Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲۵ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۸ | 17/10/2019 | کاتژمێر:
ژنان

ژنان و شوناسخوازیی نەتەوەیی لە کۆمار ڕا تا ئێستا

21/01/2019 | 20:56:38
+A
-A
شەونم هەمزەیی

یەکێک لە شانازییەکانی کۆماری کوردستان بۆ ژنان، بەخشینی هۆوییەت و شوناسێکی دی بە ژنان بوو. ئیجباریکردنی خوێندن بۆ کچان، دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان و بەشدارکرنیان لە گەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەرگای دنیایەکی نوێی بەڕووی ژناندا کردەوە. حەوت دەیە دوای کۆمار ژنان چۆن باس لەو شوناسی نەتەوەیی خۆیان دەکەن کە لە کۆماری کوردستانەوە مانا وەردەگرێ.
بۆ باس لەسەر ئەو بابەتە و لە توێی چەند پرسیارێکدا، ڕای بەڕێزان خاتوو مەهاباد قەرەداغی، نووسەر و شاعیر؛ گوڵاڵە شەرەفکەندی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان،موزەیەن گونەش، نوێنەری هادەپ لە هەرێمی کوردستان و کوێستان گادانی، نووسەر و چالاکی سیاسیمان وەرگرتووە:

کاتێک کە کۆماری کوردستان دادەمەزرێ، نە لە ئێران و نە لە وڵاتانی دراوسێشدا بۆ نموونە ژنان مافی دەنگدانیان نەبووە، خوێندن بۆ ژنان نەک زۆرەملێ، بگرە لە ئاستێکی زۆر کەمیشدا بووە؛ ئێوە پێگەی ژن و مەیدانداریی ژن لە کۆماری کوردستاندا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مەهاباد قەرەداغی: لەگەڵ ئەو بارودۆخە سەختەشدا کە باسی دەکەیت، لە کۆمارە ساواکەی کوردستاندا هەوڵ دراوە جموجوڵێکی ڕێکخراوەیی هەبێت و ژنان چالاک بن و هەڵسووڕانیان هەبێت. دروستکردنی ڕێکخراوی ژنانی دێموکرات و هەبوونی بڵاوکراوەی تایبەت و چالاکیی شانۆیی لەو کاتەدا خۆی لە خۆیدا نیشانەی سەرەتای هۆشیارییەکی دیموکراتیانەیە و لە فیکری سەرکۆماری کوردستان، شەهید قازی مەحەممەدی نەمردا هەبووە. ئەگەر چی تەمەنی کۆمار کورت بوو، بەڵام لەو کورتە تەمەنەشیدا ئەوە لە بیر نەکرا کە دەبێ ژن خۆی ڕێک بخا و پێگەی خۆی لە نێو کۆماردا دیاری بکا. لەو بڕوایەدام ئەگەر تەمەنی کۆمار وەک تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان درێژ بوایە، کۆماری کوردستان دەبوو بە نمونەیەکی وەکوو ئیسرائیل لە ڕووی بەهێزیی پێگەی ژن و دیموکراتیەتدا. مەخابن تەمەنی کۆمار درێژ نەبوو، بەڵام وەک مێژوو ئەو هەنگاوە پێشەنگەی کە نای، بۆی تۆمارکراوە و هەر دەمێنێ.

