د. خالید خەیاتی: کۆماری کوردستان ئەستێرەیەکی گەشاوەیە لە ئاسمانی تاریکی سیاسەتدا
ئاماژە: زیاتر له حه‌وت ده‌یه له دامه‌زراندنی یه‌که‌م ده‌وڵه‌تی کوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تێده‌په‌ڕێ. پاش ئه‌م حه‌وت ده‌یه‌یه هێشتا خه‌ونه‌کانی کۆماری کوردستان هه‌ر هه‌مان خه‌ونی ئێستای کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییه له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستاندا. باسی پرسی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک ئه‌وڕۆ ده‌ڵێن نه‌ته‌وه‌سازی یان ئینسجامی نه‌ته‌وه‌یی به کوێ گه‌یشتووە؟ پڕۆسه‌ی به‌ده‌وڵه‌ت بوون له ئاکامی ئنیسجامی نه‌ته‌وه‌یی له کوردستاندا ئایا ئه‌رکی ته‌نیا حیزبه‌کانه، یان ده‌بێ هه‌موو کوردستان به هه‌موو چین و تۆیژهکانهوه تێدا به‌شدار بن؟ له ئاکامدا پاش زیاتر له حه‌وت ده‌یه هێشتا هه‌ر که‌سایه‌تیی یه‌که‌م ڕه‌ییس جمهووری کوردستان ده‌دره‌وشێته‌وه، بۆچی هێشتا قازی محه‌ممه‌د سه‌مبولی نه‌ته‌وه‌یی کورده؟ هه‌موو ئه‌م باسانه، ئه‌م پرسیارانه و بابه‌تانه‌ی که باسم کرد له وتووێژێکدا ا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز دوکتور خالید خه‌یاتی، نووسەر و مامۆستای زانکۆ لە سۆئێد تاوتوێ ده‌که‌ین.
ئه‌وه زیاتر له حه‌وت ده‌یه‌یه له ته‌مه‌نی کۆماری کوردستان تێده‌په‌ڕێ به‌ڵام هێشتا ئه‌و خه‌ونانه‌ی که کاتی خۆی کۆماری کوردستان له سه‌ری دامه‌زرا و ئه‌م بیر و فکرانه‌ی دامه‌زرانی یه‌که‌م حکوومه‌تی کوردی و به‌ده‌وڵه‌ت بوونی کورد هه‌یبوو، ئێستاش پاش ئه‌و حه‌وت ده‌یه‌یه خه‌ونه‌کان هه‌ر له جێگای خۆیاندا ماون، هه‌مان فکر و ئایدیا و ئارمان له بیری تاکی کورددا هێشتا هه‌ر وجوودی هه‌یه، بۆچی؟
ئه‌وه دوو ده‌لیلی هه‌یه، دوو ده‌لیلی زۆر ڕوون به بۆچوونی من، ده‌لیلی ئه‌وه‌ی که بۆچی ئێستاش کورد له دوای حه‌فتا و چه‌ند ساڵ له به‌سه‌رچوونی کۆماری کوردستان، ئەمە وه‌کوو ئه‌ستێره‌یەکی گه‌شاوە له ئاسمانی تاریکی سیاسه‌تدا ده‌بینێ، یه‌که‌م ده‌لیلی ئه‌وه‌یه که کۆماری کوردستان گوتارێکی زۆر ڕوونی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بوو، په‌یامه‌که‌ی ڕوون بوو هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زرانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ-ک و شێوازی سوێندخواردنی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ-ک و ئه‌و سه‌مبولانه‌ی که ئه‌وان وەپێشیان خست و شکڵی هه‌ڵوێست گرتنیان له به‌رامبه‌ر کورددا و هه‌روه‌ها پشتبه‌ستنی ئه‌و به‌ڕێزانه به ئه‌زموونی ڕابردووی خۆیان که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شێخ سه‌عیدی پیران و بگره شۆڕشی ئاڕاڕات (چیای ئاگری دا‌غ) و هه‌تا ده‌رسیم، ئه‌وانه‌ش هه‌موو په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی زۆر ڕوونیان هه‌بوو. جا بۆیه یه‌ک ده‌لیل ئه‌وه‌یه که دیسکۆرس، واته گوتاری سیاسیی کۆماری کوردستان له سه‌ر ئه‌ساس و پێگه‌یەکی نه‌ته‌وه‌یی بوو و زۆر ڕوون بوو. یانی له بواری سیاسه‌تدا، له بواری هه‌ڵوێستگرتن به شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگە و دامه‌زراوه‌کاندا له بواری پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیات و شوناسی کوردی‌دا مەسه‌له‌ی ژیان کۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌مووی پشتبه‌ستوو بوو به پهێامیکی ڕوونی نه‌ته‌وه‌یی که‌واته؛ یه‌کەم ئەوەی کە دیسکۆرسی نه‌ته‌وه‌یی کۆماری کوردستان زۆر زه‌ق و زیندوو بوو؛ ده‌لیلی دووه‌م ئەوە کە کۆماری کوردستان یه‌که‌م ئه‌زموونی کورده له ده‌سته‌به‌ربوونی سه‌روه‌ریی سیاسی. ئه‌و چه‌مکه زۆر زۆر گرینگه، سه‌روه‌ریی سیاسی واته کورد بۆخۆی وه‌کوو یه‌که‌یه‌کی سیاسی، وه‌کوو دیارده‌یه‌کی سیاسیی خاوه‌ن ده‌سته‌ڵاتی خۆی بێ له چوارچێوەیەکی جوغڕافیایی سیاسیی دیاریکراودا. ئه‌و کۆماره له ڕاستیدا ئه‌زموونێکی به‌رجه‌سته بوو له سه‌روه‌ریی سیاسی، ئه‌وه ڕاسته که ته‌مه‌نی کورت بوو، به‌ڵام ئێستاش دوای زیاتر له حه‌فتا ساڵ که کورد وه‌کوو بۆ خۆشت له سه‌ره‌تادا باست کرد، وه‌کوو ئه‌زموونیک زۆر زۆر پێشکه‌وتوو وه‌کوو نموونه‌یه‌ک باسی ده‌کا وه‌کوو به‌شێک له میژووی پڕشنگداری ئێمه له به‌ر ئه‌و دوو ده‌لیله‌ی له‌به‌ر ئه‌وه‌یه دیسکۆرس و گوتاری سیاسیی کۆمار، گوتارێکی ڕوونی نه‌ته‌وه‌یی بوو و دووهه‌میان بوونی سه‌روه‌ریی سیاسی یا حاکمیه‌تی سیاسیی کورد بوو له جوغڕافیایه‌کی دیاریکراوی کوردستاندا.
