Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۱ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 22/05/2019 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە کوردستان و ئێران

21/01/2019 | 20:25:49
+A
-A
شاڕوخ حەسەنزادە

چەمکی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لەو جوغرافیایەی ئەمڕۆ بە ئێران دێتە ناسین خاوەن مێژوویەکی تایبەت بە خۆیەتی کە زۆرتر لە نیوەی سەدەی دووهەمی چاخی سەفەوییەکان خۆیا دەبێ. ئەو سەردەم مامۆستایانی ئایینی (شیعە) جۆرێک کۆمەڵگه‌ی مەدەنییان بۆخۆیان خوڵقاندبوو ئەویش بە داهێنانی هەنێ ڕەوت کە ئاکامەکەشی لە بەرژەوەنیی دەستەڵاتی حاکم بووە، وەک “مه‌رجه‌عی ته‌قلید، نیابه‌تی ئیمامی زه‌مان، خومس و زەکات بۆ ئیمام، سەرپەرستیی شوێنە پیرۆزەکان و دەستە ئایینییەکان بە تایبەت لە مانگی موحەڕەم و…” جگە لەمەش بازاڕ وەک ناوەندی سەرەکیی پشتیوانیی ئابووری و شوێنی کۆکردنەوەی یارمەتی بەو کۆمەڵگه‌ دەستکردانە بوونەتە دوو کۆڵەکەی بەهێزی مەدەنی بۆ برەودان بە بیری سیاسیی ئەو ڕوانین و هزرە کە تێیدا سەرکەوتوو بوون؛ بەڵام ئەگە بمانهەوێ بەو پێناسە مۆدێڕنەی ئەمڕۆ فاکتێکی بەرچاوتر بێنینەوە دەبێ چاوێک لە سەردەمی شۆڕشی “مەشرووتە” بکەین. لەو قۆناغەدا هەموو چین و شەبەنگی کۆمەڵگه‌ هەر لە ئاغا و دەرەبەگ، کرێکار و وەرزێر وەک نوێنەری کلاسیکی (سووننەتی) کۆمەڵگه‌ی مەدەنی هەتا توێژی هەڵبژاردە و خوێندەوار و باڵادەست (بورۆکراتیک) لە بازنەی پێشکەوتووی ئەو ڕەوتە بە یارمەتیی بازاڕ و کەسەبە هەستانە سەر پێ و بە دامەزراندنی ئەنجومەنە نەتەوەیەکان کە ڕۆڵی کاریگەریان لە بەئەنجام گەیاندنی ئەو شۆڕشەدا هەبوو. ئێمە دەبینین یەکەم “اتحادیە”ی کرێکاری و ئەنجومەنی ئازادی بۆ ژنان ساڵی ١٢٨٥ لە تاران بە فەرمی ددادەمەزرێ، بەڵام هاتنی ڕه‌زاشا و دەستەڵاتی سیاسی و نیزامیی ناوبراو جێگەی بەو دیاردە کۆمەڵایەتییە لێژ کرد و هەموویانی لەنێو برد. دواتر لە جەریانی شاربەدەرکردنی ڕه‌زاشا(١٣٢٠) و کودیتای بیست و هەشتی گەلاوێژی ١٣٣٢یش بە هەبووونی بۆشاییەکی سیاسی جارێکی دی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی کرانەوەی بەخۆیەوە بینی و هەمیسان کوڕەکەی ڕه‌زاشا، واتە حەمەڕه‌زا ئەو ڕەوتە مەدەنییانەی کە بە زەرەری خۆی و دەستەڵاتەکەی دەدی خنکاند. هەتا سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران کە جیا لە هۆکارگەلی دەرەکی و ئەتنیکی، بەحەق ئەوە کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بوو کە توانی بە ڕێکخستنێکی باش بۆ ناڕه‌زایەتییە مەدەنییەکان زەمینە بۆ ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی خۆش بکا. کۆمەڵگه‌ی مەدەنی ئەوکات زۆرتر خۆی دە “تشکل، سندیکا، انجمن، اتحادیە”کانی کرێکاری، سێنفی بازاڕی، خوێندکاری و… دەبینیەوە کە بە لقێک لە کۆمەڵگه‌ی مەدەنی دادەنرێن، ئەو ڕەوتانەش هەر هەتا ڕووخانی ڕێژیمی شا بڕیان کرد و دواتر بە هەڵایسانی شەڕ دەگەڵ عێڕاق بەتوندی لەلایان ڕێژیمی ئێرانەوە سەرکوت کران و دەفتەرەکانیان لێ داخستن. هەتا دوای شەڕ کە خەڵک لەو ڕەوشەی ئیدۆلۆژیستی ئیسلامی شیعە تێگەیشتن و نەمانی ورەی شۆڕشگێڕی و داڕمانی هەستی ئینقلابی وایکرد جارێکی تر کۆمەڵانی خەڵک لە دەرگای کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بدەن و بەو ڕێگایەدا بتوانن ناڕه‌زایەتیی خۆیان بەرامبەر بەو حاکمییەتە دەرباز بکەن، ئەوە بوو لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ڕەفسەنجانی بە پاساوی (سازندگی) و خوڵقانی کەشێکی دژایەتی دەگەڵ ڕێژیم؛ ناوەندە مەدەنییەکان وەجموجووڵ کەوتن و لە سەردەمی دەستەڵاتی دەوڵەتی خاتەمی بە دروشمی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و “چاکسازی” ڕێ بە کرانەوەی هیندێ ئین جی ئۆ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە چوارچێوەی یاسای خۆیان بە هەموو کەموکووڕییەک درا. یەکەم بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ساڵی ١٣٧٨ کە بە کۆی دانیشگا ناسرا لەو قۆناغەدا هەڵایسا و لە حکوومەتی ئەحمەدینژاد جارێکی دیکە بە پەڵپ و بیانووی جیاواز زۆرێک لەو ڕێکخراوە مەدەنییانەی سەر بە کۆمەڵگه‌ی مەدەنی داخران و گیران و لە کەمی دا. دووهەم ڕابوونی خەڵکی ئێران بە تایبەتی لە ناوەند ساڵی ١٣٨٨ بوو کە بە ڕەوتی سەوز ناودێر کرا. ئەمڕۆش ڕووحانی خوازیاری درێژەپێدانی ڕێگای دەوڵەتی بە قەولی خۆیان “ئیسلاحات”ن، بەڵام بەو چەند بەرەکییەی دەنێو خۆیاندا (دەستەڵاتدارانی حاکم) هەیانە و سێ دەستەڵاتی نیزامی و تەناهی (ئیتلاعاتی سیاسی، سپا، هێزی ئینتزامی) هەر کام بە مەیلی خۆیان بە گرتنی چالاکانی مەدەنی و داخستنی بارەگاکانیان دەیکەن و دەوڵەتیش گوێی بۆ بەردەداتەوە و خۆی لێ کوێر و کەڕ کردووە.