گوڵاڵە شەرەفکەندی: بە بڕوای من کۆمار لەڕووی بەشداریی ژنان لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا پلەی زۆر پێشکەتووخوازانەی هەبووە و ئەوەش تەنیا وەک شوعار ناکرێ ببیندرێ، نموونەکەشی دوو خاڵی گرینگە، یەکەم کاتێک باسی بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا دەکا کەمتر لە دوو مانگ دوای کۆمار یەکیەتیی ژنان دادەمەزرێنێ. دووهەم ئەوەیکە یەکێک لە بنەماکانی کۆمار هاندانی خەڵکە بۆ ناردنی کچان و کوڕان بۆ قوتابخانە و دەرس خوێندن. بە واتایەک کۆمار رێگای خۆپێگەیاندن بۆ کچان وەبەرچاو دەگرێ و لەو بوارەشدا کاتێک ئاماژە بە دیاریکردنی سزا دەکا بۆ ئەوانەی سەرپێچی لەو بریارە دەکەن، خۆی مانای ئەوەیە کە ئەم بریاڕە وەک شوعار نابینێ؛ بەڵکوو مەبەستی پەروەردە و گەشەسەندنی کۆمەڵگەیە. ئەمرۆ دوای ٧٣ ساڵ وێدەچی ئێمە نە تەنیا لەم بوارانەدا بەرەو پێش نەچووین بەڵکوو ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ بە بیانووی جۆراجور هەوڵ دەدرێ ژنان بنێرنەوە ماڵێ و بە هەزار بیانوو تەنیا وەک ئامرازێک بۆ ڕازیکردنی پیاوان لە ژیان چاویان لێ بکرێ، یان لە باشترین حالەتدا تەنیا وەک دایک. کۆمار بە بیانووی دواکەوتوویی کۆمەڵگە ناترسێ لە بڕیاردان و ناڵێ ئەوە بۆ کۆمەڵگەی کوردەواری زوویە. کاتێک لە پێشەوا سەبارەت بە مافی دەنگدانی ژنان پرسیار دەکرێ، تەواو بە ئەرێنیی وەردەگرێ. جا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ژنانی ئێران لە ساڵی ١٩٦ مافی دەنگدانیان پەیدا کرد و لە عێراق لە ساڵی ١٩٨٠ دەردەکەوێ کە کۆمار چەندە بێباکانە و بە باوەڕەوە دەڕوانێتە بەشداریی ژنان لە بڕیاردا، یان هاتنە مەیدانی ژنان و ئەوەش گەورەترین بەڵگەیە بۆ دیتنی گۆشەنیگای کۆمار سەبارەت بە ژن و کۆمەڵگە.

کوێستان گادانی: هاتنە دەرەوەی ژن لە ماڵ و کۆکردنەوەی ئەوان لە ساباتی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژناندا، یەکێک لە گەورەترین دەسکەوتەکانی کۆمار و شوێندانەرترین دەسکەوت بووە لە سەر مێژووی بزووتنەی ژنانی کورد.
هەبوونی ژن لە دام و دەزگای بەرێوبەریی و ناوەندی بریاردانی هەر ولاتێک بەستراوەتەوە بە جێگە و پێگەی ژن کە لە ناو کۆمەڵگەی ئەم ولاتەدا هەیە. لە کوردستانی ئەو کاتی ئێمەدا، ژن جێگەوپێگەیەکی تایبەتی لە نێو کۆمەڵگەدا نەبووە، بێجگە لە ڕۆلی دایکێکی دڵسۆز، هاوسەرێکی بەوەفا و، خوشکێکی خانم و یان ژنێکی سەرسپی و جێگای ڕێز، بۆیە ئۆرگانیسەکردن و بەڕێکخراوەیی کردنی ژنان لە کەش و هەوای ئاوا داخراو نیسبەت بە ژنان کارێک و هەنگاوێکی ئاسان نەبووە، بەڵام پێشەوای نەمر بۆ جێخستنی ئەم دەستپێکە لە بنەماڵەی خۆیەوە دەستی پێکرد.
دەگەل ئەوەی کۆمار روخسارێکی پیاوانەی هەبوو، بەڵام دەبێ دان بەم ڕاستیە دابنێن کە کۆماری کوردستان دەرگای ڕووناکی بە رووی ژنی کورددا کردەوە و ژنی کورد دامەزراندنی یەکێتی ژنان و هەروەها گۆڕانی شێوەی ڕوانینی کۆمەڵگەی کوردەواری نیسبەت بە ژن وەک دەستپێکی ڕێگایەکی دوور و درێژ بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای خۆیان، بە دەسکەوتی کۆماری کوردستان دەزانن