ئه‌م به‌ده‌وڵه‌ت بوون و دامه‌زرانی کیانێکی کوردی لایه‌نێکی نه ته‌نیا بۆ کورد به‌ڵکوو بۆ هه‌موو میلله‌تان ئه‌وه‌یه که خاوه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌کی به‌قه‌ول یه‌کده‌ست بێ. ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌کرێ بڵێین له کۆماری کوردستان به شێوه‌یه‌کی ئه‌وڕۆییتر ده‌ستی پێ‌کرد، ئه‌ی دوای زیاتر له حه‌وت ده‌یه پڕۆسەکە به کوێ گه‌یشتووە؟
له ڕووی دیسکۆرسه‌وه کە مه‌به‌ست له دیسکۆرسی نه‌ته‌وه‌ییه، ئێمه به‌ره‌و دوا گه‌ڕاوینه‌وه. لێره‌دا نامهه‌وێ باس له هۆکاره‌کانی بکه‌م، به‌ڵام ئێمه له چوارچێوه‌کانی دیسکۆرسی گوتاری کۆمار‌دا نه‌ماین و بگره په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه له قۆناغی جۆر به جۆری سه‌رهه‌ڵدانمان له دوای کۆماره‌وه تا ڕاده‌یه‌کیش ناڕوون بوو. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه ده‌لیلی خۆی هه‌یه، یه‌ک له ده‌لیله‌کانی به بۆچونی من زاڵبوونی سیستمی دوو جه‌مسه‌ری له دنیادا و کارتێکه‌ریی به‌تایبه‌ت چه‌پ له سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو و له پارچه‌کانی دیکه‌ش هەر بەو شێوە. خودی چه‌پ به بۆچوونی من هێندیک کێشه‌ی هه‌یه، ئه‌و چه‌په که له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه بۆ ئێمه هاتووه هه‌ڵگری هێندێک تایبه‌تمه‌ندیی ئیستعمارییه، واته درێژکراوه‌ی سیستمێکی ئیستعماری نێوخۆییه و بۆیه ئه‌و چه‌په شێوازێک له مێتۆدۆلۆژی و شێوه‌کانی به سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئێمه‌دا سه‌پاند. له چوارچێوه‌یه‌کی فکری تایبه‌تدا سنوورداری ده‌هێشته‌وه و نه‌ته‌نیا سنوورداری ده‌هێشته‌وه به‌ڵکوو خۆی له خۆیدا هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی گه‌وره بوو له‌نێو هه‌ستی ڕێکخراوه‌یی و حیزبی‌دا. ئه‌وه بوو ئێمه که مه‌سه‌له‌ن گۆش کراوین، یانی بڵێین ڕێبه‌رانی سیاسیی کورد یان ئه‌ندامانی حیزبه‌کان که به‌و شێوازه بیرکردنه‌وه‌یه خۆی له خۆیدا له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌کانه جوغڕافیا سیاسییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی که کاری تێدا ده‌کرد و ده‌یویست کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکا به‌و ئیدولۆژییه، خۆی له خۆیدا هه‌ڵگری دژبه‌ری و ناکۆکی بوو. ئه‌وه ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌رده‌وامه، یانی ئه‌و مێتۆدۆلوژییه دوای زیاتر له بیست و چه‌ند ساڵ که به سه‌ر نه‌مانی سیستمی دوو قوتبیدا تێ ده‌په‌ڕێ، ئێستاش بزووتنه‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان نه‌یتوانیوه خۆی له‌و مێتۆدۆلۆژییه، ناڵێم له فکره‌که‌ی به‌ڵکوو، نه‌یتوانیوه خۆی له مێتۆدۆلۆژییهکه ده‌رباز بکا.