەیاتییە.

ــ شکڵی دوو خاوەندارییەتی دەوڵەتی و گەلەکۆمە لەنێو دەچێ و تەنیا خاوەندارییەتی کۆمەڵایەتیی تەواوگەلی واتە کۆمۆنیستی، بوونی دەبێ.

ــ جیاوازیی چینایەتیی نێوان کرێکار و وەرزێر و ڕۆشنبیرەکان نامێنێ.

ــ جیاوازیی شار و دێ لەنێو دەچێ.

ــ خۆبەڕێوە‌بردنی کۆمەڵایەتیی کۆمۆنیستی جێگیری دەوڵەت دەبێ. لەنێوچوونی دەوڵەت بەمانای لەنێوچوونی ڕێکخراوە و دەزگاگانی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگە نییە. و هتد ….

10ــ دولت و انقلاب، و. ای. لنين، ص ١١٢

11ــ بيماری کودکی»چپ‌گرايی» در کمونيسم، لنين،ص ١٤

12ــ سەرچاوەی سەرەوە، لاپەڕەی ١٥

13ــ سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕەی ٤٢

14ــ ديکتاتوری پرولتاريا، قسمتی از کتاب «الفبای کمونيزم» نوشته‌ی «بوخارين» و «پرئوبراژنسکی»- باز تکثير نشرکارگری- سوسياليستی.

15ــ نامەی مارکس بە ويدمير مارسی ١٨٥٢، در بارەی ديکتاتوری پرولتاريا، مارکس، انگلس و لنين منبع روزنامە ژن‌مين ژيبائو، ٢٢ فوريەی ١٩٧٥، و مجلەی خون‌چی شمارە ٣ سال ١٩٧٥، انتشارات سازمان چريکهای فدائی خلق ايران

16ــ آنتی دورينگ. ف. انگلس،  ص ٢٣٦، ناشر و مترجم فارسی نامعلوم. بازنويسی حجت برزگر

 

***