گوتاری سەرەکیی کۆماری کوردستان شوناسخوازیی نەتەوەیی بووە کە بووەتە هەوێن و چرای بزووتنەوەی سیاسی لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش. ژنانی نەوەکانی دوای کۆمار و لەبەەکانی دیکەی کوردستان چۆن لەگەڵ ئەم گوتارە هاتوون و چەندە پشکدران لەو خەباتەدا؟
کوێستان گادانی: کاتێک کە کۆماری کوردستان بە گوتاری شووناسخوازیی نەتەوەیی یارمەتیدەری دامەزرادنی رێکخراویی ژنان دەبێ بە دڵنیایەوە هەر لە سەرەتایی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەیەش شویندانەریی ئەم گوتارەی نەک هەر پێوە، دیارە بەڵکوو بووەتە گوتاری سیاسیی ئەم یەکیەتییەش. بە بڕوای من هەر لە سەرەتای هاتنەدەرێی ژنی کورد لە ماڵ بۆ کاری ڕێکخراوەیی تا ئیستا دوو ئامانجی پێکاوە، یەکیان ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی بەرێوە ببا بۆ گەیشتن بە ڕزگاری نەتەوەیی، ئەوەی دیکەیان دەستەبەرکردنی مافی یەکسانی لە نێو کۆمەلگەدا. ئەم دوو ئامانجە ئێستاش سەرنجی ژنی کورد ڕادەکێشێ و درێژەدەری خەباتی پێگەیشتن بەو دوو ئامانجەن. بۆیە نەوەکانی دوای کۆماریش وەک هەموو ڕەوتی دیکەی ژیان لە هەلومەرجی تایبەتدا گۆڕانکارییان لە شێوەی تاکتیک بۆ گەیشتن بە ئامانج هێناوە، بەڵام لەم ئامانجە پیرۆزەیان دوور نەکەوتوونەوە. دەکرێ بڵێین کە بە هۆی هێژمۆنیی گوتاری سیاسی_نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیی گشتی تاکی کورد، ئەم بیرۆکەیە زیاتر زاڵ بووە و بووەتە هۆکاری ئەوەی کە خەباتی یەکسانیخوازی لە بڕگەیەکەوە بۆ بڕگەیەکی دیکە لاوازتر لە خەباتی نەتەوەیی بەرچاو کەوتبێ؛ بەڵام ناتوانین حاشا لەم راستییە بکەین کە ژنی کورد لە ڕاستیدا هاوتەریب تێدەکۆشێ بۆ گەیشتنی بە هەر دوو ئامانجی رزگاریی نەتەوەیی و یەکسانیی رەگەزی.

مەهاباد قەرەداغی: کورد یەک نەتەوەیە و کوردستان یەک وڵاتە، بۆیە پارچە پارچە کردنەکەشی هیچی لەو ڕاستییە نەگۆڕیوە، بەڵام بەدیهێنانی ئەو ڕاستییەی زۆر سەخت کردووە. لە هەر کام بەشی کوردستاندا پێشهاتێک، کارەساتێک، ڕووداوێک ڕوو بدا، بە بێ هیچ گومانێک کاریگەریی لەسەر بەشەکانی تر دەبێ و ڕەنگدانەوەی لەسەر دەروونی کورد دەبێ لە هەر بەشێک بژی و تەنانەت گەر لە هەندەرانیش بژی. بۆ ئەو کاتەش بێگومان وابووە و کۆماری کوردستان وەک قیبلەیەک بینراوە کە هەموو کورد ڕووی تێبکا. دەبینین چۆن بارزانیی نەمر کە سەرکردەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردە لە باشووری کوردستان لەو کاتەدا دەچێ و بە سەرکۆماری کوردستان دەڵێ من سەربازێکی کۆمارم و خۆی و پێشمەرگەکانی لە خزمەتی کۆماردا دەبن. هەروەها رێکخراوەکانی ژنان لە سلێمانی کە حەپسەخانی نەقیب بەڕێوەی بردوون پەیوەندییان لەگەڵ رێکخراوی ژنانی کۆماردا هەبووە و هاوخەباتییان بۆ یەکتری دەربڕیوە. کوردستان یەک جەستەیە و هەرکوێی جەستە ئازارێکی هەبێت، کار لە جوڵە و چالاکی یەکتری دەکەن.