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مانه که جه‌نابت باست کرد ئێستا به نموونه حیزبی دێموکراتی کوردستان وه‌کوو دامه‌زرێنه‌ری کۆماری کوردستان یا حیزبه‌کانی دیکه‌ش که دواتر هاتن، به تایبه‌تی که ئێمه باس له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌که‌ین. ئایا حیزب و ڕێبه‌ری سیاسی هه‌بووه که حاشا بکا له‌وه‌ی که ئێمه میلله‌تێکین بێده‌وڵه‌ت و ده‌بێ ڕۆژێک ببین به ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌ی که جه‌نات ده‌فه‌رمووی له کزی داوه. ئایا به‌ڕاستی شتی وا هه‌بووه؟
له‌و حه‌فتا و چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا ئێمه ناتوانین ئینکاری ئه‌وه بکه‌ین. جارێ له سه‌ره‌تادا بڵێم حیزبی دێموکراتی به هه‌موو مێژووی دابڕان و لێکنیزیکبوونه‌وه و تێکه‌ڵبوونه‌وه هه‌رچی هه‌یه‌تی و نییه‌تی، دیارده‌ی حیزبی دێموکرات به هه‌ر ڕوانگه‌یه‌که‌وه سه‌یری بکه‌ی دیارده‌یه‌کی مه‌شرووعه، یانی له نێو نه‌ته‌وه‌ی کورددا مه‌شرووعییه‌تێکی مێژوویی هه‌یه، ئه‌وه زۆر زۆر گرینگه ئه‌وه‌مان له بیر بێ، به‌ڵام له عه‌ینی حاڵ‌دا ئه‌وه نابێته هۆکاری ئه‌وه‌ی که ئه‌و دیارده‌یه لانیکه‌م له شکڵی به‌ڕێوه‌بردن و له شکڵی داڕشتنی پراکتیکی سیاسی‌دا و داڕشتنی گوتاری سیاسی‌دا یا خێر تیئۆری سیاسی‌دا دوور له ڕه‌خنه بێ، مه‌سئه‌له‌که ئه‌وه بووه که ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ له دوای کۆماره‌وه ئێمه نه‌مانتوانیوه تا ئه‌وڕۆش پێناسەیەکی تیئۆریک، زۆر به‌ڕوونی ده‌یڵێم پێناسه‌یکی تیئۆریک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کێشەی کورد دەستنیشان بکەین. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا کێشەی کورد لە ئێران کێشەیەکی گشتیی ئێرانییە کە پێوەندی بە پرۆسەی سیاسەت لەو وڵاتە و پرۆسەی دێموکراتیزاسیۆن لەو وڵاتە هەیە یا خێر کێشەیەکی نەتەوەیی جیاوازە، کە دەبێ هەڵگری ڕێبازی سیاسی، تیئۆری سیاسی و پراکتیکی سیاسیی خۆی بێ؟ ئێمە ئێستاشی لەگەڵ بێ نەمانتوانیوە پێناسەیەک بۆ ئەو کێشەیە دەستنیشان بکەین. مەسەلەیەکی دیکە مەسەلەی جیدی و هۆوییەتییە بۆ کورد. ئەو شوناسه زۆر زۆر گرینگه ئێمە نەمانتوانیوە، حیزبەکانی ئێمە تا ئەوڕۆش لە دوای کۆمارەوە پەیامێکی ڕوون بە کورد بدەین، تاکی کورد کە لە نێو هێڵی پێناسەی ئێرانی بوون و کورد بوونی خۆیدا سەرگەردانە. ئێمە نەمانتوانیوە ئەو هێڵەی بۆ ڕوون کەینەوە کە ئایا تاکی کورد کە پەیوەست دەبێ بە سیاسەت، کە دەبێتە پێشمەرگە، کە دەبێتە چالاکی سیاسی، چالاکی مەدەنی، کامه‌یانه و چۆناوچۆن ده‌توانێ ته‌عامول لەگەڵ هەر دووکیان بکا؟ جیاوازیی ئه‌و دوو هێڵه چییه؟ لە چ بوارێک‌دا ئەو دوو هێڵە دەتوانن پێکەوە هاوکاری بکەن لێک نیزیک بن لێک دوور نەبن ئەوانە هەموو کێشەی جیدیی بنه‌ڕه‌تی و تیئۆریکین که ئێمه ئەوڕۆشی لەگەڵ بێ نەمانتوانیوە وڵامی بده‌ینه‌وه.
