Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۶ ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۹۸ | 26/04/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

کورد و مێژووی کۆماری ئیسلامی

05/02/2019 | 18:40:06
+A
-A
ڕەزا محەممەدئەمینی

کورد لەدوای شەڕی جیهانی یەکەم و دامەزرانی دەسەڵاتی ناوەندگەرا لەسەر بەستێنی تێئۆریی «دەوڵەت_ نەتەوە»ی ئێرانی (فارس) لە ئێراندا، لەلایەک هەمیشە لەژێر چەوسانەوە و سەرکوتدا بووە و دەسەڵاتی ناوەندی هەوڵی داوە شوناسی نەتەوەیی کورد لە هەموو ڕێگاکانەوە بسڕێتەوە و لەلایەکی دیکەش، کورد بە هەموو شێوەکان بەرگریی لە مافەکانی کردووە و هەوڵی دەستەبەرکردنی مافە زەوتکراوەکانی خۆی داوە.

لەسەردەمی پاشایەتیی پەهلەوییەکاندا گەلی کورد کەوتە بەر پیلان و هێرشی دەوڵەتی ناوەندی و بەتایبەت لە سێ قۆناغی شۆڕشی سمکۆی شکاک، سەردەمی کۆماری کوردستان و ڕاپەڕینی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ بە دژی داگیرکەرانی نەتەوەکەمان، غەدری زۆری لێکرا و بەتوندترین و خوێناوی‌ترین شێوەکان سەرکوت‌ کرا؛ بەڵام بەو حاڵەش گەلی کورد نیشانی‌ دا بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی خۆی و دامەزراندنی دەسەڵاتی کوردی و شکاندنی هەیمەنەی نەتەوەی باڵادەست لە هیچ  فیداکاری و قوربانیدانێک درێغی ناکا.

دوابەدوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی زوو دەرکەوت کە ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە دژایەتی لەگەڵ کورددا دڵڕەقتر و دڵڕەشتر لە ڕێژیمی پێشوویە و هەر چەند مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕش، بۆ سەرکوتی گەلی کورد و داگیرکردنەوەی کوردستان کە وەک مەکۆی ئازادیخوازانی ئێرانی لێ هاتبوو، لەشکری هێنا و شەڕێکی نابەرامبەری بەسەر کورددا سەپاند. لەو شەڕە نابەرامبەر و ناڕەوایەدا کۆماری ئیسلامی دەستی لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە و جینایەتکارانە نەپاراست و تەنانەت خومەینی فەرمانی جیهادی بە دژی گەلی کورد دەرکرد و کورد و کوفری لە تای تەرازوویەک هاویشت. دیارە پاش شکستی سەرشۆڕانەی لە شەڕی سێ مانگەدا و ئازادکردنەوەی شارەکان لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە، کۆماری ئیسلامی کە ئەوکات لەوپەڕی لاوازیدا بوو بۆ کڕینی کات و نیشاندانی بەناو «نیازپاکی»ی خۆی، هەیئەتی دەوڵەتی بۆ چارەسەری پرسی کورد ناردە کوردستان و دانوستانەکان چەند مانگێکی خایاند، بەڵام هەروەک لە نێوەرۆکی دژی گەلیی ئەم ڕێژیمەوە دیار بوو، ئەو دانیشتنانە هەر بۆ خۆسازدان و تەیارکردنی هێزە چەکدارەکانی و هێرشی دووبارە بۆ سەر کوردستان بوو؛ هەربۆیەش هەروەک دیتمان دیسان شەڕیان بەسەر کورددا سەپاندەوە و کوردستانیان کاول کرد و خاکی کوردستانیان بە خوێنی هەزاران کەس لە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان سوور کرد.

هەر لەو کاتەوە تا ئێستا کە چوار دەیە تێدەپەڕێ ئەو ڕێژیمە کوردکوژە بەردەوام بووە لە سیاسەتی خۆی و درێژەی بە هێرش و سەرکوت و کوشتاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داوە و لەو پێناوەدا لە هیچ جینایەتێک دەستی نەپاراستووە. کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان، لەسێدارەدانی پۆل ‌پۆل لە لاوانی کورد لە بەندیخانەکان و میلیتاریزەکردنی کوردستان و تێرۆری سەدان کەس لە شۆڕشگێڕانی گەلەکەمان لە نێوخۆ و باشووری کوردستان و دەرەوەی وڵات کە لەنێویاندا ڕێبەرانی حیزب و گەلەکەمان د. قاسملوو و د. شەڕەفکەندی دیارترینیانن و کردەوەی تێرۆریستی شەوی یەلدا لە ساڵی ١٣٩٥ لە بەردەم قەڵای دێموکرات و هەروەها مووشەکبارانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ١٧ی خەرمانانی ئەمساڵ کە بوو بە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان کەس لە خەباتگێڕانی دێموکرات کە لە نێویاندا شەش ئەندامی ڕێبەری حیزبیش دەبیندران، تەنیا بەشێک لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی گەلی کوردن.

کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا نیشانی دا نەک هەر باوەڕی بە مافی نەتەوایەتیی گەلی کورد و باقیی گەلانی ستەملێکراوی ئێران نییە، بەڵکوو تەنانەت «چەمکی نەتەوە» هیچ جێگە و پێگەیەکی لە ئیدۆلۆژی دواکەوتووی ئەو ڕێژیمە تۆتالیتێرەدا نییە و ئەگەریش جارناجارێک باسیان لە نەتەوە کردووە، ئەوە مەبەستی سەرەکییان نەتەوەی باڵادەستی فارسە کە لە هەیکەلی ئێرانیبووندا و بە مەزهەبی شێعەوە ویستوویانە بەسەر هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیدا بیسەپێنن. سیاسەتێک کە لە لایەک دووپاتکردنەوەی شوێنیزمی پان ئێرانیستی سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوییە ‌_ دیارە بەشێوەیەکی زۆر زبر و ناشیرین‌_ لەلایەکی دیکەش دەربڕی ئەو ڕاستییەیە کە نەتەوە و نەتەوەخوازی تەنیا کاتێک بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گرینگی هەیە، کە لەخزمەت ئایدۆلۆژیای بناژۆخوازیی ئیسلامی لە مەکتەبی ویلایەتی موتڵەقەی فقیهـ دابێ؛ ئەگینا، ئەوان باوەڕیان بە ئۆمەتی ئیسلامی هەیە و حاشا لە نەتەوە و وڵات و نیشتمانپەروەری دەکەن.

کورد لە وڵاتی ئێران هەم لە بەر کورد بوون و داوای مافی نەتەوایەتی کردنی سەرکوت کراوە و چەوساوەتەوە و، هەم وەک بەشێک لە سوننەمەزەبەکان ستەمی لێکراوە. هەروەها ڕێژیم هەوڵی داوە کەلێن و مەودایەکی زۆر لە نێوان کوردی شیعە و کوردی سوننی لە ئێراندا دروست بکا، بەڵام ئەو سیاسەتەشی شکستی هێناوە و ئێستا دەبینین شوناس و ئینتمای نەتەوەیی لە نێو کوردەکانی خوارووی کوردستان (کوردە شێعەکان) زۆر بەرز بووەتەوە و ئەمەش ڕێژیمی تاساندووە. جگە لەوەش کوردستان لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا هەم وەک ناوچەیەکی ئەمنییەتی سەیر کراوە و هیچ پڕۆژەیەکی ئابووریی خوڵقێنەری کار و داهاتی لێ جێبەجێ نەکراوە و هەمیسان لە زۆر بارەوە تاڵان کراوە؛ هەر بۆیەش دەبینین لە لایەک کوردستان دوای پارێزگای بەلووچستان لە باری ئابوورییەوە هەژارترین ناوچەی ئێرانە و لە لایەکی دیکە لە ڕیزی سەرەوەی ڕێژەی بێکاری لە ئێران دایە.

دیاردەی بێکاری، خەڵکی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی ناچار کردووە بۆ بژێوی ژیان ڕوو لە کاری زۆر پڕ مەترسی وەک کۆڵبەری بکەن و هیچ ئێغراق نییە ئەگەر بڵێین لەماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتداریی ئەو ڕێژیمە دژی گەلییەدا بە هەزاران کەس لە کۆڵبەران و کاسبکاران و خەڵکی ئاسایی کوردستان بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و هەروەها بەهۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سپای پاسداران کوژراون و بریندار و نقوستان بوون.

کارنامەی کۆماری ئیسلامی زۆر لەوە ڕەشترە کە باسی لێوە کرا و دەکرێ بە سەدان لاپەڕەی لەسەر بنووسرێ. بەڵام ئەگەر لە ڕستەیەکدا بمانەوێ کۆبەندی بابەتەکە بکەین و کۆتایی بە باسەکە بێنین دەبێ بڵێین چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ گەلی کورد بە واتای چوار دەیە دۆزەخ و نەهامەتی و سەرکوت و کوشتار و دواکەوتوویی بووە و بە دڵنیاییەوە هەتا ئەو ڕێژیمە بمێنێ ئەو دۆزەخ و چارەڕەشییە هەر درێژەی دەبێ.