گوڵاڵە شەرەفکەندی: ژنانی کوردی چالاک لە گۆڕەپانی خەباتی مافخوازانەی کورد و لە سیاسەتدا هەتا ئەوڕۆ بەشی هەرە زۆری توانای خۆیان تەرخان کردووە بۆ دەستەبەر کردن و وەدیهێنانی خەونی سەروەریی نەتەوەیی و ڕزگاریی کورد لە بندەستی. بە واتایەک بەشێکی زۆر کەم و لاوەکی سەرفی خەبات بۆ یەکسانی کراوە. هەمووکات چ لە لایەن حیزبەکان و چ لە لایەن خودی ژنەکانیشەوە گوتراوە یان، بە هەنگاوی بە کردەوە وا نیشان دراوە خەباتی سەرەکی خەبات بۆ رزگاری لە بندەستییە.
بە بڕوای من ئێمە نەمانیوانیوە ئامۆژگارییەکانی کۆمار زۆر لەبەر چاو بگرین و زۆر جاران لە بڕیارداندا نەمانتوانیوە بوێر بین بۆ ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگە. هەڵبەت سەرهەڵدان و پەرەسەندنی توندئاژوویی ئیسلامی لە ناوچە و لە ژێر کارتێکەری کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا پاشگەزبوونەوە لە یەکسانی زۆر بە ڕاحەتی پاشەکشەی بە هەموو جۆرە هەوڵێک لەم بوارەدا کردووە. کاتێک لە کوردستان ئەمرۆ لە قەرنی ٢١ باسی بە شوودانی کچانی ژێر ١٣ ساڵ دەکرێ، کاتێک ژنی کورد وەک بەردە و دیلی سێکشوال لە لایەن داعێش کە زۆر لە سەرکردەکانیان کوردن، ئیستیفادەی لێ دەکرێ. کاتێک حیزبەکان بە تێبینییەوە و زۆر جاران لە ترسی کۆمەڵگە بە خشکە باسی یەکسانی دەکەن، لەوە زۆرتر چاوەڕوانی ناکرێ.
هەڵبەت نابێ حاشا لەوە بکرێ لە ژنانێکی بوێر لە هەر دوو مەیداندا سەنگەریان بەجێ نەهێشتووە و هەتا ئێستاش تەنانەت بە فیداکردنی گیانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کۆمار تێکۆشاون. نموونەکەشی دوور نەڕۆین، هەردوو نەسرین و سۆهەیلاکانی کوردن و زۆری دیکەش.

ژنان لە ئێستادا لە کوردستان چۆن باس لە شوناسی خۆیان دەکەن. شوناسی ژنان گرێدراوی کام چەمک و بایەخن، بایەخە نەتەوەییەکان، یان بەها ڕەگەزی و فیمینیسم؟
گوڵاڵە شەرەفکەندی: لە لای من کاتێک دەڵێی ژنان لە کوردستان مەبەستت ژنی کوردە چ لە کوردستان بێ و چ لە تاراوگە و چ لە بن دەستی داگیرکەر. ئەو ژنە، هەم ژنە هەم کوردە، پێناسەکەی هەم ڕەگەزییە هەم نەتەوەیی و ناکرێ تەنیا بەسەندە بە یەک بەشی بکەین. بۆ من ژن بوونەکەی دەبێتە هەوێنی خەبات بە دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و بۆ دەستەبەرکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان. کورد بوونەکەشی دەبێتە هەوێنی خەبات بە دژی هەڵاواردنی نەتەوەیی و بۆ دەستەبەر کردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان. ناکرێ و نابێ یەکێک لەو خەباتانە بکرێتە پاشکۆی ئەوی دیکە، ئەگەر هەر دوو بوار هاوکات و پێ بە پێی یەکتر نەڕواتە پێش ئەو خەباتە سەرکەوتوو نابێ.