دەگەڕێمەوە بۆ پرسیاری پێشووم. تاوەکوو ئێستا بە تایبەتی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات باس دەکەم و حیزبه‌کانی دیکەش وه‌ک چه‌په‌کان که دواتر فکری نه‌ته‌وه‌یی به سه‌ریاندا هات و ئێستا هاوشان لەگەڵ حیزبی دێموکرات باس له کێشەی نەتەوەیی دەکەن. هیچ کام لەمانە حاشایان لەوە نەکردووە کە ئێمە نەتەوەیەکین و دەبێ دەوڵەتمان هەبێ و ئەوەی کە لە چوارچێوەی ئێران‌دا ئه‌و سیستمە فیدڕالییەی کە داوای دەکەین بۆ ئێران ئەوە شتێکی گونجاوە، بەڵام هیچ کات ئەوەیان ڕەت نەکردووەتەوە تاکی خۆیان یان وەک جەنابت دەڵێی ئەندام و چالاکی سیاسی‌یان نەیانگوتووە ئێمە نەتەوە نین. ئه‌من وه‌ک بۆ خۆم شتی وام گوێ لێ نه‌بووه، چۆنه به‌ڕێزتان باس له‌وه ده‌که‌ن؟
نا مەسەلە حاشاکردن نییە مەسەلە تیئۆریزەکردنە. ئەمن وەکوو شەخسی خۆم ڕێزێکی زۆرم بۆ هەموو بەرپرسان و ڕێبەرانی حیزبه کوردییه‌کان هەیە کە تەمەنی خۆیان لە ڕاستیدا لە پێناو ڕزگاریی نیشتماندا تەرخان کردووە ئەوە مەسەلەیەکی جیاوازه، ئه‌من ڕێزێکی زۆر زۆر گەورەم بۆ ئه‌وه هه‌یه و هەمووش دەزانن کە من هەڵوێستم چۆنە لە بەرامبەر ئەوەدا خەڵک هەڵوێستی من دەناسن. لێرەدا کێشەی من تیئۆریزەکردنی بابەتەکەیه، ئێمە دەبێ لە درووست‌کردنی بەستێنێکی گوتاریدا سەرکەوتوو بین کە باسم کرد. ئەمن گوتم پەیامی ئێمە لە سەردەمی کۆمار ڕوون بوو نە تەنیا لەبەر ئەوەی سەروەریی سیاسیمان تا ئەندازەیەک دەستەبەر کردبوو لە ماوه‌یەکی کاتیی دیاریکراودا، بەڵکوو پەیامی نەتەوەییهکەش ڕوونتر بوو. ئێستا ئێمە لە حەفتا و چەند ساڵی ڕابردوودا نەمانتوانیوە سەقامگیرییەکی گوتاری بۆخۆمان دەستەبەر بکەین. نەمانتوانیوە. ئەمن دەڵێم هیچ یەک لەو بەرپرسە بەڕێزانەی کە تۆ ئاماژەت پێکردووە ئینکاریان نەکردووە، بەڵام ئەوە بەش ناکا و کۆمەڵیک شتی دیکەی دەوێ و دەبێ پێناسەی جیدی تیئۆریکی بۆ بکرێ. کۆمەڵێک دەستنیشانکردنی چوارچێوەی گوتاری دەوێ، کۆمەڵێک دەستنیشانکردنی بەستێنی ئەو گوتارە لەوێ کە ئێمە هەموومان ئایا لە حیزب داین، لە دەرەوەی حیزبین، ڕووناکبیرین، چالاکین، بتوانین لەو بەستێنە هاوبەشە گوتارییەدا یەکتر بناسینەوە و بتوانین لەو بەستێنە هاوبەشە گوتارییەدا ڕێبازی دەربازبوون و تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە ئیستعمارییه‌ی کە ئەوڕۆ بەسەرماندا زاڵە لێی حاڵی بین. ئەوەی له‌م نێوهدایە نەبوونی ئەو گوتارە هاوبەشە، نەبوونی ئەو تیئۆرییە هاوبەشەیە، بۆتە هۆکاری ئەوەی کە کۆمەڵێکی زۆر ئێنێرژی مەنفی و وزەی مەنفی درووست دەبێ کە ئێمە سەرەڕای ئەوەی خەبات دەکەین، قوربانی دەدەین، کاتی بۆ ته‌رخان ده‌که‌ین، خوێنمان دەڕژێ، کۆڵبەرمان شەهید دەکەن، شار و گوندمان هەمووی داگیر کراوە؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئێمه ناتوانین مه‌عامه‌له‌ی ده‌سکه‌وتی ئێستایی بگۆڕین له به‌ر ئه‌وه‌ی بۆخۆشمان ده‌بینه به‌شێک له به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی ئەو وزه نه‌رێنییه. ئه‌من پێم وایه ئەویش هۆکاره‌که‌ی نەبوونی گوتاری ڕوونی نەتەوەییە، که ده‌بێ درووست بکرێ و تیئۆریزه بکرێ و له ڕه‌هه‌ندێکی هاوبه‌شدا به‌ره‌و مه‌به‌ستێکی هاوبه‌ش بڕۆین.