 

کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە کوردستان (بە تەکزکردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان)

بە هۆی دیرۆکی دوورودرێژی کورد و کوردستان دەتوانین لە زۆر کەلێن و قوژبندا کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و لقەکانی هاوتەریبی ببینینەوە، بە باوەڕی من دوای ڕوانینی مێژوویی لەو پرسە لە چاخە کۆنەکانی سەردەمی سۆمێر و دوای سۆمێر هەتا دامەزراندنی حکوومەتی ماد و دواتریش دەتوانین باشترین میناک بۆ کۆمەڵگەی سڤیل لە ئۆل و ئایینەکانی کۆنی کورددا بدۆزینەوە، ئۆلی ئێزدی و یارسان(یاری) وەک کۆنترین و ڕەسەنترین دینەکانی جیهان بە گشتی و کورد بە تایبەتی بە کۆمەڵگه‌یەکی مەدەنی پێناسە دەکرێ. بە پێی ئەو پێوەر و لێکدانەوانە لە سەر چەمکی کۆمەڵگه‌یەکی سڤیل، هەر ئەوەی کە ئەو دوو ئایینە؛ بە دوای دامەزراندنی دەستەڵاتێکی سیاسیدا ناگەڕێن و لە نێو خۆیاندا بەو دامەزراوە کولتووری و ئایینییەی کە هەیانە تەنیا بۆ پەرەدان بە کاری ئۆلی خۆیان بانگەشە دەکەن و لە بواری نێوخۆیی تێکۆشانی مەدەنی دەکەن؛ دەکرێ بچتە خانەی کۆمەڵگه‌یەکی مەدەنی بە جۆرێک تەنیا لە بەرژەوەندییەکانی ئایینی و ڕاهێنانی تاکی خۆی دەگەڕێ. “مەسحەفا ڕەش” کە بە زاری کورمانجی نووسراوە و “جیلوە”ش بە سۆرانی؛ وەک دوو کتێبی پیرۆزی ئۆلی ئێزدی و نامەی “سەرئەنجام” (دیوانی گەورە)ش وەک پەرتووکی بەرز و مەزنی یارسانەکان گەلێک بایەخ و گرینگایەتی هەیە. لەم دوو کتێبەی ئێزدییەکان و کتێبە پیرۆزەکەی یارییەکان کە بەداخەوە هەتا ئێستاشی دەگەڵ بێ بەئاشکرا و وەک خۆی نەکەوتۆتە بەردەستی خەڵکانی باوەڕمەندی جگە لەم ئایینانە و، ئەوەی کە لەبەر دەستیش دایە زۆرتر شرۆڤە و شەنکردنی ئەو کتێبە و ئۆلانەیە، دەزانین لەو قەول و سروود و کەلامانەی ئەو دوو دینە ڕەسەنەی کوردی یەک وشەش وەک ئایینە سەرەکییەکانی سامی (جوولەکە، کریستیان، ئیسلام) باسی کوشتن و گرتن و دەستەڵات و شەڕ نەکراوە و تەنیا و تەنیا باسی گەورەیی و بزەی خوا، نزا و پاڕانەوە، چاکە و ڕاستی، ڕەوشتی پاک و داب و نەریتی خۆیان و ئافراندنی جیهان و ژیان و… کراوە.

 

خەزانە غەیبن یاران ئەی کووچە

گێرد ئامادە بان پەری ئەو ڕووچە

مەنبەع فەیزن کەلام یاری

نەلای خاوەندکار ئاما وەدیاری (کەلامی یاری، بۆرەکەیی ل ١٢)

 

یا لە قەولەکانی ئێزدی(قەول بە مانای سووڕە لە قورئانی پیرۆز دایە) ته‌نێ باسی خوا و چۆنیەتیی خوڵقانی جیهان و چاکە و پیاوەتی کراوە…

 

“لەمن جەما دبوون زربابە

دێ ژ وێ بەحرێ دەیین تەبابە

بەحرە و دوڕا میر دناڤە

پەدشێ من بە دوڕێ بوو

ب هەسناتەکێ ژێ چێ بوو

شاخا موحبەتێ ژێ بوو(قەولی زەبونی مەیسوور)…”

 

یا قەولی “شەقە سەری” کە یەکێ لە قەولەکانی ئەو ئایینە پیرۆزەیە، تەرخان کراوە بە ڕێزگرتن لە میوان و پاراستنی حورمەتی کەسایەتیی میوان وەک کەسێکی زۆر بەڕێز و ئازیز و خۆشەویست. ئەوە نیشاندەری ئەوەیە ئەو دوو ئایینە چەندە ڕێز لە بەها مرۆییەکان و کۆمەڵگه‌ دەگرن و زۆر بەدوورن لە جیهانی پڕکێشەی سیاسەت و فرت و فێڵ لەهەمان کاتدا مەتاڵ و قەڵغانێکن بۆ بەرگری لە شوناس و فولکلۆری کوردی. لە لایەکی دیکە بە درێژایی مێژووی ئیسلام لە کوردستان حوجرەی فەقێیان (جیا لە باسی دینی و ڕمێنی ئایینی) کە شوێنێک بووە بۆ پەروەردەکردنی کەسانێک بۆ وەرگرتنی پلەی مەلایەتی (ماموستای ئایینیی ئیسلام) جۆرێک کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لێ دەوەشێتەوە هەروەک تەکیە و خانەقای دوو تەریقەتی نەقشبەندی و قادری کە نەک هەر جۆرێک کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بوونە بەڵکوو وەک ڕێکخراوێکی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی ڕۆڵی سۆسیال مێدیای (ڕایەلە کۆمەڵایەتییەکان) ئەمڕۆی گێڕاوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک ئامرازی بڵاوکردنەوەی چالاکییەکان و هەواڵی تایبەتی دەکەوێتە چوارچێوەی مەدەنییەت کە ئەو ڕۆڵە لە کەونی کوردا جیا لە حوجرە و تەکیە و خانەقا و دیوەخانی ئاغا و میر و بەگ، حەمام و سەرکانییش ئەو پشکەیان وەبەر دەکەوێ بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی ڕۆژی کۆمەڵگه‌ی ئەوکاتی.