کوێستان گادانی: دەگەل ئەوەی ژنی کورد لە ناوەندی بریارداندا کەمن، دەگەل ئەوەی هەبوون و بەشداربوونیان لە نێو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی، زانستی و ڕاگەیاندن لە پیاوان کەمترن، بەڵام ژنی کورد خۆی پێگەیاندووە، ژنی کوردی ڕووناکبیر، ئاکادێمیسێن، سیاسی، ناسیۆنالیست، فێمێنیست، سێکۆلار و بەرێوبەر هەیە؛ کەواتە دەکرێ بڵێین ئەگەر ئەمڕۆ ژنی کورد لێدوان دەدا و لە سەر باسێک ئانالیزەو لێکۆلینەوە دەکا، نە فێرکراوە و نە کۆپی دەکا؛ بەڵکوو لە ئاست توانایی و پێگەیشتنی خۆیدا قسە دەکات. ژنی کورد، پێش هەموو شتێک ئەگەر خۆی بە کورد پێناسە کرد و شانازی بە کوردبوونی خۆی کرد، ئەرکێکی تایبەتی لە پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەی نوێ دەکەوێتە سەر شان. شوێندانەری گوتاری نەتەوەیی کۆماری کوردتسان هەر بۆ نیوەی کۆمەل واتە ڕەگەزی پیاو نەبووە، بەڵکوو بۆ هەموو کۆمەڵگە بووە، بۆیە ژن لە دەربرین و هەستپێکردنی ئەم گووتارە نەتەوەییە بێبەش نەبووە. شووناسی ژنی کورد شوناسی کوردی ڕەسەنە، بەلام هاوکات خۆی لە تێگەیشتنی چەمکە زانستییەکانی دیکەی گرێدراو بێبەش نەکردووە و ژنی کورد زۆر باشتر لە پیاوانی کورد توانیویەتی چەمکی بایەخداری وەک ناسیۆنالیزم، فێمێنیسم و سێکۆلاریزم لە شۆناسی خۆیدا بە یەکەوە ببەستێتەوە.

مەهاباد قەرەداغی: گوتاری ژن و هەموو چین و توێژەکانی کۆماری کوردستان هەر گوتارێکی نەتەوەیی بووە و ئەمەش زۆر ئاساییە بۆ گەلێک کە مافەکانی زەوت کراوە و وڵاتەکەی داگیرکراوە و دەیەوێ نیشتیمانەکەی ئازاد بکا و نەتەوەکەی لەژێردەستەیی رزگار بکا. لەو سەردەمەدا هێشتا گوتاری فێمینیستی لە هیچ کوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نەبووە و لە کۆماری کوردستانیشدا بێگومان بەوشێوەیە نەبووە. سەربەخۆییخوازی و هەوڵ بۆ ئەو بەها نەتەوەیی و مرۆڤایەتییە، وەک ئەرکی سەرەکی بینراوە و کاریی بۆ کراوە.
ئێستاش ژنانێکی هۆشیار لە هەر بەشێکی کوردستان هەن و هەوڵی پێکهێنانی گوتارێکی فێمینیستییان داوە و دەدەن. هاوکات لەگەڵ خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیی خەباتێکی خورتیش بۆ ڕزگاریی توخمی مێ لە کۆت و پێوەندە کۆمەلایەتی و کولتوورییەکان، هەیە و بەردەوامە.

ئەمڕۆکە پرسی کورد لە هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان بە ئاکام نەگەیشتووە. گوتاری شوناسخوازیی نەتەوەیی لە هەموو بەشەکانی کوردستان گوتاری زاڵ و سەرەکییە. بەڵام فیمنیزیمیش وەک گوتارێک لە کوردستان گەلێ قۆناغی بۆ پێشێ بڕیوە. جێگە و پێگەی گونجاوی ژنان لەو هاوکێشانەدا دەبێ کوێ بێ؟
مەهاباد قەرەداغی: بە بڕوای من دەبێ ئەو دوو ئەڵقەیە بە تەواوی پێکەوە پەیوەست بکرێن، خەباتی نەتەوەیی و جێندەری. ژن کورد بە تەنیا ڕزگاری نابێ، ئەگەر نەتەوەکەی ژێردەستە و خاکەکەی داگیرکراو بێت. پیاوی کوردیش بە تەنیا ناتوانێ نەتەوەیەک رزگار بکا کە سەدەیەکە ژێردەستەیە، هەروەها تەنانەت گەر کوردستانیش رزگار بکرێ لە دەستی داگیرکەران و ببێ بە وڵاتێکی سەربەخۆ و ئازاد، گەر ژن و پیاو هەر دووکیان وەک دوو توخمی سەرەکی تیایدا ئازاد نەبن و مافەکانیان پارێزراو نەبێت، ئەگەر دەوڵەتێکیش چێ ببێ، دەوڵەتێکی بەئەرزش نابێ. لەبەر ئەم هۆیە، پێویستە ژن و پیاوی کورد، هاودەنگ و هاودەست بن لە هەردوو خەباتەکەدا، واتە بۆ ڕزگاریی کورد و بۆ ڕزگاریی مرۆڤ بە ژن و پیاوەوە و بۆ ئازادبوون.