لەبەر ئەوەی باسی شەهیدبوونی کۆڵبەرت کرد، نامهەوێ بچمە نێو ئەو باسەوە بەڵام ئایا لە ڕوانگەی جەنابتەوە بەڕاستی دیارده‌یه‌کی ئابووریی ڕۆژانە ده‌توانێ چ پێوه‌ندییه‌کی به پرسی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌بێ؟
ئەمن پێم وایە لە ڕاستیدا تیئۆرییەک کە زۆر بڕوام پێی هه‌یه ئەڵبەتە پێش من پڕۆفیسۆر ئیسماعیل بیشکچی ئەو مەسەلەیەی داوەتە پێش، ئەویش ئەوەیە کوردستان لە هەر ئەو چوار وڵاتەدا وەک موستەعمەرەیەکی نێوخۆیی ئەو وڵاتانە پێناسە دەکرێ. ئەویش بەو مانایە کە تەواوی ئەو حەوزانەی کە پێوەندیی بە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤی کوردەوە هەیە، ئەو حەوزانە چین؟! لە ژیانی ئاسایی‌دا خۆ لە خەیاڵات و تەخەیولاتدا نین، بەڵکوو بریتین لە کار، ژیانی ڕۆژانە، دامەزراندن، زمان، پەروەردە، ئەمنییەت، ئابووری، ئاو، ژینگە و ئاسەواری مێژوویی و هەموو ئەو شتانەیە کە پێوەندی بە ژیانی ڕۆژانەوە هەیە؛ ئەگەر ئەتۆ بێنی لێکی دەیەوە تەنانەت لە یەک دانە لەو حەوزانەشدا ئیمزای بڕیار بەدەستی کورد نییە. لە ڕاستیدا سیستمێکی ناوەندیی ئیستعمارگەرا شێوازێک لە ساختاری سیاسی یا سیستمی دەسەڵاتداری درووست کردووە یا لە هێندێک بواردا لە ڕێگای ئازەرییەکانەوە سیستمێکی لە دەسەڵاتداری لە ناوچە کوردییەکاندا دامەزراندووە یان خەیر بۆ خۆی بە شکڵی ڕاستەوخۆ و، ئەوەش پێوەندییەکی زۆر پێچەڵپێچی ئیستعمارییە کە دیاردەی کۆڵبەری لێ دەکەوێتەوە. دەنا چۆن دەبێ مەسەلەن لە وڵاتێک‌دا ڕێک ئەو دیاردەیە پێوەندی بە گرووپێکی ئیتنیکی دیاریکراوەوە بێ کە ئەویش کوردە؟ دیارە لە وڵاتی ئێران مافی کەمینەکان و نەتەوە جۆراوجۆرەکان بەتەواوی پێشێل دەکرێ، ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران دیکتاتۆرە و زوڵم لە هەموو لایەک دەکا ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە بەڵام مەسەلەی کورد دەبێ بە مێتۆدۆلۆژی و تیئۆرییەکی سیاسی گونجاو تاوتوێ و چارەسەر بکرێ. ئەو سیستمە سیاسییەی کە حیزبە کوردییەکان کورد بۆ دواڕۆژی کوردستان لە بەرچاویان گرتووە؛ وەک فێدڕالی، خودموختاری یان سەربەخۆیی بێ، لە کاتێکدا تەنانەت لە ناوچە کوردییەکانی ئێران‌دا دەتوانم بڵێم هەڵقەندنی ئاوەڕۆیەک لەم بەری کۆڵانەوە بۆ ئەو بەری کۆڵان ئەوڕۆ بڕیار و ئیمزاکەی بەدەستی کوردەوە نییە. بۆیە ئەمن لەو بڕوایەدام وشەکان زۆر مەرج نین، بەڵکوو وەدەستهێنان و دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی و گەڕانەوەی دەستەڵاتی سیاسی بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتە کە دەتوانێ ڕزگارکەر بێ بۆ خەڵکی کورد هەر وەکوو لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا هەبووە.
ئەوانەی کە باسی لێوە دەکەی بابەتی پێوەندیدار بە نەتەوە و نەتەوەسازییە کە لە ئێستادا باسەکەشی لە ڕۆژەڤ دایە. ئایا ئەوە تەنیا ئەرکی حیزبەکانە یان دەبێ هەموو تاک و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و خەڵک و چالاکانی سیاسی بەکردەوە یا وەک جەنابت بە شێوەی تیئۆری کە چەمکەکە شی دەکەنەوە؛ پێویستە تێیدا بەشدار بن؟
ئەرکێکە کە دەبێ هەماهەنگییەک درووست بکرێ. ئەمن لە سەرەتاوە باسم کرد کە ئەگەر ئەوڕۆ خەڵک ڕەخنە لە حیزبەکان دەگرن، ڕەخنە لە بەرپرسی حیزبەکان دەگرن ئەوە نیشانەی ئەوە نییە کە ئەو حیزبانە خراپن؛ نیشانەی ئەوەیە کە ئەو حیزبانە تەنیا ئەبزاری بەدەستەوەی ئێمەن لەو خەباتەدا و، خەڵک چاوەڕوانی هەیە کە ئەو حیزبانە لە ئاستی کێشەی کورددا لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا هەڵسوکەوت بکەن و؛ چالاکی و پراکتیکی سیاسی بنوێنن. ئامانج ئەوەیە کە لە سیستمی ئیستعماری