سەدەی نۆزدەی زایینی کە دەکرێ بە سەدەی ڕابوونی کورد پێناسە بکرێ بە سەرهەڵدانی زیاتر لە پەنجا شۆڕش و بەرخۆدان دوای دەستەڵاتی میرنشینەکانی کورد هێدی هێدی چەمکی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بە وێرژێنێکی نوێ سەر هەڵدەدا کە ئاکامەکەی دەرکردنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە قاهیرە بوو (١٨٩٨) بە تایبەت ئەو کلوپ و یانەگەلانەی لە باکوور و لە شارەکانی دیاربەکر، مەلاتییە، ماردین، خارپۆت و… وەک شوێنێک بۆ چالاکیی مەدەنی و بڕەودان بە هەستی ناسیۆنالیزمی کورد دادەمەزرێن و بە شێوەیەکی سڤیلمەند پەرەیان پێ دەدرێ، دواتر ئەو پێواژۆیانە لە سەدەی بیستەم لەونێکی مۆدێڕنتر بەخۆوە دەگرێ. دەگەڵ هەموو ئەو گوشار و خەفەقانەی لەلایەن دەستەڵاتدارانی ناوەند لە هەر چوارپارچەی کوردستان بووە، چینی هەڵبژاردەی کورد بێوچان هەوڵی داوە لە ڕێگەی ئاشتییانە و مەدەنی ویست و داخوازییەکانی خۆی بەرز بکاتەوە. کە جارێکی تریش دوای سێ پەیماننامەی چەوسێنەران (سایکس پیکۆ، سێور و لۆزان) کوردستان بە دامەزراندنی دەوڵەت_نەتەوەکان دەکەوێتە بەر شاڵاوی ژینۆساید و ئاسێمیلەبوون و قڕ کردن، شۆڕشی حەقخوازیی کورد سەر هەڵدەداتەوە، لە جەرگەی شەڕی دووهەمی جیهانی یەکەم کۆمەڵەی ژیارمەندی ڕۆژ “ژێکاف”(١٣٢١ک) لە شاری مه‌هاباد دادەمەزرێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستان فەلسەفەی وجوودیی خۆی لەو کۆمەڵەیەدا دەبینێتەوە. ئەو کەسانەی ژێکافیان دامەزراند ئاگاهانە لە دۆخی مەوجوود تێگەیبوون (چ لە بواری دەرەکی کە جیهان تووشی شەڕێکی گەورە بووە و دەستەڵاتی سیاسیی ئێرانیش کەوتۆتە نێو گەمەکە و چ لە بواری نێوخۆیی، بە هەستکردن بە بوونی ڕێکخراوێکی وەها کە بتوانێ لانیکەم لە پارچەیەکی داگیرکراو بە شێوەیه‌کی سڤیل و مەدەنی ویست و داخوازییەکانی گەلی کوردی تێدا باس بکرێن.) ئەو چەند کەسایەتییە دامەزرێنەره‌؛ هەڵبژاردەی چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگه‌ی ئەو کاتی کوردستان بوون بەبێ جیاوازی کە دواتر پەرەی سەند و لە سەر خوانی حیزبی دێموکرات، کۆماری کوردستان دادەمەزرێ و دوای ١٦٠ڕۆژ لە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، کۆماری کوردستان لە مەیدانی چوارچرای مه‌هاباد ڕادەگەیەنرێ. دوای دەستبەکار بوونی ئەو کۆمارە لە یەکەم ئەرک و چالاکییەکانی دامەزراندنی ڕێکخراوی ژنان وەک ڕێکخراوێکی مەده‌نی و دواتر ڕێکخراوی لاوان دامەزرا، بڕەو بە کاری هونەری، شانۆ، خوێندن و… درا کە هەموو ئەمانە دەکەونە بازنەی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی، لێ مەخابن بە نەمانی کۆماری کوردستان (دوای ١١ مانگ دەستەڵات) هەموو ڕێکخراوەکانیش لە سێدارە دەدرێن! بە هێرشی ئەرتەش بۆ سەر کوردستان مەیدانی مەدەنییەت وێران دەبێ. (کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧١-١٩٧٨ وەک ئەکەدێمیا و ناوەندێکی ئەدەبی کە لە بواری زمان و وێژەی کورد لە بەغدا گەلێک چالاکیی کرد و خزمەتێکی زۆری بە زمان و ئەدەبیاتی کورد کردووە، لەم قۆناغەدا چالاک بووە). هەتاکوو ساڵی ١٣٥٧ کە شۆڕشی گەلانی ئێران بە سەر ڕێژیمی پاشایەتیدا سەر دەکەوێ دەتوانم بڵێم بزووتنەوەیەکی مەدەنی ئەوتۆ کە ڕۆڵی بنەڕەتی لە ڕووداوەکان هەبێ و پێ ڕێی دیار بێ نابینرێ، بەڵام هەر بە سەرکەوتنی خەڵک دوای شۆڕشی ٥٧ جارێکی دی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەجموجووڵ دەکەون، بەڵام بە هۆی دەستەڵاتی ئیسلامیی ئێران تەمەنی ئەو ڕەوتە مەدەنییانە کورت بۆتەوە.