گوڵاڵە شەرەفکەندی: بە بڕوای من خەباتی فێمنیستی لە کوردستان سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، لە کزی داوە و ئەوە تەنیا کوردستان ناگرێتەوە، لە زۆر وڵاتی پێشکەوتووش سیاسەتی نێودەوڵەتی خەریکی پاشەکشەیە لە هێندێک لە بنەماکانی سەرەکیی یەکسانی. بە واتایەک بنەما بۆتە وەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە و دەنگی زۆرینەش ژنان نین و باسی فێمینیستی نییە.
ژنانی کوردستان کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست لە مەرکەزی ئیسلامییە تووندڕەوەکاندا دەژین و خەبات دەکەن لە هەمیشە کاریان سەختتر، دەنگیان کزتر و پشتیوانیان کەمترە. بە واتایەک ئەمرۆ پێشکەوتووخوازی مۆد نییە بۆ کاری ژنان لە کوردستان زۆر دژوارتر بووە.
بوونی ژنانی پیشمەرگە و چەک لە شان و بەجەرگ نەیتوانیوە بە تەنیایی بیری کۆمەڵگە بگۆڕی. پێشمەرگەی ژن بووەتە سیمبولی خۆڕاگریی کورد، بەڵام نەبووەتە سیمبولی باوەڕ بە مافی یەکسان یان توانای یەکسان لە بواری جۆراجۆردا.

کوێستان گادانی: خەباتی بزووتنەوەی ژنان و خەباتی نەتەوەیی لە کوردستان بە گشتی و لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی دوو خەباتی لێکگرێدراون، لانیکەم لەو چەند ساڵانەی دواییدا ئەم هەڵسەنگاندنە زۆر زەق و روون دەرکەوتووە. خەباتی کوردان بەگشتی لەسەر کۆڵەکەی ڕزگاریی نەتەوەیی دامەزراوە و هێندێک ئیستاش لەو باوەڕەدان کە ئەگەر ڕزگاریی نەتەوەیی بە دەست بێنین، زۆر بە ئاسانی مافی یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەکرێ. زۆر لە ژنانی نێو ڕیزی شۆرشیش لە سەرەتاکانەوە زیاتر لە فیکری دەستەبەرکردنی مافی نەتەوایەتی دابوون و ئەگەر ڕۆڵ و نەخشیان هەبووبێ کە بەدڵنیایەوە کاریگەریی زۆریان لە سەر شۆڕش هەبووە، زیاتر لە پیناو وەدیهێنانی ئامانجەکانی خەباتی نەتەوەییدا بووە. لێرەدا ئەولەوییەتی یەکەم کە ڕزگاری نەتەوەیی بووە مەجالی بە ژنانی کورد نەدەدا کە باسی مافی یەکسانیی خۆیان بکەن، بۆیە تەواوی وزەی خۆیان بۆ خەباتی نەتەوەیی تەرخان دەکرد و هیندێکیشیان لە ڕێگای ئەندامەتی لە ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان بۆ مافی یەکسانیی خۆیان هەوڵیان داوە. بەلام ئەوەی کە دەبێ ژنان لە ئەمرۆرا و بەو ئەزموونەی وەدەستیان هێناوە دەبێ لەو هاوکێشەیەدا چ جێگە و پێگەیەکیان هەبێت، راستی ئەوە دەکەوێتە سەر ئەو جیاوازییەی کە لە ڕووی تاکتیکی بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان کە تاکی ژنی چالاک هەیەتی. بە بروای من ژنی کورد کاتێک جێگە و پێگەی دروستی لەم هاوکێشانەدا دەبێ کە بالانسی بەینی ئەم دوو گووتارە راگرێ و هاوتەریب دەگەل یەک هەولیان بۆ بدا کە لە درێژخایەندا وەک بنەما و ژێرخانێکی پتەو بۆ نەهادینەکردنی کۆمەڵگەیەکی دێموکراتێک بتوانێ کەڵکی لێ وەرگرێ.