ئێران‌دا کەرامەتی تاکی کورد پێشێل کراوە. تەنیا مەسەلە داگیرکاری فیزیکی وڵات و ڕووحیی خەڵک نییە، کەرامەتەکە نەماوە، دەبێ بزووتنەوەی سیاسیی کورد ئامانجی ئەوە بێ ئەو کەرامەتە بۆ تاکی کورد بگەڕێنێتەوە، لێرەدا پێویست بە دیالۆگێکی نیشتمانی هەیە، پێویست بە لێکتێگەیشتن هەیە، پێویست بە دانیشتن هەیە، بە کۆڕ و کۆمەڵ و بە کۆنفڕانس هەیە. ئەرکی سەرەکی لێرەدا دەکەوێتە سەر شانی حیزبەکان، سەرەڕای هەموو ئەو سنوورانە کە حیزبەکان له بواری مه‌عنه‌وی و مادیدا هه‌یانبێ، لە ڕاستیدا په‌یامه‌کان ئه‌وانن ده‌یده‌ن، دواترە کە دەتوانین بڵێین ئهرکەکە تەنیا له‌سه‌ر شانی ئه‌وان نییه، به‌ڵکوو ئه‌تۆ بۆخۆشت باست کرد ته‌واوی ئه‌وانی که به شێوازێک هه‌ست به به‌رپرسیاره‌تی ده‌که‌ن له‌به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کورددا ئه‌وانیش ئه‌رکیان له‌سه‌ر شانه. ئه‌من یه‌ک نموونه بێنمه‌وه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مووشه‌کبارانه‌ی قه‌ڵای دێموکرات که کۆماری ئیسلامی کردی و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له ڕۆڵه‌کانی کورد شه‌هید بوون. میلله‌تی کورد به گشتی به پێشوازیی په‌یامی هاوبه‌شی حیزبهکانەوە لە ئاستێکی چه‌ند میلیۆن که‌سیدا مانگرتنی گشتییان ڕاگه‌یاند. خودی ئه‌و نموونه هه‌ڵوێستانه بۆ ئێمه دەبێ ببنه بنەما و ئێمه ده‌بێ شکڵێک له به‌رده‌وامی له‌و شێوازه کاره بخوڵقێنین نه‌ک ئه‌وه‌ی پاش ئەوە دیسان هه‌ر وه‌ک پێشوومان لێ بێته‌وه. ئێمه ده‌بێ وه‌ختێک شتێک ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ین به‌دووی ئه‌وه‌دا به‌رده‌وامی هه‌بێ، نموونه‌یه‌کی دیکه هه‌ر له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و کاره‌ساته‌دا هه‌زاران خه‌ڵک له ئوڕووپا کۆبوونه‌وه. بۆ وێنە شاری ستۆکهۆڵم، ئه‌و خه‌ڵکه هاتبوو به هه‌موو جۆرە بیر و باوهڕێکەوە، هه‌موو حیزبی نه‌بوون، هه‌موو حیزبی دێموکرات نه‌بوون، خەڵکانێک بوون کە په‌یامی یه‌کگرتووییان پێ بوو و بە هاتنیان لە ڕاستیدا ئامادەگی خۆیان ده‌ربڕیبوو که مادی و مه‌عنه‌وی له خزمه‌ت پڕۆژه‌ی سیاسیی کورددا هه‌ین. به‌ڵام به هۆی نه‌بوونی په‌یامێکی ڕوون به هۆی نه‌بوونی پڕۆژه‌ی ئاشکرا دوایه بڵاوه‌یان کرد و هه‌رکه‌سه چووەوە له ماڵی خۆی دانیشت. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یە که پێکەوە و بە هاوبەشی به‌رده‌وام بین له‌و شێوازه باشانه‌ی کە بێگومانم دەسکەوتی باشی لێ دەبێتەوە.
ده‌وڵه‌تانی مه‌رکه‌زی له تاران هه‌موو هه‌وڵیان داوه که نه‌هێڵن بیری نه‌ته‌وه‌یی له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا گه‌شه بکا، له به‌رامبه‌ردا ئه‌رکی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و نه‌ک ته‌نیا کۆمه‌ڵگه سیاسییه‌که‌ی چییە و دەبێ چ بکه‌ن بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران؟
به‌ڕاستی ئه‌وه پڕۆژه‌یه‌کی ئیستعماری ئێرانییه و زۆر زۆر جیدییه و ئێمە دەبێ باش تێبگەین و دان بەوەدا بنێین، لە دوای کۆماری ئیسلامیش ئەگەری زۆری هەیە به‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی که له نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دایه له داهاتووی ئەو وڵاتەدا دیسان ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هه‌ر به‌رده‌وام بێته‌وه، هەر بۆیەشە ئەمن لەم بارەوە زیاتر دەڵێم ئێران، نەوەک کۆماری ئیسلامیی ئێران. کێشە و پرسەکە له‌وانه‌یه دێموکراسیش نه‌توانێ چاره‌سه‌ری بکا، نموونهیەکت بۆ دێنمه‌وه؛ ئیسپانیا، خۆ قه‌ت ئێران به‌قه‌ت ئیسپانیا دێموکراتیک نابێ؛ خه‌ڵکی کاتالان خزمه‌تێکی به‌رده‌وامی ئه‌و وڵاته‌یان