ڕایەکی دی بە هەبوونی کەسانی شارەزا، پسپۆڕ و ناوازەی کورد (ماموستا هێمن، ئەحمەدی قازی و…) حکوومەتی ئێران بە ئامانجی سیاسیی خۆی؛ ئیزنی کارکردن بە ڕێکخراوێکی وێژەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا (ناوەندی بڵاو کردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی، گۆڤاری سروە.) ئەو کەسایەتییانەی کورد ئەو هەلەیان بە باشی قۆزتەوە و لە چوارچێوەی یاسای ئێران خزمەتێکی زۆریان بە فەرهەنگ، زمان، ئەدەب و ڕۆژنامەگەریی کوردی کرد. دواتر لە کۆتاییەکانی دەیەی شەستی کۆچی ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان وەک ڕێکخراوێکی سڤیل لە حەوزەی ئەدەبیات دامەزران و دەستیان بە چالاکی کرد، ئەوە دەسپێکێک بوو بۆ ئەوەیکە لە بەشی هەرە زۆری شارەکانی تری کوردستان ئەنجوومەنی هاوشێوە دابمەزرێن و دەست بە چالاکیی کولتووری و وێژەیی بکەن، لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتایی دەیەی ٨٠ی کۆچیش ڕێکخراوگەلێکی زۆر وەک ژینگەپارێزان، شاخەوانان، منداڵپارێزان، زانست و فێرکاری زمانی کوردی وەک ڕێکخراوگەلێکی مەدەنی بە ئامانجی خزمەت بە پەروەردە، ڕاهێنان، بڵاوکردنەوە و ناساندنی هزری جیهانی و ڕۆشنگەریی کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵات بە دوور لە سیاسەت و ناوەندەکانی دەستەڵات، سەربەخۆیانە ئەرکی خۆیان بەجێ دەگەیه‌نن، بە گشتی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو جیا لە دەستکەوتەکانی زانستی، کۆمەڵگه‌ی مەدەنی توانیویه‌تی پراگماتییانە بێتە مەیدانی بەرگری لە هەوێتی خۆی و بە خۆپێشاندان و مانگرتنی گشتی و داخستنی دووکان و بازار لە بەشی زۆری شارەکانی کوردستان بەهۆی تێرۆری دوکتور قاسملوو، لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی، دەربڕینی هەستی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات بە شێوازی جۆراوجۆر وەک خۆپێشاندان، مانگرتن، گردبوونەوە، فستیواڵ، هەڵپەڕکێ لە شین و خۆشی بەشەکانی تری کوردستان و دوامینیان دوای مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و لە سێدارەدانی شه‌ش لاوی کورد(٢١ی خەرمانان) خۆی زیاتر نیشان داوە. لە قۆناغی کرانەوەی سیاسی لە تورکیەش کوردانی باکوور توانیان ئاوەزمەندانە کار بۆ سەرخستنی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بکەن و ئەم چالاکییانە لە مێژووی کورددا ناوازەیە.