هەر لە چوارچێوەی ئەم باسەدا ڕای خاتوو موزەیەن گونەش، چالاکی سیاسی و نوێنەری پارتی دێموکراتیکی گەلان (HDP) لە هەرێمی کوردستان بەمجۆرە بۆ “کوردستان دوا:
لە ڕاستیدا ئەوەی پێشەوا قازی محەممەد بۆ گەلی کورد کردوویەتی بە تایبەت لەمەڕ پاراستنی ماڤی ژنان تشتێکی دیرۆکییە و جێگای گەلێ ڕێزلێنانە. سه‌باره‌ت به‌ ژنیش ده‌بینین كرانه‌وه‌یه‌ك هه‌بووه‌ وه‌ك؛ خوێندن و هێنانە مەیدان و له‌و بوارانه‌وه‌ هه‌نگاوی باشی ناوه‌. له‌ ڕووی ڕۆشنگه‌ریشه‌وه‌ هه‌نگاوی گرینگی ناون و به‌ گوێره‌ی هه‌لومه‌رج و سه‌رده‌می خۆیان هه‌نگاوی باشیان ناوه‌. تا ساڵانی هه‌فتا و هه‌شتای سه‌ده‌ی ڕابردووش هه‌ندێك وڵاتی ئوڕووپا مافی ده‌نگدانیان به‌ ژنان نه‌دابوو. ته‌نانه‌ت تا ئه‌م دواییانه‌ش مشتومڕێكی وا له‌ نێوخۆی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ له‌ئارادا بوو كه‌ ئاخۆ مافی ده‌نگدان به‌ ژنان بدرێ یان نا. كاتێك دەسکەوتەکانی کۆمار و پێشکەوتنەکانی به‌م پێوه‌رانه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، ده‌بینین له‌و ئانوساته‌دا هه‌نگاوی گه‌لێك پێشکەوتنخوازانەیان ناوه‌ و ئەو دەسکەوتانە بایه‌خێكی زۆریشی بۆ ژنی كورد هه‌بووه‌.
ئەگەرچی ئێستا بەشێک لە خەباتی ژنی کورد لە بیر و ئەندێشەی باکوورەوە و له‌ سه‌ر هیم و بنچینه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی به‌ڕێز ئۆجه‌لانەوە سه‌ری هه‌ڵداوە و گرینگی و بایەخی ڕۆڵی ژن لێرە زۆرتر هەست پێدەکرێ. خاڵی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ژن ده‌ور و پێگه‌ی خۆی له‌ مێژوودا بزانێ و بیناسێ و له‌ سه‌ر بنه‌مای ناسنامه‌ی زایه‌ندیی خۆی، له‌ سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێ و پێشبكه‌وێت.
له‌ مێژووی خه‌باتی هاوچه‌رخی باكووری كوردستاندا تا ئێستاش گفتوگۆیه‌كی زۆر له‌ سه‌ر پرسی ژن ده‌كرێ و ئیلهام وه‌رگرتنی ژنانیش ته‌نیا به‌ كۆماری كوردستانه‌وه‌ سنووردار ناكرێت. ڕاسته‌ ئێستا ئێمه‌ پرسی ژن له‌ سه‌ر بنه‌مای بیر و ڕامانی به‌ڕێز ئۆجه‌لان به‌ره‌وپێش ده‌به‌ین. به‌ڵام ئه‌مه‌ نایه‌ته‌ ئه‌و واتایه‌ی كه‌ ئێمه‌ نكۆڵی له‌ مێژووی كۆماری كوردستان بكه‌ین، یانیش ئه‌گه‌ر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كوردستان كه‌سێك و خه‌باتێك گرینگیی به‌ ژن دابێت، نكۆڵی لێ بكه‌ین. به‌ڵكوو ئێمه‌ ئه‌و بایه‌خ و گرینگییه‌ ده‌بینین كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار كۆماری كوردستان به‌ ژنی كوردی داوه‌. هه‌ر هه‌نگاوێكیش كه‌ له‌ پێناو به‌ره‌وپێشبردن و سه‌رخستنی پرسی ژن نرابێت، ئه‌وا جێگه‌ی ڕێز و پێزانینه‌. كۆماری كوردستانیش له‌مه‌دا پشكی خۆی پێ بڕاوه‌ و ئه‌مه‌ حاشای لێ ناكرێ.