کردووە، سی هه‌زار کەس قوربانیان داوه له شه‌ڕی دژی فاشیزمی فڕانکۆدا، 30-35 لە سەدی ئابووریی ئیسپانیا له‌سه‌ر شانی ئه‌وانه، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵکه که پرسی ڕیفراندۆمیان هێنا ئاراوه، سیستمی دێموکراتیکی ئیسپانیا ته‌نانه‌ت مافی پێنج ده‌قیقه دیالۆگی به‌وان نه‌دا. بە ڕای من کاراکتێری سیاسیی ئێرانی هه‌ڵگری ئه‌و مه‌عریفه و ئه‌خلاقه دێموکراتیکه نییه که مافی منی له ناخی خۆیدا قبووڵ کردبێ، به‌ڵام به مه‌عنای ئه‌وه نییه که دووری له‌وانه بکه‌ین. مه‌عنای ئه‌وه‌یه که دیالۆگ به‌رده‌وامه. کێشەی ئیستعمارکردنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان و ئه‌وانی دیکه‌ش پڕۆژه‌یه‌کی به‌رده‌وامی ئێرانییه، دوا نموونه ئەوەیە خه‌ریکن دێموگرافی شاری مەهاباد ده‌گۆڕن ئه‌وه زۆر زۆر جیدییه، خەریکن بە شێوەی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ زمان، په‌روه‌رده، شوناس، دێموگرافی و تەنانت شێواز و شێوه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕۆژانه‌ی کوردستان دەگۆڕن. دەیانهەوێ ده‌ست له هه‌موو هه‌ست و نه‌ستی ئه‌و سیستمه وه‌ر بده‌ن، بۆیه له به‌رامبه‌ر ئهوەدا پێویست به هاوکاری زیاتر، لێک تێگه‌یشتن، دۆستایه‌تی، فه‌زای ئارام، دیالۆگ، ده‌رکی هاوبه‌ش و گه‌ڕانه‌وه‌ی کەرامه‌تی تاکی کورد هه‌یه. ئێمه له پێش ئه‌وه‌یدا هه‌ست به‌وه بکه‌ین که له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆماندا کۆمه‌ڵێک دۆستمان په‌یدا کردووه و سەبارەت بەوە بێین پشت له کورده‌کانی خۆمان بکه‌ین، هەڵەیەکی گەورەیە. دەبێ له یه‌که‌م هه‌نگاودا دیالۆگی نێوخۆییمان هه‌بێ، دۆستایه‌تیی نێوخۆمان مسۆگه‌ر بکه‌ین، چونکوو ئەوە بۆ ئێمه ده‌بێته فاکتۆری هێز و ده‌سه‌ڵات و هەر بەو پێیەش بەردەنگ و بەرامبەرەکانمان به جیدیترمان وه‌رده‌گرن و ئەمە زۆر زۆر گرینگە. شتێکی دیکه کە دەمهەوێ بڵێم ئەوەیە؛ ئه‌وڕۆ ئێمه له ئاستی ڕووناکبیریدا پێشکه‌وتنێکمان هه‌یه که جاران نه‌مانبوو ئه‌وڕۆ ڕووناک‌بیری کورد ده‌ستکه‌وتی فیکری و مه‌عریفیی هه‌یه، ئه‌وانه زۆر باشن بەو مەرجەی بکه‌ونه خزمه‌تی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کورد و پڕۆژه‌ی سیاسیی کورد و ئه‌وه‌ش لە ڕێگای دیالۆگی نیشتمانی و له یه‌ک نیزیکبوونی زیاتر ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ.
ئەم ڕۆژانه باسی نه‌ته‌وه‌یی بە واتایەک نه‌ته‌وه‌سازی یان وه‌ک ده‌ڵێن یەکپارچەیی و یەکگرتوویی نەته‌وه‌یی زۆر بەر گوێ دەکەوێ، هێندێ کەس پێیان وایه که ئێمه نه‌ته‌وه‌ین ئیدی چ پێویست به نه‌ته‌وه‌سازی ده‌کا؟ هیندێک ده‌ڵین ڕاسته ئێمە نه‌ته‌وه‌ین به‌ڵام له یه‌ک دوورین و ئینسجامی نه‌ته‌وه‌ییمان نییه. له باری زانستییەوە جه‌نابت ئەم باسە چۆن هه‌ڵ ده‌سه‌نگێنی؟
دوو ڕوانگه‌ی سه‌ر ده‌ست هەیە وه‌کوو تیئۆریی نه‌ته‌وه‌یی، یه‌کەمیان ڕوانگه‌یه‌کی جه‌وهه‌رگه‌رایانه و ئهسالهتگهرایانەیە کە ده‌ڵێ نه‌ته‌وه هه‌ر هه‌یه و ئیدی پێویست به ده‌ستێوه‌ردان ناکا، بەڵام ڕوانگه‌یه‌کی دیکه‌شمان هەیە کە ڕوانگه‌ی ساختارسازیی کۆمه‌ڵایه‌تی پێده‌ڵێن کە پێی وایە نه‌ته‌وه به‌رده‌وام له پڕۆسه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی و سیاسیی خۆیدا به‌رهه‌م دێته‌وه و شکڵی تازه‌تر به‌خۆیەوە ده‌گرێ. ئه‌من له ڕاستیدا له‌سه‌ر ڕوانگه‌ی دووهه‌مم. دیاردەیەک بە گشتی وەک کورد هه‌یه به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و ئێمه به‌رده‌وام به‌رهه‌می نه‌هێنین، ته‌نها پڕۆژه‌ی سیاسه‌ت نییه، پڕۆژه‌ی کولتووره، پڕۆژه‌ی کۆمه‌ڵگەیه، پڕۆژه‌ی مۆسیقایه و… هه‌موو ئه‌وانه ده‌بێ به‌رده‌وام له کاردا بێ، به‌رده‌وام ئێمه پێکه‌وه بین به‌ڵام هه‌ر وه‌ک له سه‌ره‌تادا باسم کردووه به‌ستێنێکی گوتاری هێمن و ته‌ندرووستی ده‌وێ، به‌ستێنیکی تیئۆریی ته‌ندرووستی ده‌وێ. به‌حسی نه‌ته‌وه‌سازی به‌حسێکی درووسته به‌ڵام تا ئه‌وڕۆژه‌ی ئێمه نه‌توانین ئادرەسێکی ده‌قیقی تیئۆریک لە مه‌سه‌له‌که بدەین دیسان له‌و بازنه داخراوەی جاراندا به ده‌وری خۆماندا ده‌خولێینه‌وه، ئه‌و ئادرەسه ده‌قیقه تیئۆرییه‌ش به بۆچوونی من له دوو سه‌ردێڕی تیئۆریکدا خۆی به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه؛ یه‌کیان ئه‌وه‌یه که ئێمه ده‌بێ پێناسه‌ی کێشه‌ی کورد له ئێران‌دا به شێوازێکی تیئۆریک بکه‌ین، بۆ ئه‌وەش ئه‌من بۆچوونی شەخسی خۆمم هه‌یه؛ به‌ڕای من کورد له ئێران‌دا موستەعمه‌ره‌یەکی نێوخۆیی ئێرانییه و ئه‌وەش ڕه‌هه‌ندی جۆربەجۆری هه‌یه جێگای ئه‌وه‌یه که کۆنفرانس و سیمیناری له‌سه‌ر دانێی. دوو بۆ ئه‌وه‌ی ئەتۆ له‌و موستەعمهراته ڕزگاریت بێ، پێویستت بە ده‌سته‌به‌رکردنی شێوازێک له سه‌روه‌ریی سیاسییە، واتە حاکمبوون له‌سه‌ر حه‌وزه‌کانی ژیانی خۆت که پێوه‌ندی به تۆوه هه‌یه جا له زمانه‌وه بگرە هەتا ژینگه، ئاو، سامانە سروشتییه‌کان، سامانه مرۆییەکان و بە گشتی ته‌واوی ئه‌وانه‌ی ئاسایش و هێمنی ڕۆژانه‌ت دەگرێتەوە؛ کە دەبێ ئیمزاکەی به‌ده‌ستی خۆت بێ. ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین ئه‌و دوو خاڵه زیاتر ڕوون بکه‌ینه‌وه له سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌و دوو خاڵه زۆرتر له گه‌ڵ یه‌کتر دانیشین و قسه بکه‌ین و له یه‌ک نیزیک بینه‌وه، ئه‌و ده‌م زۆر شتی دیکه‌ش درووست ده‌بێ، به‌ڵام تا وه‌کوو ئێمه ئه‌وانه جێبەجێ نه‌که‌ین دیسان ڕیسکی ئه‌وه هەیە که ئێمه ئێنێرژی مه‌نفی ته‌ولید ده‌که‌ینەوە و به‌رده‌وام له‌و بازنه داخراوه‌دا دەخولێینەوە. به‌ڵام به بۆچوونی من دیسان ئه‌و دوو خاڵه یان ئه‌و دوو تیئۆرییه له سه‌ری ڕاوه‌سته بکه‌ین، دەتوانێ زۆر باشتر یارمه‌تیدەر بێ به‌و پڕۆسەیه واتە به ڕوونکردنه‌وه‌ی چوارچێوه‌کانی گوتاری نه‌ته‌وەیی.
باس له کۆماری کوردستان ئه‌گه‌ر باس له پێشه‌واکه‌ی وەک یه‌که‌م سه‌رکۆماری کورد لەگەڵدا نەبێ، باسه‌که‌مان ناتەواو دەبێ. ئێستا که باس لە پرسی به‌رده‌وامبوونی سازکردنی نه‌ته‌وەیە، کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵات بە تایبەتی بۆ ئەوەی لە سەر ئەو ڕێچکەیە کە پێشەوا قازی محەمەد دامەزرێنەری بووە، بمێنێتەوە، دەبێ چ بکا و، بە گشتی ڕۆڵی پێشەوا چۆن دەبینی لەم پرۆسەیەدا؟
ده‌رسێک کە له پێشه‌وای نه‌مری کورد وەری دەگرین ئهمەیەکه ئه‌و مرۆڤه پێش لە هەموو شتێك ئینسانێکی ئۆمانیست واتە مرۆڤگهرا بوو به ڕووحی خۆی مرۆڤی خۆش ویستووه، کوردی خۆش ویستووه ئه‌و ته‌نیا که‌سێک نه‌بووه که له پێگه‌ی سیاسیی خۆی مه‌عریفه‌ی کوردی به‌رهه‌م هێنابێ به‌ڵکوو ئه‌خلاق و ئیتیکی کوردیشی به‌رهه‌م هێناوه‌ته‌وه. ئه‌خلاق و ئیتیکێک که پێگه‌یەکی جیهانی و گەردوونی هه‌یه. ئه‌و دیفاعی له ڕاستییەک کرد که بنه‌مای مافه گه‌ردوونییه‌کان مه‌شرووعییه‌تی ده‌داتێ، دیفاعکردن له مه‌سه‌له‌ی کورد دیفاعکردن له مهسهلهیەکی نیگاتیڤ نییە، پرسی کورد، پرسێکە خاوەنی مەشرووعییەتی گهردوونییە. به پێوه‌ری بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ ڕەوایی هەیە. قازی محه‌ممه‌د هه‌ڵگری ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه بوو ئینسانگه‌را بوو، مرۆڤدۆست بوو، ئۆمانیست بوو، قازی محه‌ممه‌د پێناسەی شوناسی کوردی زەق کردەوە و له هه‌موو گرینگتر هه‌ڵگری ئه‌خلاقێکی بێوێنەش بوو.
زۆر سپاس دوکتور خالید بۆ ئەم وتووێژە.
سپاس بۆ ئێوە و خوێنەرانی «کوردستان»یش